وەرگێڕان: هاوار
   قەیرانی کەشوهەوا جۆرێکی نوێی قەیرانەکانە و مرۆڤایەتی هیچ ئەزموونێکی نییە تاکو چارەی بکات. وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە بەراورد بە وڵاتە هەژارەکان زیاتر زیان بە ژینگە دەگەیەنن. هەروەها قەیرانی ژینگە بووەتە هۆی گۆڕینی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی. لەلایەکی تریشەوە، قەیرانی ژینگە، واتە پیسبوون و گەرمبوونی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بۆ خواردنەوە و ناتەندروستبوونی خۆراک. بەڵام وڵاتە زلهێزەکان کە بزوێنەری ئەم قەیرانەن، خۆیان لە دامەزراندنی سندوقێکی دارایی بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانی ژینگە دەبوێرن و پارەداری ناکەن. ئەوەش بە ئاشکرا چەوساندنەوەی وڵاتە هەژارەکانە، کە قەیرانی ژینگە راستەوخۆ زیانیان پێ دەگەیەنێت.
ئەگەر سەیری نەخشەی کەشوهەوای جیهان بکەین لە 50 ساڵی داهاتوودا، پەڵەیەکی گەورەی گەرمیی دەبینرێت کە دەوری زەوی داوە.  دۆخەکانی کەشوهەوا لەساڵی 2020 دەریدەخەن کە تاکو نیو سەدەی داهاتوو، نزیکەی 30 لە سەدی دانیشتوانی جیهان ناچار دەبن کۆچ بکەن یان بەلایەنی کەمەوە لەو ناوچانە بژین کە تێکڕای پلەی گەرمی لەسەرووی 29 پلەی سیلیزیەوە دەبێت. هەر ئێستا نزیکەی لە سەدا 1ی ڕووی زەوی گەرمە کە بەشێکی باشووری بیابانی ئەفریقایە و کەسی لێ ناژێت یان بە کەڵکی ئەوە نەماوە کەسی لێ بژێت.
لە ساڵانی داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت خێراترین گەشەی دانیشتوان لەو ناوچانەی جیهان ببینین کە زۆرترین کاریگەری گەرمبوونی کەشوهەوایان لەسەرە. ئەمەش بارودۆخەکە خراپتر دەکات. بەڵام ئەم ناوچانە بەپێی ئامار و توێژینەوەکان و سەرەڕای گەشەی خێرای دانیشتووانیان، کەمترین پشکیان لە بەرهەمهێنانی گازی سەوزەخانەیی هەیە، کە هۆکاری کارەساتی کەشوهەوایە. (گازی سەوزەخانەیی، هەوای گەرمی قەتیسبووی بەرگەهەوای سەر زەوییە و کارگە و شارە گەورەکان بەرهەمی دەهێنن. وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان و هەڵمی ئاو و هتد). نایەکسانی لە بەرهەمهێنانی گازی سەوزەخانەیی ئەوەندە گەورەیە کە نیوەی دانیشتوانی جیهان کە داهاتی کەمیان هەیە کە 4 ملیار کەسە تەنها 12٪ ی هەموو گازە سەوزەخانەییەکان بڵاودەکەنەوە. بۆ نموونە دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەمریکا 75 هێندەی (وڵاتی مالی) یە. تەنانەت ئەگەر یەک لەسەر سێی دانیشتوانی داهات نزمی جیهان کە زیاتر لە 2.6 ملیار کەسن، بەرز بکرێنەوە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری کە 2.3 دۆلارە لە ڕۆژێکدا، تەنها لە سەدا 5 ی گازی سەوزخانەکان زیاد دەبێت، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی گازە سەوزخانەییەکان. واتە یەک لەسەر سێی ئەو گازە سەوزخانەییانەی کە 1 لە سەدی دەوڵەمەندەکانی جیهان بەرهەمی دەهێنن.
نیوەی دانیشتوانی جیهان بە پێشەنگی 10٪ ی ئەوانەی بەرزترین داهاتیان هەیە، سیستەمێکی گەورەی بەرهەمهێنان بەڕێوە دەبەن کە ژینگە بۆ هەمووان ناسەقامگیر دەکات. خراپترین کاریگەرییان لەسەر هەژارترین خەڵک دەکەوێت و لە دەیان ساڵی داهاتوودا ئەم کاریگەرییە زیاتر دەبێت. لەبەر ئەوە، هەژارییان مانای ئەوەیە کە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ پاراستنی خۆیان.
لە هاوکێشەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیدا سێ نایەکسانی دەبینین، ئەم سێ نایەکسانییە بە سێ ڕەهەندی نایەکسانی بەناوبانگە:
نایەکسانی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کێشەکان. واتە ئەوانەی بزوێنەر و هۆکاری کێشە و قەیرانەکانن، بەرپرسیارێتی چاککردنی دۆخەکە ناگرنە ئەستۆ.
نایەکسانی لەبەرامبەر کاریگەربوون بە دەرەنجامەکانی قەیرانەکان. واتە قەیرانەکان وەک یەک کاریگەرییان بەسەر دانیشتووانی سەرزەوی نابێت. ئەو ناوچانەی بزوێنەر و هۆکاری قەیرانەکانن، دوور نییە کەمترین زیانیان پێ بگات. لەبەرامبەردا ئەو وڵاتانەی کەمترین بەشدارییان لە هاتنەئارای قەیرانەکاندا هەیە، زۆرترین زیانیان پێ دەگات.
نایەکسانی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیران.
نایەکسانییەکە بە جۆرێکە، هەموو ئەو ناوچانەی مەترسی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە هەژار و بێ دەسەڵات نین. باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا سەرچاوەی پێویستی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە و هیندستانیش وەک وڵاتێک کە لە بەرهەمهێنانی گازە سەوزخانەییەکان بەشدارە، وڵاتێکی بەتوانایە بۆ چارەکردن. هەروەها گەرمبوونی زەوی کێشەی گەورە لە دابەشبوونی دانیشتواندا دروست دەکات. چۆن دەتوانرێت شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەرانی کەشوهەوا بدۆزرێتەوە؟ ئابووری چۆن خۆی لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا دەگونجێنێت؟ ئەمە تەحەدایەکی زۆر گەورەیە بۆ وڵاتانی لاوازی وەک عێراق. مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە بەرەو دۆخی داڕمانی تەواو دەچن لە بەرنگاربوونەوەی قەیرانی ژینگە و کەشوهەوا و ناتوانن ئاو و کارەبای پێویست بۆ ساردکردنەوە دابین بکەن. هاوینی رابردوو هەزاران کەس لە عێراق پەنایان بردووە بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک فێنککەرەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکارهێناوە تاکو بەرگەی شەپۆلی گەرما بگرن.
لەوانەیە بگوترێت ئەمە پێشتریش هەر وا بووە: هەژاران ئازار دەچێژن و دەوڵەمەندەکان جامی سەرکەوتن دەنۆشن و چێژ دەبینن. بەڵام نایەکسانی کەشوهەوا دەرئەنجامی خراپ و بێ وێنەی هەیە. ئەمە وەک ئەوە وایە کە بۆ ماوەیەکی زۆر، وڵاتە دەوڵەمەندەکان بازرگانییەکی نایەکسانیان لەگەڵ وڵاتە هەژارەکاندا دەکرد. لە سەردەمی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمدا، کەرەستەی خاوی وڵاتە هەژارەکان تاڵان دەکران و دەیان ملیۆن کەسیش دەکرانە کۆیلە. کاریگەری ئەو نایەکسانییە لەنێوان وڵاتانی هەژار و زلهێز بە جۆرێک بوو، لەو وڵاتانەی کە ئەو کاتە بە جیهانی سێیەم دادەنران، هیچ گەشەیەکی ئابووری بەرچاو نەبوو هەتا دوو نەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆلۆنیالیزم. پاشان وردە وردە هاتنەوە سەرخۆیان. کاریگەری ژینگە، دوور نییە زۆر لە کاریگەریی سەردەمی کۆلۆنیالیزم بێت.
لەساڵی 1980 بەدواوە، ئابووری چین گەشەی سەند و زۆر پێشکەوت، ئێستا لە سەدا 41 ی هەموو گازە سەوزخانەییەکان لە 40 لە سەد لەو ناوچانەوە بەرهەمدێن کە داهاتیان مامناوەندە، واتە چینی مامناوەند گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو لە بەکارهێنانی وزە. بەڵام ئەم "چینی مامناوەندەی جیهان" کە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا چڕبووەتەوە، بە بەکارهێنانی کاربۆنێکی زۆر ژیانی چینە هەژار و کەم دراماتەکان دەخاتە مەترسییەوە، گەشەی پیشەسازیان زیانێکی قەرەبوونەکراو بە هەندێک لە هەژارترین و لاوازترین خەڵکی جیهان دەگەیەنێت. واتە دەردانی گازە سەوزخانەییەکان تەنیا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهانەوە نایات بەڵکو وڵاتانی داهات مامناوەندیش بەشدارن لە تێکدانی ژینگە و کەشوهەوای سەرگۆی زەوی.
بۆیە ئێمە لەبەردەم دۆخێکداین کە لە مێژوودا هیچ پێشینەیەکی نەبووە. تاکو لە قەیرانە ژینگەییەکان بۆ مرۆڤایەتی نزیک ببینەوە، گەشەسەندنی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک بارودۆخی ژیان و مانەوەی ملیاران کەس لە ناوچە ژینگە-نالەبارەکان خراپتر دەکەن. ئەم مرۆڤانە وەک سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانی پێشتر ناچەوسێنرێنەوە و یان پشتگوێ و پەراوێز ناخرێن، بەڵکو بوونەتە قوربانی ئاکامەکانی گەشەی ئابووری لە وڵاتانی زلهێز. ئەم جۆرە ئازارە توندوتیژ و ناڕاستەوخۆیە لە کوالیتی و قەبارەدا نوێیە.
هەڵوێستە توندئاژۆکان و نایەکسانی نێوان گروپەکان بەزۆری پێویستی بە جۆرێک لە کارلێک و کاردانەوە هەیە، لەئاکامدا دەتوانرێت بەرنگاری نایەکسانییەکان ببنەوە. بۆ نموونە، کرێکاران دەتوانن مانبگرن. ئەوانەی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نادادپەروەرەکانەوە دەناڵێنن دەتوانن بایکۆتی بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرئەنجامە ژینگەییەکان ناڕاستەوخۆن و بەرنگاربوونەوە لە هەناوی سیستەمەکدا خاوتر دەبن. خۆپیشاندەران دەتوانن بۆڕی وزە و نەوت، کە لە وڵاتە هەژارەکانەوە بۆ بەکاربەرانی وڵاتە دەوڵەمەند دەگوازنەوە، بتەقێننەوە و لە قەبارەی کاریگەرییە ژینگەییەکان ئاگاداریان بکەنەوە بەڵام ئایا ناتوانرێت هەڵوێستێکی بنیادنەرانەتر بۆ ئەم نایەکسانییە سێ ڕەهەندییە بگیرێتەبەر؟
کۆنفرانسە جیهانییە ناوازەکانی کەشوهەوا، وەک COP28 کە لە 30 ی تشرینی دووەم دەست پێدەکات دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت. ئەم کۆنفرانسانە لەوانەیە بێزارکەر و تەشریفاتی دەربکەون، بەڵام لە هەمان بۆنە و چوارچێوەیەدا، دەتوانرێت سنوورێک بۆ پەیوەندی کوشندەی نێوان بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و خەڵووزی بەردین و بەکارهێنانی لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە دابنرێت، هەروەها مەترسییە کوشندەکانیان کە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن لە ناوچە ژینگە-نالەبارەکان دەتوانرێت بە بەزمانێکی سیاسی دەرببڕدرێت.
لێرەدا چالاکوانانی مەدەنی و حکومەتەکان دەتوانن ڕەخنە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بگرن، کە خۆیان لە هاوکاریکردن و دامەزراندنی سندوقی زیانە ژینگەییەکان دەبوێرن. سندوقی زیانەکان ئەو سندوقەیە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە دادەمەزرێت. پێویستیی دامەزراندنی ئەم جۆرە سندوقە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی COP27  لە میسر پێشنیاز کرا، بەڵام تاکو ئێستا دانوستانکارە ئەمەریکی و ئەوروپاییەکان بەرهەڵستی توندی دەکەن و بە دامەزراندن و پارەدارکردنی سندوقی قەیرانی ژینگە رازی نین. هەرچەندە وا نزیک دەبینەوە لە کۆنفرانسی  COP28 بەڵام هێشتا رێکخستنی سندوقەکە و بڕیار لەبارەی پارەدارکردنی، وەک پێویست نەبووە و پەراوێز خراوە.
هەرچەندە سندوقێکی لەو چەشنە کێشەی نایەکسانی و قەیرانی ژینگە چارە ناکات. هەروەها بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە، مرۆڤایەتی پێویستی بە پلانێک هەیە بۆ گۆڕینی وزە و مۆدێلی نوێی گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام. لەگەڵ ئەوەشدا، سندوقی قەیرانی ژینگە و زیانەکانی، دەتوانرێت لە هەندێک ڕووەوە بە هەنگاوێکی بنەڕەتی دابنرێت. چونکە بە دامەزراندنی ئەو سندوقە بە ڕەسمی دان بەوەدا دەنرێت کە قەیرانی کەشوهەوای جیهان چیتر قەیرانێک نییە هەڵبگیرێت بۆ داهاتوو. مرۆڤایەتی گەیشتووەتە قۆناغێک چارەنەکردنی ئەم قەیرانە گەورەیە، خۆی لە خۆیدا بە واتای بەشداریکردنە لە پرۆسەی بە قوربانیکردن.

سەرچاوە:
https://www.theguardian.com/environment/commentisfree/2023/nov/23/climate-emergency-crisis-conference-cop-28

*پرۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی کۆلۆمبیا
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved