بۆردی هۆشیاریی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین؛ ڕێوڕەسمی ناساندن و دابەشکردنی کتێبی میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییە فیدڕاڵییەکان لە دەوڵەتە فیدڕاڵییەکان لە هۆڵی چالاکییەکانی مەڵبەند ڕێکخست؛  تێیدا هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و نوێنەری بۆردی هۆشیاری هەڤاڵان عادل عەلی و بەهیز حسین و پەرلەمانتاران، ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڤاڵانی مەڵبەند و کۆمیتەکان، لێپرسراوانی حکومی، نووسەران، ئەکادیمیستان و کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکانی سنوورەکە ئامادەی بوون.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، هەڤاڵ ئەرسەلان مەحمود وێڕای وتەی بەخێرهاتنی ئامادەبووان، دەستپێکی وەرزی نوێی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی مەڵبەندی ڕاگەیەند. دواتر هەڤاڵ بەهێز حسێن، لە وتەیەکدا وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵە زانستییەکانی نووسەری کتێبەکە، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگیی بۆردی هۆشیاری لە چاپکردنی پەرتووک و سەرچاوە زانستییەکان و پەرەپێدانی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و یاسایی لەناو کۆمەڵگەدا.
پاشان ڕێژنە ئەبووبەکر نووسەری کتێبەکە ، هێڵە گشتییەکانی ناوەڕۆکی بەرهەمەکەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە، کە بە شێوازێکی ئەکادیمی تیشک دەخاتە سەرڕێکارەکانی چارەسەرکردنی کێشە دەستووری و فیدڕاڵییەکان، کە بابەتێکی هەنووکەیی و گرنگی پەیوەست بە دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانە. دوابەدوای ئەوەش، پرۆسەی واژۆکردن و بەخشینی کتێبەکە بە ئامادەبووان بەڕێوەچوو.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند چەپکەگوڵی پیرۆزبایی مەڵبەندی پێشکەش بە نووسەری کتێبەکە کرد و ڕایگەیاند: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە ماڵە گەورەکە و پشتیوانی بەهێز دەبێت بۆ قەڵەمە بوێرەکان، گەنجان و ئەکادیمیستان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved