رانان : تاژان عومەر
ئەم کتێبە لە ئامادەکردنی (ساڵح رەحمان)ە، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران کە لە ساڵی ٢٠١٠ چاپکراوە.
نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لە زنجیرەیەک چاوپێکەوتندا، سەنگی کورد لە ئێستای عێراق و ئەگەرەکانی داهاتوو دەخەنەروو. (پرۆفیسۆر لەتیف حاجی دارتاش، د.نەوزاد ساڵح ڕەفعەت، د.بەیازید حەسەن، د.ڕەئوف عوسمان، د.گیان کامل بەسیر، د.ئەحمەد ئەنوەر، محەمەد ئەحمەد، ئەکرەم قادر، مەحمود حەمەئەمین، سۆزان محەمەد، ئازاد چالاک، ئەسمەر حسێن، پەروین ساڵح).
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا، پێکهاتەکانی عێراق لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پەرلەمانێکیان بۆخۆیان هەڵبژارد، لەگەڵ ئەوەی، کە عێراق بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕی، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی ئەکتیڤ و بوێرانە وەکو دامەزراوەیەکی تەشریعی کەوتە کارو ململانێکانی نێوان پێکهاتەو قەوارەکانیش باشترین بەڵگەن لەسەر ئەوەی، کە پەرلەمان هەوڵ دەدات قورسایی خۆی بەرجەستە بکات و ببێتە چاودێر بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.
ئەکرەم قادر: ڕاگەیاندنەکانی کورد ڕۆڵی پەرلەمانتاران لەبەرچاو ناگرن
پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران،(نوێنەری حزبی شیوعی کوردستان) ئاماژە بەوە دەکات، مێدیای کوردی وەکو پێویست ڕووماڵی ئەو گۆڕانکارییانەی نەکردووە، کە لە بەغدا دەگوزەرێن و بە شێوەیەکی شیاو بەدواداچوونی بۆ ئەو کاروبارانە نەکردووە، کە بەرپرسانی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێدا بەرجەستەی دەکەن، نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بە ئەقڵییەتێکی کراوەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی سیاسیدا دەکەن و دەتوانن لە ڕێگەیەکی دیموکراتییەوە، داخوازییەکانی کورد بەدەست بهێنن.
ئازاد چالاک: هەڵمەتێک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەستی پێکردووە
ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجومانی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، لە بەرنامەیەکی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کاری جدی بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گەندەڵییەی، کە زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە، بەو ئامانجەی سامانی گشتی وڵات بەفیڕۆ نەڕوات و کەسانی هەلپەرستیش لە پۆستە ئیدارییەکان دووربخرێنەوە.
*دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی باسی ئەوەمان بۆ بکەیت پێکهاتەی لیژنەی نەزاهە چییەو ئەرکەکانی چین؟
-لیژنەی نەزاهە وەکو هەموو لیژنەکانی تری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نوێنەری هەموو قەوارە سیاسییەکان پێکدێت، کە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لیژنەی نەزاهە دەتوانێت لە نێوان (١٠ بۆ ١٥) ئەندام لەخۆبگرێت، بەڵام لە ئێستادا لیژنەکەی ئێمە ١٣ ئەندامین لیژنەکەش نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان هەریەک بە پێی قەوارەی خۆی ئەندامی لە لیژنەکەدا هەیە، بە شێوەیەکی گشتی ئێمە وەکو کورد دوو ئەنداممان لەو لیژنەیەدا هەیە، (من و خاتوو کامیلیا)، ئەوانی دیکەش دابەش بوون بەسەر لایەنەکانی دیکەدا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
د. رەئوف عوسمان: سەرەکیترین کاری پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەماندایە
جێگری سەرۆکی لیژنەی ڕوناکبیری و ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرنامەیەکی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی ناوخۆدا بۆچوونی وایە، کە پێویستە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق خەڵکانی شارەزاو زمانزان و ڕوناکبیر بۆ نوێنەرایەتیکردنی کورد هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەببەن و داخوازییەکانی خەڵکیش بگەیەننە ناو هۆڵی پەرلەمان.
*پێکهاتەی لیژنەی ڕوناکبیری و ڕاگەیاندن چۆنەو کارەکانیان بە چ شێوەیەک بەڕێوەدەبەن؟
-بێگومان هەموو لیژنەکانی پەرلەمان دوو کاری گرنگ دەکەن، یاسا دانان و چاودێریکردنی حکومەت، لیژنەکەی ئێمەش لەو دوو بوارەدا کاردەکات و نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە، هەوڵیش دەدەین لەسەرجەم ئەو بوارانەی، کە پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە، بە شێوەیەکی شەفاف کاریان لەسەر بکەین.
پەروین ساڵح: ئامادەنەبوونی کورد لە بەغدا زیانی گەورەی لێدەکەوێتەوە
بەهۆی ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی بابەتێکی گرنگەو پێویستە کاری بۆ چاکسازیکردن لەو بوارەدا بکرێت لە لایەن پەرلەمان و دەوڵەتەوە، لە هەمان کاتدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا چییان کردووە بۆ ئەوەی سوود بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن لەو ڕووەوە، ئاژانسی هەواڵی ناوخۆ بەرنامەیەکی تایبەتی لەگەڵ خاتوو پەروین ساڵح ئەندامی لیژنەی ژن و خێزان و منداڵێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازکرد، دووپاتیکردەوە، کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا، هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بە هەرێم بگەیەنرێت و کاری جدیشیانکردووە بۆ چەسپاندنی داخوازییەکانی کورد، چونکە تا ئێستا هەندێک عەقڵییەتی شۆڤێنی لە عێراقدا بوونیان هەیەو ئامادەنین دان بە کورددابنێن.