وێنە گەورەكە
سۆسیال دیموكرات، فەلسەفەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە لەناو سۆسیالیزمدا، كە پشتیوانی لە دیموكراتی سیاسی و ئابووری دەكات.
ئەم رێبازە فەلسەفییە ئامرازە بۆ دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە رێگەی حكومەت لە سەقامگیریی ئابووری و ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا، ئەوەش بە ئامانجی پشتیوانی لە سیستمێكی دیموكراتی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خۆشگوزەران، پشتگیریی لە دووبارە دابەشكردنەوەی سامان و داهات، هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی رێكخستنی ئابووری دەكاتەوە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی و بەرەوپێشبردنی یەكسانی.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی
* وەك ئەوەی لە ناونیشانی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە، كرداری رێگرییكردن پێش كرداری سزادان دەكەوێت، ئەركی سەرۆك بافڵ قورسە و دەبێت لە رێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە سیاسەتێك پەیڕەوبكرێت كە دینامیكییەتی كارلێكردنەكانی كۆمەڵگە نەگاتە جینۆساید.
* یەكێك لە گرنگترین ئەركی ئەوەیە لە رێگەی ئەم سەرۆكایەتییەوە كاربكات بۆئەوەی پارتە سۆسیالیستەكان بەیەكجاری بچنە بەرەی دژە جینۆساید و ئەم ئەركە قورسە، بەڵام كاری جددی دەوێت و دەبێت تیمێكی ئەكادیمیی و زانستی و یاسایی پرۆفیشناڵ بە كارنامەی گشتگیر ئەم ئەركە جێبەجێبكەن.
* لە رێگەی هاوپەیمانیی پارتە سۆسیال دیموكراتەكان دەتوانێت كاربكات بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی جینۆساید، هۆكاربن بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان، دژ بە رەگەزپەرستی و هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە بووەستنەوە لە رێگەی پێشخستنی لێبوردەیی و قبوڵكردن و لێكتێگەیشتن لەنێوان گروپە جیاوازەكاندا، ئەمەش دەبێتەهۆی رێگریكردن لە توندوتیژی و ئەنجامدانی جینۆساید.
بەگشتی پرەنسیپی پارتە سۆسیالیستەكان (لە رووی تیۆرییەوە) باوەڕیان بەم بنەمایانە هەیە:
* دادپەروەری كۆمەڵایەتی.
* دژە كۆلۆنیالیزم.
* دژە فاشیزم و رەگەزپەرستی.
* مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ.
كەواتە ئەم پرەنسیپە فیكری و فەلسەفییانە دەبنە یارمەتیدەر و داینەمۆی كاركردنی سەرۆك بافڵ و لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە بەوەی کە ئەم پارتانە دەبێت لە پێشەنگی شەڕی دژی جینۆسایددا بن، بەتایبەتی كاتێك كە توندوتیژی و ململانێ ئاڕاستەی گروپە چەوساوەكان، كەمینەكان، یان گەلانی كۆلۆنیالیزەكراو دەكرێت.
* دەتوانێت لە رێگەی پۆستی سەرۆكی هاوپەیمانیی پارتە سۆسیالیستە عەرەبییەكانەوە كاریگەریی دیاری هەبێت لەسەر دنیای واقیع، چونكە دەتوانن لە رێگەی گوشاری سیاسی و میدیایی و مەدەنییەوە رۆڵی واقعیی خۆیان دەربخەن و هۆكاربن بۆ رێگری لە جینۆساید و دووبارەبوونەوەی.
" دروستكردنی هەڵمەتی هۆشیاری دژی جینۆساید، بە بەكارهێنانی میدیای حزبی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان بەشێوەیەك بخرێتەوە خزمەتی مرۆڤ بەگشتی و كەیسەكانی جینۆسایدی گەلی كورد بەتایبەتی."
* دەكرێت رۆڵیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ ناساندنی كۆی كەیسەكانی جینۆسایدی گەلی كورد زیاتر بەرجەستە بكەن و چیتر ئەم كەیسەی كورد و مرۆڤایەتی شەرم و خاوەخاوی لێنەكرێت.
* لە رێگەی پێشخستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و تێكەڵبوونی كەلتوری و فەرهەنگییەوە ئەم هاوپەیمانییە هەوڵبدات بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەی فرە كەلتوری و فرەچەشن، كە ئەمەش لە دوور مەودای كۆمەڵگەی مرۆییدا، ئاشتی و هاودەنگی كۆمەڵایەتی بەرەوپێش دەبات و ئەگەری ململانێی توندوتیژ كەمدەكاتەوە.
دروستكردنی هەڵمەتی هۆشیاری دژی جینۆساید، بە بەكارهێنانی میدیای حزبی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان بەشێوەیەك بێت بخرێتە خزمەتی مرۆڤ، بەتایبەتی کەیسەکانی جینۆساید
چۆن پارتە سۆسیال دیموكراتەكان دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایددا؟
1 - داكۆكیكردن لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمانەی هۆكارن بۆ هاندان و پەروەردەكردن و بەرهەمهێنانی هەستی رق و كینە.
2 - دەتوانرێت كاربكرێت بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی كۆمەڵایەتی كە ئەمەش كاریگەریی خۆی دەبێت لە رێگرتن لە جینۆساید.
3 - كەمكردنەوەی بزوێنەری ململانێ، زیاتر هاندان و پشتگیریی لە هەستی ئاشتی و مرۆڤ ویستی و مرۆڤ دۆستی، هەروەها پشتیوانی لە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی یاسا و بەدیهێنانی سەروەریی یاسا بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی هیچ گروپێك تووشی چەوساندنەوە و توندوتیژی و لەناوبردن نەبن، دیسان بەم هەوڵە دەتوانرێت رێگریی لە جینۆساید بكرێت.
4 - ئەم هاوپەیمانێتییە دەتوانرێت بكرێتە مینبەرێك و سەكۆیەكی فراوان بۆ پێشخستنی دادپەروەری و یەكسانی، ئەم حزبانە هەوڵی بنیاتنانی كۆمەڵگەی دادپەروەرانە بدەن و ببنە هۆكار بۆ كەمكردنەوەی ئەو دابەشبوونە كۆمەڵایەتییەی كە زۆرجار دەبێتەهۆی توندوتیژی و جینۆساید.
5 - پارتە سۆسیالیستەكان لە رێگەی سیاسەتەكانیانەوە كە پشتگیری لە دەوڵەتی خۆشگوزەران دەكەن، ئامانجیان دڵنیابوونە لەوەی كە هەموو هاووڵاتیان لە ئاستێكی گونجاوی ژیاندا بەهرەمەند بن، كەواتە بەدڵنیاییەوە دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە گەیشتنی كۆمەڵگە بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەمەش هۆكاری كاریگەر و بەهێزە بۆ كەمكردنەوەی جۆرەكانی توندوتیژی و رێگریی لە جینۆساید.
6 - دەکرێت هاوپەیمانیی پارتە سۆسیال دیموكراتەكانی وڵاتانی عەرەبی بكرێتە ئامرازێك بۆ كەمكردنەوەی هەستی نادادپەروەری و پەراوێزخستن، كە لە بنەڕەتدا هەبوونی نادادی و پەراوێزخستنی گروپ و كەمایەتی و نەتەوەكانی تر دەبنە هۆكار و سوتەمەنی بۆ تۆخكردنەوەی شێوازی ململانێ و لەناوبردن و توندوتیژیی و جینۆساید.
7 - لە بنەڕەتدا پارتە سۆسیال دیموكراتەكان باوەڕیان وایە كە دەبێت گرنگی بە سیستم و دامەزراوە دیموكراتییەكان بدرێت، بۆئەوەی ببنە ئامرازێكی شایستەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دەبنە هێزێكی كاریگەر بۆ رێگریی لە پێشێلكاری و توندوتیژییە بەكۆمەڵەكان و پاراستنی كەمینەكان و گروپەكان لە رێگەی گوشار و بەرەنگاربوونەوەی رق و كینە.
8 - لە رێگەی بەشداریی سیاسی ئەم لایەنانەوە، هانی بەشداریی هاووڵاتیان دەدرێت لە بڕیاردانی سیاسی و ئابووری و دڵنیابوون لەوەی دەنگی هەموو تاكێك دەبیسترێت و دەسەڵاتە رەهاكان سنووردار دەکرێن، كە ئەمەش سەرەنجام رێگە لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید دەگرێت.
بابەتی زیاتر