کتێبێک کە نابێت ڕاگووزەر بڕوات
ئەڵقەیەکی تر لە ئەدەبیاتی مام
نیاز و ڕێباز لە کۆکردنەوەی کەلتوور و کۆبەرھەمی فراوانی مام جەلال لە ھەموو بوارەکان و بە ھەموو زمان و لە ھەموو بوار و قۆناغەکان فرە و ھەمە جۆرن.
ئاخر سەرەنجام پیرەمەگرونێکی کەڵەگەتی فیکری و سیاسیی پڕ ئەزموون هەر یەکەو لە شوێن و گۆشەنیگایەکەوە بۆی دەڕوانن، بەرزی و بڵندییەکەی وایە هەمووان دەتوانن سەیری بکەن و لێی ڕابمێنن. ئەم ڕوانگە و گۆشەنیگایانە ئاسایی و پۆلبەند و قۆناغبەندین تا ڕۆژی گردوکۆی یەکجارەکی هەموویان دێت. یانی تا ئەو رۆژەی کۆی بەرهەمی ئەندێشە و ئەزموونی مام جەلال چاپ دەکرێن و لەبەردەستی دەستەبژێر و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبن .
نیازەکان لە کۆکردنەوە و پۆلینکردن جیاوازن، بەڵام دژی یەکیش نین. تەواوکاری یەکترین. بۆ نموونە:
-زۆر بەرھەمی مام جەلال ھەر خۆیان کتێب بوون و بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسراون. واتە بە کتێبی لە دایک بوون ئەگەرچی ھەشن زنجیرە بوون دوایی لە کتیبێکدا دوا دەسکاری کراون (بۆ نموونە کتێبی کوردایەتییەکەی) بە شێوەی نووسین ، سیمنار، کتێب و زنجیرە هەبوون و دوایی بە رەچاوکردنی گوتاری ئاراستە بۆ ڕای گشتی عەرەبی بە عەرەبیش دوو چاپی جیاواز هاتنە بەرهەم .
هەشن کتێب بوون و دوایش بە زنجیرە لە رۆژنامەو گۆڤاراندا دووبارە دابەزیون
-زۆر بەرهەمی هەن نووسین و ڤەکۆڵینن و بەسەر بڵاوکراوەکانی (گۆڤار و رۆژنامە) پەخش کراون
-هەن بەزمان جیاواز و بە شیوەی جیاواز بڵاون
لەبەر ئەو راستیانە ڕوویداوە:
یەکەم- کۆکردنەوە و چاپکردنی بەرهەمی مام بەشێک بووە لە ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی کە هەر بە ئۆرگانە ڕۆژنامەوانیەکان کراون. بۆ نموونە نووسینەکان لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ ، خەبات ، نور و ئیتحاد . لە گۆڤارەکانی ڕۆژی نوێ و ڕزگاری و خاک و رێبازی نوێ .گردوکۆی ئەمانە هەم ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی و هەم ئەرکێکی حزبیانەیە کە خۆ تەرخانی ڕۆژنامەوانی دەوێت.
دووەم : بەرھەمی کتێب نیاز لێی کۆکردنەوەی کۆششی فکری مام جەلال و دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی حیزبایەتی و کوردایەتی بووە.
دیارە ڕێبازەکانی ئەم کارەش جیاوازن. لێرە وەک نموونە باسی پرۆژەی کۆبەرھەمەکان دەکەم کە مەکتەب و ئینجا بۆردی ھۆشیاری سەر بە مەکتەبی ڕاگەیاندن ڕای دەپەڕێنن. بە تایبەتی باسی هەردوو نوسخەی عەرەبی (الجبهة الوطنية المتحدة) و نوسخەی کوردی (بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو )دەکەم کە هەردوو خەسڵەتی (زنجیرەی رۆژنامەوانی) و (کتێبی سەربەخۆ) و رەهەندی زمان جیاجیای بەسەردا جێبەجێ دەبێت کە لێرە کتێبەکە بە دوو زمانە( عەرەبی و کوردی)
هەڤاڵ نەجمەدین فەقی عەبدولڵا وەک سەرپەرشیاری پرۆژەکە لە پێشەکی عەرەبی(الجبهة الوطنية المتحدة) و کوردی (بەرەی نیشتیمانی یەگرتوو) ماجەرای خەم و پەرۆشی و دیتنەوەی ئەم سەرچاوە دەگمەنە باس دەکات کە ئەم توێژینەوەیە لە نێوان ساڵانی 1972_1973 بە زنجیرە لە گۆڤاری (الهدف)ی فەلەستینی بڵاوکراوەتەوە. ساڵی 1973 لە بەیروت بە کتێب بڵاوی کردووەتەوە. هەڤاڵ فەقی دەڵێ ؛ (کتێبەکە قەدەغە بوو بێتە عێراقەوە، بەهۆی لێکدانەوە و بۆچوونە ڕادیکاڵی و شۆڕشگێڕانییەکانی و دژایەتیکردنی ڕاشکاوانەی هەموو شێوەکانی ڕژێمە ستەمگەرە نادیموکراسیەکان و جاڕدانی بۆ دیموکراسی میللی و سۆسیالیزمی زانستی) هێلی گشتی نووسینەکە ئەگەرچی وەکو باسێکی تیئوری بۆ هەموو ئەزمونێکی شۆڕشگێری لە جیهان ، بە تایبەتی بۆ میللەتانی بندەست و رۆژهەڵاتەکەی خۆمان دەست دەدات. بەڵام لەچەند شوێنێکی وردەکارتردا مام جەلال نموونەی ئەزموونی بەرەیی عیراق و بەشداری کوردستان لەبەرە سیاسییە نیشتمانییەکان دەهێنێتەوە. ئەم کتێبە ئەندێشەی بەرایی مام جەلالە بۆ بەرەیەکی خوازراوی کوردستانی کە دوو ساڵ دواتر و لە حوزەیرانی ١٩٧٥ لەسەر زەمینی واقیعی کوردستان ی ن ک -ی بۆ دامەزرا . دیارە هەڤاڵان و هاورێیانی کۆمەڵە کۆدی ئەم نووسینە فیکرییەیان پێ دەزانی بۆیە کردبویانە بەشێک لە بەرنامەی خۆرۆشنبیرکردنیان . هەڤاڵ نەجمەدین دەڵێ ( لەبەر ئەوە ئێمەی ئەندامانێک لە کۆمەڵەی مارکسی لینینی لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عێراقدا ناچاربووین ژمارە بە ژمارە لە گۆڤاری الهدف وە بابەتەکەی لەبەر بگرینەوە و زۆر جار بە دەست بینووسینەوە. پاشان ئەڵقە بە دوای ئەڵقەدا بۆ هۆشیارکردنەوەی فکری لە شانەکانی ڕێکخستن و لە ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەدا لەگەڵ بابەتە فێرکارییەکانی تردا بەکاریان بهێنین) ئینجا روونیدەکاتەوە ئەم چاپە تازەیە لە کوێوە هاتووە: (بۆ ئەم چاپە دوبارە نوێیەی تۆیژینەوەکەی سەرۆک مام جەلال بەناونیشانی بەرەی نیشتیمانی یەکگرتوو لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، لەبەر ئەوەی کتێبە ئەسڵیەکەمان دەست نەکەوتووە بە ناچاری پشتمان بە کۆپییەکی زۆر کۆن بەست کە هەر ئەوەشمان دەست کەوتبوو کە تایپ کرابووەوە) .
لەبەر هەموو ئەو ماجەرایە (چاومان لەوەیە پشکنین و بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا ئەو کاتەی نوسخەی یەکەمی کتێبەکە بەدەست دەهێنین).
ئێمە ئیتر لێرە لەبەردەم بریارێکی دروست و لە هەمان کاتدا ناچاریداین. بریارە دروستەکە ئەوەیە ئەم کتێبە هەر دەبێت چاپ بکرێت و بڵاو بێتەوە و ئیشەکە لە چاوەڕوانی نوسخەی ئەسڵی پەک نەخرێت. هەڤاڵانی هوشیاری هەر وایان کرد.
ناچارییەکەش پێویستی بە چارەکردنە، بۆ نموونە، لە ڕێی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لوبنان.دەتوانین شتێک بە شتێک بکەین.
راستێکەی بەیروت پایتەختێکی دوور نییە و خانەی بڵاوکراوەکانی ئەو وڵاتەش، بە تایبەتی ئەوانەی بیری چەپ و سۆسیالیستی بڵاو دەکەنەوە، دیار و بەرچاو و سنووردارن. لە بەیروت دەیان کتێبی پێڕست ئامێز و فەهرەست ناسین هەیە کە یارمەتیمان دەدات شوێنی کۆپیەکی کتێبەکە بدۆزینەوە.
ئێ هەروا بێتەوە لوبنان هەر وڵاتی کتێب نییە، بەڵکو وڵاتی فەرهەنگی کتێبناسی و کتێب بڵاوکردنەوە و کتێب پاراستنە. لەبەر ئەم فەرهەنگە دەبێ لە زوەوە مشوری ئەوە خورابێ، هەر کتێبێک چاپ دەبێت بەشی هەموو کتێبخانە ڕەسمییەکان یان کتێبخانەکانی دایکن ، درابێت و ناوی مام جەلالیش بە عەرەبی (جلال طالباني) ناوێکی خۆشناوە بۆ گەڕانی ئەلیکترۆنی و گەڕانی ناو تۆمارە کلاسیکییەکانی کتێب لە سندوق و لە سجيلاتی جیاجیادا، با شەڕی ناوخۆی لوبنان زۆری پەکخستبێت و وێران کردبێت، بەڵام هەر کلیلێکی ژەنگاوی هەیە بیدۆزینەوە.
راستە نێوانی جەبهەی شەعبی و دیموکراتی وەکو جاران لەگەڵ ئێمە خۆش نییە، بەڵام هەر بەشی ئەوەی تیایە بە هەقی ئەو خزمەتی جارانی نێوانمان کۆپییەکی ئۆرجیناڵی کتێبەکەمان بەر بکەوێت.بەتایبەتی کوردێکی زۆر هامشۆی بەیروت دەکەن و هەندێکیان خوێندنی ئەکادیمی لە ڕشتەکانی سیاسەت و خوشک و براکانی سیاسەت دەخوێنن دەتوانن یارمەتی بدەن. ساڵانی حەفتاکانی سەددەی رابردوو زۆر دوور نین ئەگەر مشوری لێ بخۆین
بێگومان من ئەم ئەرکە بە هی هەڤاڵ نەجم نازانم کە خۆی هەڵگرتنی کۆپی و مەلزەمەی کۆنی کتێبەکە و ئینجا چاپکردنی لە چوارچێوەی پرۆژەی کۆبەرهەمەکان ئەرک و کۆششێکی گەورەیە و دەستی خۆش بێ و کاری راست بێت.
باسی ئەم کتێبەم کرد وەکو نموونەیەک بۆ ناساندنی نموونە جیاجیاکانی دەوری کۆششی مام جەلالناسی داوە و بۆ سەلماندنی بیرۆکەیەکی خنجیلانەم کە هەمیشە دەڵێم قۆناغی یەکەم دۆزینەوە و چاپکردنە و قۆناغی کۆتایی دووەم جار چاپکردنێتی لەیەک زنجیرە بەرهەمی کامڵ و تەواو و بێ کەموکوڕیدا.
نووسینەکەم بەوە کۆتایی دێنم لەسەر پرسی گەیاندنی ئەم بەرهەمانەی مام جەلال بە کۆمەڵانی خەڵک و بە دەستەبژێری خوێندەواری کوردستان.
لە ساڵۆنی شەقامی جموری لە کەرکوک وەختێک ناساندنمان بۆ بەرهەمێکی مام جەلال دەکرد (کتێبی نووسینەکانی مام جەلال لە خاکی کوردستانی نوێدا)، باسو گفتوگۆ هاتەسەر کۆششە جیاجیاکان بۆ کۆکردنەوەی کەلتوری مام ، میوانێکی ئاگادار و خوێنەوار باسی ئەم کتێبەی (الجبهة الوطنية المتحدة) ی کرد کە کاتی خۆی بەشێک بووە لە ئەڵقەی رۆشنبیری خوێندەوارانی چەپ لە کەرکوک و هەموو کوردستان، رێک وەکو ئەوەی کاک نەجم باسی دەکات. گوتی بۆ نییە ؟ مژدەم پێدا کە ئەوە چاپکراوە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە ئارادایە.
ئێ دیارە بڕسیارەکەش بەڵگەی ئاگایی کەلتوری مام جەلال و لە هەمان کاتیشدا بەڵگەی ئەوەیە کێشەیەکمان هەیە لە ناساندنەوەی چاپە تازەکان و پەیوەندی گەیاندن
چی بکەین بۆ ئەوەی زۆرترین بڵاوکردنەوە و باشترین کەڵک لێوەرگرتن بهێنینەدی؟
نیازەکە روون و دیارە و شایانە:
رێ و رێبازەکەی گەیاندنی بە خوێنەران (فیکری وردیشی دەوێ)