دکتۆر مارف عومەر گوڵ
جینۆسایدی گەلی کورد
لەبەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتی
دکتۆر مارف عومەر گوڵ
جینۆسایدی گەلی کورد
دیزاینی بەرگ: هاوبەش عوسمان
سلێمانی ٢٠٠٦
چاپی سێیەم
ژمارەی سپاردن: (٣٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ی پێدراوە
تیراژ: ١٠٠٠ دانە
لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیرو هۆشیاری (ی.ن.ک)
وتەیەک بۆ چاپی سێیەم
ئەم چاپی سێیەمە، لە کاتێکدایە کە سەدام حسین و ژمارەیەک لە سەرانی پێشووی عێراق لە دادگادا دادگایی دەکرێن و یەکەم سەرۆکی دادگاکەش (رزگار محەمەد ئەمین) حاکمێکی کوردبوو.
هەروەها ڕۆژی ٢٣/١٢/٢٠٢٥ دادگایەکی هۆڵەندە لە شاری (دنهاخ ـ لاهای) حوکمی پانزە ساڵی دا بەسەر بازرگانی هۆڵەندی (فرانس ڤان ئانرات) بە تاوانی ئەوەی کە کەرەسەی کیمیاوی بردووە بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق و ئەو کەرەسانەش وەکو گازی کیمیاوی لە هەڵەبجە و سەردەشت و چەند جێگایەکی تری کوردستاندا ڕژێمی سەدام لە دژی کورد بەکاری هێناون. ئەمە بەڵگەیەکی یاسایی گرنگە و بەشداری کردنە لە تاوانی جینۆسایدی کورددا.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کۆمەڵێک ڕاستی لە بواری تیوری و پراکتیکدا ڕوون دەکاتەوە لە ئەنجامدانی جینۆسایدا، بۆ جاری سێیەم چاپکردنەوەی ئەم کتێبەمان بە پێویست زانی چونکە لە بەردەستدا نەماوە و ئێستاش زۆر باسی جینۆساید دەکرێ، لە کاتێکدا ئەم کتێبە یەکەم لێکۆڵینەوەی زانستی بووە تاوانەکانی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتاندا بخاتە بەر لێدوان و ڕوونی بکاتەوە کە سیاسەتی جینۆساید چۆن لە دژی کورد بەکارهاتووە. هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێین کە بۆ یەکەم جار ئەم لێکۆڵینەوەیە جینۆسایدی بەو شێوەیە پۆلێن کردووە کە دە یخوێننەوە.
نوسەر ١٧/٠١/٢٠٠٦
پێشەکی چاپی دووەم
کۆتایی ساڵی ١٩٨٨، لە ڕۆژانی کۆتایی هێرشی ئەنفالەکاندا، لە کوردستانەوە گەیشتمە زانکۆی کییف لە کۆماری ئۆکراين، کەوتمە خوێندن و کارکردن لە خوێندنی باڵای ئەو زانکۆیە. ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی جارانی عێراق بە سەرۆکایەتی (سەدام حسێن) بەرانبەر بە گەلی کورد ئەنجامی دا، کارەساتێکی گەورەی وای دروست کرد، لە لای من زۆر زەحمەت بوو بە شیعر و وتارنوسین بتوانم باسی بکەم. میللتێک خۆی و نیشتمانەکەی لە حاڵەتی کوێربوونەوەدا بوون. هەر ئەوە وای لێ کردم کە بە وردی سەیری ئەو بارە نالەبارەی کورد بکەم، بۆ ئەمەش لە کاتی خوێندنەوە بە دواداچووندا هێڵی هاوبەشی سیاسەتی ڕژێمە داگیرکەرەکانی هەر چواربەشی کوردستانم بۆ ڕوون بووەوە. هەر بۆیەش بە پێویستم زانی باسی سەرجەم بەشەکانی کوردستان بکەم. ئەوە بوو ساڵی (١٩٩٠) ئەو لێکۆڵینەوەیەم وەکو نامەی ماستەر کۆتایی پێ هێنا، ئیتر لەو سەردەمەوە تاوانی جینۆساید لە دژی میللتەکەم یەک بوو بە شێک لە بیر و ئەندێشەم بەڵکو تەواوی ژیانمی داگیرکرد.
هەر لە دوای ئەو کارەوە، لە چەندین گفتوگۆ و سیمیناردا بە فراوانی باسی تاوانی جینۆسایدم کردووە. بەڵام ساڵی (١٩٩٧) بە هۆی یانەی کوردی (میدیا)وە لە ئەمستەردامی هۆڵەندە ئەو لێکۆڵینەوەیە (ئەم کتێبە) بۆ یەکەم جار چاپکرا.
هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، هەندێ جار پێیان دەوتم، کە ئەو تاوانانەی لە کورد کراون وا قورس نین کە پێیان بووترێ جینۆساید. بەڵام خوشبەختانە ئەو ڕچکە شکێنیەی من کاری چەندین کەسی تری بە دوادا هات و بە تایبەتیش لە دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لە ٩/٤/٢٠٠٣، ئیتر ژمارەی گۆڕستانی بە کۆمەڵ ئەوەندە بە فراوانی لە سەرانسەری عێراقدا دۆزرانەوە و بەڵگەنامە و ئامرازەکانی داپڵۆسین و تاوان نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو دونیا دەرکەوت.
لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم، ئەم لێکۆڵینەوەی من وەکو کارێکی زانستی پشتی بە بەڵگەنامە و ڕووداوی باوەڕ پێکراو بەستووە، بەڵام کارێکی سەخت و زەحمەت بوو لە ساڵانی ١٩٨٨ـ١٩٩٠ هەوڵ بدرێ سەرچاوە و بەڵگەنامەی پێویست لەسەر تاوانەکانی ڕژێم بە دەست بێت، بەڵام بە هەوڵ و ماندوو بونێکی زۆر ئەو کارە ئەنجامدرا، ئیتر لە ساڵی (١٩٩٠) بە دواوە لە کاتی خوێندنی دکتۆرامدا هەر لە زانکۆی کییف توانیم سەرچاوە و بەڵگەنامەی پێویست بە دەست بێنم لە سەر تاوانەکانی ڕژێمی عێراق و کارەکە دەوڵەمەند تر بکەم. لێرەدا با ئەوەش بڵێم، بە هۆی هەلومەرجی سیاسییەوە، هەر لەو زانکۆیە لە سەرەتاوە بە قورسی ئەو کارەی من وەردەگیرا، بەڵام دوایی ناوی (جینۆسایدی کورد) لە لای زۆربەی مامۆستا و کارمەندانی زانکۆکە لە گەڵ ناوی مندا بە یەکەوە دەهات، دیارە ئەمە وەکو شانازییەکی گەورە دەگێڕمەوە.
زۆر بە داخەوە لە بەر دەستێوەردانی ڕژێمەکانی دەورووبەر ئاسان نەبوو جارێکی تر ئەم کتێبە لە کوردستان چاپ بکرێتەوە، بەڵکو هەندێ ژمارەی بە (فۆتۆکۆپی) لە بەرگیرایەوە و ئەندازەیەکی کەم بڵاو بووەوە.
هاتنی سوپای هاوپەیمانان بۆ عێراق و کەوتنی ڕژێمی (سەدام حسین) هەلومەرجێکی تازەی دروست کرد و سنووری ئازادی فراوانتر بوو، هەر بۆیەش ئەم چاپی دووەمە بە پێویست زانرا بۆ ئەوەی ئەم کتیبەش بچێتە پاڵ کتێبە ئاشکراکانەوە.
پێویستە ئەوە بڵێم، لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەم کتێبە لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک لەو بەڕێزانەی لەم بابەتە دەنوسن، هەندێ جار (بێ سڵەمینەوە!) لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە ڕادەگوێزن بۆ باسەکانی خۆیان، چونکە سەرچاوەکانی کارەکەی من دیارە و ئەوانیش هەندێ جار خۆیان لە سەرچاوەکەی من (بێدەنگ) دەکەن.
بەهەر حاڵ، جیاوازی ئەم کارە لەو ساڵانەی کە تیایدا ئەنجامدرا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیدا جێگای خۆی کردەوە، خوشحاڵم بەوەی، ئەوەی لەم کتیبەدا زۆر دەمێکە باسکراوە، ئێستا ژمارەیەکی دیاری دڵسۆزان و خەمخۆرانی کورد کاری بۆ دەکەن و هەوڵ دەدەن دادگایەک پێک بهێنرێ بۆ دادگایی کردنی لێپرسراوانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا.
بابەتەکانی ئەم کتێبە ساڵانی (١٩٩٩ـ٢٠٠١) بە خوێندکارانی پۆلی یەکەم و خوێندکارانی خوێندنی باڵای کۆلێجی یاسای زانکۆی سلێمانی وتراونەتەوە.
م. ع. گوڵ
١/٨/٢٠٠٣
سلێمانی
پێشەکی چاپی یەکەم
جینۆساید، لەبەر ئەوەی تاوانێکی نێو نەتەوەییە و ئەنجامی ترسناکی هەیە، بۆیە لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا بە پەیماننامەیەکی تایبەت و گەلێ بەڵگەنامەی تر قەدەغە کراوە.
جینۆساید، تاوانێکی هەمەلایەنەیە، دەکرێ یەک جۆری پراکتیک بکرێت، وەکو نەهێشتنی بەدەنی، دەشکرێ هەمە جۆرە بێت وەکو جینۆسایدی کولتوری نەتەوەیی، بیۆلۆژی و ئابووری. لە هەموو ئەم حاڵەتانەشدا ئەم تاوانە تاوانێکی سەربەخۆیە و لێپرسینەوەی نێونەتەوەیی دەکەوێتە ئەستۆی تاوانکاران.
گرنگی ئەم باسەی ئێمە لەوەدایە، یەکەم جارە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێت کە تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد لە یاسای نێودەوڵەتاندا ڕوون بکاتەوە و بەشێک لەو فاکتانە بخاتە ڕوو کە دەبنە بناغەی جینۆسایدێکی هەمەلایەنی گەلی ئێمە. ئەوەی لەم باسەدا مەبەستمانە، لە بەر ئەوەی پێشتر لێکۆڵینەوەی زانستی دەربارەی تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد نەکراوە، ئێمە دەمانەوێ مانا و چەمکی یاسایی تاوانی جینۆساید ڕوون بکەینەوە و فاکتی ئەو تاوانانە بخەینە ڕوو کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا، ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان بە پلان و بەرنامەی داڕێژراو بە درێژایی مێژووی دابەشکردنی کوردستان لە نێوان عێراق و ئێران و سوریا و تورکیادا، لە پاش جەنگی یەکەمەوە لە دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدەن. دیارە تۆمارکردنی سەرجەمی ئەو تاوانانە، کارێکی زۆر و لێکۆڵینەوەی مێژوویی زیاتری دەوێ، بۆیە مەبەستی سەرەکیمان ئەوەیە بەشێکێ ئەو تاوانانە تۆمار بکەین، تا لە بەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا بتوانین خەسڵەتی یاسایی ئەو تاوانانە ڕوون بکەینەوە و بگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرجەمی ئەو تاوانانە، تاوانی نێونەتەوەیی (جینۆساید) پێک دێنن، کە بە ڕاستی لە دژی گەلی کورد پراکتیکە دەکرێ. لەبەر ئەوەی ئەم تاوانە تاوانێکی نێونەتەوەییە، دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ترازاندنی مەسەلەی کورد لە یاسا و چوارچێوەی ئەو وڵاتانە و دەبێ لە یاسای نێودەوڵەتاندا چارەسەری بکرێ. ئەوەش ئەو مافە بە گەلی کورد ڕەوا دەبینێت کە داکۆکی لە بوونی خۆی بکات و داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی بکات لە بەرپرسیارێتی نێونەتەوەیی تاوانکارانی جینۆساید خۆش نەبن، کە ئەو کاتە دەست تێوەردانی ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، دەبێتە کارێکی ڕەوا و پاراستنی ئاشتی و پشتگیری کردنی گەلی کورد لە چارەسەری کێشەکەیدا. مەبەستێکی تریش کە دەمانەوێ ڕوونی بکەینەوە ئەوەیە کە جینۆساید نەک هەر لە سەردەمی شەڕدا و هەر بە ئامرازی جەنگی پێڕەو دەکرێ و ئەنجام دەدرێ، بەڵکو دەکرێ وەکو سیاسەتێک ڕەفتار بکرێ و لە سەردەمی ئاشتیشدا ئەو تاوانە ئەنجام بدرێ.
سەرباری ئەوەش دەمانەوێ ئەوە بەسەلمێنین کە گەلی کورد وەکو بابەتی تاوانی نێونەتەوەیی (جینۆساید) مافی ئەوەی هەیە، داوای داکۆکیەکی جیهانی بکات، یەکەم بۆ ئەوەی تاوانکارانی جینۆساید لە لێپرسینەوەی نێونەتەوەیی دەرباز نەبن و سزا بخرێتە ئەستۆیان، دووەمیش بۆ ئەوەی گەلی کوردیش وەکو هەر گەلێکی تر داکۆکی لە بوونی خۆی بکات و بە ئاشتی و هێمنی لە سەر خاکی خۆی بژی تا پەرە بە ژیانی سیاسی، کلتوری، ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی بدات و بەشدار بێت لە پرۆسەی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهاندا. بە ڕاستی ئەو بێ دەنگیەی لە تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد دەکرێت، ژیان و بوونی کوردی خستۆتە مەترسیەوە. ئێمە بە هەست کردنێکی زۆرەوە بەو مەترسیە لە لای خۆمانەوە زۆرمان مەبەست بووە لەم باسە بکۆڵینەوە و لە ڕوانگەیەکی زانستیەوە پشت بە یاسای نێودەوڵەتان ببەستین کە دەکرێ وەکو چەکێکی کاریگەر و ڕەوا بەکاری بهێنین. جێگەی داخە نە بزووتنەوەی ئازادی خوازیمان و نە ڕۆشنبیرانمان گرنگیی زۆریان بەو بوارە نەداوە.
چارەسەرکردنی تاوانی جینۆسایدیش، تەنیا لە چوارچێوەی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا دەکرێ ئەنجام بدرێ و ئەو تاوانەی لە گەلی کورد دەکرێ، یەکەم کورد خۆی لێ بپارێزێ و دووەمیش ئەو مەترسیە بەرپەرند بکرێ و لابدرێ کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات. دیارە فەوتاندنی هەر کۆمەڵە مرۆڤێک، چ کۆمەڵێکی نەتەوەیی یا ئاینی یا ئەتنیکی، فەوتاندنی بەشێکە لە مرۆڤایەتی، بۆیە ئەم تاوانە وەکو تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی دەژمێردرێ و بە درندەترین تاوان لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا دیاریکراوە.
لەم باسەماندا، ئێمە پشتمان بە گەلێ سەرچاوەی زانستی، یاساناسان و زانایان بەستووە، تا بتوانین لە بەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا، لەم تاوانە بکۆڵینەوە. هەروەها پشتمان بە کۆمەڵێ بەڵگەنامەی جیهانی بەستووە بۆ ئەوەی زیاتر باسەکە دەوڵەمەند بکرێ و چاکتر پشت بە ڕاستی و دروستی ئەو بەڵگەنامانە ببەسترێ. ئەمە جگەلەوەی گەلێ لەو ڕووداوانەی کوردستان لە چاپکراو و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی لایەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد تۆمار کراون، بۆیە ئەو سەرچاوانەمان بە سوودێکی زۆرەوە بە کارهێناوە.
لە ڕاستیدا، لە نووسینی ئەم باسەدا گەلێ گیروگرفتمان هاتۆتە ڕێ. چونکە باسی یاسایی لە بواری ڕۆشنبیریی کوردیدا زۆر کەمە و گەلێ ڕستە و زاراوای یاسایی کە پێشتر لە زمانی کوردیدا بە کار نەهێنراون، هەوڵمان داوە بە گوێرەی توانا بە زمانێکی لە بار بیان نووسین تاکو مانای دیاری بدەین بە دەستەوە. لە لایەکی تریشەوە گەلێ بڵاوکراوەی کوردی کە زانیاریان تێدا بڵاو کراوەتەوە، بە تایبەتی دەربارەی قڕکردن و وێرانکردنی کوردستان، هیچ ژمارە و مێژوو و شوێنی چاپکردنیان لە سەر نەبووە، نەمانتوانیوە بە کاریان بهێنین.
بۆ زیاتر تێگەیشتن و مەبەستی تەواویش، ئەم لێکۆڵینەوەیەمان کردووە بە سێ بەشەوە:
بەشی یەکەم: چەمکی جینۆساید وەکو تاوانێکی دڕندانە لە دژی مرۆڤایەتی.
بەشی دووەم: فاکتی جینۆساید لە سەرانسەری کوردستاندا.
بەشی سێیەم: مافی گەلی کورد لە داکۆکی نێونەتەوەیی لە دژی تاوانی جینۆساید.
سەرنج: ئەم لێکۆڵینەوەیە، لە بنەڕەتدا نامەی ماستەر بوو، ساڵی ١٩٩٠ لە کۆلێژی یاسای نێو دەوڵەتان لە زانکۆی کییف ـ ئۆکراينا پێشکەش کرا، پاشتر هەندی دەسکاریم کردووە و گەلێ سەرچاوەی ترم بۆ زیاد کردووە.
مارتی ١٩٩٥
ئۆکراين ـ کییڤ
بەشی یەکەم
چەمکی جینۆساید وەکو تاوانێکی درندانە لە دژی مرۆڤایەتی
(Genocide) جینۆساید لە ڕووی زمانەوە لە دوو ووشە پێکهاتووە:
١ ـ ووشەیەکی گریکی Genos واتە: ڕەگەز، بنەچە.
٢ ـ ووشەیەکی لاتینی Caeder واتە: کوشتن، فەوتاندن.
بە لێکدانی هەر دوو ووشەکە (فەوتاندنی بنەچە) (Genocide) پێک دێت.
لە بەر ئەوەی ئەم تاوانە پێشێل کردنێکی تەواوی مافی مرۆڤە، بە تایبەتیش زۆر ترسناکە لە دژی مافی ژیان و تێکدەری ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییە، بۆیە، بڕیاری لە سەر دراوە کە تاوانێکی درندانەیە لە دژی مرۆڤایەتی.
تاوانی دژی مرۆڤایەتیش هاوشانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی ئاشتی، بە تاوانی نێونەتەوەیی دەژمێردرێن. بۆیە لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا زۆر بە گرنگی جەخت لە سەر قەدەغە کردن و سزا خستنە سەر تاوانکارانی کراوە. لە دوای جەنگی دووەمەوە، بە هۆی تاوانی فاشیستەکانەوە، لە یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا ئەو پرنسیپە بە تەواوی جێگیر بوو کە، جینۆساید تاوانێکی درندانەیە لە دژی مرۆڤایەتی، بۆیە نەک هەر وڵاتانی تاوانکار بەڵکو ئەوکەسانەش کە بە ئەنجامدانی جینۆساید تاوانبار دەکرێن، لێپرسینەوەی یاسایی ـ نێونەتەوەیی دەکەوێتە ئەستۆیان .
کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشت بە بەندی شەشەمی (٦) دەستوری دادگای نورنبێرگ دەبەستێ، کە (جینۆساید، واتە ڕەتکردنەوەی مافی بوونی سەرجەمی کۆمەڵەی مرۆڤایەتی، هەر وەکو چۆن، فەوتاندنی مرۆڤ نیشانەی ڕەتکردنەوەی مافی بوونی ژیانە، ئەو ش ڕەفزکردنەوەی دان پێدانانە بە مافی بوون، سووکایەتی کردنە بە سەرجەمی مرۆڤایەتی و ژیانێکی قەرە بۆ نەبووە دروست دەکات. سەرجەمی کولتوری شارستانی کۆمەڵی مرۆڤ دادەماڵێ و دژی یاسای ڕەوشت و ناوەڕۆک و مەبەستی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەوەستێ).
پاشتریش پەیماننامەی قەدەغە کردنی تاوانی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی لە ٩/١٢/١٩٤٨ دا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (ر. ن. ی) تایبەت کرا بەو تاوانە نێونەتەوەییەوە. پڕۆسەی دانانی ئەو بەڵگەنامە جیهانیە لە گەلێ سەرچاوەدا باس کراوە .
بۆیە ئێمە پشت بە ئەنجامە دروستەکانی ئەو سەرچاوانە دەبەستین تاکو پراکتیکەکردنی جۆرەکانی تاوانی جینۆساید لە دژی گەلی کورد شی بکەینەوە.
شایەنی باسە، کە بنەماکانی مەحکوم کردنی جینۆساید وەکو تاوانێکی درندانە لە دژی مرۆڤایەتی، خەسڵەتێکی باڵایان هەیە (imperative Jus Congens)، هەر بۆیە بە سەر ئەو وڵاتانەشدا دەکرێنە مەرج (دەسەپێنرێ) کە بەشداریش نین لە پەیماننامەی ١٩٤٨ی قەدەغە کردنی جینۆسایددا. لەو بارەیە پشتگیریی ڕای یاساناس (یو. ئە. ریشیتەف) دەکەین کە پێی وایە بەرهەڵستی کردنی تاوانی جینۆساید لە بنەما باڵاکانی یاسای نێودەوڵەتانەوە سەرچاوە هەڵ دەگری، کە مەرجە بۆ هەموو وڵاتێک بە بێ ڕەچاوکردنی بەشداری نەکردنیان لە پەیماننامەی ١٩٤٨دا دەربارەی قەدەغە کردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی.
بەشی دووەم
سیاسەتی جینۆساید لە سەرانسەری کوردستاندا
لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا / عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا /، مەسەلەی کورد هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە و گەلی کورد بە دابەشکراوی بەر شاڵاوی دڕندانەی قڕکردنێکی سەراپاگیری کەوتووە. ئیتر بوونی نەتەوەیی کورد کەوتۆتە مەترسیەوە و مێژوو و کەلتور و ئابووری کوردستان وا شێوێندراوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تایبەتمەندیی زیاتر تێک دەچێ و قڕکردنێکی فیزیکیش گەلی کوردی گرتۆتەوە، هەر بۆیە جەوهەری بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوایەتی گەلی کورد، خەسڵەتێکی ڕەوای هەیە، چونکە داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلەکەی خۆی دەکات.
چارەسەر نەکردنی مەسەلەی کورد، گەیشتۆتە ئەەو ڕادەیەی کە خاکی کوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە لە ژێر چەوساندنەوەیەکی کۆڵۆنیالیانەدا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، ئەوەش نیگەتیفانە کاردەکاتە سەر پڕۆسەی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و کاریگەریتی خەباتی سیاسی لە پێناوی مافە نەتەوەییەکاندا . ئیتر بەردەوامبوونی ئەەو سیاسەتەش گەیشتۆتە ئەەوەی کە جینۆسایدێکی هەمەلایەنی بەرنامەڕێژکراوە لە لایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێ، هەر بۆیەش بوونی گەلی کورد وەکو نەتەوە لە مەترسی دایە. بە بیروڕای زانای کۆمەڵناسی تورک ئیسمایل بێشکچی وەکو لە کتێبی (کوردستان: کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی)دا ڕوونی کردۆتەوە: (کە کەسایەتی کوردستان تەنانەت لە کەسایەتی و ئاستی کۆڵۆنیەک نزمترە، کە سایەتی و ئاستی نەتەوەیی کوردیش لە کەسایەتی و ئاستی نەتەوەیەکی "بە کۆڵۆنیکراو" کەمترە.
سیاسەتی ئەو وڵاتانە، بریتییە لە وێرانکردنی شارستانیەت و کەلتوری کورد، هەوڵێکی زۆر دەدەن ئەەو ڕاستیە بشارنەوە کە گەلی کورد لە گەلە هەرە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، نەک هەر ڕێگە بۆ پێشکەوتنی کەلتوری کوردی خۆش ناکەن، بەڵکو وەکو د. جەلیلی جەلیل دەڵێ: (گەلی ئێمە، سەدان ساڵە لە مافی خۆی بێ بەری کراوە و ئەەو وڵاتانەی کە ئێمە کەوتوینەتە ژێر دەسەڵاتیانەوە ڕێگەیان بە پێشکەوتنی کەلتوری کوردی نەداوە و بەریەڕەکانیشیان کردووە و گەلێ مێژوو و فۆلکلۆریشمانیان دزیوە).
نەهێشتنی کەلتور، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی فەوتاندنی یەکێتی و بوونی نەتەوەیی هەر گەلێک یا هەر کۆمەڵە مرۆڤێک. لە ڕووی فەلسەفیشەوە، (بە هەموو مانایەک، لە هەر جێگەیەک کەلتور نەبێ، کۆمەڵیش نیە) هەر بۆیەش، (بوونی کەلتور، کۆمەڵی مرۆڤ لە کۆمەڵی ئاژەڵ جیا دەکاتەوە).
بۆ تێگەیشتنێکی تەواوی سیاسەتی فەوتاندنی گەلی کورد کە هەموو لایەنێکی گرتۆتەوە، دەبێ ئاگاداری فاکتی پراکتیک کردنی تاوانی جینۆساید ببین لە سەرانسەری کوردستاندا. ئەەم بەشەی باسەکەشمان خستنە ڕووی جۆری ئەەو تاوانانەیە لە ڕووی مێژووییەوە، تا بتوانین لە سەر ئەەو بناغەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە جینۆساید بە هەموو جۆرەکانیەوە لە دژی گەلی کورد پراکتیک دەکرێ.
فاکتی تاوانی جینۆساید لە باشووری کوردستان
هەر لە درووست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە / لە ساڵی ١٩٢١ /، پاش لکاندنی خوارووی کوردستان پێوەی، کێشەی کورد بەردەوام کێشەی سەرەکی عێراق بووە. ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نکووڵییان لە مافی گەلی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسدا کردووە و سیاسەتی دژ بە مەسەلەی نەتەوایەتی گەلی کورد بەرنامەڕێژکراوە، هەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەەو سیاسەتەش ئەندازەی تاوانی ئەەو ڕژێمانە گەیشتۆتە پلەیەکی بەرز و لە هیچ ڕوویەکیشەوە سڵ نەکراوەتەوە. بۆیە کە بە وردی سەیری جۆری ئەەو تاوانانە دەکەین، پێکهاتەی تاوانی جینۆساید بە تەواوی دیارە. لێرەدا هەوڵ دەدەین تابڵۆیەکی دیاری ئەەو تاوانانە بخەینە ڕوو. ئەوەی ئێمەش توانیمانە بە دەستی بهێنین، هەموو ئەو تاوانانە نین کە لە دژی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا ئەنجام دراون، بەڵام هەوڵمان داوە، تا ئەندازەیەک ڕووداوە سەرەکیە دیارەکان باس بکەین.
لە ١٩٣٣ ـ ١٩٣٤ بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینی بارزان، هێزی سوپای عێراق و بەریتانیا کەوتنە هێرش و وێرانکردن. تەنیا لە ناوچەکانی بەڕۆژ، مزوری و شێروان ٧٩ گوند وێران کران، لە سەرجەمی ٢٣٨٢ خانوو بەڕە ١٣٦٥ خانوویان سووتاند و ڕووخاند، واتە ٦٠%ی وێران کرا.
هاوینی ١٩٦١، ڕژێمی عبد الکریم قاسم، هێرشی کردە سەر کوردستان و نیوەی زیاتری سوپای عێراقی بە هێرش لە دوای هێرش بەردایە سەر دانیشتوان، تا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی (٣٠٠٠) سێ هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. زیاتر لە (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار ئاوارە بوون و کەوتنە چیا، (١٥٠) سەد و پەنجا گوند و شار وێران کران.
١١/٦/١٩٦٣ دیسانەوە شەڕ هەڵگیرسایەوە و لە مانگی یەکەمی هێرشدا نزیکەی (٢٠٠) دوو سەد گوند سووتێنران و زیاتر لە (٢٠٠٠) دوو هەزار کەسش کوژران. لە مانگی ٧/١٩٦٣دا وەفدی یەکێتی سۆڤێت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ر. ن. ی. ڕایگەیاند کە شەڕی ڕژێمی عێراق لە دژی کورد، شەڕی جینۆسایدە. لە (١٨) هەژدە ئەندامی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ر. ن. ی. تەنها چیکۆسلۆڤاکیا پشتگیری ئەەو هەڵوێستەی کرد کە حکومەتی عێراق مەحکوم بکرێ، هەرەوەها حکومەتی مەنگۆلیاش لە مانگی ٧/١٩٦٣دا داوای لە ر. ن. ی. کرد مەسەلەی سیاسەتی جینۆساید کە عێراق ئەنجامی دەدات لە دژی کورد، لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لێی بکۆڵدرێتەوە. بەڵام پاشتر سۆڤیەت لە داواکەی کشایەوە.
٩/٧/١٩٦٣، ڕژێمی عێراق قەدەغە کردنی هاتووچووی چاردەو کەوتە ڕەشبگیرکردنی خەڵکەکە، بە سەدان کەس لە هەموو تەمەن و چین و توێژێک دەسگیرکران، (٨٣) هەشتا و سێ کەس لە پشتی حامیەی سلێمانیەوە گولـلەباران کران (٩). لەو هێرش و پەلامارانەشدا، سوپای عێراق کەوتە گیانی پیاو و ئافرەت و مناڵان و سووکایەتی کردن بە ژنان بە بەرچاوی مێردەکانیانەوە کە بەسترابوونەوە. (٥،٠٠٠) پێنج هەزار کەس گیان و (٢٧٦) دوو سەد و حەفتاو شەش کوژران و بە بلدۆزەر تەرمەکانیان شاردەوە . هاوکات لە شاری کۆیە ڕژێمی عێراق کەوتە گیانی ژن و منداڵ و پیرە مێردی بێ تاوان (٢٠) بیست کەس بە دارتیلە کانەوە بەسترانەوە و گولـلەباران کران .
١٩٦٣/٦/١٣ ڕژێمی بەعس بە ربووە گیانی خەڵکی گوندەکانی ناوچەی کەندیناوەی سەر بە هەولێر و گوندەکانیان بە مزگەوت و قوتابخانە کانەوە سووتاند و وێران کرد، کۆمەڵێ خەڵک شەهید کران، هاوکاتیش بەعسیەکان کەوتنە تەعریب کردنی ناوچەکە. قۆناغی یەکەم لە حوزەیرانی ١٩٦٣ەوە دەستی پێکرد، قۆناغی دووەمیش لە ١٩٧٥ەوە، قۆناغی سێیەمیش لە ١٩٨٧ەوە، سەرجەم (١٥٣) سەد و پەنجاو سێ گوند تەعریب کران، تەنانەت ناوی گوندەکانیش کران بە عەرەبی .
١٠/٧/١٩٦٣ (٤٠،٠٠٠) چل هەزار کوردی دەورووبەری شاری کەرکووک دەربەدەر کران. دانیشتوانی گوندەکانی ئەو مەڵبەندە راگوێزران و عەرەبی خێڵەکیان لە جێگە نان، ماڵە کوردەکان بە بلدۆزەر تەخت کران و خوێندن و نووسین بە کوردی قەدەغە کران و کەوتنە تەعریب کردنی ناوە کوردیەکان و تاڵان کردنی سەروەت و سامان و باخ و سووتاندنی بێستانی خەڵکەکە کە . لە ئەنجامی هێرشی سوپای عێراقەوە بۆ سەر کوردستان لە ١١/٦/١٩٦٣ەوە تا ٢٣/٧/١٩٦٣ سەرجەم (٨٧٥) هەشت سەد و حەفتاو پێنج گوند وێران کراون .
ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی رینییە مۆریس روونی کردۆتەوە کە ساڵی ١٩٦٥ ـ ١٩٦٦ ڕژێمی عێراق گازی ژەهراوی لە کوردستان بە کارهێناوە (١٥). کۆمەڵەی نێو دەولەتی لە لەندەن کە تایبەتە بە داکۆکی کردن لە مافی کەمە نەتەوەییەکان لە جیهاندا، لە راپۆرتی تایبەتی ژمارە (٢٣)دا لە ١٩٨٩دا کە تایبەتە بە سەرانسەری کوردستان، گەلێ فاکتی تاوانی جینۆسایدی تۆمار کردووە، بە تایبەتی لە سەر خوارووی کوردستان نووسیویەتی کە لە ١٩٦٠ ـ ١٩٧٠ (٤٠،٠٠٠) چل هەزار ماڵ لە (٧٠٠) حەوت سەد گونددا وێران کراون. ژمارەی ئاوارەبوان گەیشتە (٣٠٠،٠٠٠) سی سەد هەزار و (٦٠،٠٠٠) شەست هەزار کەسیش کوژراو و بریندارن (١٦). هەمان راپۆرت ئەەوەی روون کردۆتەوە کە ساڵی ١٩٨٨ لە ئەنجامی بە کارهێنانی چەکی کیمیاییەوە خەڵکێکی زۆر کوژران و خەڵکێکی زۆریش ئاوارەی تورکیا و ئێران بوونە .
چەندین جار وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە سەر سەرکوتکردنی بزووتنەوەی رزگاری نەتەوەیی گەلی کورد رێک کەوتوون و رێکەوتننامەی هاوبەشیان هەیە لەو بارەیەوە، ئیتر لە جێبەجێ کردنی ئەەو رێکەوتننامانەشدا، نەک هەر هێزی چەکداری بزووتنەوەی کوردستان بەرکەوتووە بەڵکو خەڵکی کوردستان بە خۆیان و ماڵیانەوە بوونە قوربانی. ٩/٩/١٩٦٣ یەکێتیەکی سوپایی لە نێوان عێراق و سوریادا پێکهات و ئەنجومەنێکی هاوبەشیان دروست کرد، وەزیری بەرگری عێراق بووە فەرماندەی هێزی هاوبەشی سوریا و عێراق لە دژی بزووتنەوەی کورد لە خوارووی کوردستان. ئیتر سوپای سوریا بە تانک و فڕۆکەی جەنگی و تۆپەوە هاوشانی سوپای عێراق لە ناوچەکانی زاخۆ و دهۆک کەوتە شەڕەوە. حکومەتی عێراق بە ڕەسمی بەشداریبوونی سوپای سوریای راگەیاند. سەرۆکی عێراق عبد السلام عارف، لە دیدەنی هێزەکانی سوریادا لە کوردستان ووتی: سەربازەکانی سوریا ئەرکی پیرۆزی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
ساڵی ١٩٦٨، هەر لە هاتنە سەر حوکمی بەعسیەکانەوە، تاوانی جینۆساید زیاتر خەسڵەت و جۆرەکانی ئاشکرا بوو. حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی چ لە نووسراو و ئەدەبیاتیدا یا لە پراکتیکدا، کەوتە هێرش کردنە سەر گەلی کورد. میشێل عەفلەق ـ ی دامەزرێنەری حیزبی بەعس دەڵێ: (بە درێژایی چەندین سەدە، کورد، هاونیشتمانی عەرەبی موسڵمان بووە. وەکو عەرەبی موسڵمان هیچ جیاوازیەکیش لە نێوانیاندا نییە) بە گوێرەی ئەەو رایەی م. عەفلەق کورد عەرەبە، هەر بۆیەش پێی لێ دادەگرێ و دەڵێ: (گەلی کورد بە شێکە لە نەتەوەی عەرەب ). ئەەو بیرورایەی م. عەفلەق، جێگیرکردنی ئایدیایەکی شۆڤێنیستانەیە و جەخت لە سەر ئەەو دەکات، کە حیزبی بەعس لە سەرەتاوە، لە ڕووی تیۆریەوە نەخشەی فەوتاندنی نەتەوەیی گەلی کوردی لە پرۆگرامیدا هەبووە، هەر بۆیەش لە پراکتیکدا هەموو هەوڵێکی داوە کە کورد وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ نە مێنێ و کوردستان لە کورد دابڕێ و بیکاتە نشینگەی عەرەب.
لە مانگی ئابی ١٩٦٩دا، سوپای عێراق هێرشی کردە سەر ناوچەی ئاکرێ، لەو هێرشەدا گوندی (دەکا) و (خورت) تاڵان کران و سووتێنران، خەڵکی ئەەو دوو گوندە خۆیان لە ئەشکەوتێکدا حەشاردابوو، ئاگریان تێبەردان و (٦٧) شەست و حەوت ژن و منداڵ سووتێنران (٢٠). ١٦/٩/١٩٦٩ سوپای عێراق هێرشی کردە سەر گوندی (سوریا) لە سێگۆشەی سنووری تورکیا ـ عێراق ـ سوریا و (٦٠) شەست کەسیان گولـلەباران کرد.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە، ڕژێمی عێراق بە پلان و بەرنامە کەوتە دەرکردنی خەڵکی کوردستان و ئاوارە کردنیان:
١ ـ دەرکردنی فەیلیەکان، لە ١٩٧١ ـ ١٩٧٢، (٤٠،٠٠٠) چل هەزار کوردی فەیلی ناسنامەی هاونیشتمانی عێراقیان لێ سەندرایەوە و رەوانەی ئێران کران . ژمارەی دەرکراوەکان تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ گەیشتە (٢١٥،٠٠٠) دوو سەد و پانزە هەزار کەس. پێویستە ئەەو ش بڵێین کە ماڵ و سامانی زۆریان ڕژێمی عێراق دەستی بە سەردا گرت بە بێ هیچ پێویستیەکی ژیان دەربەدەر کران.
٢ ـ ڕژێم بریاری دەرکردنی (٣٠،٠٠٠) سی هەزار کوردی گۆیان و ئۆمەریان ـ ی دەرکرد کە لە ناوچەکانی مووسڵ دەژیان، تا بەرەو سنوورەکانی تورکیا راگوێزرێن. ئەو بریارە ئەگەر جێبەجێش نەکرابی، هیچ لە مەبەستی جینۆساید ناگۆڕێ.
٣ ـ هەزاران کرێکار و فەرمانبەر و خێزانەکانیان لە کەرکووک و خانەقین دەرکران.
فاکتی تاوانی جینۆساید لە باکووری کوردستان
لەو میللتانەی کە لە خوارووی ڕۆژئاوای ئاسیا دەژین، کورد کۆنترین میللەتی ئەو ناوچەیەیە، هەر وەکو، ڕۆژهەڵاتناس م. س. لازەریف دیاریکردووە، دەرکەوتنی کورد لەو ناوچانەدا لە پێش تورک و عەرەبەوە هەیە هەر بۆیەش کورد بە شێکە لە ڕووداوە جەنگی، سیاسی و کەلتووریەکانی ناو ئیمپراتۆری و حکومەتە تازەکانی ئەو ناوچەیە.
لە ساڵی ١٩١٩دا مێجەر نوئێل لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا گەشتی کردووە، لە باسی خانووبەرەی کوردیدا دە نووسی، کە (کورد خاوەنی چێژ و شارستانیەتێکی دێرینی رەسەنە). زانا و سۆسیۆلۆگی تورک، دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد ئیسمایل بێشکچی کە سەرجەمی ژیانی خۆی بۆ داکۆکی کردن لە گەلی کورد تەرخان کردووە، دەڵێ (هەوڵی تەواو و توند بۆ خنکاندنی پێناسەی نەتەوەیی کورد بە بەردەوامی دەدرێت. هەروەها بۆ کردنیان بە کۆیلە و ئینجا سڕینەوەی نازناو و کەلتوور و شارستانیەتی و زمانیان لە سەر پەڕەی مێژوو و سەر زەمین). بێشکچی، هەر لە بارەی فەوتاندنی گەلی کوردەوە دەڵێ (لە تورکیا نەتەوەی کورد هێندەی نکۆڵی لە بوونی خۆی و پێناسەی نەتەوەیی خۆی بکات دەتوانێت بە ئازادییە لاوەکیەکان شاد بێت و سوود لە پرنسیپی مامەڵەی یەکسان وەربگریت).
کەواتە، کێشەی کورد لەوەدایە، وەکو میللتێکی سەربەخۆ بوونی هەیە، بۆیە سیاسەتی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە پلەی یەکەم نەهێشتنی بوونی نەتەوەیی کوردە، ئیتر بە هەر هۆ و بە هەر ئامراز و ڕێگایەک بێت. ئالێرەوە، ئەەو خاڵە گرنگە دەست نیشان دەکری کە ئەەو تاوانانەی لە دژی گەلی کورد دەکرێن، تاوانی جینۆسایدن، لە تاوانی ئاسایی جیا دەکرێنەوە، چونکە نەهێشتنی بوونی نەتەوەییە، دیارە ئەەو نەهێشتنەش، هەر فەوتاندنی بەدەنی نیە، بەڵکو نەهێشتنی کەلتوری نەتەوەیی و هەموو سیما و دیاردەیەکە کە بوونی سەربەخۆیی میللتەی کورد دیاری دەکات.
بەندی (٦٩)ی یەکەم دەستووری تورکیا لە ١٩٢٤دا، ئەەو بیرورایە لە چوارچێوەی یاسادا دەچەسپێنێ و دەبێتە دەستووری وڵات لە دژی گەلی کورد، کە دەڵێ (هەموو تورکان یەکسانن لە بەردەم یاسادا). بە گوێرەی ئەەو بەندە، دوو جۆر مانا لێک دەدرێتەوە، یا تەنیا تورکان یەکسانن لە بەردەم یاسادا، یا ئەەو تا جگە لە تورک، لە چوارچێوەی سنووری سیاسی ـ یاسایی تورکیادا هیچ گەل و نەتەوەیەکی تر نییە. ئەەو ش نیشان دەدات بە گوێرەی دەستووری تورکیا، تەنیا تورک لە تورکیادا دانی پێدا دەنرێ و مافی ژیانی هەیە. کەواتە نە کورد بوونی هەیە و نە کوردستانیش دانی پێدا دەنرێ، هەر بۆیەش بەندی (٦٩)ی دەستووری یەکەمی تورکیا وا دیاری دەکات ئەەوەی بە ڕەچەڵەک تورک نەبێت مافی یەکسانی نیە لە بەردەم یاسادا. ئەەو ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەموو کارێکی نارەوا (بە نایاسایش دابنرێ) لە دژی ئەوانەی کە تورک نین لە تورکیادا.
زمان، هۆیەکی گرنگی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و جیاوازی نەتەوەییە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، بوونی زمان، بوونی نەتەوە دەسەلمێنێت. لە سیەکاندا، دەزگاکانی پۆلیس لە تورکیا، تەرخان کرابوون بۆ چاودێری کردنی جوتیارە کوردەکان، لە هاتووچۆی شارەکاندا تا بزانن بە چ زمانێک قسە دەکەن، ئەگەر بە کوردی قسەیان بکردایە، دەبوایە بەرامبەر هەر ووشەیەک (٥) قروشیان باجی ئەو تاوانە بدایە کە کوردن. جاری وا هەبوو ئەەو باجەی دەیاندا زیاتر بوو لە پارەی ئەەو شتومەکانەی کە هێنابوویان بۆ فرۆشتن.
بەڵگەنامەیەکی گرنگی پشکنەری گشتی تورکیا ئابدین ئۆسمان، دەربارەی ستراتیژی توانەوەی کورد و نەهێشتنی تایبەتمەندی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ژووروودا، لە ئەرشیفی بەریتانیا دا پارێزراوە، ئەەو راپۆرتە لە چلەکاندا ئاراستەی وەزارەتی کاروباری ناوخۆی تورکیا کراوە. ناوەڕۆکی ئەەو راپۆرتە، دارشتنی سیاسەتێکی تایبەتی ناوخۆی ویلایەتەکانی بتلیس، دیاربەکر، وان، هەکاری، موش، ماردین، ئورفە و سیرتە کە بریتیە لە پڕۆژەیەکی کۆڵۆنیالانەی درێژخایان بۆ نەهێشتنی بوونی نەتەوەیی کورد بەم شێوەیەی خوارەوە:
١ ـ نیشتەجێکردنی کۆچەرە تورکەکان، لە ناوچەکانی کوردستاندا، بەو مەرجەی هەر ساڵەی ٣-٥ دێهاتی تورک نشینی سەد ماڵی دروست بکرێ، چونکە مەسەلەی تورکاندن و تواندنەوەی گەلێکی دواکەوتووی نەخوێندەوار لە بۆتەی گەلێکی ڕووناکبیر و پێشکەوتوودا ئاسانتر دەکا.
٢ ـ دوورخستنەوەی مناڵانی کورد لە دایک و باوکیان و کۆکردنەوەیان لە فێرگەی شەوانەی تایبەتدا و مامۆستای لێوەشاوە و کارامەیان بۆ دابندرێ بۆ ئەەوەی بە گیانی تورکیزم و تورک پەروەری پەروەردەی تەواو بکرێن و زمانی تورکی بکرێتە تاکە زمانی ئاخاوتن و بەرنامەی تایبەتیان بۆ دابندرێ. ئەەو ش بە زۆر راگواستنی مناڵانە لە کۆمەڵگەی کوردەوە بۆ کۆمەڵگەی تورک. (بڕوانە: بەندی دووەمی پەیماننامەی ١٩٤٨ دەربارەی قەدەغە کردنی جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی).
٣ ـ پڕۆسەی تواندنەوە: بریتیە لە، جێبەجێ کردنی دەسەڵاتی ئابووری تەنیا بۆ ئەەو کەسانەی کە وازیان لە کوردایەتی هێناوە، هەروەها گەڕانی لێپرسراوانی دەوڵەت بە دێهاتەکاندا و هاندانی فەرمانبەر و سەربازەکان کە ژنانی کورد بخوازن، دەوڵەتیش بۆ ئەەو مەبەستە زەوییان بە سەردا دابەش دەکات بۆ ئەەوەی لە ناوچەکاندا جێگیر بن.
٤- زمانی کوردی قەدەغە بکرێ و ئەوەی کاری بکەوێتە دائرەکان دەبێ وەرگێڕ لە گەڵ خۆیدا بهێنێت .
تاوانی جینۆساید لە باکووری کوردستان، هەموو لایەنەکانی ژیانی کوردی گرتۆتەوە. لە ڕووی تیۆریەوە، لە یاساکانی ناوخۆدا، گەلی کورد لە تورکیا بوونی نییە، لە پراکتیکیشدا، سوپا و پۆلیس و دەزگاکانی دەوڵەت هەموو توانایەکیان خستۆتە کار لە دژی گەلی کورد، گرتن، تۆقاندن، ئیعدام کردن، بە کۆمەڵ راگواستن، فەوتاندنی کەلتوور و تایبەتمەندی نەتەوەیی. لەم ڕووەوە ئیسمایل بێشکچی دەڵێ“
(ئەو بڕیارە یاساییانەی دەرهەق بە مەسەلەی کورد دەدرێن، لە دادگا باڵاکانی تورکیا وەکوو دادگای بەرز و ئەنجومەنی دەوڵەت و دادگای ڕەتکردنەوە، بڕیاری یاسایی نین، بەڵکوو بڕیاری سیاسین. بە گوێرەی یاسای دەوڵەتی تورکیاش، کۆماری تورکیا، بە خاک و گەلەوە یەکگرتووە و قابلی دابەش بوون نییە، بەمەش دەزگا یاساییەکانی تورکیا بوونی میلـلەتی کورد ڕەت دەکەنەوە، کەواتە واقیعێکی ڕاستەقینە ڕەت دەکەنەوە). ڕاستی ئەم بیروڕایەی بێشکچی لە یەکەم دەستووری تورکیادا / ساڵی ١٩٢٤ / چەسپێندراوە.
بەندی ٨٨ دەڵێت:
(هەموو دانیشتوانی تورکیا بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەچەڵەکی ئاینیی و ڕەگەز، تورکن). بە گوێرەی ئەم بەندەش، لە ڕووی یاساوە، هەموو هاووڵاتیانی تورکیا تورکن، کەواتە ئەم بەندە یاساییە، بوونی هەر نەتەوە یان گەلێکی تر یان کەمە نەتەوەیی جگەلە تورک لە تورکیادا ڕەفز دەکات و هەموویان بە تورک پێناسە دەکات. کوردیش گەورەترین بەشی نیشتمانەکەی و زۆرترین ژمارەی بە تورکیاوە لکێندراوە لە چوارچێوەی سنووری یاسایی و سیاسی تورکیادایە.
ئەم ئایدیایە، بە یاساکردنی سیاسەتێکی کۆڵۆنیالییانەیە بۆ هەڵلووشینی گەلی کورد بە خاک و مێژووەکەی شیوە. هەر بۆیەش ئەو وڵاتانەی کەکوردستانیان داگیر کردووە، (کاربەدەستانیان لووت بەرزانە و مەغرورانە دەڕواننە کورد) هەر لەو پێودانگەشەوەیە کە(ئەو فەرماندانەی کەمەسەڵاتی ناوەندیی لە کوردستاندا دایان دەمەزرێنێ، کەسانی ناسراون بەدڕی و توند و تیژی). دکتۆر مەجید جەعفەر ڕاستی بۆچووە کە بیروڕای وایە:
(هەموو دیاردە و پێگەی کۆڵۆنیالیزم و پەیوەندی کۆڵۆنیالییانە لە نێوان دەسەڵاتی ناوەند و بەشەکانی کوردستاندان، ئەم بوارانەش، لایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سەربازی و سایکۆلۆژی گرتۆتەوە).
زیاتر بۆ دەرخستنی ئەو ڕایەی د. مەجید جەعفەر، ئاماژە بە وتەکەی وەزیری دادی تورکیا (لە ساڵی ١٩٣٠) دەکەین کە سەبارەت بە سیاسەتی کۆڵۆنیالییانەی ناوەند لە بەرامبەر گەلی کورد داواوە و وتوویەتی: (کورد تەنیا مافی ئەوەی هەیە، ببێت بە خزمەتکار و ببێت بە کۆیلە).
سیاسەتی ڕژێمی تورکیا، درێژە پێدانی هەمان سیاسەتی کەمالـیستەکانە لە بیستەکاندا لە دژی گەلی کورد، هەر وەکوو ڕۆژهەڵاتناس گەسرەتیان دەڵێت:
(لە دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦دا، سەدان گوند وێران کران، هەزاران ماڵ سووتێنران، سەدان هەزارش خەڵکی مەدەنی کوژران و ئاوارە کران، بە پیر و ئافرەت و منالـیشەوە). لە لای ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، ڕابەران و بەشدارانی بزووتنەوەی کورد خائینن، بۆیە دەبێت ئیعدام بکرێن. ڕژێمی تورکیا لە ٢٩/ نیسانی ١٩٢٥دا شێخ سەعید و چل کەسی تر لە هاوکارانی لە دیاربەکر ئیعدام کرد.
٢٥/٦/١٩٢٥ هەندێ لە ناودارانی کورد، نامەیەکیان ئاراستەی کۆمەڵەی گەلان کرد، تیایدا باسی جینۆسایدی گەلی کوردیان ڕوون کردبووەوە، کە چۆن حکومەتی ئەنکەرە لە دژی گەلی کورد جێبەجێی دەکات، هەر وەکوو چۆن پێشتر تورکیا لە دژی ئەرمەنەکان پەیڕەوی دەکرد.
سیاسەتی جینۆساید لە یاساکانی ڕژێمی تورکیادا جێگیر کراوە، ٣١/٥/١٩٢٦ ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا یاسای ژمارە ٨٨٥ی دەرکرد، بە گوێرەی ئەو یاسایەش، هێرش و پەلاماردانی سەر ناوچە کوردییەکان، کاری ڕەوایە. لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦ ڕژێمی تورکیا، بە کۆمەڵ خەڵکی ڕاگواستووە و بە کۆمەڵـیش خەڵکی کوردستانی کوشتووە، بە زستانێکی سەخت لە کاتی ڕاگواستندا خەڵکێکی زۆر لە برسا و لە سەرما مردوون، هاوکاتیش دێهاتەکان سووتێنراون و وێران کراون، پڕۆسەی تورکاندن و تورک نیشتەجێ کردنیش لە کوردستاندا بەردەوام بووە.
شۆڕشی ئاگری داخ کە لە ١٩٢٧-١٩٣١ی خایاند لە لایەن تورکیاوە زۆر دڕندانە سەرکوت کراوە، دیسانەوە کوردستان کەوتۆتەوە بەر شاڵاوی تاوانکاری:
١- سەرپاکی دانیشتوانی (٢٢٠) گوند قڕکران، کە نزیکەی (١٠،٠٠٠) دە هەزار کەس دەبوون.
٢- نزیکەی (١٠٠) سەد ڕووناکبیری کوردیان بە دەست و پێ بەستراوی فڕێ دایە دەریاچەی (وان)ـەوە.
٣- لە دەورووبەری ناوچەی تاندریکدا، (٤٠٠) گوندیان وێران کرد.
٤- لە پاریزگای (وان)، (٨٢) گوندیان وێران کرد و (٥٩٠) پێنج سەد و نەوەد کەسیان کوشت.
ژەنڕاڵ ئیحسان نوری پاشا، لە بیرەوەریەکانی خۆیدا، باسی هێرشەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت: (زۆربەی خانەوادەی پێشمەرگەکان لە گەلـی (زیلان)دا دەبن، کە لە پشتەوە هێرش دەبەن، پێش ئەوەی دەستیان بە شۆڕشگێڕان بگات، سەرپاکی ئەو ژن و منداڵانە قڕ دەکەن). دانیشتوانی ئەو گوندانەش کە بە تۆپ و فڕۆکە کاول کران، ئەوەی لە مردن ڕزگاری بوو، ژن و کچ و مناڵ، وەک ڕانە مەڕ دەدرانە بەر بۆ گوند و ناوچەکانی تورک و لەوێلاوەشەوە دەوڵەمەند و فەرمانبەرانی تورک، دەستیان درێژ دەکردە سەر ماڵ و موڵک و نامووسیان، هەر لەو ناوچانەدا، نزیکەی دوو هەزار کەسیان لە گوندی جیاجیای ئەو ناوە کۆکرابووەوە و هەموویان هێنان و هەر بە زیندوویی خۆڵیان پیا کردن و زیندەبەچاڵ کران).
١٥/٦/١٩٢٦ ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا یاسای ژمارە ١٠٩٧ی دەربارەی ڕاگواستنی کورد لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا دەرکرد. بەندی یەکەمی ئەو یاسایە دەسەڵاتی بە حکومەت داوە کە لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتەوە (١٤٠٠) کەس لە گەڵ خێزانەکانیاندا ڕاگوازن. هەروەها خێزانی (٨٠) هەشتا "یاخی بوو" لە گەڵ ئەو کەسانەی کە تاوانبارن ڕاگویزرێن. بەندی دووەمی هەمان یاسا داوا دەکات کە پڕۆسەی ڕاگواستنەکە تا کۆتایی مانگی ئابی ١٩٢٧ تەواو بکرێت. بە گوێرەی یاسای ژمارە (١٠٩٧)، هەزاران خێزان بۆ ناوچەکانی ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا ڕاگوێزران، لە کاتی ڕاگواستنیشدا سەروەت و ماڵێکی زۆریان لە دەستدا.
ڕۆژهەڵاتناس ڤ. نیکیتین، دەربارەی سیاسەتی ڕژێمی تورکیا ئەوە دیاری دەکات کە لە ساڵانی ١٩٢٦-١٩٢٧دا، نزیکەی یەک ملیۆن پیاو و ئافرەت و مناڵی کورد بۆ ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ ڕاگوێزراون، ڕاگواستنەکەش زۆر بە توندی و خراپی جێبەجێ کراوە، هەر وەکوو چۆن لە سەردەمی جەنگی یەکەمدا لە گەڵ ئەرمەنەکاندا ڕەفتار کراوە.
٢٥/٦/١٩٢٧ ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی تورکیا یاسای ژمارە (١١٦٤)ی دەرکرد. ئەم یاسایەش ڕاستەوخۆ لە دژی کورد بوو، کە دەسەڵات بە ئەنجومەنی وەزیران دەدات بۆ دروست کردنی زۆنێکی تایبەت لەم ناوچانەدا:
ئیلیازیز، ئورفە، بیتلیس، هەکاری، دیاربەکر، سیرت، وان و ماردین. ئەو زۆنەش (ناوچەی ئارام) دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتیدا بێت و سیاسەتێکی تایبەت لە دژی ئەو ناوچانەی کوردستان بەکار بهێنرێت.
لە ڕاستیدا تاوانەکانی ڕژێمی تورکیا لە دژی گەلی کورد ئەوەندە زۆر و بەرفراوانن، کە دەقاودەق لە چوارچێوەی سیاسەتی فەوتاندنێکی سەراپاگیری (کورد وەکوو نەتەوە)دا جێگیر دەبێت، ئەمەش لە یاسای تازەی نێو دەوڵەتاندایە بە جینۆسایدی هەمە لایەنە دیاری دەکرێت.
بابەتی زیاتر