پێش چەند ڕۆژێک هەواڵی گرنگ و خۆشم لەبارەی خوێندنەکەمەوە پێ گەیشت، ئەوەش بۆ خۆی جەژنانەیەکی گەورە بوو، بەڵام ئەمەشیان مادام کتێبە و کراوەتە کوردی و بڵاو بووەتەوە و دەربارەی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە، پڕ گرنگە. چوار ساڵ پاش وەرگێڕانی کتێبەکە، پێش چەند ڕۆژێک چاپ و بڵاو کرایەوە. بە بۆنەی بڵاوکردنەوەشییەوە دوێنێ لە سلێمانی، لە ڕێوڕەسمێکدا ناسێنرا و کورتەیەکم لەسەر خستە ڕوو. هیوادارم بگاتە دەستی خوێنەرانی دەرەوەی حیزب و وەک سەرچاوەیەکی گرنگی تێگەیشتن لە سەردەمی خۆی و بگرە دواتر و ئێستاش، بە تەنیشت سەرچاوەکانی ترەوە، لێک بدرێتەوە. لە کتێبخانە تازەکەی مندا چووە ڕیزی خۆیەوە و بە تەنیشت کتێبەکانی ترەوە دەربارەی کوردستان و کورد، جێی خۆی گرت. زەحمەتی ساغکردنەوە و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی مام جەلال لەسەر بۆردی هۆشیاریی یەکێتییە، بە دیاریکراویی کاک نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا، کە بەو پرۆژەیەوە زۆر ماندوو دەبێت و جێدەستیان دیارە.
کتێبەکە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوە، دوو چاپی هەیە. ئەمەیان چاپی دووەم و زیادکراویەتی. کتێبەکە لە زۆر لایەنەوە گرنگە، زۆر وردەکاریی تێدایە کە خوێنەر بیەوێت لەسەری بوەستێت، بەڵام هەندێکی شتی خێرا و کورت لەسەر کتێبەکە و لەسەر مام جەلالیش بەگشتی، دەڵێم.
یەک، کەسێک نووسیویەتی کە لەو قۆناغ و سەردەمەدا هەم لە ڕووی سیاسی و حیزبایەتییەوە چالاک بووە (بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزب بووە) هەمیش بەردەوام بە کوردی و عەرەبی و بە فارسییش نووسیویەتی. ئامانجی لە نووسینیشی بەو زمانانە، وەک خۆی دەڵێت، هەم بۆ گەیاندنی دەنگی کورد و ڕەواندنەوەی تۆمەتەکان بووە لەسەری (کە بەردەوام وتراوە داردەستی ئیمپریالیزم و بێگانەیە، بۆ نموونە میشێل عەفلەق و بەعسییەکانی تریش هەمیشە وایان بە کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی وتووە)، هەمیش بۆ لۆبیکردن و کۆکردنەوەی زۆرترین هاوڕێ و لایەنگری بیانی بووە بۆ کورد و بزووتنەوەکەی.
دوو، لە ڕێی خوێندنەوەی کتێبەکەوە، کەم تا زۆر، لە کۆی پرۆژەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدەگەیت. گەر کەسێک کنەی زیاتر بکات، دەتوانێت وردتری بکاتەوە و لە ڕێی نووسینەکانی مام جەلالەوە لە نسکۆی ۱۹۷۵ و دروستبوونی پرۆژەی یەکێتیی نیشتمانی و بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی، تێبگات.
سێ، دیدی مام جەلال بۆ دۆزی کورد بەگشتی (لە پارچە و دەوڵەتانی تریش) و بۆ کوردی عێراق بەدیاریکراوی. مام جەلال لە نووسینەکانیدا زۆر پێ لەسەر یەکێتیی خۆویستانە یان ئارەزوومەندانە دادەگرێت. یەکگرتن و پێکەوەیی کورد و عەرەب لە عێراقدا، تا کاتێک مانادارە و ویستراوە، کە بە زەبری هێز نەبێت، نەچێتە خانەی داگیرکارییەوە. پێکەوەین تا کاتێک خۆمان، هەردوو لامان، بمانەوێت.
چوار، لێکدانی بیری سۆسیالیستی و نەتەوەیی. بە کەڵکوەرگرتن لە تێزی مارکس و لێنین و بگرە ماویش، مام جەلال پێی وا بووە تا کاتێک ڕزگاریی نەتەوەیی نەگاتە ئەنجام و ئامانجی خۆی نەپێکێت، قسەکردن لەسەر خەباتی جیهانیی کرێکاران (ئینتەرناسیۆنال) وەک ئەوەی لە ئەدەبیاتی کۆمیونیستیدا باس دەکرێت، مانای خۆی نابێت.
پێنج، شێوازی هزرین و لێکدانەوەی دیالێکتیکییانەی مام جەلال. بەهۆی پاشخانە مارکسی لێنینییەکەوە دەربارەی خەبات و ڕزگاریی نەتەوەیی وەک قۆناغێکی زەمەنیی یان وەک پێشمەرجێک بۆ خەباتی جیهانی و ئینتەرناسیۆنال، هاتووە دیالێکتیکییانە بیر لە دۆزی کورد دەکاتەوە. لەوەشدا هەم کۆمیونیزم و سۆسیالیزمی تەقلیدی و دۆگمایی و بێ قەید و شەرت ڕەت دەکاتەوە، هەمیش ناسیۆنالیزمی توندڕەو و کەنارگیرکەر و تیۆریای «خوێنی پاکی کوردی». بە مانایەکی تر، هەم حیزبی شیوعی و شیوعییەتی ڕەت کردووەتەوە (بەرەی یەکەم) بەو پێیەی بڕێکی زۆر دژی بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد بوون و وەک بزووتنەوەیەکی دژە-کرێکار لەقەڵەمیان داوە و پێیان وا بووە پرسی نەتەوەیی، زڕە-پرسە و بابەتی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم لەپێشترن، هەمیش ئەوانەی بە چاوی گۆشەگیریی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی توندڕەو (بەرەی دووەم) بۆ کورد تێدەکۆشن، بەو پێیەی ئەوانە دەبنە هۆی لەدەستدانی دەرفەت و هاوکاری و لۆبیکاری. لەو بەستێنەدا، بۆچوونی خۆی دەربارەی کورد بە جۆرێک دەخاتە ڕوو کە لەو نێوانەدا بێت (هێڵی سێیەم)، ئەویش ئەوەیە: خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی نەتەوەیی، زۆر گرنگە، پرسێک نییە تێکۆشەری چەپڕەو ئاسان بەسەریدا تێپەڕێت و باز بدات. خەباتی ئینتەرناسیۆنال کاتێک مانای دەبێت، نەتەوە لە ستەمی داگیرکار و زەوتکارەکانی ڕزگاری بووبێت. واتە قۆناغبەندی یان پلەبەندییەک بۆ خەباتی نەتەوەیی و ئینتەرناسیۆنال هەیە، کە یەکەمیان دەبێتە پێشمەرجی سەرکەوتن و سەرخستنی دووەمیان. بۆیە کورد و گەلانی تر، بۆ نموونە کورد و عەرەب پێکەوە دەبین، بەڵام تا کاتێک خۆمان بمانەوێت. چونکە تا ئەو کاتەی بە زەبری هێز دەلکێنرێین بە دەوڵەتانەوە و ویستی ئازادمان لێ زەوت دەکەن و بۆمان نییە بڕیار لە داهاتووی خۆمان بدەین (ئەوەی پێی دەوترێت مافی چارەی خۆ نووسین)، مافی بەرگریمان هەیە و دەشیکەین. ئەوە پێشمەرگە، ئەوەش گەریلا و شەڕڤان.
کتێبەکە، لەگەڵیدا بیت یان نەبیت، پەسنی بدەیت، یانیش ڕەخنە، لای کەم لەو ڕووەوە گرنگە کە ببێتە باس و بابەتی گفتۆگۆ. بەشکو یەکێتییش هەوڵ بدات، بایەخی زیاتر بە چاپکردنەوە و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی مام جەلال بدات. من خۆم تا پێش پێنج ساڵ، سەرباری تەمەنێک لە هاوڕێیەتیی کتێب و خوێندنەوە، کەچی نەمدەزانی مام جەلال ئەوەندە نووسین و بەرهەمی هەن! ئەوەش چەندە کەمتەرخەمیی ئێمەی خوێنەر بێت، چەند هێندە کەمتەرخەمیی بە پلەی یەکەم یەکێتییە، کە دەبوو زۆر لە ئێستا زیاتر بایەخی بەو کتێبانە بدایە. قەتیسکردنی ئەو سەرکردانە لە جوغزێکی تەسکی حیزبیدا وای کردووە نە بە خوێنەران بگەن، نە بە خەڵک بەگشتی. ئەوەش واتە نەبوونی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕ، نەبوونی بزووتن و جووڵانەوەی فیکری، جێمانی نەوەکان لە یەکدی و دروستنەبوونی کۆیادەوەری یان یادەوەریی دەستەجەمی. ئێستا بەم کتێبەوە یازدە بەرگی کتێبەکانی چاپ کراونەتەوە، کە زۆربەیان بابەتی گرنگیان تێدایە و شایەنی خوێندنەوە و هەڵوەستەن.