رەفتاری شەڕەنگێزیی تەنیا کردەوەیەکی زوو تێپەڕ یان هەستێکی سات نییە، بەڵکو دیاردەیەکی مرۆییە کە رەگوڕیشەی لە پێکهاتەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی مرۆڤەکاندا هەیە. لەکاتێکدا رەنگە، رەگەکانی بگەڕێتەوە بۆ پاڵنەرە بایۆلۆژییەکانی پەیوەست بە مانەوە و بەرگرییکردن لە خۆ، بەڵام کەلتور رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دیارییکردنی فۆرم و سنوور و دەرئەنجامەکانی ئەم رەفتارە. رەنگە شەڕەنگێزیی بە وشەیەکی ئازاربەخش یان کردەوەیەکی وروژێنەر دەست پێبکات، بەڵام رەنگە گەشە بکات- لە هەندێک ژینگەدا- بۆ ململانێی خوێناوی کە بە کوشتن کۆتایی دێت.لە زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا و کۆمەڵناسیدا، رەفتاری شەڕەنگێزیی بە هەر کردارێک یان وتە و لێدوانێک پێناسە دەکرێت، کە مەبەست لێی زیانگەیاندن بێت بە کەسانی دیکە، چ جەستەیی، دەروونی، یان کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا بە«شەڕەنگێزیی» دادەنرێت، لەوانەیە لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا وەک رەفتارێکی ئاسایی سەیر بکرێت. بۆ نموونە، بەرزکردنەوەی دەنگ و نزیکبوونەوە لە جەستەی مرۆڤ لە کاتی گفتوگۆدا، رەنگە لە کەلتورەکانی دەریای ناوەڕاستدا وەک نیشانەی جۆش و خرۆش لێکبدرێتەوە، لە کاتێکدا لە کەلتورەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیادا لەوانەیە وەک رەفتارێکی شەڕەنگێزانە لێکبدرێتەوە.
توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆجییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە شەڕەنگێزیی بە قووڵی لە ژێر کاریگەریی کۆنتێکستی کەلتوریدایە لە کۆمەڵگە کێبڕکێکارەکاندا، هەندێک لە خێڵەکان یان گروپ و تاقمە کۆمەڵایەتییەکان  کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکانی  وەک: ئاو یان زەوی، یان هێز و پلە و پایە دەکەن، کە رەفتاری شەڕەنگێزیی و توندتیژیی، بە ئامرازێکی شەرعی ئاسایی دادەنێن،  بۆ مانەوەی باڵادەستی و پاراستنی مافەکان.
لە کۆمەڵگەکانی هەندێک لە گەلانی سکاندناڤیا یان کۆمەڵگەی راوکردنی جەمسەری باکوور، دەستدرێژیی لە رێگەی میکانیزمەکانی نێوەندگیریی کۆمەڵایەتییەوە سنووردار دەکرێت و کوشتن وەک دوا فۆڕمی تێکدانی سیستمی  کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێ. ئەو کۆمەڵگانەی کە ململانێی درێژخایەنیان هەیە و شێوازەکانی تۆڵەسەندنەوە زۆرن و شەڕەنگێزیی لە شەڕەوە دەگۆڕێت بۆ کوشتنی تۆڵە سەندنەوە، وەک لە هەندێک چوارچێوەی خێڵەکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یان ناوچەکانی ئەفریقا. 
 
رەفتاری شەڕەنگێزیی بەرهەمی کارلێکی ئاڵۆزە لە نێوان سروشتی مرۆڤ و کەلتوری دەوروبەریدا، ئەم بارودۆخە حەتمی نییە، بەڵکو دەتوانرێت لە رێگەی سیاسەتی پەروەردەیی و کەلتورییەوە کۆنترۆڵ بکرێت، کە ئەگەری گۆڕینی بۆ کوشتن، کەم دەکاتەوە
لێرەوە و لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆجیای کەلتورەوە، رەفتاری شەڕەنگێزیی، ناتوانرێت لە هێما و بەها باوەکان جیا بکرێتەوە. وەک دەزانین کەلتور لە پێکهاتەکانی وەک (زمان)، کە هاندەرێک یان هێورکەرەوەیەک بێت و رۆڵی هەبێت لە بابەتی شەڕەنگێزیی کە  رەنگە سووکایەتی وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی توڕەیی بەکاربهێنرێت، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی تردا بە راگەیاندنی شەڕ دابنرێت. رێوڕەسم و هێمایەکانی شەڕ، لە هەندێک لە کەلتورەکاندا زۆرانبازیی، یان دووانە وەک ئامرازێکی رەمزی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و رێگرییکردن لە پەرەسەندن بۆ کوشتن بەکاردەهێنن.  پێکهاتەی دەسەڵات،  ئەو کۆمەڵگەیانەی کە سیستمێکی پلەبەندی توندیان هەیە، لەوانەیە دەستدرێژی ئاشکرا سنووردار بکەن، بەڵام دەرگا بەڕووی شەڕەنگێزیی شاراوە یان تیرۆری سیاسییدا بکەنەوە.
لێرەوە  دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی رەفتاری شەڕەنگێزیی، کە دەبێتە هۆی کوشتن یان زۆرجار بە کوشتن کۆتایی دێت. ئەگەر ئەم  رەفتاری شەڕەنگێزییە لە رووی کەلتوری و دامەزراوەییەوە کۆنترۆڵ نەکرێت، لەوانەیە گەشە بکات بۆ فۆڕمی توندوتیژیی لە کۆمەڵگەدا، کە دواجار دەبێتە  دیارترین فۆرمی توندوتیژیی کە کوشتنە. رەنگە ئەم توندوتیژیی و شەڕەنگێزییە لە  ململانێیەکی یاسایی و سووکایەتییەکی زارەکی دەست پێبکات، پاشان بەرەو شەڕێکی جەستەیی گەورەتر بێت و بە کوشتن کۆتایی پێ بێت و زنجیرەیەک تۆڵەسەندنەوەی یەکتری لێبکەوێتەوە. ئەمە ئەگەر لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بێت، کە تێیدا هۆشیاریی تاک، سنووردارە، لەکاتێکدا  لە کۆمەڵگە شارییەکاندا، کە فشاری دەروونی و کێبڕکێی ئابووری دەبێتە هۆی تەقینەوەی توڕەیی تاکەکەسی، رەنگە بە کوشتن کۆتایی پێ بێت، وەک لە هەندێک رووداوی توندوتیژیی خێزانییدا. لێرەوە جارێکی تر تاک لە چوارچێوەی شەڕدا، شەڕەنگێزیی تاک  دەگۆڕێت بۆ شەڕەنگێزیی بەکۆمەڵ و بە دامەزراوەیی، کە کوشتن دەبێتە بەشێک لە نمایشێکی بە کۆمەڵ کە لە رووی کەلتورییەوە یان ئایدۆلۆجییەوە رەوا کراوە.
لە ژیانی ئەمڕۆدا کە کەلتوری باو، کەلتوری تەکنۆلۆجیای زانیاریی و ژیانی مۆدێرنەیە، ئەم مۆدێلە باوە،  دەرگای بە رووی سەرهەڵدانی شێوە نوێیەکانی شەڕەنگێزییدا کردووەتەوە، وەکو (هێرشکردنی ئەلیکترۆنی)،  لەوانەیە قوربانییەکانی بەرەو خۆکوشتن یان کوشتنی تۆڵە سەندنەوە ببات، ئەم شێوازە رەنگدانەوەی کارلێکی بەها نەریتییەکانی لەگەڵ پلاتفۆرمی میدیای دیجیتاڵیدا هەیە.
لە کۆتایدا رەفتاری شەڕەنگێزیی، بەرهەمی کارلێکی ئاڵۆزە لە نێوان سروشتی مرۆڤ و کەلتوری دەوروبەریدا، ئەم بارودۆخە حەتمی نییە، بەڵکو دەتوانرێت لە رێگەی سیاسەتی پەروەردەیی و کەلتورییەوە کۆنترۆڵ بکرێت، کە ئەگەری گۆڕینی بۆ کوشتن کەم دەکاتەوە. لە روانگەی ئەنترۆپۆلۆجییەوە، تێگەیشتن لەم رەفتارە لە چوارچێوەی کەلتوری خۆیدا، دەرگا بە رووی چارەسەری کاریگەرتردا دەکاتەوە، کە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆمەڵگە و کەلتورەکەی لەبەرچاو بگیرێت. 

سوود لەم سەرچاوانە وەگیراوە:
1/ أندرسون، س. أ. وبوشمان، ب. ج. (2002). العدوان البشري.
2/ ریتشز، د. (1999). أنثروبولوجيا العنف.
*ماستەر لە ئەنترۆپۆلۆجیای کەلتوردا
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved