بابک احمدی
وەرگێڕانی لەفارسییەوە/ ڕێبوار حەمە تۆفیق


(جۆرج لۆج لۆکاش) کاتێ کە لاوبوو جارێکیان نووسی: (ئامانج ڕۆشنبیرییە، سییەت لە ئامرازێک زیاتر نییە). تەنانەت گریمانەی ئەو خاڵەی کە (لۆکاش) لە دەیەکانی دواتردا واتە لەسەردەمی ئەندامێتی ئەو لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی مەجەرستان و ڕابەرایەتی کۆمینترین، بەم حوکمەی خۆیەوە مایەوە، گریمانەیەکی سادە و پێکەنیناوییە. بەڵام هەرکاتێ کە سەیری ژیانی سیاسی و نووسینەکانی دەکەین، دەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم گریمانە خۆش بینانەیە، هێندە بێ لۆجیک نییەو (لۆکاش) بەردەوام دەیەویست لەڕێگای بەشداری کردن لەسیاسەتدا شتێک بەدی بهێنێت کە خۆی پێی وابوو کرانەوەی ڕۆشنبیرییە لە کاری مرۆڤی هاوچەرخدا.
ئەو بە پەیڕەوی کردن لە (ماکس) باوەڕی وەهابوو کە ئایندەی کۆمۆنیستی، ڕێگای کرانەوە و بەدیهاتنی ڕاستەقینەی توانستی ڕۆشنبیری داهێنەرانەی مرۆڤە.
ڕاگەیاندنی ئەم باوەڕەو بەرگری کردن لێی، کە زیاتر پابەندبوو بە کۆمۆنیزمی ستالینییەوە بۆ ئەو ئاسان و بێ مەترسی نەبوو. جارێکیان لەساڵەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، کاتێ کە لە مۆسکۆ دەژیا، بۆ ماوەیەک دەستگیر کرا، هەرچەندە ماوەی گرتنەکەی کورت بوو، بەڵام تامی لێکۆڵینەوە پۆلیسییەکانی ئاسایشی سۆڤێتی چەشت. جارێکی تر، دوای ئەوەی کە لەشکری سوری سۆڤێتی لەساڵی (١٩٥٦)دا وڵاتەکەی داگیرکرد، چوو  بۆ ڤیەنناو  خۆی لە چارەنوسێکی تاڵ ڕزگارکرد کە لە چاوەڕوانی هەندێک لەنزیکترین هاوڕێیانی ئەودابوو، لەناویشیاندا (ئیمرەناگی) ڕابەری ئازادیخوازی شۆڕشی مەجەرستان. بەڵام سەبارەت بە باوەڕی ئەو لەسەر دروستی ئەو ڕێبازە سیاسییەی کە هەڵی بژاردبوو، هیچ نا تەواوییەک ڕوی نەداو تا کۆتایی تەمەنی کە ساڵی (١٩٧١) مرد، هەر بە کۆمۆنیستی مایەوە. هەڵبەتە ئەو هەرگیز بەچاوی خۆی ئەو کرانەوە ڕۆشنبیرییەی نەبینی کە خۆی چاوەڕوانی دەکرد، بەڵام لەمڕۆدا، خوێندنەوەی گرنگترین بەرهەمەکانی بۆ ئەو کەسانە بێ سود نییە، کە بیانەوێت بەهەر هۆیەک بێت ئەوە بسەلمێنن کە ڕۆشنبیری ئامانجەو سیاسەتیش ئامرازە. هێنانەوەی نموونە لەسەر بێزاری لە سیاسەت لەناو فەیلەسوفان، بیرمەندان،هونەرمەنداندا، کارێکی دژوار نییە. تەنانەت دەتوانرێت هەڵهاتن لە سیاسەت، وەک جۆرێک لە نەخۆشی دەرونی دەربکەوێت.(تۆماس مان) کە یەکێک لە گرنگترین ناوەڕۆکەکانی شاخی جادوی بە (ئایندەی شارستانی ئەوروپا) دانابوو، کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکەی لە گفتوگۆیەکی ناکۆتای سیاسی- ڕۆشنبیرییەوە ئاڵاندبوو، یان چەندین ساڵ دواتر لە (دکتۆر فاستوس) دا هەوڵیدابوو ڕەخنە لە ویژدانی گوناهکاری ئەڵمانی بگرێت، ئاکامی کارەکەی خۆیشی بە سیاسی_ ڕۆشنبیری دانابوو. لەژیانی تایبەتیشیدا، ساڵانی درێژی ئاوارەیی بوونی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ نازییەکاندا دانابوو. لەساڵی (١٩١٨)دا واتە ساڵی کۆتایهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئەڵمانیاو حکومەتی شورایی لەمەجەرستان و تێوەگلانی ڕوسیا لە جەنگی ناوخۆیی و ...نووسیبوی: (بەڕای من ئیدی نائاسایی دەبێت، کە ئەگەر کەسێک بتوانێت نەیاری ئەم حوکمە بێت کە (مرۆڤایەتی) و ڕێبازو ڕەوشی مرۆڤایەتی لە قوڵایی بیرکردنەوەدا، بە ئاشکرا بەمانای دژبوون بێت لەگەڵ هەرجۆرە سیاسەتێکدا. تێفکرین و قوڵبونەوەیە لەشتەکان بەشێوەی مرۆڤایەتی، بەواتای تێفکرین و قوڵبونەوەیە لەشتەکان بەشێوەیەکی نا سیاسی) (تۆماس مان ) لەتێڕوانینی مانەوییەوە ئاڵابوو، هەرزوو بڕیاری دا، کە لە نێوان چاکە (هیومانیزم و تێفکرین بە شێوەی مرۆڤایەتی کە هێمای هەمان پێشکەوتنی ڕۆشنبیرییە) و خراپە (سیاسەت کە هەمان توندوتیژی دژ بە مرۆڤایەتییە) یەکەمیان هەڵبژێرێت. بەڵام ئەو لەساڵانی دواتردا  بەم تێڕوانینەی خۆی وەفادار نەمایەوە، هەروەها ئەم ڕاستییەش کە کەمترین بیرمەند و هونەرمەندانی ئەم سەدەیەی ئێمە توانیویانە خۆیان لە گوتاری سیاسی ( نەک بە ناچاری لە ژیانی سیاسی) بە دووربگرن، بە جوانی ئەوە نیشان دەدات کە دەبێت لەمەڕ دروستی تەواوەتی ئەو بەرامبەر وەستانەوەی مانەویی بە گومان بین.
لەساڵانی پاش جەنگی دووەمی جیهانیدا (مۆریس بلانشۆ)ی هەڵهاتوو لە سیاسەت و (ژان پۆل سارتەر) کە لایەنگیری پابەندی ئەدەب بوو بە سیاسەتەوە، لە دوو ڕێچکەی جیاوازەوە پەیوەندی ئاڵوز و گرنگی سیاسەت و ڕۆشنبیری (یان ئەگەر حەز بکەیت دەتوانیت بڵێیت: پەیوەندی سیاسەت و مۆراڵ، یان پەیوەندی ڕۆشنبیری و مۆراڵ) یان بێ بایەخ کردبوو. ئێستا ئاشکرایە کە ئێمە لە خستنەڕووی بابەتەکەدا ڕێگەی هەڵهاتنمان نییە.
فەیلەسوفەکان لەزۆر بواردا وا لەسیاسەتیان نەڕوانیوە کە وەک هۆکار یان وەک ئامرازێک بە کەڵکی ئامانجەکانیان بێت، بەڵام زۆرجار ڕۆبەڕوی ئەم پرسیارە بونەتەوە کە ئایا خودی ئێوە هیچ کاتێک ئامرازێک نەبوون بە دەست سیاسەتمەدارانەوە؟ با پرسیارەکە بە شێوەیەکی ڕێکتر و ئەمڕۆییانەتر فۆرمۆڵە بکەین؟ ئایا لە ڕۆژگاری مۆدێرندا، پەیوەندی نێوان فەلسەفە و سیاسەت بە چ شێوەیەک خراوەتەڕوو؟ لەڕاستیدا یەکێک لەگەورەترین ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگای ڕەخنە گرتنی فەلسەفیانە لەمۆدێرنێتەدا هەیە، ناکارایی و ناپەسەندی ڕێژەیی گوتاری سیاسییە لە ئاشکرا کردنی تەمومژە تێورییەکانی ژیانی مۆدێرنەدا، واتە کەسانێکی وەک (فۆکۆ)، (دۆلۆز)،(لیوتار)،(دریدا) شاراوە نییە. ئەوان بەپێی توانای خۆیان هەوڵیانداوە تا ئەو سنورەی کە گوتاری سیاسی و فەلسەفی لەیەکتر جیادەبنەوە، لەهەمان کاتیشدا تا ئەو شوێنەشی کە هاوسێی یەکتربن، لێکۆڵینەوە بکەن هەتا وەکو لەبارەی ئەم سنورەوە توێژنەوە بکەین، ڕێچکەی پێشکەوتنی تێڕوانینی رێژەگەرا لە( سۆسیۆلۆژیادا) هەموارتر دەبێت. لەسەدەی بیستەمدا ، کە سەدەی لەدایکبون و  سەرهەڵدانی تێڕوانین و ڕەوتی ڕەخنەگرانەی مۆدێرنێتەبوو، گەواهی بینینی نموومە گەلێکی دیارە لە هاوڕێیەتی فەیلەسوفان لەگەڵ دەسەڵاتی گەورەی سیاسیدا. هاوڕێیەتی (هەڵبەتە ڕەخنە گرانەی) لۆکاش) لەگەڵ ڕژێمی پۆلیسی ستالیندا نموونەی نەبوو. (سارتەر)، (ئاڵتۆرسێر)، (دلاولپە)، (کولتی)، (بلوخ)، (مالرو)، (کاستوریادیس) و بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفان و بیرمەندانی تر، هەریەکەو لە ساڵانی ژیانی خۆیدا هاوبیری سیاسەتەکانی حیزبە کۆمۆنیستەکان بوون. هەروەها ناتوانرێ هاوڕێیەتی (دیسان ڕەخنەگرانە)ی (هایدگەر) لەساڵانی(١٩٣٣-١٩٣٤)دا لەگەڵ ڕژێمی هیتلەریدا لەبیر بەرینەوە. هیچ چارەک نییە، دەبێت پەیوەندی نێوان فەیلەسوف و کاری سیاسی بخەینە بەر لێکۆڵینەوە، هەرچەندە بەدەستهێنانی بنچینەییترین وەڵام، کە پڕ بە پێستی ئەم پرسیارانە بێت کە سەرهەڵدەدەن، ئێستاو(بەم زووانە) ئەستەمە.
پەیوەندی فەیلەسوف و سیاسەتمەدار، هەمیشە ئاڵۆزبووە، ئەم ئاڵۆزییەش زیاتر خۆی لەدەخالەتکردنی فەیلەسوفان لەبابەتە پراکتیکییەکانی سیاسەتدا، نیشان دەدات، ئەگەرنا جگە لە چەند نموونەیەک کە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن(وەک ئیمپڕاتۆڕی ڕەواقی ڕۆمی مارکۆس ئۆرلیۆس)، کەمتر سیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارێک شک دەبەین کە ئارەزووی فەلسەفەی هەبێت، یان لەم قەڵەمڕەوەدا ناونیشانێکی هەبێت.

پێشینەی دژواری ئەم باسە دەچێتەوە سەر یەکەمین تروسکەکانی تێفکرینی فەلسەفی لە یۆناندا. خوێندنەوەی نووسینەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆ بە جوانی نیشانی دەدات، وردبینی فەلسەفی بۆ ژیانی سیاسی لەگەڵ چ دژواری گەلێکدا بەرەو ڕووە، هۆکاری چ ئاستێک لە گرفت و سەختییە. (ئەرستۆ) لە کتێبی  حەوتەمی کتێبی سیاسەتدا ئەم دژوارییانەی هەڵسەنگاندووە، لەوێدا ئەمە دەخوێنینەوە: (گومانی تێدا نییە کە باشترین حکومەت، ئەو حکومەتەیە کە هەموو کەس لە سایەیدا شاد بێت و بە بە ختەوەری بژین. بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەش کە ژیانی چاکە کارئامێز،لەهەر جۆرێکی تری ژیان بەدڵخوازتر دەزانن، هاودڵ نین سەبارەت بەو پرسەی کە ئایا دەبێت ژیانی پڕ کارو سیاسی هەڵبژێرێت، یان ئەوەی لەسەر ئێشەی کارە دنیاییەکان ئاسودەبێت و ژیانی گۆشەگیریی و تەنهایی بژی، کە بەبڕوای زۆرێک تەنها شایستەی فەیلەسوفەکانە، لەڕاستیدا هەموو ئەوانەی یەکێک لەم دوو شێوە ژیانە، واتە شێوە ژیانی فەلسەفی و شێوە ژیانی سیاسی هەڵبژێرن، هەڵبەتە هۆشیاری لەمەڕ ئەوەی کە کامیان لەسەر هەقن، بە هیچ شێوەیەک کەم بەها نییە، لەبەر ئەوەی مەرجی ئەقڵیش هەم بۆتاک و هەم بۆ کۆمەڵگای سیاسی، ئەوەیە کە کارو ڕەفتارەکانی خۆی ئاراستەی ئامانجە باڵاکان بکات.
(ئەرستۆ) ئەم خاڵەشی بۆ قسەکانی خۆی زیادکردووە، کە بەشداری کردن لە ژیانی سیاسیدا، بە مەزەندەی زۆرێک (تێکدانی ئاسایشی ژیانی تاکەکانە)، بەڵام بە بۆچونی هەندێکی تر (ژیانی پڕ کارو بەشداری کردن لە کارە کۆمەڵایەتییەکاندا، تەنها ژیانێکە کە شایستەی مرۆڤ بێت) . (ئەرستۆ) لەم بارەیەوە بەڕاشکاوی ناوی کەس ناهێنێت، بەڵام نووسی: (کۆمەڵێکی تر لەمانە زیاتر دەڕۆن و دەڵێن: تاکڕەوی و ناعەدالەتی بەسەر خەڵکەوە تەنها ڕێگای بەختەوەری میللەتە) کە ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ تێڕوانینی ستەمکارانەی ئەفلاتون و پەیڕەوانی ئەو.(ئەرستۆ) هەریەک لەم دیدگایانەی لێکدایەوەو حوکمێکی بەناوبانگی دا (پێویستە دەسەڵات لەسەر بنەمای چاکەکاری دابمەزرێت) و بۆ ئەوەی ڕێگە لەهەر جۆرە بەد حاڵییەک بگرێت، ئەم جارەش ئەمەی بۆ زیاد دەکات (بەڵام بە تەنها بونی چاکەکاری بەس نییە، بەڵکو پێویستە توانای بەکارخستنیشی هەبێت).
بەبۆچونی (ئەرستۆ) جیاوازی نێوان کاری فەیلەسوف و کاری سیاسەتمەدار، تەنها جیاوازی کردن نییە لەنێوان دوو شێوەکاردا، بەڵکو جیاوازیکردنی دووبابەتی عەمەلی یان پراکتیکیشە. ئەم جیاوازییە لەنێوان (دوو شێوە ژیان ) و دوو جیاوازی ژیاندایە لەسەر ڕوی زەویدا، یەکێکیان تایبەتە بە کاری سیاسییەوە ( غەوغای کاری دنیایی) و ئەوەی تریان تایبەتە بە لێکۆڵینەوەو  گەڕان بەدوای حەقیقەتدا، بەدوای دانایی یان چاکەدا.
ئێستا ئەگەر ئێمە بەو ئەنجامە بگەین، کە چاکە بەتەنها دانایی نییە، بەڵکو بەکارهێنانی دروستی دانایشە لەپێناو خۆشبەختی مرۆڤەکانداو دروستکردنی ژیانی شاد و خۆشبەخت( کە بە بۆچونی- ئەرستۆ- لەمەبەستی کۆتایی مرۆڤ و فەیلەسوفەکان جیا نییە) تەنها لەڕیگای هەمان تواناییەوە بەکارهێنانی دانایی مومکینە، لەکاتێکدا کە بابەتی سەرەکی جێگە سەرنجی ئێمە لەسەر فراوانبونی زانین و ناسینی ڕوتی چاکە دەچێتە دەرەوە، واتە دەگوێزرێتەوە بۆ فراوانبونی پراکتیکی یان بە کارهێنانی دانای لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەلایەکی تراوە نامانەوێت توانست بە ژیانی سادە و گۆشە گیر و ئارامی فەیلەسوف زیاتر لەژیانی سیاسەتمەداری دانا بزانین کە بەکارو کردەوەی خۆیەوە سەرگەرمە، واتە دانایی خۆی تاقی دەکاتەوەو لەو ڕێگەیەوە لەگەیشتن بە ژیانی خۆشبەختانەی خۆی و ئەوانی تر بەهرە وەردەگرێت.
(ئەرستۆ) چەند لاپەڕەیەک دواتر و لەبەردەوامی باسەکەیدا، هەمان خاڵی گرنگ، واتە چەمکی کار زیاتر و وردتر ڕۆشن دەکاتەوە و دەنوسێ: ( بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە هەندێک وا بیردەکەنەوە، کە کار لە ژیاندا، ئیلزامی نییە و سنوردارە بە (کۆششە مادییەکان و) پەیوەندی بەوانی ترەوە هەیە. هەروەها نابێت ئەندێشە بە تەنها هانگاوی عەمەلی دابنرێ کە بابەتی ئەو لەکارکردندا جێ بەجێ بکرێت، بەڵکو ئامانجی جگە لەخۆی، نییە و تەنها بۆ خودی خۆی بیردەکاتەوە و زیاتر (شایستەی ناوی بیرکردنەوەیە) چونکە ئامانجەکانی ئەوان دروست ژیانە و لەم ڕووەوە دەبێت ئەوانەش بە جۆرە کارێک بژمێردرێن. تەنانەت لەبارەی کارە مادییەکان و دەرەوەشدا. لەڕستیدا داخوازی ئەوان بە کەسانێکەوە پەیوەندی هەیە کە لە ڕاستیدا ڕابەر و داهێنەری ئەوانەبون) ئەم دیدگایە ( کارگەرا) بۆباسکردنی پەیوەند بە سیاسەتمەدارو فەیلەسوفەوە زۆر گرنگە. کاتێ کە (ئەرستۆ) لەبارەی دوو شێوە ژیانی گشتی لەسەر ڕوی زەویدا بیردەکاتەوە و دەپرسێت کە ئایا ژیانی خۆشبەختانە لەسەرەڕێی کاری ڕۆژانەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا مومکین دەبێ یان لەسەرەڕێی کاری فیکری و فەلسەفیدا؟ لەڕاستیدا پرسیاری ئەو ئەمە بوو: ( بەکارهێنانی دانایی گرنگترە یان لێکۆڵینەوە لەبەهرە و ئەو سودانەی کە دەکرێ بێنەدی؟) لێرەدا خاڵێکی گرنگ لەبەرچاو نەگرین: بۆ (ئەرستۆ) کە مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە خاڵی بنەڕەتییەو ئامانجی لێکۆڵینەوە ناتوانێت بە تەنها لەخۆشی تاکدا کۆتایی پێ بێت، بەڵکو بابەت ئەوەیە کە کام یەک لەو دووڕێگایە خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵکی- هاوڵاتی دەهێنێت؟ (ئەرستۆ) لەسەر بنەمای دیدگای کارگەرای خۆی بە پێویستی عەقڵانییەت گەیشت و نوسی هەرکەسێک کە ڕابەری سەرۆکایەتی کۆمەڵی بەهەر شێوەیەک بێت بە دەستەوەگرت دەبێت دانابێت و زانین بە شیوەیەکی دروست بە کاربهێنێت و ئامانجی ئەو دروستی و شادمانی ژیانی خەڵکی بێت. هەڵبەتە خودی ئەرستۆش لەمبارەیەوە لەبابەتی تیۆرییەوە دەست پێدەکات ( بۆ نموونە کتێبی سێهەمی سیاسەت بە چەمکی تیۆری "دەوڵەت"،یان باشتر بڵێم لەگەڵ چەمکی ((کۆمەڵی سیاسی)) یان دەوڵەت- یانpolisدەست پێدەکات)، بەڵام ئەگەر زیاتر وردبینەوە دەبینین کە ئەم بابەتەش هەروەکو بنەڕەتی باسەکە (کاری مرۆڤەکان)ە.
لەهەمان سەرەتای کتێبی سێهەمی (سیاسەت)دا، (ئەرستۆ) دەنووسێت: (بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەربارەی وڵات چییەتی و تایبەتمەندی هەریەک لەجۆرەکانی لێکۆڵینەوە بکات، یەکەمین پرسیارێک کە دێتە پێشەوە ئەوەیە کە چییەتی شار (دەوڵەت-شار یان polis) چییە؟ چونکە لەکاتی ئێستادا لەم بارەیەوە جیاوازی هەیە کە ئایا ئەو کارانەی کە بەناوی دەوڵەتەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێن، دەبێت وابەستەبێ بە( کۆمەڵانی خەڵکی شار)ەوە، یان (بە وانەی کە حوکمڕانیتی دەکەن)؟ جارێک شاردۆستانی ستەمکەرن و جارێک دەستە بە تواناکانن کە ڕەوتی دەوڵەتیان گرتووە بە دەستەوە).
(ئەرستۆ) لەبابەتی عەمەلی و واقیعییەوە دەستی پێدەکرد، چونکە بە چەمک و فیکری تایبەتی فەلسەفیی بیریی دەکردەوەو سەودای ژیانی باشترو خۆشبەختانەتری مرۆڤەکانی دەخستە ڕوو و لەو ڕێگەیەوە وتەزاو کاری مەعریفی دەکرد. ئەوەش هەڵە نییە کە بڵێیین، بابەتی سەرەکی لەلای ئەرستۆ، بەکارهێنانی دانایی بووە و هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو، کە سەرنجی لە بابەتی ڕاستی و کاری ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی داوە و بابەتی سەرەکی، تایبەت بە وردبونەوە، بە کاری سیاسەتمەداران دەزانی، واتە: بۆ ئەوە دەستەیەی کە هێزی جێ بە جێ کردن و ئامانج و بەرپرسیارێتیان هەیە. ( ئەرستۆ) دەیەویست ئەوە بزانێت کە چ جۆرە سیاسەتمەدارێک دەتوانێت لەسەر بنەمای بەرزترین دانایی بجوڵێتەوە و کاری لەسەر پێوانەی ئەقڵ و لۆجیک بێت. ئەو لێرەدا دەپرسێت کە باشترین شێوەی حکومەت کامەیە لەهەلومەرجی دیاریکراوی مێژوویی و هەرێمایەتیدا. ئەم سەرنجە پراگماتیکی، لەباوەڕ بەبینینی ئەقڵانییەتەوە مانای هەیە، کە یۆنانییەکان ئەمە بە (تیۆریا) دەخوێنن لەقەڵەمڕەو و کارو قسەی سیاسیدا، هەمان بینینی عەقڵانیش دەتوانێت – کە – لەگەڵ پێوانەی خۆشبەختی و کامەرانی خەڵکدا بێت.
 
وەکو ئەوەی کە لەبەشی سەرەوەدا بینیمان، پەیوەندی دوو جۆرە ژیان، یەکێکیان لەسەر بنەمای بە دواداچونی دانایی و
ئەوی تریان لەسەر بنەمای کاریان بەکارهێنانی دانایی، بە جۆرێکی تر و  بە شێوەیەکی دیاری کراوتر بڵێین
لە پەیوەندی نێوان فەیلەسوف و سیاسەتمەداردا زانینی ئەوەی کە هەیە و ئەوەی کە دەبێت هەبێت، زۆر دژوارە

مامۆستاکەی(ئەرستۆ) واتە(ئەفڵاتون) یەکەمین کەسێک بوو، کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەم پەیوەندییەی لەناوەندی بیری کۆمەڵایەتی خۆیدا خستەڕوو. ئەم بەپێچەوانەی (ئەرستۆ)وە، لەبابەتی عەلەمییەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو ئەم لەسەرەتای کاریدا لە گرنگترین بەرهەمی خۆیدا کە لەم بارەیەوە نووسیویەتی، واتە لە گفتوگۆی کۆماردا، چەمکی گشتی ڕوت، تیۆری و فەلسەفی، واتە (دادپەروەری)بوو، ئامانجی ئەو لە (ئەوەی کە هەیە) زیاتر دەڕۆشت و گەیشت بە(ئەوەی کە دەبێت هەبێت). ئەفڵاتون لەزمانی سوقراتەوە کۆمەڵێک ئاواتی پێشکەش کرد کە ئەم چەمکە دەتوانێت تیایدا جێ بە جێ بێت و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاری کرد کە هەر خوێندکارێکی فەلسەفە پێی ئاشنایە. لەم گفتوگۆیەدا، بە شێوەیەکی ناچارییانە پەیوەندی فەیلەسوف لەگەڵ سیاسەتمەدارداو بە شتێکی پێویستی دەزانێ کە فەیلەسوف لەژیانی سیاسەتدا بێ، بە هەمان لۆجیکی دەرونی کە لەخستنە ڕووی وێنە کێشانی کۆمەڵێك ئاواتدا بڕیاری لێدابوو. ئەم بڕیارەشی وەهابوو کە نەبە تەنها فەیلەسوف دەبێت لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەنگاو بنێت، بەڵکو  پێویستە فەیلەسوف جڵەوی کاروباری کۆمەڵایەتی وحکومەتیشی بەدەستەوەبێت و بەحوکمی ئەقڵ فەرمانڕەوایی بکات. فەیلەسوف پیاوی داناو دادپەروەرەو تەنها ئەو دەتوانێت کۆمەڵێکی دادپەروەرانە بهێنێتە دی کە لەسنوری کاری زانین و ئەقڵدا بێت. لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار)دا ئەمە دەخوێنینەوە: ((ئەگەر لەکۆمەڵگاکاندا فەیلەسوفەکان نەبن بە پاشا، یان کەسانێک کە ئەمڕۆ ناوی فەرمانڕەوا بەخۆیان دەدەن و بەڕاستی دڵیان نەدەن بەلای فەلسەفەدا یان ئەگەر فەلسەفە و دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ یەکتریدا ئاوێتە نەکەن و هەموو سروشتە یەکلایەنەکانی ئەمڕۆیان بەمیا یان بە ئەولادا و لەناوەندیاندا هەڵناقوڵێن بەدبەختی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی و بەدبەختی جۆری مرۆڤیش کۆتایی پێنایەت و ئەو دەوڵەتەشی کە وەسفمان کرد نایەتەدی))
هەڵبەتە سوقراتی ئەفلاتون، بەردەوام ئەوە دەهێنێتەوە یاد هەم ئێستاو هەم پێشتریش خەڵکی لەگەڵ وەها حەکیمێکدا ناتەبابوون و لەکتێبی شەشەمی کۆماردا بە درێژی لەسەر بێزاری خەڵکی لەفەیلەسوفەکان قسە دەکات، کە ئەوە بێ ئاگایی و نەزانی ئەوانە لەڕێ و ڕەسمی حکومەت و شێوەی بەدەستهێنانی خۆشبەختی زانیندا، ئەو بەڕقەوە دەڕوابێتەوە ئەو کەسانەی کە ئاسایین و خۆیان لە بابەتی سیاسەت دەئاڵێنن، لەم بارەیەوە لە گفتوگۆی (پروتاگوراس)دا لەزمانی سوقراتەوە لەسەر ئەم ناتەباییە ڕاوەستاوە. لەکۆماردا، کاری سیاسەتمەدار بە کارێکی تایبەت دەزانێت کە ئارەزوی لەدانایی و پسپۆرییە کە دەبێت کەسی سیاسەتمەدار مرۆڤی هونەرو سەر پێ سپاردن بێت. ئەو بانگەشەی ((هەموو خەڵکی)) دەکات کە خۆیان بە شایستەی بەشداری لەسیاسەت و تەنانەت لە ڕابەرایەتی کردنی کۆمەڵ دەزانن، هەروەکو بانگەشەی نیشتەجێ بوانی سەرپشتی کەشتییەکە کە مەلەوانی نازانن، چونکە ئەو کارە کەسێکی وای دەوێ کە لە ڕازو نهێنییەکانی کەشتیوانی بە ئاگا بێت، هەروەک چۆن دەبێت فەیلەسوف لەحەقیقەتی کاروباری حوکمڕانی کۆمەڵ بەئاگابێت.
لەسەرەتای کتێبی شەشەمی (کۆمار)دا ، سوقراتی ئەفڵاتون، پشت بەستو بە قسەوباسەکانی پێشتری خۆی کە فەیلەسوفی بە کەسێکی بێ وێنە ناساندبوو کە سەروبەندی لەگەڵ حەقیقەتدایە و کاری سەرەکی ئەو ، بە دواداچونی حەقیقەتەو شایستەی سەردارییە ((هەروەکو ئاشکرایە، فەیلەسوف کەسێکە کە دەتوانێت هەستێکی بێ وێنە و لەگۆڕان نەهاتوی هەبێت، لەکاتێکدا کە کەسانی تر لەم توانایە بی بەهرەن و لە زانینی زۆر و جۆراو جۆردا سەرگەردانن، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا جڵەوی کۆمەڵ بەدەست کام یەک لەم دوو گرووپەوە بێت؟)) هەڵبەتە بە دڵنیاییەوە دەڵێت: (ئاشکرایە کە بۆ ڕابەرایەتیکردنی کۆمەڵ کەسانێک شایستەن کە بتوانن پارێزگاری لەیاسا بکەین.))ئەمە لەسەرنجی ئەفلاتوندا زۆر دیارو ڕۆشن بووە، حەقیقەت شتێکەو کەسێکیش کە پەی بەم حەقیقەتە ببات فەلەسەفە، ئەوە کە دەتوانێت حەقیقەت بناسێت و لەو ڕووەوە مافی حکومەت بە ئەوانی تر بدات کە ( لەزانینی زۆر و جۆراو جۆردا سەرگەردانن) هیچ کاتێک توانای لۆجیکی ئەقڵ باوەڕی ئاوەها بێ پەردە و دیار نەبووە. کەسانێک هەن کە لە (ناسینی حەقیقەتدا شتگەلێک نازانن) و هەروەکو نابینا وان، بەرامبەر بەمان کەسانێک هەن کە (حەقیقەتی شتێک دەناسن، لەکاتێکدا کە نە لەلایەنی ئەزمون و تواناوە نە لەلایەنی لێهاتویی مرۆڤایەتیشەوە کەمترن لە گروپەکەی تر)
ئیتر کام لایەنیان دەبێت حاکم بێت؟ لێرەدا سوقراتی ئەفلاتون هەشت نیشانەی سەرەکی فەیلەسوف دەژمێریت و قسەی خۆی بەوە دەخاتە ڕوو کە تەنانەت (موموس) کە خوای ئەقڵە نایەوێت توانستی ئەم پیشەیە (فەلسەفە) وردبکاتەوە و سەرەنجام دەپرسێت(( ئایا خەڵکانێک کە وەها سروشتێکیان هەیە و لە پەروەردەی دروستەوە هاتون و گەیشتونەتە تەمەنی پێگەیشتوو، تەنها کەسانێک نین کە دەبێت جڵەوی کاروباری وڵات بەدەستەوە بگرن؟)) ئەفلاتون گفتوگۆیەکی تری هەیە، کە دەستپێکی گفتوگۆکە بە چەمکی(سیاسەتمەدار)       دەست پێدەکات و بڕیاروایە کە لەبەردەوامی ئەم گفتوگۆیەدا، یان لە گفتوگۆیەکی وابەستە بەمەوە باسی چەمکی (فەیلەسوف)یش بکات، بەڵام ئەو ئەمەی نەنووسی،یان ڕەنگە نووسیبێتی و بە درێژایی کات نەمابێ و نەگەیشتبێ بە دەستی ئێمە. ناونیشانی باسی گفتوگۆی جێگەی باسەکەمان(politicos)ە، بە واتای (سیاسەت) کە بەفارسی بە (کەسی سیاسی) وەرمان گێڕاوە، چونکە لەیۆنانیدا کاری سیاسەت، تەنها تایبەت بووە بە پیاوەوە و ژنان بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتون، دەتوانرێ ناونیشانی پیاو سالارانەی گفتوگۆکە بە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەیی مێژوویی دابنرێت. وادەردەکەوێ کە کەسی سیاسی چەند ساڵێک دوای کۆمار نوسرابێت هەرچەندە کە لە کۆتاییدا بڕوا بە دیدگایەکی سەرکوت کەرانەیە، بەڵام تا ماوەیەک پێش ئەوە، ئاراستەی بۆ لایەنە کردارییەکانی بابەتی سیاسەت کردووە. هەڵبەتەلێرەدا ئەفلاتون بە هەمان ڕەقی ڕێبازی کۆمارەوە لەو باوەڕەدایە، کە لەبەرامبەر  حکومەتی سەرکوتکەری تاکەوە، واتە دەسەڵاتدارێتی کەسێک کە دانایە و بەهاوکاری حیکمەت فەرمانڕەوایی دەکات، حکومەتی یاسا، هەروەکو ئاداب و سوننەت، بەهایان نییە و لەوێدا خراپە بێ ئەندازە ڕوو دەدات.

لەسەرەتای گفتوگۆی (تیۆدورس)داو لە (بێگانە)دا دەیەوێت چەمکی( کەسی سیاسی) و فەیلەسوف لەیەکتری جیا بکاتەوە. ئەمە هەمان (بێگانە)یە کە بەتوانای (سۆفیست) لە گفتوگۆیەکی تردا بەهەمان ناونیشانەوە خستوویەتییەڕوو. لێرەدا بەجوانی بەناوی سوقراتەوە(کە لەگەڵ فەیلەسوفی ناودار و مامۆستای ئەفلاتوندا جیاوازە) هەنگاو بە هانگاو دەکەوێتە ناساندنی کەسی سیاسییەوەو هونەریان تەکنیکی ئەو دەکاتەوە. ئەم ڕەوتە دوور و درێژەی بە دوادا چوون، سەرەنجام بڕیارێک بە دەستەوە دەدات، کە لەگەڵ چەمکی(حکومەتی دروست)دا وابەستەیە. بێگانە دەڵێت: هونەری فەرمانڕەوایی دروست، تەنها لەیەک دوو کەس(یان ژمارەیەکی زۆر کەمدا) دەتوانیت پەیدا بێت و (تەنها کۆمەڵانێک دەتوانن هەبوونی حکومەتێکی دروست بزانن کە کەسانێک ئەو حکومەتە دەکەن زانیاری ڕاستیان هەبێت نەک زانیاری خەیاڵی و هیچ جیاواز نییە لەوەی کە ئەو کەسانە لەڕووی یاساییەوە حکومەت دەکەن یان لەڕوی نایاساییەوە بەڵام سیاسەتمەداری دانا  کە بتوانێت حاکمی ڕاستی بێت، حوکمی کیمیای هەیە، ناسین و پەسەندکردنی ئەو لەلای خەڵکی ئارەزومەندی کارو دوربینی زیاترە کە بەگومانی (ئەگلاتون)،(تێکڕای خەڵکی) لەو بارەیەوە لەپێشتردا بێ بەهرەبوون. لەنائامادەیی ئەودا               (یان لەئەگەری ئەوەی کە خەڵکی ئەو نەناسن، یان ڕوو لە ئەو وەربچەرخێنن)، واتە لەکاتی نەبوونی دروست بوونی (حکومەتی تەواوەتی)دا، شێوەی جۆراوجۆری حکومەت و بەشیوازی جۆراوجۆری یاسایی پەیدا دەبن ((دەڵێت: شێوازی جۆراوجۆری حکومەت بریتییە لە پاشایی و سەرکوتکەری و ئۆلیگارشی و ئەریستۆکراسی و دیموکراسی،کاتێ پەیدا دەبن کە خەڵکی تەنها بۆ ئەو حوکمڕانییە ڕاستییە ڕوو وەردرگێڕن و باوەڕیان وەهایە،کە مومکین نییە کەسێک پەیدا بێت لەڕوی لێهاتویی و کاری فەرمانڕەواییەوە بتوانێت ڕوی دادپەروەری بە هەر کەسێک بدات کە مافی ڕاستی ئەوبێ)
من لێرەدا و لەسەر ئەوەی کە پێشتر باسم کرد، سەبارەت بە داکۆکی کردنی ئەفلاتون لەسەر حکومەتی سەرکوتکەری و تەنانەت لەسەر ئەو دەرئەنجامە فەلسەفییەی کە لەم بارەیەوە بەدەست دێت ناوەستم، بۆ نموونە پێداگرتنی ئەو بۆ تێگەیشتن لەسەر گرنگی پەروەرد و فێرکردنی سیاسی، چونکە تا ئەو جێگەیەی کە لێرەدا گرنگە لەلای خوێنەر ئاشکرایە.
هەر لەیەکەمین ساتەوەختی تێڕامانی فەلسەفیدا، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان فەیلەسوف و سیاسەتمەدارەوە جۆرە ناحاڵی بۆنێک لەم بارەیەوە لەئارادایە و ئاراستەی باسەکە بەرەو دەرئەنجامێکی تر دەبات. ئەو سیاسەتمەدارەی کە لەگەڵ ژیانی کاری ڕۆژانەیدا سەروکاری هەبوو، بێ نرخ بوو. هەندێک لە فەیلەسوفەکان وەهایان دەبینی و وایان دادەنا کە یان جڵەوی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئەوان بسپێردرێت، یان لە کاروباری وڵاتدا جێگەی بەشداری کردنی کاریگەر و دیاریان هەبێت. خۆش بەختانە جیاوازییەک کە ئەم فەیلەسوفانە بۆ خۆیان دەریان دەبڕی، کەمتر جێگەی بڕیارلێدان بوو و لەباشترین کاتدا لە وێنەی ڕاوێژکردن زیاتریان نەبوو.
ئارەزوویەک لە وێدا هەبوو، واتە بەد گومانی و تەنانەت دوژمنایەتی فەیلەسوف و سیاسەتمەدار لە بەشداربوون لەنێوان فەیلەسوفێکدا، کە لە کاری ڕاستیدا دەست پێدەکات لەگەڵ فەیلەسوفێکدا کە بە چەمکی ڕوت (تجرید) بڕیار لەسەر ئامانجی خۆی دەدات. ئەم دوو ڕاستییە شتێک لەدەرەوەی خۆیان، شتێک بەجێگیرو نەگۆڕاو دەناسن و دەسەڵاتێک وابەستە بەوەوە پێشکەش دەکەن. هەردوکیان وابەستە بە (تێکڕایی خەڵکی) و وێنەی سیاسی ئەوانەوە بەدگومانن، هەریەکەیان بە پێوانە لەگەڵ دیموکراسی و حکومەتی خەڵکیدا جیاوازی دەکەن. هەڵبەتە لێرەدا باس لە((مەیلی زاڵ)) لە فەرهەنگی فەلسەفی- سیاسی ڕۆژئاوادایە و دەتوانرێت چەند نموونەیەکیش لەم لایەنەوە بهێنرێتەوە، کە لەگەڵ ئەم مەیلەدا نەبێت، بۆ نموونە سۆفیستەکان کە لەسەدەی (پێنجەمی) پێش لەدایک بونی عیسا لە (ئەتین) ژیانیان دەکرد، هەواداری دیموکراسی بوون و لەبەشداریکردنی خەڵکدا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و  کۆمەڵایەتی خۆیان بەرگرییان دەکرد. ئەوان حکومەت کردنیان بە داواکاری دانایی و  ئەقلانی پێشبینی تایبەت نەدەزانی و ئەوەیان ڕەت دەکردەوە پێویست بێت یەکەمین جار زانینی سیاسی بە دەست بێت ( واتە لە هەڵبژاردنی فەیلەسوەکاندا بێت) و لە دوای ئەوە ئەم زانینە حکومەت پێک بهێنێت. ئەوان ئەو ڕاسپاردەیەیەیان ڕەت دەکردەوە کە پێیان وابوو باشترە نەزانان (واتە تێکڕای خەڵکی) گەردنی خۆیان بدەنە دەست حکومەتی داناکان. ئەوەی کە لە پەیوەندی نێوان زانین و دەسەڵاتدایە ( ئەوەی کە ئەفڵاتون لە یاسای "پاشای فەیلەسوف"دا خستویەتییەڕوو، ئەرستۆش ئەوەی بائاوازێکی گونجاوتر هەروەکو" پێویستی و سودی بەکارهێنانی دانایی لەکاری سیاسی"دا بەکارهێناوە) لێرەدا پرسیارێکی تر سەرهەڵدەدات کە هەربابەتێک، هەر کارێکی سیاسی( کە لە چوارچێوەی هەر حکومەتێک و هەر شێوەیەکی حکومەتدا بێت) جێگەیەکی دیاری کراوی دەبێت کە تەنها لە ڕەوتی کاری پراکتیکی شێوەی دروست و کاریگەری ئەو زانینەدا دەناسرێت.
لەباشترین کاتدا تەنها هاوڕێیەتی بەهای دادگەرانە جێگەی چارەسەرەکانە، ڕوانگەو پێشنیارگەلێک کە خەڵکی جیاواز لەبارەی بابەتێکی دیاریکراو و کاروبارێکی گرنگی ژیانی سیاسی و مەدەنی خۆیانەوە ئاراستەی دەکەن، دەتوانێت کاری حکومەت بۆ پێشەوە بەرێت.
ئەم جۆرە کۆمەڵ و هاوڵاتیانە نیازیان نییە بچنە ژێر باری حکومەتی دانایان و فەیلەسوفەکانەوە. ئەمان بەر لەهەر شتێک خۆیان بیر دەکەنەوە- واتە بەر لەهەر پراکتیک و ئەزمونێک- خۆیان زانستی حکومەت کردنیان پەی پێ بردووە. لە بەرانبەر حکومەتی کەمینەی داناو  فەیلەسوفەکاندا، هەمووان مافی یەکسانیان هەیە لە بەشداریکردن لە سیاسەتدا و لەم ڕوانگەیەشەوە، فەیلەسوف و داناکانیش دەتوانن لە ڕەوتی گفتوگۆ و ئاخاوتنی ئازادانەدا  پێشنیارەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. ئەم بابەتە (کێ حکومەت بکات ) باسێکی ڕۆژانەیەو دژوارییەکی گەورەی لای هەمووان دروستکردووە لەسەر ئەوەی کە ئایا هەمیشە حەلاق لای فەیلەسوفەکان بێت؟ کە بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە حوکمێکە جێگەی گومان لەسەر کردنە.

لە گۆڤاری نۆڤین، ژمارە (١١) تەموزی ٢٠٠٧، مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک) بڵاوکراوەتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved