مەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و سەرکەوتوو لە عیراقدا
عادل جبوری
دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق: زاراوەیەکە، ڕەنگە تا ئێستا زۆر لەناو ئەدەبیات و نوسینەکانی ناو عیراق و دەرەوەی عیراقدا بەکار نەهێنرابێت.
مەبەستمان ئەوەیە لەم چەند دێرەی ئێرەدا وەسفێکی گونجاوی ئەو زاراوەیە پێشکەش بکەین و بەپێیی تێزە مێژووییەکانی قۆناغی پاش رژێمی حزبی بەعسی دیکتاتۆریی تۆتالیتێری، ئەو ڕژێمەی کە لەبەرواری (١٧/٧/١٩٦٨)ەوە تا مانگی نیسانی (٢٠٠٣) حوکمی عیراقی کردووە، ڕوونی بکەینەوە و هەروەها لەئەو (دەوڵەتی عیراقی نوێ)یەش، جیای بکەینەوە، کە لەسەدەی ڕابوردوو لەساڵی(١٩٢١)دا دامەزراوە.
ڕەنگە ئەم ناولێنانانە هەلی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنن، بتوانین چەند بەراوردو نزیک خستنەوەیەک لەنێوانی ئەو دوو سەردەم و رۆژگارەدا بکەین، چونکە پێمانوایە ئەنجامدانی ئەم کارە پێویست و جەختکارە بۆ ئەوەی بتوانین خاڵی بەهێز و لاوازی ناو بونیاد و پەیکەری سیستمی سیاسیی عیراقی تازە دیاری بکەین.
هەر لەهەمان کاتیشدا ڕەنگە باسکردنێکی لەم شیوەیە، یان ناولێنانێکی لەو شێوەیە یارمەتیدەربن بۆ پڕۆسەی لەیەکتر جیاکردنەوەی چێوەی هزرییە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و بەهاییەکانی ڕێبازەکانێش. چونکە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە گرنگییەکی باشی دەبێت بۆ ئەو ئەزموونە سیاسییە تازە تێکەوتووەی، کە هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی پێگەیشتن و کامڵبوون و ئەو کاتەی کە پێویستیەتی بگات بەو قۆناغە کەم نییە، لەبەر ئەو بەهانەیەی کە گوایە هێشتا واقعی کۆمەڵایەتی بۆ داڕشتنی چێوەکانی گەشەو بزاوتێکی سیاسیی کاریگەری وا شیاو نییە، کە بتوانن ئەو قۆناغی سەنگەر لەیەکترگرتنە تێبپەڕێنین، کە بەپێی کاردانەوەکانی واقعە سیاسییە نوێیەکە دروست بوبون. بۆیە هێشتا ناتوانین دەروازە و پەراوێزی وا بخەینە سەر پشت، کە بواری راستەقینە بۆ گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە، لەسەر بنەما و مەرجەکانی بونیادنانی دەوڵەتی شارستانی بڕەخسێنن.
تایبەتمەندییەکانی سیستمی سیاسیی سەرکەوتوو
بیریاران و زانایانی بواری سیاسیەت و توێژەرانی بواری بابەتۆکەی سیستمە سیاسییەکان هیچ تایبەتمەندی و خەسڵەت و پێوەرێکی روونی وایان دانەناوە، کە لەسەری هاوڕابن و کەڵکی ئەوەیان هەبێت بڵێین، کە سیستمێکی سیاسی ئەو مەرجانەی تێدابوو، ئیتر سەرکەوتووە، یان کە سیستمێک ئەو مەرجانەی نەبوو، ئیتر سەرکەوتوو نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵە سیفاتێک هەن، کەدەتوانرێ وەک پێوەری هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی ئاستی ئارامیی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەر ڕژێم و سیستمێک دابنرێن و پاشان بەپێی ئەو پێوەرە باس لەسەرکەوتن و سەرنەکەوتن بکەین، لەچێوەی گشتییدا چەمکی دیموکراسیەت دەبێتە زەمبەلەک و پێوەرێکی ئەو وەسفکردنە، گرنگترین سیماکانی دیموکراسیەتیش بریتین لەمانەی خوارەوە:
-بوونی فرە حزبێتی، کۆمەڵە خزبێکی وا، کە بڕوایان بەفۆرم و ناوەڕۆکی دیموکراسی و بەکارکردنی سیاسییانەی ئامانجدار هەبێت.
-بڕوای تەواو بە ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.
-لەیەکتر جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکەی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکاری.
-کاراکردنی یاسای هەڵبژاردن، ئەو یاسایەی، کە بەدەروازەی کاری سیاسیی دیموکراسییانە دادەنرێت.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو سیمایانەی دیموکراسیدا، کە لەسەرەوە باسکران، دەتوانین ئاماژە بە هەندێک لەو خەسڵەت و سیفاتە گشتییانە بدەین:
یەکەم: بوونی ئەو دامەزراو و بونیاد و چێوەو هەیکەلە دەستوورییانەی لە شێوەی( دەستوری هەمیشەیی و دەسەڵاتە جیاوازەکانی جێبەجێکار و یاسا دانان و دادوەرین)و هەریەکەیان بە جیا کاری خۆی دەکات و لەهەمان کاتیشدا کارەکانیان تەواوکەری یەکترین، واتە هەریەکەیان کاری ئەوی تریان تەواو دەکات و سنورەکەشی نابەزێنێت.
هەندێ زانا و بیریاری سیاسیی ئەوروپا هەن، لەوانەیە ئەوان بە باشی باسیان لەیەم پرەنسیپە کردبێت، یەکێک لەو زانایانە بریتییە لە زانای فەرەنسی(مۆنتیسکۆ) کە لەکتێبە بەناوبانگەکەی (رۆحی یاساکان)دا باسیکردووە، هەروەها ( جان جاک رۆسۆ ) لە کتێبی (پەیمانی کۆمەڵایەتی)داو هەروەها (جۆن لۆک)و ناوداری یۆنانی (ئەرستۆ) کە ئەمیش قسەو نوسینی زۆری لەبارەی لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە هەیە، مامۆستاکەشی (ئەفلاتۆن) لەکتێبی (کۆمار)دا باسیکردووە.
هەروەها دکتۆر (جوان ئەلهنداوی)یش ئاماژە بەوە دەدات، کە کۆمەڵێکی زۆر پێوەر هەن، دەتوانین بۆ هەڵسەنگاندنی دەستور و پاشانیش هەڵسەنگاندنی سیستمی سیاسی بگەڕێیینەوە سەریان، گرنگترینی ئەو پێوەرانەش بریتییە لەگەڕانەوە بۆ لای(گەل) لەدەرکردنی ئەو بڕیارانەدا، کە گرنگ و چارەنوسسازن. هەر کارێک، کە نوێنەرانی گەل لەپەرلەماندا نەیانتوانی یەکلایی بکەنەوە، یان بۆچوونی جیاوازیان لەسەری هەبوو، دەکرێ چارەسەر کردنەکەی بگەڕێندرێتەوە دەستی گەل و ئەمەش بەڕیفراندۆم دەکرێت.
دووەم: ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، ئەم پرینسیپە. یان ئەو تایبەتمەندییە هەرکامیان بن، بەشێوەیەک لەشێوەکان بەتەواوکاری ئەو خاسیەتە دادەنرێن، کە پێشتر باسمان کرد، چونکە ئەگەر حزبە سیاسییە جیاوازەکان بزانن و هەست بکەن، کە بزاوتێکی سیاسیی دیاریکراو هەیە و لە ڕێگەی میکانیزمەکانی هەڵبژاردنەوە بوار بەوە نادات لایەنێکی دیاریکراو دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت و پاوانی بکات بۆ خۆی و بەشێوەیەکی سروشتییش پانتایی بیرکردنەوە لەهەلە خراپەکانی وەکو کودەتای سەربازی و پلانگێڕی و تیرۆرکاری کەم دەبێتەوەو ئەو کارەی جێگەی ئەم گیمانانەش بگرێتەوە بریتییە لە چۆنیەتیی دروستکردنی پایەی جەماوەریی بەهێزی وا کە بڕوای بەتێز و بەرنامە سیاسییەکانی ئەو پێکهاتە سیاسییە هەبێت، کە دەتوانێت لە ڕیگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەنگی پێبدات بۆ ئەوە سازی بکات و بیگەیەنێت بە دەسەڵات. ئەوەش ڕوونە، کە ئەو رژێمە سیاسییە دیموکراتانەی کار بەئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکەن، بەکەمی گرفتاری ئەو قەیران و گرفتە سیاسییانە دەبنەوە، کە تووشی ئەو رژێمە داخراوانە دەبێت، کە بەکودەتا و تیرۆرکردن و مردنی سروشتی نەبێت دەموچاو و بەرنامە و تێزەکانیان ناگۆڕێن. کە ئاڵوگۆڕەکە بە ئاشتییانە بکرێت، بڕیاری یەکەم یاسا دەیدات، یاسا دەبێتە بڕیاردەر و لایەنی یەکلاییکەرەوەی ناکۆکییەکان، بەڵام لەباری دووەمدا بڕیاردەر کەسێکە، کە فەرمانڕەوایە، یان دەستەیەکی کەمی خەڵکن، کە بەپێی میزاج و بەرژەوەندیی خۆیان بڕیار دەدەن، یاساو دەستور دەردەکەن.
ڕەنگە ڕووەکەی تری پرەنسیپی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانە بریتی بێت لە پرەنسیپیی لەیەکتر جیاکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی، کە لەخاڵی یەکەمدا ئاماژەمان پێدان. ئەم جیاکردنەوەیە یەکێک لەڕواڵەتە بنچینەییەکانی سیستمە فەرمانڕەوا دیموکراتە دێرینەکانە، چ شێوازی فەرمانڕەواییکردنەکەیان پەرلەمانییانە بێت، یان سەرکردایەتییانە. بەیەکەوە کۆکردنەوەی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەناو یەک دەزگادا ڕەنگە وڵاتەکە بەرەو ئاکامێک بەرێت، کە خوازراو و باش نەبێت و لەبەر نەبوونی هیچ لەمپەر و ڕێگرییەک لەبەردەمی ئەو دامەزراو و کەسانەدا، لەوانەیە وڵاتەکە بەرەو کارەسات وتراژیدیا ببەن.
سێیەم: ئازادیی ڕادەربڕین، هەرچەندە پانتایی ئەم پرەنسیپە لەناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریی کۆمەڵگەیەکدا بەرفراوان بێتەوە، هێندە ئاستی ئارامییەکەی زیاتر دەبێت و جموجووڵەکانی وابەستەی ڕێوشوێنی دەستوری و یاسایی دەبن. لێرەدا ئیتر ئامرازە جۆراو جۆرەکانی ڕاگەیاندن، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم دەناسرێنەوە و دامەزراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییش.کە ئەمانیش بەکارایی و کاریگەرییەکانی خۆیان لەسەر ژیانی کۆمەڵگە وەک دەسەڵاتی پێنجەم پێناسە دەکرێن، دەبنە ئامرازی ڕاستەقینەی کاراکردنی چەمکی ئازادیی ڕادەربڕین،
ئەڵبەت ئەم چەمکە لەسەرووی گوزارەو چەمکەکانی ناو زانستی سیاسەت و کەناڵەکانی سیستمی سیاسییەوە دەتوانێت وەک بڕیار و یاسا و یاساڕێژی کاریگەریی جەماوەری لەسەر دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دابنێت.
کەلەرۆژی(٩/٤/٢٠٠٣)دا رژێمی دیکتاتۆری ڕووخا ئیتر دەستی ڕاگەیاندنەکان کرایەوە بۆ گوزارەکردن لە هەموو گوتارە حەشار دراوەکان و ئەو وتارانەش، کە خەونی گەیشتن بە جیهانی ئازادی نوێیان هەبوو. ئەوەی روویدا لەشۆڕشێکی پڕتاو دەچوو چەندان گۆڤار و رۆژنامە کەوتنە دەرچوون و هەر لەساڵی یەکەمی گۆڕانەکەدا ژمارەیان گەیشتە نزیکەی دووسەد رۆژنامە و گۆڤار و لەپاڵ ئەمانەشەوە چەندان کتێبی ئەدەبی، سیاسی و ئاینی چاپ و بڵاوکرانەوە، کە جاران چاپکردنیان قەدەغە بوو.
ژمارەیەکی زۆری وێستگەی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی ناوخۆیش کەوتنە کارکردن.
چوارەم: بەشداریی بەرفراوان لە دروستکردن و داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەتدا، چ ئەو دەوڵەتە سیستمە سیاسییەکەی سادە و مەرکەزی بێت یان ئاوێتە سیاسییەکەی یەکێتیی فیدراڵی بێت. بێگومان ئەو بەشدارییە لەسەر چەند ئاست و تەوەرێک دەبێت، نەک بەو شێوەیەی کە هەندێک کەس بۆیدەچن و وێنای دەکەن و دەڵێن دەبێت پرۆسەی بڕیار دروستکردن و داڕشتن و دەستنیشانکردنی ئاراستەکان تەنها لەدەستی لوتکەی سەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، چونکە دەبێ حکومەتەکان و کارگێڕییە خۆجێییەکان رۆڵیان لەم مەسەلەیەدا هەبێت. هەروەها دەبێ وەزارەتەکانی ناو حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێریکردن و دەسەڵاتی دادوەری و تەنانەت کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و رێکخراوە مەدەنییە ناحکومیییەکانیش رۆڵیان تێیدا هەبێت، چونکە هەموو ئەمانە زۆر جار رۆڵی تەوەرەیی و گرنگ دەگێڕن لە بڕیارلێدان و ئاراستەکردنی زۆر مەسەلەی گرنگ و مەترسیدار.
بەشداریکردن لە سیستمی سیاسیی دیموکراتدا، تەنها بریتی نییە لە نوسین و فەرمان و بڕیاری دەسەڵاتی سەرەوە و ئەوانیش بەو شیێوەیە دایبڕێژن، کە ئیتر بواری قسە لەسەرکردنی تێدا نەمێنێتەوە و ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێن و ئیتر بیر لەئەنجام و ئاکامیان نەکرێتەوە، بەڵکو بەشداریکردن ئەوەیە، کە خودی پرۆسەی بەشدارییەکە کردارێکی کارلێککردنی بەردەوامی نێوانی پێکهاتەو ڕەگەزەکانی سیستمە سیاسییەکە بێت.
پێنجەم: بوونی ڕاستەقینە و بەڵگەداری چەمکی هاووڵاتی بوون، لەسەر زەمینەی واقع دەبێت و تەنها لەسەر ئاستی تیۆریی و بەکاربەریی سیاسی و ڕاگەیاندن نابێت.
بوونی ڕاستەقینەش مانای بوونی چەند مافێکی مەدەنی و سیاسیی قایلکارو روونی ئەو تاکە کەس و گروپانەی، کە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن لەپاڵ ئەو مافانەشەوە چەند ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانیان، ئەم ئەرکانە ئەوانەن کە ئەمانی هاووڵاتی لە بێگانەکان جیادەکەنەوە. هاووڵاتی بوون بەپێی پێناسە زانستییەکان بریتییە لەئەندامێتییەکی تەواو، کە لە پەیوەندیی نێوانی تاکە کەس و دەوڵەتەوە پەیدا دەبێت و بەپێی یاسای دەوڵەتەکە دەسنیشان دەکرێت و رەنگە ئەو ئەندامێتییە بەپێیی پەیوەندییەکە چەند ئەرکێکیشی تێدابێت، لەنمونەی باجدان، کە دەوڵەت دەیسەپێنێت و چەند مافێکی تریشی تێدا بێت لە نمونەی مافی دەنگدان و مافی بەدەستهێنانی پۆستە گشتییەکانی دەوڵەت.
وەک دکتۆر (قەیس ئەلعەزاوی) بۆیدەچێت، هاووڵاتی بوون چەمکێکە ئەزموونە سیاسییە مێژووییەکان دەوڵەمەندیان کردووە، بۆیە کارپێکردنیشی پێویستی بەداننان بە چەند پرەنسیپێک و پەیڕەویکردن لە چەند دامەزراوەیەک و کارپێکردنی چەند ئامراز و میکانیزمێکی وا هەیە، ئەوەیان پێ مسۆگەر بکرێت، کەلەسەر زەمینەی واقع سەرکەوتووانە مافەکە پیادە بکرێت. بۆ ئەمەش وا پێویستە مافە یاسایی و دەستورییەکان بەباشی دابین بکرێن و بەشدارییەکی کاریگەرانەش لە سیاسەتدا مسۆگەر بکرێت و کەمترین ئاستی ئەو مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتووریانەش بەرقەرار بکرێن، کە هاووڵاتی بۆ ئەوە سازدەدەن بتوانێت ئازادانە گوزارە لەبۆچوون و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.
نائاکامیی سیستمی سیاسی عیراق
لەبەر رۆشنایی ئەو پێوەر و تایبەتمەندێتییانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان دەتوانین ئەوەش دیاری بکەین، کە ئایا ئەو رژێمە سیاسییەی لە ساڵی(١٩٦٨)ەوە تا (٢٠٠٣) حکومی عیراقی کردووە سەرکەوتوو بووە یان نا؟
بەدەربڕینێکی تر، ئایا بەحسابی زانستی سیاسی بۆ ئارامی، سەقامگیری و ئارامیی هەبووە یان نا؟ بەشێوەیەکی گشتی بۆچوونێکی گشتی لەلای ژمارەیەک سیاسەتمەدار و توێژەر و مێژوونوس هەیە، کە پێیانوایە دەوڵەتی نوێ عیراق لەکاتی دروستبوونەکەیەوە لە ساڵی(١٩٢١)ەوە و لەهەردوو سەردەمی پاشایی و کۆماریشدا لەڕەگەزی ئارامیی پێویست بێبەش بووە. لەسەردەمی پاشاییدا زۆریی ژمارەی ئەو هەموو وەزارەتەی لەماوەی بیست و حەوت ساڵدا دروستکران
( لەپەنجا جار زیاتر ئەنجومەنی وەزیران دروست کرا). ئەمەش مانای وایە تێکڕای تەمەنی وەزارەتەکان لەشەش مانگ تێپەڕی نەکردووە. ئەمەش مانەی وایە ململانێ و کێشمەکێش و بەریەککەوتنە سیاسییەکان تەوەری سەرەکی بەرنامەی کاری زۆربەی ئەم وەزارەتانە بووە و مەبەستیان ئەوە نەبووە خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و پرۆژەی ستراتیژیانە بۆ بونیادنانی دەوڵەتی کۆمەڵگە ئەنجام بدەن.
ئەوەی لەسەردەمی کۆماری و لەپاش١٤ی تەمووزی(١٩٥٨)ەوە گۆڕا، ئەوە بوو کودەتاکردن بوو بەشێوازێکی سەربازی و مۆرکە مەدەنییانەکەی پێوە نەمایەوە. ئەم شتە بەڕوونی بەبزوتنەوەکەی(سەرهەنگ:عەبدولوەهاب ئەلشەواف) لەپارێزگای مووسڵ(١٩٥٩)و بزوتنەوەکەی(٨ی شوباتی ١٩٦٣)و بزوتنەوەکەی مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ و ئەو کودەتایانەی ترەوە، کە تیایدا عارف،عەبدولڕەزاقی لە خۆێن هەڵژەند ئەویش، کە ساڵی(١٩٦٦) زەعیم عەبدولسەلام محەمەد عارف بەسوتاندنی فڕۆکە تایبەتییەکەی خۆی کوژرا، دیاربوو. پاشان لەرۆژی حەڤدەی تەمووزی(١٩٦٨) عەبدولڕەحمان عارفی براشی بەدەستی بەعسییەکان ڕوخێنرا، پانزە رۆژ بەسەر ئەمەدا تێپەڕی کرد و خۆیشیان لەناو خۆیاندا کەوتنە لەناوبردنی یەکتری، بەکودەتایەکی ناوخۆیی بەشێکیان ئەوەی تریان لەناوبرد و بەدرێژایی سی و پێنچ ساڵی باشتریش، واتە لەنێوانی(١٩٦٨)و(٢٠٠٣)دا دیاردەی پلانگێڕی کودەتاکردن، چ وەهمییانە بێت، یان ڕاستی بەسەر ژیانی سیاسیی ناو عیراقدا زاڵ بوو و بەشێوەیەکی ڕاستەوانە ڕێژەی ئەمانەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی سەرکووتکاریدا بەرز دەبۆوەو دەکشاو بەپێچەوانەشەوە بچووکبونەوەی بازنەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی لەحزبەوە بۆ هۆز و خێڵ و دواجاریش خێزان بەرز دەبۆوە.
لەبەر بزربوونی دیموکراسیەت لەناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، لەمپەری گەورە لەبەردەم بونیادنانی دەوڵەتی نوێ و نۆکەندی بنچینەییش لەکایەی پێشنەکەوتنی بونیادە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسییەکاندا درووست بوون، لەوانەیە مەسەلەی دیموکراسیەت یەکێک لە گرنگترین ئەو وانانە بێت، کە لەم مەسەلەیە هەڵبهێنجرێت. لاوازیی دیموکراسیەت بووە هۆی لاوازبوونی رۆڵی هاووڵاتی و بەرتەسکبوونەوەی بەشداریی ڕاستەقینەی لە پرۆسەی گەشەپێدان و لاوازبوونی دەستکەوتەکانی بواری پەرەپێدان، چونکە لە سایەی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسیی ڕاستەقینەدا نەبێت و بەڕەخساندنی بنەمایەکی دیموکراسیی بەرفراوانتری وا نەبێت، کە ئازادییە سیاسی و فکرییەکان دابین بکات، ئەستەمە پێشکەوتنی گشتگیر بێتە ئاراوە.
لەوانەیە کۆی ئەو دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەردەمی بەعسدا دەرکەوتن و پێکەوە بوون بە دیاردە و کۆبوونەوە ئەوەبن کە فاکتەری ئارامییان لە هیچ شوێنێکی دامەزراوە سیاسییەکان و ناونیشان و دەستەواژەکانی ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاسایشیدا نەهێشتبێتەوە.
لەناو کایە عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی وا گەڵاڵە نەبوو ئاماژەبێت بۆ بوونی روانینێکی ستراتیژییانەی راست و دروست لەسەر بەرژەوەندی و حسابە نیشتمانییەکان، بەڵگە بوونی شەڕ و ناکۆکییە بەردەوامەکان و زۆر بوونی گووتاری پڕ لەهەڵچوونی سیاسی و میدیایی، هەمووی پێکەوە ئاماژەبوون لەسەر ئەو نەبوونی دیموکراسیەتە. لەبەر ئەوە دیاردەی بێمتمانەیی سیاسی(Political Mistrust) لەنێوانی حزبی دەسەڵاتدار و پێکهاتە سیاسییە ئاراستە جیاوازەکانی تر، بەجیاوازیی ئاراستە و ناسنامە ئایدۆلۆژییەکانیانەوە چ (نەتەوەیی بن،یان کوردی، یان عەرەبی، یان ئیسلامی و مارکسی و لیبراڵی) دیاردەیەکی زاڵ بوون، لەبەر ئەوەی حزبی دەسەڵاتداری بەعس، هەمیشە و بەبەردەوامی کۆمەڵە ستراتیژیەتێکی وای لەبەر چاو دەگرت، کە هەر بەرەو هاوپەیمانێتییەکی نیشتمانیی دروست بکردبا، مەبەستەکەی بەعس تێیاندا ئەوە نەبوو، کە ژیانی دیموکراتییانە بەرجەستەو بازنەی بەشداریکردنی سیاسەتیش بەرفراوان بکەن، بەڵکو بۆ ئەوە دەیانکرد هەموو ئەو پێکهاتانە بهێننە ژێر بارو وەک هەنگاوی یەکەمی بەرەو قەڵاچۆکردنیان، هەموو دەستەکانیان ئاشکرا بکەن. چەندان جار ئەم شتەی باسی دەکەین روویداوە. تەنانەت پرۆسەکانی کێشکردن و هێنانە ژێر بار، گەیشتنە ناو ریزەکانی حزبی فەرمانڕەواو بەئاشکراو بێشەرم و دوو دڵی ئەنجامیان دەدا. لەرۆژی حەڤدەی تەمووزی(١٩٧٩)ش، سەدام دەسەڵاتەکەی خۆی هەر بەم شێوەیە دەست پێکرد، ئەوە بوو بە پیلانگێڕی( ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر)ی دوور خستەوە و خۆی چووە جێگەکەی.
ڕەنگە نەبوونی دەستورێکی هەمیشەیی بۆ وڵاتەکە و نەداری لە ئاستی کەناڵ و ئامرازی راگەیاندنی ئازاد و بزریی جموجووڵێی سیاسی وا کە گوزارەکردن بێت لە سیماکانی دیموکراسیەت و ئاڵوگۆڕکردنی بێوەیی و ئاشتیانەی دەسەڵات و پاوانکردنی تەواو و نیمچە تەواوی جڵەوی کاروبارە سیاسی و ئابوری و ئاسایشیەکانی کۆمەڵگە و زاڵکردنی ئەو بۆچوونەی، کە کەسی فەرمانڕەوا لەسەرووی یاساو هەموو شتێکی تریشەوەیە و یاسا لەسەروی ئەوەوە نییە، هەمو ئەمانەو شتی تریش هەن، کە بەسیماو ئاماژەی ئەوە دادەنرێن، کە هیچ ئارامییەکی گشتی و سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا نەبووە و هەموو رژێمە دیکتاتۆرییەکانیش لەمەدا بەشدارن.
بەهۆی ئەمەوەیە، کە ئەو رژێمانە بەتوندوتیژی نەبێت لانەبراون و زۆرجاریش لابردنەکەیان ئەنجام و شوێنکەوتە و شوێنەواری سیاسی و کۆمەڵایەتیی سلبیی زۆری لێکەوتۆتەوە، هەموو ئەم شوێنەوارانەش ئاکامی سروشتی و چاوەڕوانکراوی پەیڕەو و تێز و شێوازە هەڵەو لادەرەکانە. ئەو کەسانە کەوتونەتە هەڵەیەکی گەورەوە، کە وا دەزانن ئەو کۆمەڵگایانەی لەسایەی رژێمە سەرکوتکارە تۆتالیتێرییەکاندا دەژین، لەئارامیی ڕاستەقینەدان. رووی ڕاستیی مەسەلەکان تەواو پێچەوانەی ئەمەیە، لەبەر ئەوەی چەند فاکتەرێکی کاتییانە هەن، زۆربەی جار ئەو فاکتەرانەن، کە رەنگە بارودۆخی ئەو کۆمەڵگایانە بەئارامیی پیشان بدەن. بۆیە دەکرێ ئەو ئارامییە ناو لێبنێین( ئارامی وەهمی)، نمونەی ئەو فاکتەرانەش سەرمایەیە، بەدەربڕینێکی تر، بارودۆخە ئابوری و ژیارییە باشەکان و دامەزراوە ترسێنەرو تۆقێنەرەکانی دەسەڵات و کەمیی متمانەو هۆشی سیاسیی گشتی وا لەهەندێ کەس بکات لەناو واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە کار بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانیان بکەن.
ئەو ئارامییە و وهمییە، ئارامییەکە سنورەکانی هەرهێندەن، تەنها فەرمانگەکانی دەسەڵات و فەرمانگە لاوەکییەکانی سەربەخۆیان بگرێتەوە بۆ ئەوەی نەوەک لەڕێگەی ئەمانەوە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی وا رووبدات، ناپەسەند بێت بۆ خۆیان و حسابیشی بۆ نەکرابێت. ئەم ئارامییە لە ڕاستیدا یەکێکە لەجۆرەکانی چەپاندن و پەراوێز خستن و هیچ بوارێک و سەرچاوەیەک بۆ ئازادیی دەربڕین و جموجووڵ و بیرکردنەوە ناهێڵێتەوە، تەنها ئەوە نەبێت، کە بەئاراستەی تاکڕەوانەی دەسەڵات و حزبەکەیدایە.
ئەمە وێنەیەکی ئەو واقعەیە، کە لەماوەی سی و پێنچ ساڵی حکومی حزبی بەعس لە عیراقدا باوبوو، ئەڵبەت ئەم وێنەیەش هەر هەمان وێنەی ئەو کۆمەڵگایانەی ترە، کە ملکەچی هەیمەنە و قەڵەمڕەوی رژێمە تۆتالیتێرە سەرکوتکارەکانن و زاراوەکانی گۆڕان و وەرچەرخان لەناو فەرهەنگی ئەواندا بوونی نییە.
دکتۆر(سەلاح عەبدولڕەزاق) توێژەرێکە، سروشتی دەوڵەتی عیراقی دەخوێنێتەوە و دەڵێت حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق و رژێمی سیاسیی عیراقی ئەو رۆحە نیشتمانپەروەرێتییە لەلای خەڵک دروست دەکەن، کە لەلای هاووڵاتیانی میسری و سوری و تورکی و ئێرانی هەیە. خۆپەرستی و گیانی تۆڵەسەندنەوە بەسەر رەوشت و هەڵوێستی دەستەبژێرە سیاسی و ئاینییەکانی عیراقدا زاڵ بووە و وای لێکردوون ئامادە نەبوون دەست لەو ئیمتیازاتانەی خۆیان هەڵبگرن، کەلەسەردەمی عوسمانییەکانەوە لێی بەهرەمەند بوون. هەروەها ئەو حزبە سیاسی و کەسێتییە حکومییانەش، کە هەندێ کەس بەنیشتمانپەروەر ناویان دەبەن، نەیانتوانیوە هەستێکی چەسپاوی نیشتمانپەروەرێتی لەلای هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی دروست بکەن.
بێگومان فاکتەر و هۆکاری وا هەن حەزی تۆڵەسەندنەوەو هەیمەنەو سەرکوتکاری دیار دەکەن و پاشانیش دەبنە هۆی پەنابردن بۆ هەلی کودەتاکردنی سەربازی، نمونەی ئەو فاکتەرانەش فاکتەری دەستبەردانە لە حوکم و خزانی رژێمە فەرمانڕەواکانە بۆ ناو باوەشی سیاسەتە ئیستیعمارییە گەورەکان و گەندەڵیی ئیداری و دارایی و هەژاری و نایەکسانیی هەلەکانی بەردەستی رۆڵەکانی گەلێک و نەهێشتنی رۆڵی هاووڵاتی و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا.
هەلەکانی گۆڕانکاری
پرسیارێک، تێڕامانێک هەیە، بەبەردەوامی لەناو گفتوگۆکانی سیاسەت و هزر و کەلتورو هەروەها لەناو شەقامی عیراقیشدا خۆیمان لەبەردەستدا قووت دەکاتەوە، ئەو پرسیارەش ئەوەیە، کە ئەگەر لە بەهاری ساڵی(٢٠٠٣)دا ڕژێمی سەدام نەڕوخێنرایە، ئایا ئەو رژێمە بە چ شێوەیەک کۆتایی پێدەهات و لەبەر چاو وندەبوو؟
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ چەند مەسەلەیەک بکەین، کە لەوانەیە پێکەوە بمانگەیەنن بەداڕشتنی وەڵامێکی قایلکار و واقعی و بابەتییانە بۆ ئەو پرسیارە، نمونەی ئەو مەسەلانەش ئەمانەن:
یەکەم: لەهەشتا ساڵی پێش ئێستاوە، لەو کاتەوە، کە دەوڵەتی عیراقیی نوێ دامەزراوە رژێمی حزبی بەعس وەک دامەزراو و سەدام حسەین خۆی وەک کەس زۆرترین ماوە دەستیان بە جڵەوی فەرمانڕەواییەوە بووە.
دووەم: زۆر ئەزموون و تاقیکردنەوە ئەوەیان سەلماندووە، کە پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە فەرمانڕەوایە و ئەو هەیکەلە تێکەڵکێشەی ڕژێمەکەی سەدام حسەین دروستی کردن، زۆر ئەستەم بووە دزە بکرێتە ناویەوە چ لەناوخۆوە یان لەدەرەوە، لەبەر ئەوەی ئەو رژێمە هەمووی دامەزراو و رێکخراوەکانی دەوڵەت و هەمو تێزە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و هزرییەکانیشیی کردبوو بە دامەزراوەیەکی ئاسایشیی نارەسمی، لەبەر ئەوە، ئەو وەسفەی کە حەسەن عەلەویی نوسەر و توێژەری عیراقی، کە بەعیراقی دەڵێت( دەوڵەتی ڕێکخراوە نهێنییەکە) وەسفێکی زۆر ورد بوو گوزارەی لە وردەکاری و بەرجەستەبوونەکانی واقعەکە دەکرد.
سێیەم: ڕایەڵی پەیوەندی و بەرژەوەندییە دەرەکییەکانیش وا دەردەکەوتن، هەر تەواوکەری وێنەکەی ناوخۆی وڵاتەکە بن و ئەو جیاوازییەی لەنێوانیاندا هەیە جیاوازییەکی گەورە و بنەڕەتی نەبێت. چونکە لەناوخۆدا (تۆقاندن-تەرهیب) رەگەزێکی بنچینەیی مامەڵەکردن بوو، بەڵام لەسەر ئاستی مامەڵەکردنی دەرەوەدا هاندان رەگەزی بنچینەیی بوو. لەناوخۆدا لەبەر ئەوەی راوەدوونان و گرتن و فڕێدانە ناو زیندان یان هەڵواسین بەسێدارەدا، یان خاڵیکردنەوەی چەند گوولللەیەک لە لەشدا کارێکی زۆر ئاسان و رەخساو بوو، ئیتر پێویستیی ئەوە لە ئارادا نەبوو پارەیەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی وەلائی هاووڵاتی خەرج بکرێت، بەڵام لەسەر ئاستی دەرەکی ئەم شتە نە دەگونجاو نە لەبەردەستیشدابوو، مەگەر لە ئاستێکی زۆر کەمدا، لەبەر ئەوە تەخشان و پەخشانی پارە لێرەو لەوێ هەلی گونجاو بوو بۆ بەدەستهێنانی وەلائی ئەم وئەو و کڕینی ویژدان و گرفتارکردنیان، لەبەر ئەوە دابەشکردنی کۆبۆنە نەوتییەکان بەسەر دەستەبژێرە سیاسی و میدیایی و هونەری و رۆشنبیرییەکانی ناو جیهانی عەرەبی و دەرەوەشیدا، لە سەردەمی گەمارۆی ئابوری و سزا نێودەوڵەتییەکانی پاش داگیرکردنی کوەیت و جەنگی دووەمی کەنداوی ساڵی(١٩٩١)ەوە نمونەیەکی زیندوو بەڵگەنەویستە لەسەر ئەوەی، کە کار بەئەو پەیڕەوە کراوە. لەبەر ئەوە تا ئێستا چەند لەرێگەی سەکۆ میدیایی و سیاسی و کەلتوورییەکانەوە بەرەڤانی و پشتیوانی لە رژێمی سەدام کرابێت، لەبەر ئەوە نەبووە، کە قەناعەتێکی دروست لە پشتی ئەو پشتیوانییانەوە هەبوبێت، بەڵکو گڕ و توانای هەموویان لەسەر ئەو دەستکەوتە مادییانە رادەوەستا، کە لەو رژێمەوە وەریان دەگرت.
چوارەم: دەست تێکەڵکردنی ئەمنی و موخابەراتیی رژێم لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەدا، کە پەیڕەوی کاری ئۆپۆزسیۆنییان دەکرد، چ لەناوەوەی عیراقەوە یان لەدەرەوەیدا و بوونی هاریکاری و پشتگیری و کارسازییەکی ئەمنی و موخابەراتیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی چەند وڵاتێکدا، کە خۆیان لەرووی سیاسییەوە هەر لەدژی عیراقیش بوون، بەتایبەتییش لەروداوەکانی داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی(١٩٩٠)دا.
ئەم خاڵە یەکێک بوو لەو دووفاقییانەی، کە ئاماژەبوون بۆ بوونی نیفاقێکی سیاسی لە مامەڵەکانی ئەو رژێمە دیکتاتۆرییە سەرکوتکارە و لە مامەڵەکردنی کۆمەڵگەیەکی چەوساوە و ستەملێکراوی وەک کۆمەڵگەی عیراقیدا.
کە ئەم هەموو مەسەلانە پێکەوە کۆدەبوونەوە، ئیتر ئەوە شتێکی سروشتی بوو هەموویان پێکەوە ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی رژێمی فەرمانڕەواو هەلەکانی گۆڕینیشی کەم بکەنەوە و پەراوێزی جموجووڵی بەبەرهەم و بەکەڵکی ئەنجامدانی گۆڕانکارییش لاواز بکەن.
هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عیراق لەپاش چەند ساڵی بەردەوامی کارکردنی سیاسی و سەربازیی خۆیانەوە لەدژی رژێمی سەدام و لە چەند شوێنی جیا جیاوە بە ئەو ڕاستییەی سەرەوە گەیشتن. لەبەر ئەوە هەڵوێستێکی دیار و بەرچاوی ئۆپۆزسیۆن نەبوو، بەو شێوەیە چاو بدات، کە لەباربێت بۆ گۆڕینی رژێمەکە بۆ ئەوەی لایەنانی تریش دوای بکەون، یان بتوانن وا بکەن، لە ڕیگەی ئەمریکا و بەهۆی ئەمریکاوە بیڕوخێنن، پاشتر، ڕاستیی ئەم بۆچوونە بەباشی دەرکەوت.
باجەکانی گۆڕانکاری
بەچاوپۆشین لە ئاراستە و حسابات و هەلی ئەم لایەنی سیاسی و ئەوی تر، چ عیراقی بن یان عیراقی نەبن، لە پاش ئەو پرۆسەی گۆڕینەی کە بەپێی ئەجێندای ئەمریکا روویدا، ئەوەی لەوێنە گشتیەکە ڕوون بۆوە و بەئاشکرا کەوتە بەرچاو ئەو شتانەبوون، ئەو قەیران و گرفتە فرەلایەن و فرە ئاراستانە بوون کە دەکرێت هەر رژێمێکی سەرکوتکاری تۆتالیتێری لەپاش لاچوونیەوە، یان ڕوونتر بڵێین لەپاش رووخاندنیەوە بەجێیان بهێڵێت، ئەو ئاژاوە و پشێوییەی، کە لەپاش
(٩ی نیسانی٢٠٠٣)وە هەموو ئاستەکانیان گرتەوە زۆر گرفتێکی گەورە بوون، هەندێ پێشبینی و خوێندنەوە و توێکاریکردنی پێشوەختانە هەبوون، وای بۆ دەچوون، کە ئەو تراژیدیاو کارەستانەی لەرووخاندنی رژێمی سەدامەوە دەکەونەوە، کەمتر نەبن لەو تراژیدیاو کارەساتانەی، کە سەدام کاتی بوونی خۆی بەسەر کورسیی دەسەڵاتەوە بەسەر خەڵکی عیراقیدا دەهێنان.
ڕەنگە ئەم خوێندنەوە پێشوەختانە هەندێک رەشبینییان تێدا بوبێت، یان تێیاندا بێت، بەڵام بەهێچ شێوەیەک دوور نەبوون لەواقعەوە، پاشکەوتە و شپرزەییەکانی پاش نۆی نیسانی(٢٠٠٣) لە چەند گۆشەیەکەوە راستی و دروستیی ئەو روانینانەی سەلماند.
ئەمانەی باسکران دیارترین و مەترسیدارترین باجەکانی وەرچەرخان و گواستنەوەی لەپڕو بێ ئامادەکاری بوون لە دیکتاتۆریەت و تۆتالیتێریەت و سەرکوتکاریەوە بەروە ئازادی وکرانەوە، ئەڵبەت دەکرێ ئەم ئازادی و کرانەوەیەش بگۆڕێن و ببن بە ئاژاوە و لەدەستچوونی یاسا و فەوتانێکی مەترسیداری دامەزراوەکانی دەوڵەت و بونیاد و هەیکەلە جیاوازەکانی.
ئەوە شتێکی سروشتییە، کە پرۆسەی گواستنەوە و وەرچەرخان لە رژێمێکی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرییەوە بەرەو دیموکراسی، کۆمەڵە باجێکی خۆی دەسەپێنێت بەسەر هەموو جومگەو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا و ئەگەر ئەم وەرچەرخان و گۆڕانانە لە پڕ رووبدەن و بە قۆناغ نەبن، ئەوا ئاستی باجەکانیش بەرزتر دەبنەوە و دەبنە هۆی دەرکەوتنی دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریی سلبییی جۆراو جۆر و پاشان ئەم دیاردە سلبییانە شەقڵی گشتیی کۆمەڵگە دادەرێژن، بەدەربڕینێکی تر ، سیماو خەسڵەتە گشتییەکانی دادەڕێژن.
ئەنجامەکان هەرچییەک بوبن، پێویستە خۆمان لەگەڵ دانی ئەم دوو جۆرە باجەو ئەوانەی تریشدا رابهێنین، کە لەو دووانەوە دەکەونەوە. بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەخت و شلۆقە رابهێنین و دەست بدەینە بونیادنانەوەی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق. بێگومان بونیادنانەوە لەسەر بنەمای راست و دروست، پێویستی بەکاتێکی زۆر هەیە، لەبەر ئەوەی چەند پرۆسەیەکی پێکەوە کەڵەکەبووە و ناکرێ لەشەو و رۆژێکدا و بەبێ کۆسپ و لەمپەر و تەنگژە و رکەبەریی لایەنە دەرەکی و ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێت.
کەدەگوترێت پرۆسەی بونیادنانەوە لەپاش رۆژی نۆی نیسانی(٢٠٠٣)وە لەسفرەوە دەستی پێکردووە، ئەم قسەیە راستەو راستگۆیانەترین گوزارەش لەو کارەسات و سیاسەت و پەیڕەوانە دەکات، کە بەدرێژایی چەندان سەدە هەڵەو کارەساتبار بوون.
وەک(شەزا ئەلعەبووسی)ی نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی ئاماژەی پێدەدات، لەپاش گۆڕینی رژێمەکەی پێشوو لە ساڵی(٢٠٠٣)وە، دەوڵەتێکی نیمچە پەککەوتوو هەبوو، بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی رژێمی پێشوەوە، کە هەموویان سیاسەتی تاکحزبییانەو تۆتالیتارییانە بوون و پاشانیش بەهۆی داگیرکردن و ئەو سیاسەتە هەڵانەی پۆل بریمەری فەرمانڕەوای مەدەنییەوە، کە سوپاو پۆلیس و دەزگاکانی تری هەڵوەشاندەوە، هەموو ئەمانە پێکەوە بوونە هۆی رووخان و تێکچوونی دەوڵەتی عیراق، وەک ئەوەی لە سفرو لەژێر سفرەوە دەست پێبکەنەوە.
بۆیە ڕێگەی بەردەمی دەستەبژێرە سیاسی و هزری و کلتوری و کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەردەم هاووڵاتیی ئاساییش ئاسان نەبوو، هەموویان لەپاش دوورەپەرێز کەوتن و پەراوێز کەوتنیان، کەوتنەوە ناو گەرمەی جموجووڵی گشتیی کۆمەڵایەتی.
هەر زوو ئەوە دەرکەوت، کە پرۆسەی گۆڕانە گشتییەکە بەتەواوی بەرجەستە نەبوو. بگرە روخاندنی ڕژێمە سیاسییەکە لە نۆی نیسانی(٢٠٠٣)دا بەشێکی بنچینەیی و سەرەکی بوو بۆ دەستدانە ئەو پرۆسەیەی کە خۆی لەڕاستیدا دەبوو تەواوی بونیاد و هەیکەلە دەسەڵاتپارێزەکان و دامەزراوە رۆشنبیریە تاکلایەن و ڕووکەش و شێواوەکانیش بگرێتەوە. دەبوو تەواوی رەوشت و ڕواڵەت و دیاردە کۆمەڵایەتی و سیستمەکانی پەیوەندییەکانی نێوانی دەسەڵات و کۆمەڵگە بگرێتەوە لەگەڵ تەواوی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەدا، کە رایەڵی گشتیی کۆمەڵگە پێکدەهێنن.
سروشت و گرۆکی وەچەرخانەکان
ڕەنگە بە تێگەیشتن لەو شتانەی، کەناویان لێنراوە(دەستوری) وەک یاسای سەرۆکاریکردنی دەوڵەتی عیراقیی قۆناغی گواستنەوە و (دەستوری کاتیی رۆژی ٨/٣/٢٠٠٤) و (دەستوری هەمیشەیی عیراقی رۆژی١٥/١١/٢٠٠٥ ) بتوانین لە سروشت و کرۆک و گرنگیی و تێزەکانی وەرچەرخانەکان تێبگەین. چونکە ئەگەر لەناو ئەمانەدا خاڵی لاوازی و باز و بۆشایی هەبوون، ئەوا بەشێوەیەکی سروشتی، کاریگەریی ئەم خاڵانە لە قۆناغی باشتردا لەسەر سیستمە سیاسییەکە دەردەکەوێت.
رەنگە هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بین، کە رەوش و کەشی دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق و سیستمە سیاسییە نوێیەکەی بڕێکی زۆری گرفت و ئەستەمی و رکەبەرییان هاتۆتە رێ، کەنەدەکرا بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، ئەم گرفتانە لەشەش ساڵی رابردوودا بەروونی دەرکەوتن، کە هەندێکیان ناوخۆیی خوودین و هەندێکی تریشیان دەرەکی و بابەتی.
لێرەدا بەشێوەیەکی گشتی ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین:
یەکەم: تەواونەبوون و کامڵ نەبوونی پرۆسەی ڕوخاندن و هەرەسی بونیاد و هەیکەل و دامەزراوەو پەیڕەوەکانی رژێمی پێشوو. چێوە تیرۆرییەکانی ئەم دوو پرۆسەیە تەواو نەبوون. هەنگاوە زانستییەکانیشیان هەر بەهەمان شێوە.زۆر بڕگەی دەستورە هەمیشەییەکە هەن، تا ئێستەش مشتومڕیان لەسەر هەیە، ئەگەر تەواوی هێزو پێکهاتە سیاسییەکانیش نەبێ، ئەوا زۆربەیان لەسەر ئەوە هاوڕان کە هەندێ بڕگە هەن پێویستە هەموار بکرێنەوە، ئەو بڕگانەش، کە دەبێ هەموار بکرێن، ناکۆکییان لەسەر هەیە.
هێشتا بڕێک(کە کەم نییە) لەشوێنەوار و پاشکەوتەی رژێمی پێشوو لەناو دامەزراوە جیاجیاکانی دەوڵەت و جومگە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکەوە ماونەتەوە، تا ئێستەش لەهەندێ پێگەو شوێندا میسداقیەتی زۆری شوێنەوارەکانی ئەو رژێمە ماون، بۆ نمونە تا ئێستا لەناو تێزی فەرمی کارکردنی رەسمیی حکومەتدا چەند دروشم و تێزێک دەبینین، کە هیی سەردەمی پێشوون.
ئەمانە چەند ئاماژەو بەڵگەیەکی رەوتەنییانەو سادە بوون بۆ راستیی تەواو و کامڵ نەبونی پرۆسەی ڕووخاندنەکە، هەرچی یاساکانیش هەن، بەتایبەتییش ئەوانەی وەک بنەبڕکردنی بەعس و کێشەی موڵکایەتی و مافی ئاوارەکراو و دەرکراوە سیاسییەکان و شەهیدەکان، هەموویان پێکەوە ئاماژە بەوە دەدەن، کە هێشتاش پرۆسەی بونیادنانەوەکە لە قۆناغەکانی سەرەتای خۆیاندان.
دووەم: پەرەسەندنی دیاردەی بێمتمانەیی سیاسی( Politicel Mistrust)لەنێوانی پێکهاتەو هێزە بزۆک و چالاکەکانی ناو دیمەنی سیاسیی عیراقی، بەهۆی چەند پاڵنەرێکەوە ، کە هەندێکیان کاتین و هەندێکیان وابەستەی کۆمەڵە پاشەڵێكی مێژوویین و هەندێکی تریان پەیوەندییان بە ئەجێندای دەرەکییەوە هەیە، کە ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە بچینە ناو وردەکاریی باسەکانیانەوە.
هەروەها جیاوازی و یەکتربڕین و فرە چەشنی جیاوازیی رای سیاسی بنەمای ئایدۆلۆژیی ئەو هێز و بزوتنەوە و حزبانەی کە نەخشەی سیاسیی وڵاتەکە پێکدەهێنن و بەتایبەتییش ئەوانەیان، کە سەرەکیین و رۆڵێک دەبینن، لەهێنانە ئاراو چەسپاندنی بێمتمانەییدا، کە ئەمەش کەم نییە و دەبێ حسابی بۆ بکرێت.
ئەم دیاردەیە زۆر جار و بەتایبەتییش لەو خاڵە تیژانەی وەرچەرخانەکاندا دەردەکەوێت، کە پێویستان بە پیشاندانی هەڵوێست و بڕیاردان هەیە، بەتایبەتیش بڕیارە چارەنوسسازەکان و کاتێکیش کە دەخوازرێت بەردێک بخرێتە سەر تەلاری بونیادنانەوەی عیراقی نوێ و ئەو بارودۆخەی، کە هاوڕێی پێکهێنانی ئەنجومەنی فەرمانڕەواییکردنی کاتی بوون لە (ئابی٢٠٠٣و تەمووزی ٢٠٠٤) داو ئەو بارودۆخانەی لە تەمووزی(٢٠٠٤)داو لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی ئەیاد عەلاوی و نوسینەوەی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی وەرچەرخان و پێکهێنانی کۆمەڵەی نیشتمانیی ئینتیقالی و پاشان نوسینی دەستوری هەمیشەیی و پێکهێنانی دووەمین حکومەت بەسەرۆکایەتیی دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری و سێیەمینیان بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی، هەموو ئەم بارودۆخانەو هەموو ئەو لێکتر تێنەگەیشتنانە پێکەوە گوزارەیان لە واقعێکی سیاسیی ئاڵۆز دەکرد، کە ناکرێ بەسووکی سەیری کاریگەرییەکانیان لەسەر ئێستا و ئایندەی وڵاتەکە بکرێ.
رەنگە چەند ئاماژەیەکی روونی ئەم بارودۆخانە لەناو نوسین و قسەی هەندێک لە سیاسەتمەدارە گەورەکاندا ببینین، وەک ئەو شتانەی کە (پۆل بریمەر) لە کتێبی (ئەو ساڵەی لە عیراق بەسەم برد) دا نوسیبوونی، هەروەها ئیبراهیم ئەلجەعفەری لەناو بیرەوەرییەکانی خۆی (تجربە الحکم)داو سیاسەتمەدارانی تریش، ئەوانەی رۆڵی سەرەکییان هەبووە لەبڕیاردان و ئاراستەدان بەمەسەلەکاندا، باسیان کردووە. کە رەنگە قسە و باسەکانی ئەمانە زۆر راستیی ئاڵۆزی ئەم بوارەمان بۆ ئاشکرا بکەن.
سێیەم: بەریەککەوتن و یەکتربڕینی ناوەڕۆک و میکانیزم و تێز و داتاکانی ئەزموونە سیاسییە نوێیەکەی عیراق لەگەڵ ناوەڕۆک و میکانیزم و تێز و داتاو قاڵبەکانی سیستمە نەریتییە باوەکانی فەرمانڕەواییکردنە عەرەبییەکان، کە چ پاشایی بن یان میرنشینی یان سوڵتانی یان کۆماری، بەگشتی لەسەر بنەمای میراتگیریی خێزانی ئاڵوگۆڕ بەدەسەڵات دەکرێ، مەگەر تەنها لە چەند بارێکی کەمی تردا، کە بەشێوازی پلانگێڕی و کوداتاکردن، جاری واش هەیە، کە لەوانەیە بە کودەتاش دەسەڵات لەدەستی خێزان و بنەماڵەکان دەرنەچێت، وەک ئەوەی ساڵی(١٩٩٦) لەوڵاتی قەتەر ڕوویدا، کە ئەم میرەی ئێستای ئەو وڵاتە (شەیخ حەمەد بن جاسم خەلیفە ئال سانی) بەلادانی باوکی خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست.
هێشتا مومارەسە دیموکراسییەکانی وەک هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات سنورداری و رووکەشن و تیایاندا لایەنی پڕوپاگەندەکردن بەسەر لایەنی کرۆک و ناوەڕۆکدا زاڵدەبێ.
بەهۆی ئەمەشەوەیە، کە فەرمانڕەوا عەرەبەکان بۆ دەیان ساڵ بەسەر کورسیی حوکمکردنەوە دەمێننەوە. ئەوەتا موعەمەر قەزافیی سەرۆکی لیبیا نزیکەی چل ساڵە سەرۆکە، عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن سی ساڵ زیاترە سەرۆکە و موحەمەد حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسریش بۆ سی ساڵ دەچێت، بەشار ئەلئەسەدی سەرۆکی سوریا لەپاش مردنی باوکییەوە و لەساڵی(٢٠٠٠)ەوە سەرۆکە، شا عەبدوڵڵای دووەمی پاشای ئوردن و محەمەدی شەشەمی پاشای مەغریبی بەپێی دەستوری وڵاتەکانی خۆیان جێگەی باوکی خۆیانیان گرتەوە. دەسەڵاتی سیاسیی ناو وڵاتەکانی کەنداو، سەردەمانێکی درێژە لە چنگی خێزانە فەرمانڕەواکان ناچێتە دەرەوە. لەهەر یەکە لە تونس و ئەلجەزائیر چەند جار دەستوری وڵاتەکەیان هەموار کردەوە بۆئەوەی بوار بەهەردوو سەرۆک (زەینەلعابدین بن عەلیی سەرۆکی تونس)و (عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆکی جەزائیر) بدرێت بۆ ماوەی درێژتر فەرمانڕەوایی وڵاتەکەیان بکەن، لەمۆریتانیاش کودەتا کردن تاکە هەلی گۆڕینی دەسەڵاتە.
بەشێوەیەکی گشتی ئەمە رەوشی سیاسیی ئەمڕۆی جیهانی عەرەبییە. بەگشتیش ئەم وێنەیە لەگەڵ رەوشە سیاسییەکەی عیراقی پێش نۆی نیسانی(٢٠٠٣)دا زۆر لەیەکتر دەچن و پێکەوە گونجاون، بەڵام لەوانەیە زۆر زۆر لە عیراقی پاشی ئەو بەروارەوە جیاواز بێت، لەبەر ئەوەش نا، کە ئەم وڵاتە وابەستەی داگیرکارییەک کراوە، چونکە ئەمە بەهانەیەکی لاوازە، لەبەر ئەوەی هەر ئەو ئەمریکایەی کە رژێمی سەدامی روخاند و بونێکی سەربازی و سیاسییانەی گەورەی خۆی بەسەر عیراقدا سەپاند، ئامادەییەکی سەربازی و ئیستیخباراتیی روونی لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا هەیە، جگە لەمەش زۆرترین بەشی ئەو هێزو جبەخانە سەربازییانەی ئەو، کە بۆ روخاندنی رژێمی سەدام کەوتنە جووڵە لەو وڵاتە عەرەبییانەوە هاتبوون، کە نزیک بوون لە عیراقەوە، یان دراوسێی بوون، وەک شانشینیی عەرەبیی سعودیە، قەتەر، بەحرەین و کوەیت، بگرە هۆکارە سەرەکییەکەش ئەوەیە، کە پرەنسیپی ئاڵوگۆڕکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و هەڵبژاردنی راستەقینەو هەموو سیماکانی دیموکراسیەت و ئازادی دەبنە هۆی هەڕەشەو نیگەرانیی گەورە بۆ رژێمە فەرمانڕەوا عەرەبییەکان.
چوارەم: گرفتی هاوسەنگیکردن و سازاندنی نێوانی داخوازییەکان(پێداویستییەکان)و (باجەکان)و میکانیزمەکانی سیستمی فیدراڵی. لە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عیراق بۆ قۆناغی گواستنەوە لەناو مادەی چوارەمیدا هاتووە، کە سیستمی فەرمانڕەواییکردن لە عیراقدا سیستمێکی کۆماریی فیدراڵیی دیموکراسیی فرەییە و دەسەڵات لەنێوانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمەیەتییەکان و پارێزگاکان و شارەوانییەکان و کارگێڕییە خۆ جێییەکاندا دابەش دەکرێت. سیستمە فیدراڵییەکە لەسەر بنەمای راستییە جوگرافی و مێژووییەکان و جیاکردنەوەی نێوانی دەسەڵاتەکان دادەمەزرێت، نەک لەسەر بنەمای رەچەڵەک و رەگەز و ئیتنی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان.
ئەو دەستورە عیراقییە هەمیشەییەش، کە لە بەرواری(١٥/١٠/٢٠٠٥)دا دەرچوو، هەر بەو شێوەیە ددانی پێداناو لەمادەی یەکەمیدا هاتووە، کە کۆماری عیراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، سەروەریی خۆیی هەیە، شێوازی فەرمانڕەواییکردن تیایدا کۆماری پەرلەمانی دیموکراسیی فیدراڵییە.
رەنگە چەند گرفتێکی وەک سازاندنی نێوانی ئەو سیستمە و سیستمی (پارێزگایی) کاریگەرییان لەسەر یەکێتیی خاکی وڵاتەکە و ئەگەرەکانی دابەشبوونی هەبێت، چونکە زەمینەی ئەم ئەگەرانە لەلای ئەو حەز و ئارەزووە نەتەوەییە جیاخوازییانەوە دەردەکەوێت، کە لەلایەن دووەمین پێکهاتەی نەتەوەیی گەورەی ناو وڵاتەکەوە، کورد ناوە ناوە گوزارەی لێدەکرێت. هەروەها لەوانەیە بوونی چەند ناپاڵمێكی میقاتکراوی وەک کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تر، کە کێشەیان لەسەر هەیە وا لە هەندێ لایەن بکەن بە بەردەوامی ئاماژە بە ئەگەرەکانی جیابوونەوە بدەن و بەدوای هەلی وادا بگەڕێن، کە تیایدا زیاتر سەربەخۆیی خۆیان بەدەست بهێنن. سەرباری ئەمانەش لاوازیی دەسەڵاتی مەرکەز و ونکردنی دەسەڵاتی خۆیی بەسەر زۆر مەسەلەی گرنگ و هەستەوەرداو دروستبوونی ئەم حاڵەتە لەپاش ئەزموونی ئەوەی، کە دەوڵەت هەموو ئامرازەکانی هێز و دەسەڵاتی خۆیی بەسەر هەموو لایەکانی دەوڵەتەکەدا هەبوو، پەراوێزێکی زۆر کەمی بۆ کارگێڕییە خۆجێییەکانی ناو پارێزگاکان هێشتبۆوە، هەموو ئەمانە پێکەوە قەناعەتێکی وایان لەلای ژمارەیەکی زۆری چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە دروست کرد، کە پێویستە سیستمی فیدراڵی بێتە پێشەوە.
( دکتۆر عەبد عەلی ئەلخەفاف) پرۆفیسۆری جوگرافیای سیاسی و لێکۆڵێنەوەکانی دانیشتوان لە زانکۆی کووفە، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو خەڵکە عێراقیانەی سیاسی نین و زۆرینەی ناو کۆمەڵیشن و بەبێدەنگی دانیشتوون، تا ئێستا لە تێزی فیدراڵیزم تێنەگەیشتوون و بەپێی پێویست نازانن چی لەپشتیەوە هەیە، لەبەر ئەوەی نە لە رووی راگەیاندنەوە باسکردنی وروژێنراوە، نە لە رووی ئەکادیمییەوە لەناو کۆڕ و کۆبونەوەکاندا بەباشی باسی لێکراوە، ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەکات، کە لەوانەیە مەبەست و نیازی بە فیدراڵی بوون زۆر جدی نەبن.
لێرەدا شکستخواردن لە پیادەکردنی سیستمی یەکێتیی فیدراڵی لەسەر زەمینەی واقع مانای وا نییە، هەر تەنها مانای ئەوە نییە، کە ئەگەرە خراپ و نەرێییەکانی خەمڵاندنی سیاسی نەماون، بەڵکو مانای ئەوەیە، کە دەرگای پەشێوی و نەڕسکانی سیاسی بە فراوانی دەخرێتە سەرپشت و رەنگە ئەمەش ببێە هۆی پاشەکشەکردنێکی ترسناک بەرەو دواوە، نەک تەنها بۆ عیراق، بەڵکو بۆ سەر ئەو لایەنە هەرێمایەتییانەی، کە بەترسەوە لە فیدراڵیبوونی عیراق دەڕوانن. وەک باسیش دەکرێت لەوانەیە گریمانە چاوەڕوانکراوەکانی شکستخواردن لە پیادەکردنی فیدراڵیزمێکی گونجاو لە عیراق و لە دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی ئارامگرتوودا خراپترین کاریگەرییان لەسەر دەرەوەی سنورەکانی عیراقیش هەبێت و لەوانەیە ئەو شەڕە ناوخۆییانەی بەم هۆیەوە لەناو عیراقدا هەڵدەگیرسێن پڕیشکیان بگاتە وڵاتە دراوسێکانی عیراق وەک تورکیا و ئێران و لەوانەیە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بگرێتەوە.
پێنجەم: سیستمی ئابوریی وڵاتەکەو دانانی چەند بناغەیەکی نوێ بۆ ئەم سیستمەو کۆمەڵێک مەسەلەی زیندوو گرنگ واپێویست دەکەن چەند مەسەلەیەکی زیندو بە گرنگ وەربگرن، وەک مەسەلەی لەبەر چاوگرتنی نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی و گەڕان بەدوای جێگرەوە و پاڵپشتیی تری جگە لە نەوت و چالاککردنی رۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی بواری دەستوەردانی دەوڵەت لە چالاکییە ئابورییە جۆروجۆرەکاندا و کەمکردنەوەی تێکڕا بەرزەکانی بێکاری و دانانی یاسا و پلانی وا کە سەرمایە و ئەزموونی کارکردنی بێگانە بهێننە ناو وڵاتەکەوە.
بەڕاستییش هەر وابوو، لەپاش ئەوەوە، کە رژێمی سەدام ڕووخێنرا و یەکەمین پێکهاتەی حکومەتی عیراقی پێکهێنرا، کۆمەڵە رکەبەرییەکی گەورە بۆ وڵاتەکە هاتنە پێشەوە، لە پێشیشیانەوە رکەبەریی ئابوری هەبوو، هەندێ لە پەیوەندیداران بەم بوارەوە لە پاش پێکهێنانی حکومەتەوە لە هاوینی (٢٠٠٤)دا لەم بارەوە شتیان نوسی و باسیان لەوە کرد، ئەو رکەبەرییانەی یەخە بە عیراق دەگرن و ئاڵۆزیشن برییتین لە گرفتی بێکاری و هەڵاوسان و جێگیرکردنی نرخی خەرجکردنی دیناری عیراقی و دەستگرتن بەسەر ترێنی رۆشتنی نەوتدا. چ وەک بەرهەمهێنان و چ وەک فرۆشتنی و گەڕاندنەوەی ئەم پرۆسەیە بۆ ناو دەوڵەت و سەروەریی دەوڵەت و دەستکردن بەتەرخانکردنی پێویستییەکانی پیشەسازیی نەوتی و داڕشتنەوەی بونیادی سندوقەکەی.
لەوانەیە ئەو نیگەرانییانەی لەبارەی ئایندەی عیراق و ئاسۆکانی بارودۆخە ئابوری و گوزەرانییەکانیەوە لە ئارادان راست و شیاو بن و بگرە لەوانەیە پێویستیش بن. بۆ ئەوەی ببنە هاندەر بۆ ئەوەی بەوپەڕی جدییبونەوە رووبەڕووی گرفت و قەیرانەکان ببینەوە و بناغە و پایەی بەهێز بۆ بونیادنانی بونیادی ئابوری بۆ دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخ دابمەزرێنین . لەبەر ئەوەی هەر پێشکەوتنێک لە بواری سیاسی و ئەمنیدا بەدەست بێن، نرخێکیان نابێت ئەگەر هاوشان پێشکەوتنێکی ئابوریی راستەقینە نەبێت ، کە تیایدا هەردوو لایەنی ئەرێییی و نەرێییی راستی و داتا ئابورییەکان لەبەر چاو بگیرێت.
چەند دێڕێکی کۆتایی
لەژێر رۆشنایی ئەو باسانەی پێشەوە وە دەتوانین بڵێین، کە جیاوازییەکانی نێوانی دەوڵەتی عیراقی نوێ
(٢٠٠٣-١٩٢١)و دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخدا (٢٠٠٣) لەرووی بونیاد و هەیکەل و قەبارەی بەشداریکردنی سیاسیی و پانتایی ئازادییەکان و پەیڕەوەکانی کارکردن و جموجووڵی سیاسییەوە کۆمەڵە جیاوازییەکی زۆر گەورەن و ڕەنگە ئەم جیاوازییانەش بتوانن لە ئێستادا ڕەوتە هەڵەکان لە ڕەوتە راست و دروستەکان جیا بکەنەوە.
بەڵام هێشتا پەیوەندی و تێکەڵبوونێکیش لەنێوانی هەردوو قۆناغەکەدا ماوەتەوە، سیماو رواڵەتەکانی ئەو تێکەڵییەش ئەوەیە زۆربەی ئەو ڕکەبەرییە گەورانەی یەخە بە عیراقی هاوچەرخ دەگرن پاشماوەی ئەو قۆناغە رابردووەن.
بێگومان هەر کەسێکیش بیەوێت هەڵسەنگاندن و بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم ئەزمونە نوێیە بدات و بەپێی ئەم شەش ساڵەی پێش ئێستا قسە بکات دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە، لەبەر ئەوەی بەپێیی پێوەرە سیاسییەکان شەش ساڵ ماوەیەکی زەمینیی بەس نییە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی تیادا بکەیت و حوکمی کۆتایی پێیی بدەیت، چونکە ئەو ئەزموونە کامڵ و تەواوەی ناو ئەم جیهانە هاوچەرخەی ئێمە پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر گرفت و قەیرانەکانیدا زاڵ ببێت و رووبەڕووی رکەبەرییەکان بوەستێتەوە و پرۆسەی روخاندن و بونیادنانەوەکەی تەواو بکات.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری کەلتور وەرگیراوە، ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٠