نامیلکەی لۆجیکی ساغلەم؛ ئەو کتێبەی ئەمریکای دروست کرد


نووسین لەپێناو چیدایە؟ بیرکردنەوە لە چییەتی نووسین، لە هزری زۆر کەسدا هەیە. بەڵام باوترین پێناسە سەبارەت بە نووسین، بریتییە لەوەی بیرکردنەوەیەک لەسەر پرسێک لە کەسێکەوە بۆ زۆرترین کەس بگوازرێتەوە. واتە خوێنەر لە هەندێک شت ئاگادار بکرێتەوە، کە پێشتر ئاگایان لێی نەبووە. بەڵام هەندێکجار، هەندێک نووسەر لە رێی نووسینەکانیانەوە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دەهێننە ئاراوە، زۆر گەورەتر لە گواستنەوەی زانیاری و ئاگادارکردنەوە. بە جۆرێک کە چارەنووسی مرۆڤ بە نووسینەکانیان دەگۆڕن. ئەوەش تەنیا لە رێی گواستنەوەی زانیارییەوە ناکەن بەڵکو لە رێی گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە دەکرێت. نامیلەکەی لۆجیکی ساغلەم لە نووسینی تۆماس پەین، یەکێکە لەو نووسینە دەگمەنانەی رەوتی مێژووی گۆڕیوە.
ئەم بابەتە سەبارەت بە یەکێک لە نووسینە گرنگەکانی مێژووی ئەمریکا و جیهانە. نامەیەکی کورتی 47 لاپەڕییە، کە رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕا تاکو بۆچوونی خەڵکی ئەمریکا بگۆڕێت. ئەوەش گۆڕینی بۆچوونی خەڵکی داگیرکراوی ئەمریکا بوو تاکو ڕاپەڕن و خۆیان لەژێر دەستەیی حکومەتی بەریتانیا رزگار بکەن.
ئەو نامیلەکەیە تەنیا 47 لاپەڕەیە، ناوی لۆجیکی ساغلەمە و لەساڵی 1776 لەلایەن تۆماس پەینەوە نووسرا. واتە 247 ساڵ لەمەوبەر و هەشت ساڵ بەر لە دروستکردنی شاری سلێمانی. کتێبەکە بۆ خەڵکی ئەمریکا نووسرا، ئەمریکای ئەو کاتە لەلایەن حکومەتی پاشایەتی بەریتانیاوە بڕیاری لەبارەوە دەدرا. هەروەها ئەمریکا دابەشکرابوو بەسەر چەند پارێزگەیەکی جیاواز. پاشا و پەرلەمانی بەریتانیا، لە ئەوروپاوە بڕیاریان لەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئەمریکا دەدا. کتێبەکەش لەکاتێکدا نووسرا و بڵاوکرایەوە، کە هێشتا مانای سەربەستی و رزگاربوون لە دەستی داگیرکەر، بۆ خەڵکی نامۆ بوو. بۆیە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی لەنێوان خەڵکی ئەمریکا و یەکە سەربازییەکاندا دروست ببوو. ئەمریکا لە دۆخی شەڕی ناوخۆ و راپەڕیندا بوو. هاوکات بیرۆکەیەک و ئایدیایەک نەبوو بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و دەربازبوون لە دەسەڵاتی بەریتانیا. تاکو ئەو کاتەی ئەو نامیلەکەیە لە شاری فلادەلفیا بڵاوکرایەوە، لەسەرەتاوە کەمترین کەس نووسەری نامیلکەکەیان دەناسی. واتە نەناسراوێک و کەسێکی نامۆ؛ قسە بۆ خەڵک و وڵاتی داگیرکراوی ئەمریکا دەکات بەڵام 150 هەزار دانەی لێ فرۆشرا. بووە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمریکا. دواتر نیوەی خەڵکی ئەمریکا یان نامیلەکەکەیان خوێندەوە یان چەند بابەتێکیان لەبارەیەوە خوێندەوە. نووسەری نامیلکەکە؛ پیاوێکی 37 ساڵە بوو بە ناوی (تۆماس پەین)ەوە، تۆماس پەین ئەو کاتە تەنیا ساڵێک و چەند مانگێک بوو گەیشتبووە ئەمریکا و لەوێ دەژیا.
تۆماس پەین کتێبەکەی بەبێ ناوی نووسەر بڵاوکردەوە. داوای لە خەڵکی ئەمریکا کرد، گرنگی بەوە نەدەن کێ کتێبەکەی نووسیوە بەڵکو گرنگی بەو بۆچوون و قسانە بدەن لە کتێبەکەدا تۆمارکراوە. جەخت لەوەش دەکاتەوە لەژێر کاریگەریی کەسدا نییە و لەسەر داوای هیچ لایەن و حزب و دەوڵەتێکدا ئەو نامیلکەیە نەنووسراوە. تەنیا بۆچوونی تاکەکەسی خۆیەتی و داواش دەکات خەڵکی ئەمریکا هەر بەو روانینەوە کتێبەکەی بخوێننەوە. پاشان خۆیان بۆچوون و بیرۆکەکانی هەڵسەنگێن.
هەرچەندە کتێبەکە زۆر بنەماییە و قسە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ دەکات بەڵام زۆر بە سادەیی و زمانێکی روون و رەوان نووسراوە. بێ ئەوەی نووسینەکەی بە چەمکە قورسەکان ئاڵۆز بکات و بێ ئەوەی قسەی فەیلەسووفەکان وەک خۆی بگوازێتەوە؛ دەست بە نووسین دەکات. بەو ئامانجەی زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا لێی تێبگەن. بۆیە لە دانیشتنە تایبەتەکان و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، تەنانەت لە کافتریا و چایخانەکاندا دەخوێنرایەوە. بیرۆکەی نامیلکەکە تاوتوێ و شەنوکەو دەکرا. تاکو وای لێهات، زۆرترین کەس کەوتنە ژێر کاریگەریی بۆچوونەکانیەوە.
نامیلەکەی لۆجیکی ساغلەم، لەسەرەتاوە بەمجۆرە دەست پێ دەکات: ئەی خەڵکە داگیرکراوەکەی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەمریکا، ئەو کێشەیەی ئێوە لەگەڵ سیستەمی پاشایەتی بەریتانیا و چارلزی سێیەمدا هەتانە، چارەسەر نابێت. تەنیا رێگەچارەیش ئەوەیە خۆتان رزگار بکەن و لە رکێفی بەریتانیا بچنە دەرەوە. خۆتان راپسکێنن و زنجیری داگیرکاری بەریتانیا بپچڕن. تاوەکو خۆتان ببنە خاوەنی خۆتان... دواتر دەست بە روونکردنەوەی دۆخەکە دەکات. تاکو دەگاتە ئەوەی پێشبینی بۆ داهاتووی ئەمریکایەکی ئازاد دەکات و بۆ خەڵکی روون دەکاتەوە ئەگەر ئەمریکا سەربەخۆ بێت و لەژێر رکێفی بەریتانیا بچێتە دەرەوە، چۆن دەبێت؟.

حکومەت بۆچی باشە؟
دەپرسێت: خەڵک بۆچی پێویستی بە دەوڵەت و حکومەتە؟ ئەوەش یەکێکە لە پرسیارە گرنگەکانی تۆماس پەین لە کتێبەکەیدا. کۆمەڵگە و دەوڵەت چۆن دروست دەبێت؟ باسی دۆخی سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگەی سروشتی دەکات دەکات، واتە ئەو دۆخەی کە مرۆڤ لەناو سروشتدا و بەبێ حکومەت ژیاوە. لەو دۆخەدا دابەشکردنی کار دێتەئاراوە، لەناو کۆمەڵگەدا بەنا دیوار و خانوو دروست دەکات و دارتاش کەشتی و بەلەم دروست دەکات و راوچی و جووتیارەکان خواردن دابین دەکەن. بۆیە خەڵکی لەنێوان خویاندا بەڵێن دەدەن کارەکانیان بە جوانی جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی کەس لەکاری خۆیدا کەمتەرخەم نەبێت. دواتر چاودێرێک دەستنیشان دەکرێت تاکو کاروبار و ئەرکەکان رێکبخات. لەو کاتەدا حکومەت دێتە کایەوە.
کەواتە ئەوە خەڵکە متمانە و ئەرک دەداتە دەوڵەت. هەروەها خەڵک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی حکومەت و دەسەڵاتدار دەهێنێتە ئاراوە. بەڵام دوای فراوانبوونی کۆمەڵگە و زۆربوونی دانیشتووان؛ ئەرک و کاری کۆمەڵگە زۆر و ئاڵۆز دەبێت، هەر بۆیە حکومەت و ئەرکەکانی حکومەتیش ئاڵۆز دەبن. لەو دۆخە ئاڵۆزەدا هاووڵاتی نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت و نوێنەرەکان لە پەرلەمانەوە، بڕیار لە چارەنووسی وڵات و کۆمەڵگەکە دەدەن. ئەوەش بەپێی پێداویستی و خواستی کۆمەڵگە و هاووڵاتیان دەبێت. هەروەها پێویستە پەرلەمان و نوێنەری هاووڵاتیان و حکومەت، ئازادی هاووڵاتی بپارێزن و رێ لە پێشێلکردنی ئازادییەکان بگرن.

حکومەت شەڕێکی پێویستە
تۆماس پەین پێی وایە ئەگەر مرۆڤ بیتوانیایە لە کۆمەڵگەیەکدا بژێت بەبێ ئەوەی سنووری ئازادی یەکتر ببەزێنن، هیچ کات مرۆڤایەتی پێویستی بە حکومەت نەدەبوو. حکومەت بژارەیەکی باش نییە، چونکە حکومەت شەڕە بەڵام شەڕێکی پێویست، حکومەت شەڕ و بەڵایەکە بۆ ئەوەیە شەڕانگێزی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکات و کەموکورتییەکانی مرۆڤ پڕ بکاتەوە. بەپێچەوانەی کۆمەڵگەوە. کۆمەڵگە لەئەنجامی هاوڕێیەتی و دۆستی و خێزانەوە دێتە ئاراوە. کۆمەڵگە رەهەندێکی پێویستی و ئاسایی هەیە. کەواتە حکومەت رەوایەتی خۆی لە هاووڵاتیانەوە وەردەگرێت و هاووڵاتی بۆ پاراستنی خۆی حکومەتی هەڵبژاردووە بەڵام ئەگەر حکومەت خراپ و گەندەڵ بوو، چیتر رەوایەتی و شەرعیەتی نامێنێت.

ئەنجامی هەموو پاشایەتییەک خۆسەپێنییە
لەم سۆنگەیەوە تۆماس پەین دەپەرژێتە سەر شێوازی پاشایەتی و دەپرسێت بۆچی پاشایەتی بۆ خەڵکی ئەمریکا گونجاو نییە؟. تۆماس پەین بە هەموو شێوەیەک پاشایەتی رەت دەکاتەوە، چونکە پاشایەتی دەسەڵاتی رەها و خۆسەپێن دەهێنێتە ئاراوە. هاوکات پاشایەتی بەریتانیا بەراورد دەکات بە سیستەمی سوڵتانە عوسمانییەکان. دەڵێت: ئەگەر پاشایانی بەریتانیا وەک سوڵتانە عوسمانییەکان خۆسەپێنی رەها نین، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگە. چونکە کۆمەڵگەی ئینگلیز رێگە نادەن پاشاکەیان بە تەواوی خۆی بسەپێنێ. ئەگینا دەسەڵاتی پاشایەتی لە کۆتاییدا هەر خۆسەپێنە. پاشا کەسێکە دەسەڵاتی رەهای پێدراوە، تەنانەت دەسەڵاتی پاشا لە سەرووی یاساوەیە، کەواتە ئەنجامەکەی جگە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت.

بەڵگەکانی رەتکردەنەوەی دەسەڵاتی پاشا
بۆ رەتکردنەوەی دەسەڵاتی رەهای پاشا، کۆمەڵێک بەڵگە دەهێنێتەوە، بەڵگەی ئایینی یەکێکە لە بەڵگەکانی. بۆیە دەڵێت سەرجەم مرۆڤایەتی لە دروستبوونیانەوە بە یەکسانی دروستکراون بەڵام سیستەمی پاشایەتی، ئەو یەکسانییەی خوا بە مرۆڤی داوە؛ پێشێل دەکات.

بەڵگەی لۆجیکی
پاشایەتی و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، لۆجیکی و ئەقڵانی نییە. کچ و کوڕی پاشا بەچی پێوەرێک لە داهاتوودا دەبنەوە بە پاشا و دەسەڵاتدار؟ ئەوە دژی بنەمای یەکسانیی مرۆڤە. داخۆ مرۆڤ مافی بڕیاردانی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە هەیە؟ ئەگەر لە ئێستاوە پاشای داهاتوو دیاری کرا، کەواتە لە ئێستاوە مافی بڕیاردان لە نەوەکانی داهاتوو سەنراوەتەوە و ئەو بڕیارە داگیر و زەوتکراوە. پاشان دەپرسێت ئەوەی ئێستا پاشایە، بەچی پێوەرێک بووەتە پاشا؟
لێرەدا هاتنەئارای سیستەمی پاشایەتی لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا شرۆڤە دەکات و دەڵێت: پێشتر و لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، لەکاتی راودا یان لەکاتی جەردەیی و رێگرییدا یاخود لە شەڕدا، کەسێک لە هەمووان ئازاتر و شارەزاتربووە. ئەو کەسە بووەتە سەرداڵ و گەورەی گروپەکە، ئەو کەسە بە هۆی لێوەشاوەیی خۆیەوە کەسەکانی تری رێکدەخست و ئەرکەکانیانی دیاری دەکرد. دواتر سەرەنجیان دا ئەگەر ئەو کەسە بمرێت، دوور نییە کەسانی تر شۆڕش بکەن و هێرش بکەنە سەر گروپەکە و بەرژەوەندی و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی ئاژاوە دروست نەبێت، کوڕی ئەو کەسە کرا بە سەرداڵ و مۆدێلی پاشایەتی لەوەوە دروست بوو. ئەوە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا هاتووەتەئاراوە و چیتر بۆ کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و کۆمەڵگە نوێیەکان گونجاو نییە.
تۆماس پەین پاشایەتی لە رەهەندی کار و رەهەندی ئیلاهی دادەماڵێت. پاشا نوێنەر و جێگەرەوەی خوا نییە. پاشا لە خەڵکی تر زیاتر نییە و میراتگرییەکەی ناڕەوایە چونکە دوور نییە کەسانی گێل و نەفام و نەزان بەهۆی میراتەوە ببنە پاشا و ژیان و بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵگە بکەوێتە ژێر دەستیان. زۆرجار بە هۆی مردنی پاشاکانەوە ئەوەی دێتە سەر دەسەڵات یان منداڵە یان زۆر پیرە کەسانی دەربار و ئەوانەی لە دەوری پاشاندان و هەلپەرستن، دەسەڵات زەوت دەکەن و لە پشتی پەردەوە حوکمی کۆمەڵگە دەکەن.

بەڵگەی واقعی
هەروەها تۆماس پەین جگە لە بەڵگە تێورییەکانی، بەڵگە لەسەر دۆخی ئەودەمەی ئەمریکا دەهێنێتەوە و دەڵێت: دەسەڵاتی پاشایەتی رێگە لە ئاژاوە ناگرێت چونکە تاکو ئەو ساڵەی کتێبەکەت تێدا نووسراوە، لە ئەمریکا 8 شەڕی ناوخۆ و 19 جار شۆڕشکراوە. هەرچەندە تۆماس پەین لە نامیلەکەیدا بە زمانێکی توند و رەق قسە لەسەر پاشا و سیستەمەکەی دەکات بەڵام لە جێگەیەکدا زۆر بە توندی هێرش دەکات و دەڵێت پاشا نە سەربازە و نە دادوەرە و نە ئیشێکی دیاریکراوی هەیە تاکو خزمەتی خەڵک بکات. تەنیا لە گەشتوگوزار و راودایە. هەردووکیشی قورس لەسەر خەڵک دەکەوێت و خەرجییەکانی پاشا لەسەر کۆمەڵگە زیاد دەکات.

بەڵگەی جوگرافی
لە درێژەی بەڵگەهێنانەوەکانیدا، تۆماس پەین دەپرسێت: چۆن دوورگەیەکی بچووک دەتوانێت کیشوەرێکی گەورە بەڕێوە ببات؟. تەنانەت ئەوە لەگەڵ یاساکانی سروشتیشدا ناگونجێت. ئەروپا و ئەمریکا دوو سیستەمی جیاوازن و خواست و دابونەریت و بەرژەوەندی و داهاتوویان بە تەواوی جیاوازە.
جیابوونەوە لە بەریتانیا و سەربەخۆبوونی ئەمریکا تەنیا لەپێناو باج و کەمکردنەوەی خەرجییەکان نییە بەڵکو لەپێناو سەربەخۆبوونی بڕیارە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو. سەربەخۆیی لە قازانجی دارایی گرنگترە. کەواتە ئەمریکا لەپێناو پارەدا شەڕ ناکات بەڵکو لەپێناو سەربەخۆبوون و مانەوەی خۆیدا شەڕ دەکات. لێرەدا تۆماس پەین شوناس و شکۆی ئەمریکا نابەستێتەوە بە بەرژەوەندی دارایی و سیاسییەوە، بەڵکو گرنگی بە پاراستنی سەربەستی ئەمریکییەکان دەدات.

پەیوەندی ئەمریکا و بەریتانیا
راستە تۆماس پەین خۆی بەریتانییە بەڵام وەک ئەمریکییەکی نیشتمانپەرەوەر قسە دەکات و چیتر خۆی بە بەریتانی نازانێت، بگرە لە نامیلکەکەیدا دەبێتە ئەمریکییەکی دەرجە یەک. بە روونی دەڵێت پێویستە ئەمریکا بەدوای سەربەخۆییەوە بێت و بە خێرایی لە ئینگلیز جیا بێتەوە. هیچ رێگەچارەیەک نییە جگە لەوەی سەربەستی و سەربەخۆیی ئەمریکا بە شەڕ بەدەست بهێرنێت. بە هەموو شێوەیەک لەپێناو سەربەخۆیی ئەمریکادا دژی ئینگلیز دەوەستێتەوە و بە چەندین شێوەی جیاواز بەڵگە دەهێنێتەوە. دەڵێت راستە ئەمریکا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بووە و پەرەیسەندووە بەڵام ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە ئەمریکییەکان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەمریکا قەرزاری بەریتانیا نییە. ئەگەر بەریتانیا هەر خەرجییەکی لە ئەمریکادا کردبێت، ئەوە بۆ بەرژوەندی خۆی بووە. ئەو خەرجیانە ماڵ نیین بەسەر ئەمریکاوە. بگرە ئەمریکا لەپێناو بەریتانیادا باجی زۆری داوە. هەروەها بۆ دابینکردنی خەرجییە زۆرەکانی شەڕ و خەرجییەکانی پاشا، خەڵکی ئەمریکا ناچاربوونە باجی زۆر بدەنە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا. بەجۆرێک زۆربوونی باج، خەڵکی ئەمریکای بێزار کردووە. هەروەها ئەمریکییەکان بە زۆر و فشاری بەریتانییەکان شەڕیان لەگەڵ فەرەنسا و ئیسپانیا کردووە چونکە ئەو وڵاتانە دوژمنی بەریتانیا بوونە. خۆ ئەگەر ئەمریکا سەربەخۆ بێ، ئەو وڵاتانە دوژمنی ئەمریکا نین و چیتر نابنەوە بە دوژمن. بە پێچەوانەوە بە جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی ئەمریکا لە بەریتانیا، خەڵکی ئەمریکا بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا دەکەن و پەیوەندییەکی سیاسی و بازرگانی باشیان دەبێت.

ئەوروپا دایکی ئەمریکایە
لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ روونکردنەوەی ئەو درزەی لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکادا هەیە، تۆماس پەین دەڵێت: راستە کاتی خۆی و دوای دۆزینەوە دوورگەی ئەمریکا، چەند بنەماڵەیەک لە بەریتانیاوە چوونەتە ئەمریکا بەڵام خۆ بەریتانیا دایکی ئەمریکا نییە، بەڵکو ئەوروپا دایکی ئەمریکایە و بەریتانیا داگیری کردووە. خەڵکی ئەمریکا لە دەستی دەسەڵاتدارە خێڵەکی و مەزهەبییەکانی ئەوروپا هەڵهاتوون و خۆیان لەو شەڕانە دوورخستووەتەوە تاکو لە جێیەکی تری جیهان ژیانێکی نوێ دروست بکەن. نیشتمانێکی نوێیان هەڵبژاردووە. ناکۆکی خێڵکەی و مەزهەبی لە ئەمریکادا نەماوە و ئەو خەڵکە ئەو ناکۆکیانیان لە ئەوروپا جێهێشت.

ئەمریکا دەبێتە داگیرکەر؟
لەبارەی پرسی: ئەمریکا بە پشتیوانی و یەکگرتوویی لەگەڵ بەریتانیادا دەتوانێت فراوان بێت و ببێتە زلهێزی جیهان. تۆماس پەین دەڵێت خەڵکی ئەمریکا خوازیار نین بچن هەموو دنیا داگیر بکەن، ئەوە بەریتانیایە دەیەوێت دنیا داگیر بکات نەک خەڵکی ئەمریکا، خەڵکی ئەمریکا دەیەوێت لەگەڵ هەموو دنیادا بازرگانی بکەن. ئەوەش دواتر بە ئاشکرا رەنگدانەوەی دەبێت. بۆ نموونە کاتێک ئەمریکا دەچێتە وڵاتانی تر، وەک داگیرکەر یان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی مەسیح ناچێت بەڵکو وەک بازرگان دەچێت. وڵاتانی ئەوروپا لەسەردەمی ئیمپریالیزمدا، کاتێک دەچوونە هەر وڵاتێکی تر، یان بە تەواوی خاک و حکومەتەکەیان دەخستە ژێر رکێفی خۆیانەوە یان ئاینی مەسیحییان تێدا بڵاودەکردەوە. هەر بۆیە باسی بازرگانی ئەمریکا و وڵاتانی تر و چەند باسێکی تری تۆماس پەین لە راگەیەنراوی سەربەخۆیی ئەمریکادا ئاماژەی پێ دەکرێتەوە.
تۆماس پەین دەڵێت بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا لەوەدایە لەگەڵ تەواوی جیهاندا لە مامەڵەی بازرگانی بێت چونکە ئەمریکا زێڕ و زیوی نییە (ئەو کاتەی تۆماس پەین نامیلەکەی بڵاوکردەوە، هێشتا زێڕ لە ئەمریکادا نەدۆزرابووەوە). هەروەها بە هۆی نەبوونی زێڕ و زیوەوە، بەندەرەکانیان سەقامگیرە و چەتەکان هێرش ناکەنە سەر ئەو بەندەرانە. ئەمریکا گەنمەشامی و لۆکە و چەند بەرهەمێکی تری کشتوکاڵی هەیە و هەموو ئەوروپا کڕیارە چونکە پێویستیان پێیەتی. بۆیە ئەمریکا دەتوانێت پەیوەندییەکی بازرگانی دوولایەنە و ئاشتیانە لەگەڵ ئەوروپادا دەستەبەر بکات. لەوەشدا هیچ پێویستی بە بەریتانیا نابێت. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەرورپا بەردەوام جێی ململانێ بووە و دەیان ساڵ وڵاتانی ئەوروپا لە شەڕی ناوخۆدا بوون. تۆماس پەین و زۆربەی ئەمریکییەکان لە هەوڵدا بوون، ئەو شەڕ و ململانێیانە نەبرێت بۆ ئەمریکا.

یاسای بەریتانیا دژی ئەمریکایە
لە نامیلەکەکەیدا، تۆماس پەین تەنیا بیر لە تێکدان و روخانی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەمریکا ناکاتەوە، بەڵکو رێگەچارەیەک بۆ ژیانی خەڵک لەدەرەوەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا وێنا دەکات. بۆیە باسی حکومەتێکی ئازاد دەکات لە دوای سەربەخۆییەوە. خەڵکی ئەمریکا ناتوانن دوای سەربەخۆیی پشت لە خواست و مافەکانی خۆیان لە بەرامبەر پاشایەتی بەریتانیا بکەن. بەڵکو پێویستە دادوەرانە بڕیار بدرێت. چونکە شەڕ لەنێوان ئەمریکا و بەریتانیا دروست بووە و سەدان کەس لە ئەمریکییەکان لەلایەن بەریتانیاوە کوژراوە. لەسەردەمی ژێردەستیدا هەر یاسایەک لە ئەمریکا دەربچێت، پێویستە بچێتە پەرلەمانی بەریتانیا. ئەوانیش بڕیار لە دژی خۆیان نادەن و بەرژەوەندی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە بۆیە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە و پێویستە بە یەکجاری لەژێر رکێفی بەریتانیا بچنە دەرەوە.

مۆدێلێکی سیاسی و حکومەت
لەو هەیکەلە حکومییەی تۆماس پەین پێشنیازی دەکات و دواتریش شێوازێکی لەو چەشنە لە ئەمریکادا دروست دەبێت؛ نوێنەرانی هەرێم و پارێزگە جیاوازەکانی ئەمریکا کۆدەبنەوە. ساڵانە ئەو نوێنەرانە دەگۆڕدرێن. لەناو ئەو نوێنەرانەدا سەرۆکێک بەشێوەی خولیی هەڵبژێردرێت و دوای ماوەکەی خۆی، دەگۆڕدرێت. هەروەها هەر یاسایەک بۆ ئەوەی کاری پێ بکرێت پێویستە سێ لەسەر پێنجی ئەو نوێنەرانە بە بەڵێ دەنگی لەسەر بدەن. لە ئەمریکادا کەس نابێتە پاشا بەڵکو یاسا پاشایە. لە حکومەتی خۆسەپێندا خودی پاشا یاسایە بەڵام لە حکومەتی ئازاددا یاسا پاشایە.

هێزی ئەمریکییەکان لە یەکێتی و چەکدایە
تۆماس پەین دەڵێت راستە ئەمریکییەکان بە جدییەوە کار بۆ سەربەخۆیی دەکەن بەڵام پێشتر لە زەین و بیرکردنەوەیاندا سەربەستی و سەربەخۆیی هەبووە. تەنیا کاتەکەیان نەزانیوە. کەواتە لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا پێکەوەبوون و یەکێتی هێزە، هێزی ئەمریکییەکان لەپێکەوەبووندایە و لە ژمارەیاندا نییە. هێز لە یەکێتیدایە. ئەمریکا خاوەن هێزی دەریایی و هێزی پیادە و دەیان و سەدان پارچەی چەک و تۆپ هاوێژە. توانای دروستکردنی چەک و دروستکردنی تۆپ و دروستکردنی کەشتی هەیە. توانای ئیدارەدانی سوپا و بودجەی تایبەتی هەیە. راستە لەبەرامبەر بەریتانیا ژمارە سەرباز و توانا سەربازییەکانیان کەمە بەڵام ئەو کەمبوونە هۆکاری یەکێتی و یەکبوونیانە، ئەگەر زۆر بن ناتوانن یەکگرتوو بن.
سەربەخۆیی پرسێکی تەواو ناوخۆییە
سەربەخۆیی و سەربەستی پرسێکی تەواو کەسی و ناوخۆییە، لە سەربەخۆیدا نابێت پشت بە وڵاتانی دەرەکی ببەستی تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە دوژمنی وڵاتە داگیرکەرەکەیش بن. وڵاتانی تر وەک ئیسپانیا و فەرەنسا و پرتوگال لە پرسی سەربەخۆییدا، ناتوانن هاوکاری ئەمریکا بن چونکە لەو کاتەدا دەبنە دوژمنی بەریتانیا و لەگەڵیاندا دەکەونە کێشەوە. ناشتوانن لایەنگری ئەمریکا و سەربەخۆییخوازەکان بن. باشتر وایە ئەمریکییەکان نامە بۆ ئەو وڵاتانە بنووسن و تێیانبگەیەنن کە چەندە ستەم و نادادییان لەبەرامبەردا کراوە. بەو جۆرە هەوڵبدەن بیانکەنە هاوپەیمان و هاوڕای خۆیان. بە دروستکردنی پەیوەندی و نامە ناردن، دەتوانن پەیوەندییەکی سەربەخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست بکەن. بەو جۆرە تۆماس پەین دڵنیایی دەداتە ئەمریکییەکان لەدوای سەربەخۆیی هەر رووداوێک روو بدات، بە باشە بۆ ئەمریکا دەشکێتەوە و جێی ترس و نیگەرانی نییە. لەکاتێکدا ئەو نامەیە دەنووسرێت کە ئەمریکییەکان لە جەنگدان لەگەڵ بەریتانیادا. بۆیە داوا دەکات ئێستا کاتی ئەوەیە دەست پێ بکەن و کار بۆ سەربەخۆیی بکەن واتە لەو کاتەدا روونی دەکاتەوە ئامانج لەو شەڕەدا چییە و کارێک دەکات شەڕەکە بێ بەها و بێ ئەنجام نەبێت. چونکە ئەزموونیان لەشەڕدا پەیا کردووە. فەرماندەکانیان توانای بەرنگاربوونەوەی سەربازییان هەیە. هەر واشبوو. جۆرج واشنتۆن کە ژەنراڵ و فەرماندەیەکی باڵا بوو لە سوپادا و ئەزموونی چەند شەڕێکی هەبوو. وەک شەڕی هاووڵاتییە رەسەنەکانی ئەمریکا و چەند لایەنێکی تر. دواتر بووە یەکەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
لە دۆخی شەڕدا، تۆماس پەین هەوڵی دەدا رەوتی شەڕەکە بەرەو کەناری سەربەخۆیی ببات. واتە هەوڵی دەدا مانا و بەهایەکی گەورەتر بداتە شەڕەکە و قبووڵی نەبوو بێ رۆڵ و بێ کاریگەریی دانیشێت و بەشداری لەو دۆخەدا نەکات. هەر بۆیە دوای ئەوەی نامیلکەکەی خۆێنرایەوە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان بە بەرەکانی شەڕەوە کرد و بوونە جەنگاوەر. بەڵام بە ئامانجێکی بەرزتر و گەورەتر ئەوەش ورەی زۆری دا بە ئەمریکییەکان.
لەو کاتەدا لە ئەمریکادا خەڵکێکی زۆر دژی سەربەخۆیی بوون. هەروەها خەڵکێکی زۆر و فەرماندەی سەربازی و لێپرسراوی حکومی و فەرمانبەرانی خەزێنە و وەرگرتنی باج و زۆری خەڵکی تریش، پشتیوانییان لە دەسەڵاتی پاشایەتی بەریتانیا دەکرد. هاوکات خەڵکێکی زۆریش هەبوو بڕوایان نەدەکرد ئەمریکییەکان بتوانن سەربەخۆ بن و خۆیان خۆیان بژێنن و خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڵام سەربەخۆخوازەکان بە نووسین و وتووێژ و خۆسەلماندن، زۆر کەسیان هێنایە ریزی خۆیانەوە. لە ئەنجامدا سەربەخۆخوازەکان سەرکەوتن.

تۆماس پەین کێیە؟
تۆماس پەین (1737-1809) تەنیا ١٥ مانگ پێش ئەوەی نامەی لۆجیکی ساغلەم بنووسێت، لە رێی بنجامین فرانکلینەوە لە بەریتانیاوە دەچێتە ئەمریکا. بەهۆی نالەباری دۆخی ئابوورییەوە دەچێتە لای فرانکلین و ئەویش هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ئەمریکا. پەین بەرگدروو بوو لە دوکانەکەی باوکی، خۆی بنیاتنابوو. دواتر ماوەیەک لەسەر کەشتییەکان کاری دەکرد و حەزی لەوەبوو دنیا ببینێت. ماوەیەکیش باجی کۆدەکردەوە، ئەو کارانە کردبوویە کەسێکی قسەخۆش و رووخۆش، حەزی لە وتووێژ و وتاربێژی بوو. بە باشی قسەی دەکرد و بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕی. ماوەیەک وەک عەریزەنووس لە لەندەن کاری کرد. هەروەها لەناو لێپرسراوە حکومییەکاندا لۆبی بۆ هەندێک پرس دەکرد تاکو جێبەجێ بکرێت. لەوێوە فێری سیاسەت بوو. گەیشتە ئەو بڕوایەی هەرکاتێک بۆچوونێکت هەبوو پیویستە خەڵکانی تر بێهێنیتە سەر بیروڕای خۆت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت. فێری نووسینی شەفاف و روون بوو بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بکاتە هاوڕای خۆی.
کاتێک رۆشتە ئەمریکا گۆڤارێکی دەرکرد. فرانکلین نامەی بۆ هاوڕێکانی نارد تاکو هاوکاری پەین بکەن لە ئەمریکداا. پەین رۆشتە شاری فلادەلفیا، کە ئەو کاتە پایتەختی رۆشنبیری ئەمریکا بوو، هەروەها مەڵبەندێکی گەورەی فکر و فەلسەفە بوو. لەوێوە بیرۆکەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە گەندەڵی پاشایەتی بەریتانیا لا گەڵاڵە بوو. کەشێکی شۆڕشیی لە ئەمریکادا باڵادەستبوو، ساڵێک بەسەر شەڕی نێوان ئەمریکییەکان و بەریتانیەکاندا تێپەڕببوو. هات و گوتی شەڕەکە دەبێ بۆ جیابوونەوە بێت نەک بۆ گۆڕینی بۆچوونی پاشایەتی. راستە ناتوانرێت هەموو سەرکەوتنی شۆڕشی ئەمریکییەکان و گۆڕینی بۆچوونی گەورەپیاوانی ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی، هەمووی بخرێتە ئەستۆی تۆماس پەینەوە بەڵام ئەو نامەیە زۆرترین کاریگەریی دروستکرد لەپێناو سەربەخۆیی ئەمریکا. لە راگەیەنراوەکەی سەربەخۆبوونی ئەمریکادا بە ئاشکرا کاریگەرییەکەی دەبینرێت.
 
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved