ئەم بابەتە بە سوپاسەوە لە ژمارە (4) گۆڤاری رێبازی نوێ وەرگیراوە کە وەرزنامەیەکی فیکری سیاسی یە و مەڵبەندی دیراساتی گشتی دەریدەکات.
پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی سوید، ساڵی ١٨٨٩ لەلایەن کرێکارانی چالاکی سەندیکا و کەسە سۆسیالیستەکانەوە پێکهێنرا. بەر لەوە سیاسەتی سوید لەژێر رکێفی چینی دەوڵەمەند و لیبراڵەکاندا بوو. لە کاتێکدا چینی کرێکار چەوساوە و کاریگەر نەبوون لە ژیانی سیاسیی ئەو کاتەدا. پەرلەمانی سوید (ریکسداگ) لەلایەن خاوەن زەویوزار و سەرمایەدارەکانەوە بەڕێوەدەبرا و مافی دەنگدانیش سنوردار کرابوو، بەڵام شۆڕشی پیشەسازی بە تێپەڕبوونی کات بزووتنەوەیەکی کرێکاری گەشەسەندووی دروستکردبوو، کە داوای چاکسازی دەکرد.
سۆسیال دیموکراتی وەك بیرۆکەیەکی سەردەمیانە لە گەشەکردندا بوو بۆ وەڵامدانەوەی نایەکسانی و نادادپەروەریی چینی دەسەڵاتداریی بۆرژوازی و لیبراڵەکان و خاوەن زەویوزارەکان. پارتی سۆسیال دیموکرات هەر زوو بووە هێزێکی ناوەندی بۆ خەباتکردن لەپێناو مافی دەنگدانی گشتگیر و چاکسازی کۆمەڵایەتی و زیاتر لە سەدەیەكە هێزێکی پاڵپشتە لە داڕشتنی کۆمەڵگەی سویدا. وەك بزووتنەوەیەکی گەل، ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەك بووە، کە تیایدا هەموو کەس دەرفەتی ماف و ئەرکی یەکسانیان هەبێت. ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆجیای سۆسیال دیموکرات ئەو باوەڕەیە کە دیموکراسی بە تەنها پەیوەندی بە کاریگەریی سیاسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووریشەوە هەیە. ئەمەش لە بنیاتنانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی سویدا دەرکەوتووە، لەوێدا پرەنسیپەکانی وەك هاوکاریی و پشتیوانی، ئازادی و یەکسانی پرەنسیپی رێنماییکار بوون.
بیری سۆسیال دیموکراتی هەمیشە جەختی لە گرنگی پێکەوبوونی ئازادی تاك لەگەڵ بەهێزکردنی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی کردۆتەوە. ئەوەش بەو مانایە دێت هەر تاکێکی کۆمەڵ مافی هەیە چوارچێوەیەك بۆ ژیانی خۆی پێکبهێنێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتی هاوکاریی و پشتیوانی ئەوانە دەبێت کە پێویستیان پێیەتی، ئەم هاوسەنگییەی نێوان تاك و کۆمەڵ، چەقی سیاسەتی سۆسیال دیموکرات بووە و بۆتە هۆکاری چاکسازی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، بازاڕی هەلی کار، چاودێری تەندروستی و سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی.
بیری سۆسیال دیموکراتی هەمیشە جەختی لە گرنگی پێکەوبوونی ئازادی تاك لەگەڵ بەهێزکردنی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی کردۆتەوە
بۆمەشڤیك و یەکێتی لاوانی سۆسیال دیموکرات
سۆسیال دیموکراتەکان، لەپێناوی بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی بیر و نەریتی سۆسیال دیموکراتی لە کۆمەڵگە و وەستاندنەوە دژی هەڕەشەکانی فاشیزم و ناسیزم و پەرەسەندنی بیرۆکەکانیان لە ساڵانی ١٩٣٠ەکاندا، درکیان بە گرنگیی پەروەردەیی دژە هێز کرد. لەپێناو بەهێزکردنی بنەما سەرەکییەکانی بیرۆکەی بزووتنەوەی کرێکاریدا، یەکێتی لاوانی سۆسیال دیموکرات لە ساڵی ١٩٣٧دا کامپێکیان بە ناوی بۆمەشڤیك کڕی کە دەکەوێتە باشووری شاری ستۆکهۆڵمەوە. لەو کاتە بەدواوە کامپی بۆمەشڤیك بووە شوێنێکی بایەخدار لە مێژووی سۆسیال دیموکراتدا و وەك ناوەندێك بۆ پەروەردە و فێرکردن و گەشەسەندنی بیری بزووتنەوەی کرێکاریی گەشەی کرد.
کامپی بۆمەشڤیك
کامپ یان خولگای بۆمەشڤیك لە ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر گرنگی پێدرا و چەندین خولی مەشق و راهێنانی تێدا کرایەوە و گەشەی سەند و ئەکادیمی بۆمەشڤیك دامەزرێندرا. ئەم شوێنە بووە درێژکراوەییەکی تازەگەریی و مودێرنی پەروەردەیی و فێرکردن لە بۆمەشڤیك لەدوای دامەزراندنییەوە. ئەکادیمیاکە لەسەر بیرۆکەی زانست، سەرکردایەتی و کاری پێکەوەیی هاوبەش بنیات دەنرێت، کە ناوەندی چالاکیی پەروەردە و فێرکردنی بزووتنەوەی کرێکاری بووە. لەم شوێنەدا مەشق و راهێنانی پێشکەوتوو لە ئاستی جیهانی بۆ سەرکردایەتیکردن بە هاوکاریکردن لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تر پێشکەش دەکرێت.
چالاکییەکان ئاراستەکراوە بۆ نوێنەرانی هەڵبژێردراو، کارمەندان و ئەندامانی سوسیال دیموکرات و کۆمـەڵ و رێکخراوەکان لە ناویشیاندا ئەندامانی سەندیکاکانی گۆشکراو بە بیری سۆسیال دیموکراتی بە ئامانجی بەهێزکردنی توانای سەرکردایەتیکردن و پەرەپێدانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
مەشق و راهێنانەکان بۆ گشت بزووتنەوەکەیە، لە راهێنانی سەرەتاییەوە بۆ ئەندامە نوێیەکان تا بەرنامە پێشکەوتووەکان بۆ پەرلەمانتارەکان، نوێنەری دامودەزگای دەوڵەتی و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی پێشەنگ. ناوەڕۆکی راهێنانەکان لە راهێنانی قوڵی ئایدیۆلۆجی و سیاسییەوە تا دەگاتە زیاتر کاری کرداری (عملی) وەك کاری پەیوەندیکردن، دروستکردنی بۆچوون و سۆسیال میدیا.
بەشێکی گرنگی شێوازی کارکردنی ئەکادیمی بۆمەشڤیك، ئەوەیە ناوەڕۆکی خولەکە لەگەڵ رۆڵی کەسەکە لە سۆسیال دیموکراتدا و چوارچێوەی پارتەکەدا بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە حکومەتدان یان ئۆپۆزیشونن، لەسەر ئاستی شارەوانی یا هەرێم یان ئاستی نیشتمانی بێت. بەم شێوازە راهێنانە هەمیشە پەیوەندار و کۆنکرێتیە، توانای بەشداربووان بە هێز دەکات بۆ بەرنگاربونەوەی ئەو ململانێ راستەقینانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
بەم شێوازە ئەکادیمیای بۆمەشڤیك دەبێتە پێگە و شوێنێکی مێژوویی بۆ دروستکردنی سەرکردەکانی داهاتوو لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی قوڵ. رەنگدانەوە و پێکهێنانی لەنگەری ئایدیۆلۆجی لە ژینگەیەکدا کە بیری هەنوکەیی سۆسیال دیموکرات ئاوێتەی بیرۆکەی سۆسیال دیموکراتی ئایندە دەبێت.
پەروەردە و فێرکردن
گرنگە جیاوازی پەروەردە و فێرکردن بکرێت، فێرکردن زیاتر مەبەستە لە چۆنییەتی شێواز، تەکنیك و پرسە بنەڕەتییەکان. لە کاتێکدا پەروەردە، ئامانجی پێکهێنانی روانگەیەکی گشتگیر و تێگەیشتنی ئایدیۆلۆجیایە. کاروچالاکییەکانی سۆسیال دیموکراتەکان ئەم دوولایەنە تێکەڵ دەکەن. بۆ نموونە دەتوانرێت خولێکی سیاسەتی ئابووری بە هاوکاری ناوەندێکی خوێندنی باڵای بازرگانی بەڕێوەبچێت، لەوێدا بەشداربووان تێگەیشتنی زانستی لەسەر سیستمی ئابووری و بازرگانی بەدەست دەهێنن و لە هەمان کاتدا پەروەردە دەکرێن لەسەر تێڕوانینی سۆسیال دیموکراتی بۆ دادپەروەریی و یەکسانی لە چوارچێوەی ئابووریدا.
ئولۆف پاڵمێ
نەوەکانی ناو سۆسیال دیموکرات لەڕێگە و لەناو بۆمەشڤیکدا گەشتە سیاسییەکانیان دەستپێکرد، لەوێدا لە مێژوو و ئایدیۆلۆجیای پارتەکەیان پێ وتراو لەسەر چۆنییەتی و ئامرازەکانی بەهێزکردنی تاك و پێکەوەیی پەروەردە کران. یەکێك لەو کەسانەی لەو گەشتەدا بەشداربوو، کەسێك بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆسیال دیموکراتی سوید، ئەویش ئولۆف پاڵمێ بوو. ئەو سەرۆکی پارت و سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ کاندا، داکۆکیکارێکی سەرسەختی پشتیوانی نێودەوڵەتی و داماڵینی چەک و مافی مرۆڤ بوو. ئولۆف پالمێ بوێر بوو، لە قسە و وتارەکانیدا کەسێکی بەتوانا بوو بۆ راکێشانی سۆزی خەڵك لە پرسە سیاسییەکاندا. وتار و کردارەکانی نەك تەنها ئیلهام بوو بۆ سویدییەکان، بەڵکو سەرنجی هاووڵاتیانی لە چەندین وڵات بۆ لای خۆی راکێشابوو. پاڵمێ لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیدا، سەردانی عێراقی کرد و چاوی بە سەرۆکی ئەو کاتی عێراق سەدام حسێن کەوت و هۆشداری پێدا و پشتیوانی دۆزی کوردی کرد. لەناو کوردەکانی سوید و دەرەوەی سویدیش رێزێکی تایبەتی لێدەگیرێت.
رنگە جیاوازی پەروەردە و فێرکردن بکرێت، فێرکردن زیاتر مەبەستە لە چۆنییەتی شێواز، تەکنیك و پرسە بنەڕەتییەکان. لە کاتێکدا پەروەردە، ئامانجی پێکهێنانی روانگەیەکی گشتگیر و تێگەیشتنی ئایدیۆلۆجیایە. کاروچالاکییەکانی سۆسیال دیموکراتەکان ئەم دوولایەنە تێکەڵ دەکەن.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کاری هاوبەش لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکاندا
میراتی ئولۆف پاڵمێ لەناو سۆسیال دیموکراتیدا بە زیندوویی ماوەتەوە، بە تایبەتی رەنگدانەوەیان لە کار و چالاکییەکانی ناوەندی ئولۆف پاڵمێدا دەبینرێت.
زیاتر لە ٢٠ ساڵە ناوەندی ئولۆف پاڵمێ پردێکی پەیوەندیی گرنگی نێوان پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بەندەش بە درێژایی ئەو ساڵانە بەشێکی کارا و چالاکی ئەو پەیوەندییە بووم، بەوە دەستپێکرا، بەندە وەك لێپرسراوی کۆمەڵەی خوێندکاران لە سوید بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیال دیموکرات و بە پشتیوانی سەنتەری ئولۆف پاڵمێ لەدوای رووخاندنی رژێمی عێراق، سەنتەرێکی گەنجانمان لە شاری کەرکوك دروست کرد.
سۆسیال دیموکراتەکان بە بەردەوامی هاوبەشێکی پابەند و متمانەپێکراو بوون لە رێگەی گەڕان بەدوای پەیوەندیی و پشتیوانی و گەشەدان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. تاڕادەیەکی زۆر لە سایەی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە بوو، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی ببێتە ئەندامی کۆڕبەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکانی وەك سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز و لاوانی سۆسیال ئینتەرناشناڵ. کاری هاوبەشی ئەو چەند ساڵە گشگیر و هەمەلایەن بووە، لە پەروەردە و فێرکردنەوە بۆ هەزاران کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کوردستان و سەدانیش لە وڵاتی سوید، بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوبەش و دوولایەنە و گۆڕینەوەی ئەزموون تا دەگاتە کۆبوونەوەی نوێنەرانی سیاسیی پلە باڵا و بەشداریکردن لە کۆنگرە و کۆنفرانسی یەکتریدا لەوانە کۆنفرانسی لە فیشەکەوە بۆ سەر سندووقی دەنگدان لە شاری سلیمانی، ساڵی ٢٠١٢.
گەشەپێدانی پەیوەندییەکان
لەبەر رۆشنایی ئەم پەیوەندییەدا، پێموایە کاتی ئەوە هاوتووە هەنگاوی تر بنێین لە پەیوەندییەکانماندا، گەشەی پێبدەین، قوڵتری بکەینەوە و بەدامەزراوەیی بکرێت. کاتێك یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی پەروەردەیی بۆ ئۆرگانەکانی خۆیدا، دەرفەتێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەردەوامتر بۆ هاوکارییەکان، پێکهاتەیەك بەردەوام بێت، چوارچێوەیەکی رۆشنی هەبێت و درێژخایەن بێت. ئەمەش بەو واتای گۆڕانکاریی لە هەوڵی یەکجارییەوە بۆ مۆدیلێکی سیستیماکیتر و ستراتیجی تر دێت. لەوێدا سۆسیال دیموکراتەکان نە تەنها ئەوانەی لە پارتەکەدا خزمەتگوزارن فێر بکەن، بەڵکو راهێنان بە ئەوانەش بکەن کە سەرکردایەتی و مامۆستای راهێنانەکانن، لە بری ئەوەی تەنها ئامرازی خولی سۆسیال دیموکات بەکار بهێنرێت، پێویستە بە هاوکاری سۆسیال دیموکرات گەشە و پەرە بە خۆمان بدەین لەسەر بنەمای مێژوو و ئایدیۆلۆجیای خۆمان، بەڵام بە سودوەرگرتن لەو رێگەیانەی سۆسیال دیموکراتی سوید لە ئەزمونی خۆیەوە پێشکەشی دەکات
سەرنجی کۆتایی
لەدوای پێنجەمین کۆنگرەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی هێڵی کارکردنی نوێ و تازەگەریی بە رۆحی کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال هەڵبژاردووە. کاری لە پێشینە ئەوەیە، کە ئۆرگانەکانی رێکدەخاتەوە و لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان پتەوتری دەکات. ئەمەش پڕۆسەکە و کاری درێژخایەنی دەوێ، بە جۆرێك ئەندامەکان هەست بە بەشداری کارا بکەن، سەرقاڵ بن تیایدا و گشت ئامرازەکانی پێویستیان بخرێتە بەردەست تا چالاکانە بەشدار بن.
بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بێت و رەوتی چەرخی رۆشتن بۆ پێشەوە بەردەوامی هەبێت، دەتوانرێت لە کار و ئەزموونی سۆسیال دیموکرات فێر بین. بۆ خۆمان بۆمەشڤیكێك دروست بکەین، واتە سەنتەرێکی راهێنان و ئەکادیمیایەکی پەروەردە و فێرکردن بێت لەسەر مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ململانێیەکان و مەرجەکانمان. دەبێت ئەوەش بڵێم، جێی خۆشحاڵییەوە کە مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەکێتی، ئێستا ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادیرانی بەشێوەیەکی ئەکادیمی زانستی کردۆتەوە و زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار و بۆ ماوەی حەوت مانگ پەروەردەی حزبی دەبینن.
ئەم هەنگاوە نەك تەنها توانای رێكخراوەییمان بەهێز دەکات، بەڵکو دەرفەتی لێکدانەوە و دروستکردنی ویستی تایبەت بە گەشەی بیرۆکەی سۆسیال دیموکرات بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گوێرەی هەلومەرجی جوگرافی، واقیع، پانتایی سیاسیی و پێویستییەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەرەخسێنێت.
بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بێت و رەوتی چەرخی رۆشتن بۆ پێشەوە بەردەوامی هەبێت، دەتوانرێت لە کار و ئەزموونی سۆسیال دیموکرات فێر بین. بۆ خۆمان بۆمەشڤیكێك دروست بکەین