پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن، چەمکێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، بەکاردێت بۆ رێگەخۆشکردن بۆ هێنانی بیرۆکەیەک بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ نموونە؛ بیرۆکەیەک لەلایەن خەڵکەوە قبووڵ نییە و نەفرەتلێکراوە، بۆ کردنی بە بیرۆکەیەک کە نەک هەر قبووڵ بکرێت، بەڵکو پەیڕەویش بکرێت و بە باش بزانرێت، لە ماوەیەک و لەنێو کۆمەڵگەیەکی دیارییکراودا جێگیر بێت و بکرێت بە یاسا.
هەندێک لەو بیرۆکە تازانە ئاسانتر بڵاودەبنەوە لە نێو کۆمەڵگەیەک، وەک لەنێو کۆمەڵگەیەکی تر (هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە کەلتور و گەشەکردنیدا). هەندێکیان کاتی کەم دەوێت، هەندێکیش کاتی زۆر دەوێت. ئەم جیاوازییە تەنیا لە نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا نییە، بەڵکو لە نێو خودی یەک کۆمەڵگەشدا هەیە. بۆ نموونە؛ هاوڕەگەزبازی، لە زۆربەی کەلتورەکاندا کوشتنی بەدواوە بووە، لە ئێستادا لە ئەوروپا نەک هەر قبووڵکراوە، بەڵکو بە یاسا پارێزراون و وەک دوو هاوسەر بەرامبەر بە یاسا دەناسرێن و ماف و ئەرکیان پارێزراوە لە منداڵ تەبەنیکردن، یان لە باجدان، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردییدا پەسەند نییە. نموونەیەکی تر؛ بەشوودانی کچی نۆ ساڵان، لە عیراق رێگەپێدراوە و بە یاسا کراوە، بەڵام لە ئەوروپا بە تاوان دادەنرێت و بەندیخانەی بەدواوەیە.
50 ساڵ پێش ئێستا، لە رێگەی کوڕی قۆزەوە پروپاگەندە بۆ جگەرەکێشان دەکرا، ئێستا لەسەر هەموو پاکەتێکی جگەرە؛ مەترسیی مردن، شێرپەنجە و لاوازکردنی سێکسیی لەسەر نووسراوە، تا خەڵک خۆی لێ بەدوور بگرێت.
گۆڕینی ئەم بیروباوەڕانە، لە رێگەی پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن-ەوە دەکرێت، جا چ گۆڕین بێت بۆ شتی خوازراو، یاخود بۆ نەخوازراو.
جۆزێف ئۆڤەرتۆن
جۆزێف ئۆڤەرتۆن
پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن، بە ناوی خاوەنی بیرۆکەکەوە (جۆزێف ئۆڤەرتۆن) ناودەبرێت، ئۆڤەرتۆن مەبەستی بووە سیاسەتمەداران سوودی لێوەربگرن بۆ هێنانەدی بیرۆکەیەکی تازە و بۆ بڵاوکردنەوەی لەنێو ئەجێندا و پرۆگرامی سیاسییاندا. ئەو گۆڕانکارییانە خۆڕسک نین و پێویستیان بە پاڵنەر هەیە. ئەو پاڵنەرانەش لە رێگەی سیاسەتمەدار و چالاکوانانەوە دەکرێت. جۆری بەکارهێنانی ئەو پاڵنەرانە، لە رێگەی هەندێک چەمکەوە دەکرێت، وەک: ئازادیی، یەکسانی، ئاسایش، تەندروستی، گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕی باپیرانمان، بەرگری لە کەلتور و ناسنامە، بەرگری لە خوا و پێغەمبەرانی، ئاشتی، مەترسیی شەڕ، پەرەسەندنی دەمارگیریی، داڕمانی کۆمەڵگە، کێشەی ئابووری، رووداوی سروشتی و مەترسی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی.
بۆیە پێی دەڵێن پەنجەرە، وەک ئەوەیە لە پەنجەرەوە دیمەنی بیروباوەڕەکان ببینیت، دیمەنەکە دەگۆڕدرێت کاتێک پەنجەرەکە لە شوێنی خۆێ دەجووڵێتەوە بۆ ئەملا و ئەولا وەک ئەوەی لەسەر هێڵی شەمەندۆفێر بێت، رووگەی پەنجەرەکە هەر بە یەک لادا ناگۆڕێت، بەڵکو بە لاکانی تریشدا. هەندێکجار بۆ ئەو لایە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر جێتهێشتبوو، بۆ نموونە؛ لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا، دوای خەبات و تێکۆشانێکی زۆر، لە قەدەغەیی و تاوانەوە، بوو بە ماف بە یاسا، کەچی ئێستا لە هەندێک ویلایەت قەدەغە کراوەتەوە. بیرۆکەی نازییەکان، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، وەک شەرمەزارییەک سەیری دەکرا، کەچی لە ئێستادا ملیاردێری ئەمریکی، ئیلۆن ماسک، لە رۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، دوای پیرۆزباییەکەی، سڵاوێکی نازییانەی کرد.
گۆڕان لە پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن-ەوە، مانای وا نییە بەرەو پێشەوەمان ببات، هەندێکجار زۆر بەلایەنی خراپدا دەڕوات؛ یارییکردن بە رای گشتی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کەم هۆشیار، ئاساییکردنی هەندێک شەرمەزاریی وەک هێنانەپێشەوەی هەندێک کەسی خیانەتکار و خاکفرۆش بۆ دەسەڵات، نموونەی سەرۆکجاشەکانی لای خۆمان، یاخود ئەحمەد شەرع، هاتنی داعش و بڵاوبوونەوی بیرۆکەکەیان لە نێو گەنجانی کورد، گەشەکردنی بیرۆکەی دژایەتی بێگانە لە ئەوروپا و ئەمریکا. سەرەتا بە قێزەوە بیری لێدەکرێتەوە و لە دواییدا دەبێتە مۆدە و باو. سەیری سەرۆکجاشەکان و بەعسییەکانی لای خۆمان بکەین، دوای راپەڕین کون نەبوو خۆیانی تێدا بشارنەوە، ئێستا گەورەپیاوان بەدوایانەوەن و پشی پشییان بۆ دەکەن، تا رادەی سوێندخواردن بە گۆڕی باوکیان.
جۆ کارتەر
جۆ کارتەر لە ساڵی 2011دا وتارێکی نووسی دەربارەی ئەوەی کە چۆن بە چەند هەنگاوێک دەتوانیت کەلتوری چەند ساڵەی میللەتێک هەڵوەشێنیت، جۆ کارتەر دەڵێت: « لە سەرەتادا هەندێک کەسی ناماقوڵ بدۆزرێتەوە و ببن بە هەڵگری بیرۆکەکە، ئەو کەسانە هەندێک گەشەی پێدەدەن لە نێو دەوروبەریاندا. لە هەنگاوی دووەمدا، هەندێک لە چەمکەکانی بیرۆکەکە بگۆڕە، بە شێوەیەک، تا بەشێکی تر لە کۆمەڵگە لای قبووڵ بێت. لە هەنگاوی سێیەمدا، شیکردنەوەی بۆ بکە لە رێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە و جوانیی بیرۆکەکە بەرز و زەق بکەرەوە. لە هەنگاوی دواتردا، هەندێک کەسی بەناوبەنگ و خۆشەویست لە مێژوودا بخەرە پاڵ بیرۆکەکە، کە ئەو بیرۆکەیە پەسەند بووە بەلایەنەوە و ئەوان پێی هەڵساون. لە کۆتا هەنگاودا، بیرۆکەکە بخەرە بەرنامەی سیاسییەوەو بیکە بە یاسا.».
ئەگەر سەیری بە یاساکردنی مارەیی کچۆڵەی نۆ ساڵان بکەین، ئەو هەنگاوانە باش درکی پێ دەکرێت. هەندێک گۆڕانکاری هەن، لە ئێستادا زۆر ئاستەمە بگەڕێنەوە بۆ جاری جاران، بەڵام ئەوەش هەر مەحاڵ نییە، وەکو: خواردنی گۆشتی مرۆڤ، هێنانەوەی سیستمی کۆیلایەتی بەو شێوەیەی کە لە پێشوودا هەبوو (کەنیزە)، هەرچەندە لە کاتی داعشدا روویان دا، بەڵام نەیانتوانی بیکەن بە دیاردەیەکی ئاسایی.
هەندێکجار، گۆڕانکاریی گەورە لە رووبەری ئەو پەنجەرەیەدا روو دەدات بەهۆی گۆڕانکاریی زۆر گەورەوە؛ دوای جەنگی بەرفراوان و گەورە، دوای حاڵەتی لەناکاو، نالەباریی حاڵەتی تەندروستیی کۆمەڵ، یان کێشەی گەورەی ژینگەیی.
ئاڕاستەی باش
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ئازادیی ژندا هات لە دەنگدان و بەشداریی کار لە دەرەوەی ماڵ، بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی پیاو و پێداویستیی دەستی کار. لە دوای کۆرۆنا، ئیشکردن لە ماڵدا و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە خەریکە جێگەی بەشێکی زۆری ئیش لە دەرەوە دەگرێتەوە، هەندێکجار کۆمپانیاکان ئەو مەرجە دادەنێن، لەکاتێکدا پێش کۆرۆنا زۆر کەم ئەو جۆرە ئیشکردنە دەکرا. بەکارهێنانی پارەی ئەلکترۆنی، چەند دەیەیەک پێش ئێستا بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات، ئێستا خەریکە ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت.
دەکرێت پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن بە ئاڕاستەی باش و خزمەتی کۆمەڵگە بمانبات، یان بە پێچەوانەوە بەرەو دواوەمان ببات.
گۆڕان لە پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن-ەوە، مانای وا نییە بەرەوپێشەوەمان ببات