دوێنێ بۆردی هۆشیاری- مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ كوردستانی نوێ، كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی نامیلكەی (چەمكی رای گشتی لە كۆن و نوێدا) لە نووسینی د. نەسمە ئەلبەتڕیق و وەرگێڕانی ئاوات حەمە ئەمین  لە ساڵۆنی رۆژنامەكە رێكخست، د. عەدالەت عەبدوڵڵا، جگە لە نووسینی پێشەكی بۆ نامیلكەكە، خوێندنەوەیەكیشی بۆ كتێبەكە كرد. 
سەرەتا د. عەدالەت عەبدوڵڵا رایگەیاند: نووسەر لە كتێبەكەیدا ئاماژە بە توانای راگەیاندن و ئامرازە جیاجیاكان دەكات لە پێكهێنانی رای گشتییدا، ئەم توانایەش گرێدەداتەوە بە واقیعی كۆمەڵگە و سیستمە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكەیەوە. لە روانگەی د. نەسمە و زۆر توێژەری دیكەش گرنگی رای گشتی وەك چەمك و زاراوە  بە پلەی كەم لە سەدەی 18 و 19دا بەرجەستە بووە، ئەویش بەهۆی رۆژنامەگەری و بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانەوە.
گوتیشی:  لە شۆڕشی فەرەنسادا رای گشتی بەشێكی جەوهەریی بوو لە شۆڕشەكەدا، خەڵك بەشدارییان لە بڕیارسازیدا دەكرد، ئەوەی كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرنگی پێنادرێت، بۆ نموونە زۆر سەختە ئێمە باسی رای گشتی لە عیراق بكەین، چونكە دەوڵەتی عیراق هەر لە دامەزراندنەوە تا ئێستا بەناو سیستمێكی دیموكراسیدا گوزەری نەكردووە. 
د. عەدالەت ئاماژەی بەوەشدا، رای گشتی لە سیستمە دیموكراسییەكانیشدا بێ كێشە و كەموكووڕی نییە، بەدوور نییە لە ئاڵنگاری و ململانێی گەورە بۆ جڵەوكردن و ئاراستەكردنی، لە رۆژئاوا وڵاتە زلهێزەكان دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوە و رووناكبیریدا گرتووە، بگرە بوونەتە هۆی پاوانكردنی زانین و زانیارییەكان و یاریكردن بە راستی و واقعی رووداوەكان، لەڕێگەی ئەوەشەوە جڵەوكردن و ئاراستەكردنی رای گشتیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەكاندا. 
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved