لەبەرایی ئەم کتێبەدا مامۆستا جەعفەر دەنوسێت گەشتنامەکەی عەبدولڕەزاقی ئەسفەهانی، لەدەوروبەری ساڵی ١٢٣٠ک (بەرامبەر ١٨١٤ - ١٨١٥ز) نووسراوە. ئەم دەستنووسە ساڵی ١٨٦٥ز گەیشتووەتە کتێبخانەی قەیسەری ڤین (ڤیەنا) Hofbibliothek zu Wien و لەوێ پارێزراوە. ساڵی ١٨٩٦ز لەلایەن دکتۆر مەکسیمیلیان بیتنەرەوە . (Dr Maximilian Bittner) کراوەتە ئەڵمانی و پێشەکی بۆ نووسراوه، بە (٨٣) پەراوێزی نایاب و دەقە ئەسلییەکەشیەوە وەکو خۆی بڵاوکراوەتەوە.
دکتۆر بیتنەر ئەم بەرهەمەی خۆی ناوناوە(ناوچەی کوردنشینی شنۆ و شاری ورمێ) Uschnüje und die Städte Urumije) (Der Kurdengau نە نووسەر خۆی و نەوەرگێڕ، زانیارییەکی ئەوتۆمان لەسەر نووسەرو دەستنووسەکە ڕادەست دەکەن، نەهیچ سەرچاوەیەکمان بەدەستەوەیە لەسەر ژیاننامەی ئەسفەهانی بچووکترین زانیاری پێشکەش بکات: بۆ نموونه: نووسەر، کێیە و لەکوێ لەدایک بووەو لەکوێ خویندوویەتی و هۆی چیبووه، کە ویستوویەتی ڕووبکاتە ئەوروپا؟
ئێمە پاش تێپەڕبوونی ١٩٤ ساڵ بەسەر لێبوونەوە لەنووسینی گەشتنامەکەداو تێپەڕبوونی ١١٢ ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی، لەگەڵ وەرگێڕانە ئەڵمانییەکەیدا، هەرهەموو پێکەوە لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ کوردی بڵاودەکەینەوە، بەئومێدی ئەوەی کەلێنێکی زۆر بچووک لەمێژووی گەلی کوردو شارەکوردنشینەکان پڕ بکەینەوه.
گرنگی ئەم گەشتنامە کورته، تەنیـا بۆ دۆزینەوەی دەقێک، ناگەڕێتەوە کە تەمەنی نزیکەی (٢٠٠) ساڵه! ئهمە لایەنێکە لەبایەخ و سوودی دەستنووسەکه. گرنگییەکەی تری ئهوەیە، ڕەنگە یەکێک بێت لەو دەقە کۆنانەی، کە تیشک دەخاتەسەر مێژووی نزیکەی (٢٠٠) ساڵ لەمەوپێشی شنۆ و ورمێ و ڕەواندوز، کە ئێمە ژێدەرو سەرچاوەیەکی زۆرمان لەسەر ئهم قۆناغە لەبەردەستدا نییە. ئهگەر هەندێ سەرچاوەی دەستی یەکەم و دووەمیشمان پێی پەیدا بکرێت، سەرچاوەی پڕ لەژمارەو ئامارمان بەدەستەوە نییه. ئهم دەستنووسە، بۆ نموونه، تیشک دەخاتە سەر ژمارەی خێزان و دانیشتوانی شاری شنۆ و ژمارەی گوندەکانی: ژمارەی خێزان ٧٠٠ ماڵ/ ژمارەی دانیشتوان ٣٥٠٠ کەس/ ژمارەی گوند ٣٢ دێ/ ساڵانە(٦٠٠٠) شەش هەزار تومان باجیان بەدەوڵەت داوە.
سەبارەت بەشاری ورمێ، دەنووسێت: ژمارەی خێزان (٦٠٠٠) شەش هەزار ماڵه/ نزیکەی (١٠٠) خێزان مەسیحی و (٣٠٠) خێزان جوون/ ئاماژە بۆ ژمارەی مەنیفاکتۆرە لەورمێدا دەکات و ژمارەی جۆڵا ٧٠٠ دەزگا؛ بەفارسی (دستگاە نساجی) واته: جۆڵای چنینی قوماش: بەئەڵمانی نووسراوە(Weber)، هەروەها ئاماژە بۆ پێڵاودروو دەکات، کە بەرهەمێکی یەکجار زۆریان هەیه، کە بەلایەوە سەیرەئهو هەموو پێڵاوەچۆن دەفرۆشرێت/ ساڵانە(١٠٠٠٠٠) سەد هەزار تومان باجیان بەدەوڵەت داوه.
ئهوەی ڕاستی بێت من بۆ کتێبی (سلێمانی: ململانێی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ١٨٢٠ - ١٩٢٠) هەر زۆر بەدوای ژمارەو قەبارەی چین و توێژەخاوەن پیشەکانی شاری سلێمانیدا گەڕام و هیچم دەست نەکەوت. لێرەدا ئهوە لەسەر شاری (ورمێ) کۆمەڵێک زانیاری باش تۆمار کراوه، کە بۆ نووسینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی ئهم شارە زۆر گرنگن.
گەشتنامەکە، لەشاری شنۆدا ئاماژە بۆ دابەشبوونی کۆمەڵی شار دەکات، لەنێوان قادری و نەقشبەندی. بڵاوبوونەوەی نەقشبەندی لەساڵی ١٨١٥ز لەو دەڤەرەدا بڵاوبۆتەوە، بەڵگەیەک لەسەر خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێبازە لەماوەیەکی کورتدا. ئێمە دەزانین مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەساڵی (١٨١١ز) لەشاری سلێمانی دەستی بە ئیرشاد کردووه. گەر لەماوەی سێ چوار ساڵدا ڕێبازەکە، کۆمەڵی کوردی، لەشاری شنۆدا بۆ دوو پۆل دابەش کردبێت، بەڵگەیە لەسەر خێرایی بڵاوبوونەوە و هێزی دەرکەوتنی مەولانا و ڕێبازەکەی بۆ دووری سەدان (کم) لەخاڵی دەستپێکردنیەوە.
عەبدولڕەزاق ئەسفەهانی ئاماژە بەجەژنێکی هاوبەشی کوردی ـ ئهرمەنی (ئیسلامی ـ مەسیحی) دەکات. ئهمەجێگەی سەرسوڕمان و سەرنجدانه. ئەگەر جەژنێکی هاوبەشی وا هەبێت، پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.. هەرچەند ئهو وەکو کابرایەکی مەزهەبی داخراو، وێنەیەکی بابەتیمان پێشکەش ناکات. ئهو، لەسەر گۆڕی شێخ برایم ئاهەنگێک دەبینێت، کە هەموو ساڵێک وەکو جەژنی ڕەمەزان و قوربان دووبارە دەبێتەوە.. ژن و پیاو، بەهەزاران تێکەڵاو دەبن. گوایه: کیژان، بەبەرچاوی باوک و کەس و کاریانەوە، ئاوێزانی کوڕان دەبن، لەیەک دەئاڵێن.. بەبێ ئهوەی شەرم لەباوک و دایکیان بکەن.. من پێموایە ئهمە قۆناغێکە لەقۆناغەکانی گەشەکردنی خەپخەپانۆکێ!
عەبدولڕەزاق ئەسفەهانی لەسەردەمی محەمەد پاشای ڕەواندوزی (پاشا کۆره) سەردانی پایتهختی سۆرانی کردووه. بەچاوی خۆی چالاکی و سەرقاڵی میری سۆران دەبینێ بۆ دروستکردنی قەڵاو تۆپ.. ئێمە ئهگەر زانیمان محەمەد پاشا، پاش مردنی باوکی ١٢٢٩ک (بەرامبەر ١٨١٣ - ١٨١٤ز) دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و فەرمانڕەوایەتی پێسپێردراوه. ساڵێک پاش حوکم گرتنە دەستی پاشا کۆره، گەشتنامەکە نووسراوە ١٢٣٠ک (١٨١٤ ـ ١٨١٥ز) کەواتە: ساڵی حوکمڕانی و پرۆژەی دروستکردنی سوپاو مەکینەی عەسکەری (قەڵا، تۆپ....) پێکەوە بوون میر نەویستووە یەک چرکە کات بەفێڕۆ بدات: دەسەڵات وەرگرتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی سوپاو مەکینەی عەسکەری بەهێز پێکەوە بوون.
گەشتیار، شایەتی ئهوەبۆ پاشای کورد دەدات، کە پیاویکی زیرەک و هۆشیارو ئازاو دەستکراوەو بەخشندەو دڵباش بووه. باشترین شێوەی ئاڵۆزی پێناسەو باڵادەستی نیزام و ئاسایشی بەرچاو کەوتووه. کەس نەیوێراوه، دەست بۆ سەروەت و سامانی خەڵک بەرێت، ئەگەر هیچ کەسیش لەو ناوە نەبووبێت. لەدەرگای قەڵاوه، هەرکەسێک، ویستبێتی بچێتە ژوورەوه، دەرگاون و پاسەوانەکان چەک و ئامرازی شەڕیان لێ وەرگرتووه، پاش دەرچوون لەقەڵا، چەکەکەی سەرلەنوێ ڕادەستی کراوەتەوه.
من نامەوێ، بەدوورو درێژی لەسەر بۆچوون و تێگەیشتنی عەبدولڕەزاق ئەسفەهانی بنووسم. ئهو، لەگۆشەنیگایەکی کوێرانەی مەزهەبی و فارسچێتی و ڕق هاتنەوە لەگەلانی تر، دژی کوردو جوو، کۆمەڵێک قسەی بێسەرو بەری نووسیووه. شەلم کوێرم هیچ نابوێرم، هەڵەی زۆری کردووەو نرخی زانستیی کارەکەی خۆی کەمکردۆتەوه. زاناو وەرگێڕە ئەڵمانەکە، بەیەک پەرەگراف لەپێشەکییە کورتەکەیدا، هەر زۆر بەجوانی ڕەش و سپی لەیەک جیاکردۆتەوه. ئهو، هەر لەبەرئەوەی پیاوێکی زانستکار و ئەکادیمی بووه، بەبێ ئهوەی هیچ کوردێک، یان کورد دۆستێک، بەگوێیدا چپاندبێتی، هەر یەکسەر بەچەکی بەڵگە و لۆجیکەوە، سەنگەری سەرهوەی لەئەسفەهانی گرتووەو قسەکانی بەپووچەڵ و بێبناغە و بێسەروبەر داناوه.
ئهو، پێیوابووه، ئهو گەشتیاره، بەچاویلکەی نەتەوەی دەسەڵاتدارو فەرمانڕەواوە سەیرى گەلانی تری کردووەو بەمێشکی خۆی بیری نەکردۆتەوەو نەیتوانیوه، بەچاوی خۆی شتەکان ببێنێت.
قسەکانی ڕەنگدانەوەی جیهانی میتیۆلۆگیای هەڵبەستراوو حوکمی کوێرانەی پێشەکیدراون و هیچ پەیوەندی بەڕاستییەوە نییه. حوکمی پێشەکیدراو، پەیوەندی بەئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتخوازی و خۆبەزلزانینەوە هەیه، نەک حوکمی مەنتیقی ڕاتسیۆنال و واقیع.
ئێمە ئەگەر گەشتنامەی گەشتیارێکی ڕۆژهەڵاتی (وەکو ئەسفەهانی) لەگەڵ گەشتیارێکی ڕۆژئاوایی (وەکو ک. ج. ڕیچ) بەراورد بکەین، دەبینین: گەشتیاری ڕۆژئاوایی، ئەگەڕ ڕەخنەو گلەیی و گازندەی لەکورد هەبووبێت، ڕاستەوخۆ قۆڵی لێ هەڵماڵیوەو دەستی نەکردۆتە داشۆری و کوتەک و گورز ڕاوەشاندن! بەپێچەوانەوه، فلتهری بۆ ڕازو نهێنییەکانی ناو دڵی داناوه، بەئامرازی دەربڕینی هونهری و هونهری ڕەوانبێژی تیر و توانجی خۆی گرتووه. بەڵام گەشتیاری ڕۆژهەڵاتی، کۆیلەو دیلی هەست و سۆزی ئاگرینی فارسگەرێتی و مەزهەبگەرێتی بووه، کە ڕێگەی بیرکردنەوەی بابەتی نەداوەو ناچاری کردووه، ژەهراوی ڕق و کینەی دواکەوتن و بەجێمان بەخەڵکی تردا بڕێژێت.
ئهو، هەرچەند بەرامبەر بەکۆمەڵەکەی خۆی هەست بەنامۆیی دەکات، لەژینگەی کۆمەڵایەتی خۆی ناڕازی و تووڕەو بێزارەو دەیەوێت بڕوات و سەری خۆی هەڵبگرێت و لەوێ نەمیینێتەوه. بەدوای پەڕی شەهێن و داڵێکدا وێڵە، سەری پەنجەکانی بەئاستەم لێی گیر بکات و خۆی پێدا هەڵواسێت و پێی بگاتە بەرایی ئەوروپاو خەون و خەیاڵە نەزۆکەکانی بهێنێتەدی.
نائومێدبوون، لەدەربازبوون و تێکشکانی پڕۆژەی ئەوروپای پاش شۆڕشی پیشەسازی تووڕەترو بێزارتری دەکات. بەدەستی بەتاڵ و بەیاوەری ناسیاوێکی، کە حاکمی شنۆیە، ڕوودەکاتە کوردستان. ئیدی هەرچی پیشخواردنەوەو پەستی و ڕەش بینی هەیە، دەخاتە ئەستۆی کوردان.
هۆی چییە، کە ئێمە وەرگێڕانە کوردییەکە لەگەڵ تێکستە فارسییەکەو وەرگێڕانە ئەڵمانییەکە پێکەوە بڵاودەکەینەوە؟ ئهوە فارسییەکە بۆ ئهو کەسانەی زانستکاران و بۆ کاری بەراوردو بەراوردکاری پێویستییان بەدەقە ئەسڵییەکە دەبێت! ئەی وەرگێڕانە ئەڵمانییەکەمان بۆ چییە؟ وەرگێڕانە ئەڵمانییەکە ١١٢ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەکولەکەی تەڕیشدا ناوی نەماوه! دیارەگیانی ئەمهکداری و وەفاو پێزانین بەرامبەر دکتۆر مەکسیمیلیان بیتنەر، کە یەکێکە لەپێشەنگەکانی داکۆکی لەگەلی کورد، شایانی ئهوەیە کارەکەی ئهویش سەرلەنوێ تیشکی بخرێتە سەر و لەبەردەستی زانستکار و کۆڵیاراندا دانرێت.
وێڕای ئهم دوو خاڵەی ڕەچاوکراون، بیرمان نەچێتهوه، ئهمڕۆ لەئەڵمانیاو نەمساو سویسرادا، پتر لەملیۆنێک کورد دەژێت، کە ئەڵمانی زمانی یەکەم، یان دووەم، یان سێیەمیانه. ژمارەیەک ئەڵمان و نەمسای و سویسری دۆستی کورد هەن و دەیانەوێت تێکستێکی وا کۆن بخوێننەوەو بۆ کاری لێکۆڵینەوە سوودی لێ وەربگرن.
کارەکەی دکتۆر بیتنەر مۆرکی ماندووبوونی پێوە دیارەو بەڕاستی مرۆیەکى زۆر ورد و بەسەلیقە بووه. من بڕوا ناکەم بەشێکی وەرگێڕەکانی ئێمە، بتوانن ئهوەندە دڵسۆزو پەڕۆشی کاری وەرگێڕان بن. ئهو کارەکەی لەپێناوی وەرگێڕان و حەقدەست نەکردووە و ڕەنگە تەنیـا ئامانجی ئهنجامدانی ئەرکێکی زانستی رووت بووبێت. کاک ئاوات دەوڵەت کارەکەی خۆی، کە وەرگێڕانی پەراوێزەکان بوو، بەڕێکوپێکی ئهنجامی داو هیچ هەڵەیەکم لەکارەکەیدا بەرچاو نەکەوت.
من ڕەنگە بیست جار، هەر سێ تێکستەکەم خویندبێتەوە و هەوڵمدابێت، بەگوێرەی توانا، پەراوێزەکانی دکتۆر بیتنەر لەناو دەقە کوردیەکەدا جێگە بکەمەوه، هەندێ جار بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووم.
زانینی دوو زمان بەباشی، مرۆڤ ناکاتە وەرگێڕ! چونکە وەرگێڕان لەلایەکەوە زانستە و لەلایەکی ترەوە هونهره. لای ئێمە، وەرگێڕمان هەبووەو هەیە(شکور مستەفا، عەزیز گەردی، هەژار موکریانی، محەمەدی مەلا کەریم، سەلاحی ئاشتی .. هتد) ڕۆحیان بەبەر تێکستە وەرگێڕاوەکاندا کردووەو هەست ناکەیت تۆ تێکستیکی وەرگێڕاو دەخوێنیت. بەپێچەوانەوە، کاری وەرگێڕاوی ئهوتۆمان هەیه، مۆرکی بێگاری و گوێنەدان بەشێواندنی زمانی کوردی و ڕەزیل کردنی سەنعەتەکەی پێوەدیاره.
دوو ساڵ لەمەو پێش د. نەجاتی عەبدوڵڵا لەپاریسەوە ئهم کتێبەى بەفۆتۆکۆپیکراوی بۆ ڕەوانەکردم: زۆر سوپاس بۆ پەیداکردن و ناردن و ماندووبوونی ئهو برایه، کە شێت و شەیدای پەیداکردنی دەستنووس و دۆکۆمێنتی کوردیه. ئهو بەتەمابوو من بەپشت بەستن بەوەرگێڕانە ئەڵمانییەکە و سوود وەرگرتن لەدەقە ئەسڵییەکە، سەرجەمی کاری وەرگێڕانەکە له دەست بگرم. ئهوەی ڕاستی بێ، جەنجاڵی کاری ڕۆژانەو سەرقاڵبوون، بوونە هۆی نەپەرژان و دابەشکردنی بەسەر سێ کەسدا. من سەرباری ئهم پێشەکییە، کاتێکی زۆرم بەپێداچوونەوە ڕۆیشت.. سەرباری هەوڵدانی بەراوردو بەرامبەر بەیەکدانانی وشە و ڕستە تەماوییەکان و دڵنیابوون لەواتا بەخشین و باش تێگەیشتن لەڕستە فارسییەکان، چونکە وەرگێڕە ئەڵمانەکە خۆی زۆر ماندووکردووەو دارشتنەکەی زۆر ڕێک و پێک و سواره.
هیوادارین لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئهم گەشتنامەیە کەلێنێکی بچووکمان لە کتێبخانەی کوردی و مێژووی ئەم سێ شارە پڕکردبێتەوە.
سەرچنار
١٨/٢/٢٠٠٩
چەند وانەیەک بۆ بەشی فەلسەفە و مێژوو
لەئهكادیمیای قهیسهری بۆ زانستهكان
پێشگوته
بۆیە تا ئێستا بیرم لێنەکردۆتەوە، دەستنووسێک بڵاوبکەمەوە کە لە دەیە سەرەتاییەکانی ئەم سەدەیە نووسراوە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەقەکەی لە یەکەم تێڕوانیندا بە تازەو کەمبایەخ دەهاتە بەرچاو بەڵام شێوەو ناوەڕۆکی ئەم دەقە فەلسەفی و جوگرافیاناس بە هەمان ئەندازە بە لای خۆیدا پەلکێش دەکات. ئەمەشیان دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی ئەم پیاوە فارسه، کە جێی باوەڕی ئێمەیە و تێیدا باسی ئەو بەشە شاخاوییەی ڕۆژئاوای ئێران دەکات، کە دانیشتوانی هەمەڕەنگ و شوێنەواری پڕبایەخ و دێرین و لێرەواری شادیبەخش و باخ و باخچەی بژوێنی هەیه. گشت ئهو دژێتییانەی لای خەڵک و لەو وڵاتەدا هەیه، سەرنجی توێژەر بە لای خۆیاندا رادەکێشن. باسی ئهو دەڤەرە دەکات، کە سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی فارسە (ئێرانه) و لەکەنارەکانی دەریاچەی گەورەو شینباوی ورمێوە دەستپێدەکات تا دەگاتە دوندە بەفرینەکانی زنجیرە چیای کوردەکان. نووسەرە دێرینەکانمان لەبارەی ئەم پارچە زەوییە پیرۆزەیان نووسیوه، گەرچی بە کورتی و پچڕپچڕ باسیان کردووەو لەسەرەتای ئەم چاخەمانەوە ههندێ ئۆرووپی سەردانی ئەوێیان کردووەو توێژینەوەیان لەبارەیەوە ئەنجامداوەو چەندین باسی وردی ئهو ناوچەیەمان لەبەردەستدایه، کە دەتوانین بڵێین، سەروکارمان لەگەڵ سەرزەمینێکی نەناسراودا نییە. دەبێ پێمانخۆش بێت کە دەرفەتێکمان هاتۆتە بەردەست بۆ ئەوەی گوزارشتەکانی گەڕیدە ئۆرووپییەکان لەگەڵ گێڕانەوەی یەکێکی خەڵکی ئهو وڵاتە بەراورد بکەین، هەرچەندیش ئەم گێڕانەوەیە سادەو ناتەواو بێت بەڵام زادەی شیکردنەوە و لەنزیکەوە ئاشنابوونە بەو ناوچەیە کە باوەڕیمان بە گێڕانەوەی ئەم پیاوەکرد، دەتوانین لەهەندێ شوێندا کەلێنەکانی ئەم بابەتە پڕکەینەوە و لەوانەشە بتوانین ڕاستیان بکەینەوە.
عبد الرزاقی ئیسفەهانی، ئهمە ناو و زێدی نووسەری گەشتنامەکەمانە. ئهم پیاوە لەشێوەی بیرکردنەوە و نووسینییەوە دەردەکەوێت کە فارسێکی دنیادیدەو چاوکراوەو فرەڕۆشنبیر و خاوەن ئەزموون و بیرکردنەوەی ئازاد بێت. وەک خۆشی دەڵێت، سەر بە مەزهەبی شیعەیە کە وەک دەزانرێت، هەڵگرانی ئەم باوەڕە دەگەڕێنەوە سەر دواهەمین پێغەمبەر و دامەزرێنەری ئیسلام. ئهم پیاوە له
بنەماڵەیەکی ناودارەوە هاتووه، بۆیەش لامان سەیر نییەکە لەناو هاوباوەڕەکانیدا ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت. نووسەر گلهیی لەبەدبەختی خۆی دەکات، چونكە بەدرەفتاریی لەناو هاونیشتمانانی خۆیدا بەدیدەکات و ئهویش بەدوای دۆست و هاوڕێیەکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت و لەناو فارسەکاندا کەسێکی ئهوتۆ نادۆزێت کە شایستەی ئهوەبێت، هاوڕێیەتی لەگەڵدا ببەستێت. بۆیە عبدالرزاق ڕوودەکاتە وڵاتانی تر بەڵکو لەناو گەلانی بیانیدا ئهم ئارەزووەی دڵی بۆ جێبەجێبێت. نووسەر لەناو خەڵکانێدا دەگیرێتەوە، کە لەبەشی ئاسیایی تورکیادا نیشتەجێن و دەبینێت کە ئهم خەڵکە کەسی وایان تێدا هەڵدەکەوێت، کە شایستەی هاوڕێیەتی و دۆستایەتی بێت، بەڵام کاڵفامیان زۆره. ئهم جۆرە دۆستایەتییەش دادی نادات، بۆیە بڕیاردهدات کە ڕووبکاتە ئۆرووپا. ئهم فارسەی بەدوای هاوبیرێکی خۆیدا دەگەڕێت، لەتەورێزدا کە ئهو دەمە وەک ئێستا گەشەی نەکردبوو، ئاشنایەتی لەگەڵ دوو دوکتۆری بەریتانیدا پەیدادەکات. ئیتر دەخوازێت دۆستایەتی ئهم دووانەی لەدەست نەچێت، چونكە دەبینێت کە ئهمانە دەتوانن ببنە دۆستی ڕاستەقینەی ئهو. بەڵام ڕۆژێکیان خولیای گەشتکردن دەکەوێتە سەری ئهم دوو ئینگلیزەو بۆی دەڕۆن. عبدالرزاقیش تەورێز بەجێدێڵێت و ڕوودەکاتە شاری ورمێ کە لەکەناری دەریاچەیەکدایه، کە هەمان ناوی شارەکەی هەڵگرتووه. پڕ بە دڵ حەزی دەکرد لەو شوێنە دڵگیرەدا زیاتر بمێنێت، کە وەک باخی بەهەشت وا بوو، چونكە هەرچی دڵی ئارەزووی دەکرد، لەوێدا هەبوو بەڵام قەدەری ئهم پیاوە دژی ئارەزووەکانی دەجوڵا و تووشی ئاشنایەكی خۆی بوو کە فەرمانداری شاری شنۆ بوو. ئهم ئاشنایەی دەیباتە شارۆچکەیەک، کە دانیشتوانەکەی کورد بوون و ئهویش لەوێدا ژیانی بەسەردەبرد.
ئهم ئیسفەهانییە کە پتر ڕەشبینانە بیردەکاتەوە، هەتوانێک لەم شوێنەدا نادۆزێتەوە کە کەمێک لەئازارە جیهانییەکانی ئهو بشکێنێت. بەڵام لەوێدا دەرفەتێکی بۆ دێتەپێش کە هەموو ئهو شتانەی بینیونی و ئهو ڕووداوانەی بەسەریدا هاتوون، لەگەشتنامەیەکدا کۆبکاتەوە، بەڵکو بەمجۆرە بتوانێت کەمێک لەئازاری ڕۆحی خۆی پێ کەمبکاتەوە. بەمشێوەیە و بە گوێرەی قسەکانی نووسەر، هۆی هاتنەئارای ئهم دەستنووسەمان بۆ دەردەکەوێت. بۆیە ناشبێ چاوەڕێی ئهوەبین کە کارێکی زانستی لەبارەی کوردستانی فارسمان (ئێرانمان) وەچنگ کەوێت. بەڵام ئهوەی عبد الرزاق باسی دەکات، لەبەر ئهوە سەڕنجڕاکێشه، چونكە ئهو چاک لەشێوازی نووسینی فارسی شارەزایەو گوزارشتەکانی بە جوانی هەڵبژاردووەو زانیویەتی چۆن یاری بە وشەکان بکات و بە تەواوەتی گرەوی لەزمانەکە بردۆتەوە. هەروەها چونكە گێڕانەوەکەی بە وشەی جوان ڕازاندووه. ئهم سیفەتەش لەهەموو ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتدا نابینرێت. نووسەر نەیویستووە وەک وەستایەک لەخوێنەر بڕوانێت، بەڵکو ویستوویەتی خۆشییەک بخاتەدڵی خوێنەرەوە. هەر بۆیەش ئهم شێوەی نووسەر بۆ گێڕانەوەکەی هەڵبژاردووه، کە پێیدەڵێن دارشتنی بە قافیه، لەتەک ئهو قسە نەستەقانەی لێرە و لەوێ نووسیونی و ئهو شیعرانەی نێوان نووسینەکاندا و ئهو تێبینییە زیرەکانه، لەگەڵ مەبەستی نووسینەکەدا یەکدێتهوه.
با بگەڕێینەوە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. نووسەر پتر باسی دەڤەری کوردەکان لەشنۆو و خەڵکی ئهوێ دەکات. پاشان بە وردی باسی شاری ورمێ دەکات. بەڵام هەندێ جاریش زانیاری وامان دەداتی، کە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نییه. بۆ نمونە عبد الرزاق لەڕێگەیدا لەشنۆوە بۆ موسڵ، کە دەکەوێتە ئەودیو وڵاتی فارس (ئێران) وێنەیەکمان لەبارەی قەڵای رواندزەوە بۆ دەکێشێت ( لەدەقەکانی ئێمەدا بە رویندز (Rûjîndiz) هاتووه) و باسی میری رواندز دەکات، کە ترسانکیی کوردەکان بەرجەستە دەکات. نووسەر بە ناشیرینترین و زەقترین شێوە باسی کردهوەی دەروێش و دەرۆزەی فەقیەکان دەکات و زۆر بە وردیش باسی دەریاچەی ورمێ دەکات، کە لەبەر سوێری زۆری ئاوەکەی و ئەستەمی ژیانی زیندهوەر لەو ئاوەدا پیاو دەتوانێت، یان باشتر بڵێین ماسگیر دەتوانێت بە دەریاى مردووى وڵاتی فارس (ئێران) ناوزەندی بکات.
دەربارەی ئەم کتێبە:
گەشتنامەی ئەسفەهانی بۆ ناوچەکانی شنۆ و ورمێ و ڕەواندوز
• نووسەر: عەبدولڕەزاق ئەسفەهانی
• وەرگێڕانی بۆ ئەڵمانی: د. ماکسیمیلیان بیتنەر
• وەرگێڕانی لە فارسییەوە: زاهیر محەمەد ڕەشید
• پێشەکی و پێداچوونەوەی: مامۆستا جەعفەر
• وەرگێڕانی پەراوێزەکان: ئاوات دەوڵەت
• نەخشەسازی و بەرگ: فەهمی جەلال
• تایپ: هەریم جەزا، نیاز جەلال
• تیراژ: ٢٠٠٠ دانه
• چاپی یەکەم: سلیمانی ٢٠٠٩
• ژمارەی سپاردن: (١٠٤٧) ی ساڵی ٢٠٠٩ ی وەزارەتی ڕۆشنبیری
• ژمارەی زنجیره ٣٠١
• چاپ: دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی لەبڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری (ی.ن.ک). ساڵی ٢٠٠٩
بابەتی زیاتر