ئا: لەشکر حەمە ساڵح
لە بازاڕە داراییەکانی ئەمڕۆدا کە ترلیۆنان دۆلار بە چرکەیەک و بەهۆی سیستەمە تەکنەلۆژییە خێراکانەوە دەگۆڕێن، پیاوێک هەیە نزیکەی سەدەیەکە بە هێمنی لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە. پێویستی بە شاشەی پێشکەوتوو و تەلەفۆنی زیرەک نییە، بەڵام بە فەلسەفەیەکی کلاسیک جڵەوی بەشێکی گەورەی ئابووریی جیهانی گرتووە. وارن بافیت کە بە پێشبینیکەرەکەی ئۆماها دەناسرێت، تەنها وەبەرهێنەرێکی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو فەیلەسوفی جووڵەی پارەیە لە سەردەمی نوێدا.
چیرۆکی ژیانی بافیت، گەشتێکی نامۆیە، لە منداڵێکی دەستگێڕی فرۆشتنی بنێشت و کۆکا کۆلاوە بۆ لووتکەی دەوڵەمەندترین پیاوانی جیهان. ئەم راپۆرتە ئاوڕدانەوەیەکی جیاوازە لە وێستگەکانی ژیانی و نەریتی رۆژانەی و ئەو فلتەرە توندانەی لە کاتی بڕیارداندا بەکاریان دەهێنێت و تێڕوانینی بۆ سیستمی ئابووری و چۆنێتی هەڵسوڕانی بازاڕ و شێوازی وەبەرهێنان و پارە پەیداکردن.
فرۆشیارە شەش ساڵانەکە
بافیت لە 30ی ئابی 1930دا لە شاری ئۆماهای ویلایەتی نیبراسکای ئەمریکا لەدایکبوو، هاتنی ئەو بۆ جیهان رێککەوت بوو لەگەڵ داڕمانی گەورەی ئابووری لەو وڵاتەدا، سەردەمێک کە هەژاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو، هاوارد بافیتی باوکی برۆکەری پشکەکانی بۆرسە و دواتر ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بوو، ئەم ژینگەیە وایکرد وارن لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە لە ناو ژمارە و هاوکێشە داراییەکاندا گەورە بێت.
کاتێک منداڵانی هاوتەمەنی خەریکی یاریکردن بوون، وارن خەریکی بازرگانی بوو. لە تەمەنی شەش ساڵیدا، پاکەتی شەش دانەیی شووشەی کۆکا کۆلای بە 25 سەنت لە دوکانی باپیرەی دەکڕی و هەر شووشەیەکی بە پێنج سەنت بە جیا دەفرۆشتەوە بە هاوسێکانیان، لە هەر پاکەتێکدا پێنج سەنت قازانجی دەست دەکەوت. لە تەمەنی 11 ساڵیدا، کاتێک منداڵان هێشتا چەمکی داهاتیان نەدەزانی، ئەو یەکەمین پشکی خۆی لە بۆرسەدا کڕی.
دوای ئەوەی ماڵیان گواستەوە بۆ واشنتۆن، وەک دابەشکاری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست کاری دەکرد، ئەو تەنها رۆژنامەی دابەش نەدەکرد، بەڵکو هێڵەکانی گەیاندنی بە جۆرێک رێکخستبوو کە لە کەمترین کاتدا بگاتە زۆرترین ماڵ، کاتێک گەیشتە تەمەنی زانکۆ، لە پارەی دابەشکردنی رۆژنامە و دانانی ئامێری یاری (پینبۆڵ) لە دوکانەکانی سەرتاشیندا، 10هەزار دۆلاری پاشەکەوت کردبوو کە بەهای ئێستای دەکاتە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار.
کتێبێک ئاڕاستەکەی ژیانی گۆڕی
وەرچەرخانی راستەقینە لە ژیانی پیشەیی بافیتدا، خوێندنەوەی کتێبی وەبەرهێنەری ژیر (The Intelligent Investor) بوو لە نووسینی بنجامین گراهام. ئەم کتێبە تێڕوانینی وارنی گۆڕی و هەر لەبەر ئەمەش بوو ئۆفەری خوێندنی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا قبوڵکرد تا لە نزیکەوە لە ژێر دەستی خودی گراهامدا بخوێنێت.
گراهام چەمکی وەبەرهێنانی بەها (Value Investing)ی فێری بافیت کرد، بنەمای فەلسەفەکە ئەوەیە کە پشکی بۆرسە تەنها کاغەزێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتنی خێرا، بەڵکو بەشێکە لە خاوەندارێتی بزنسێکی راستەقینە، گراهام پێی وتبوو: «بازاڕی پشک وەک مرۆڤێکی شێت وایە، هەندێک رۆژ زۆر دڵخۆشە و نرخەکان بەرز دەکاتەوە، هەندێک رۆژیش بێتاقەتە و نرخەکان دەهێنێتە خوارەوە، کاری تۆ ئەوە نییە بکەویتە داوی هەستەکانی ئەوەوە، بەڵکو دەبێت کاتێک خەمبارە و کاڵاکانی بە هەرزانی دەفرۆشێت، تۆ لێی بکڕیت». ئەم تێڕوانینە بوو بە بنەمای سەرەکی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی داهاتووی، واتە بێرکشایر هاساوای (Berkshire Hathaway).
لە تەمەنی شەش ساڵیدا، پاکەتی شەش دانەیی شووشەی کۆکا کۆلای بە 25 سەنت لە دوکانی باپیرەی دەکڕی و هەر شووشەیەکی بە پێنج سەنت بە جیا دەفرۆشتەوە بە هاوسێکانیان، لە هەر پاکەتێکدا پێنج سەنت قازانجی دەست دەکەوت
دژە باوی ملیاردێرەکان
ئەوەی بافیت لە تەواوی ملیاردێرەکانی تری جیهان جیا دەکاتەوە، شێوازی ژیانی رۆژانەیەتی، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرانی وۆڵ ستریت لە ناو جەنجاڵیی تەلەفۆن و کۆبوونەوەی بەردەوامدا دەژین، رۆژەکەی بافیت تەواو بێدەنگە، چونکە بەم شێوەیە دەژی:
هێزی خوێندنەوە: بافیت 80 ٪ی کاتی رۆژانەی لە ناو ئۆفیسەکەیدا بە خوێندنەوە بەسەر دەبات، ئەو رۆژانە نزیکەی 500 لاپەڕە لە راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکان و رۆژنامەکان دەخوێنێتەوە، پێیوایە زانیاری وەک سوودی لێکدراو وایە، سەرەتا دیار نییە، بەڵام دوای چەندین ساڵ دەبێتە هێزێکی گەورە.
خانویەکی کۆن: ئەو هێشتا لەو خانووە سادەیەدا دەژی کە لە ساڵی 1958دا بە 31 هەزار و 500 دۆلار کڕیویەتی، هیچ پاسەوان و دیوارێکی بەرز و کۆشکێکی گرانبەهای نییە، ئۆتۆمبێلەکەی جۆری Cadillacـی مۆدێل 2009یە و چەندین ساڵە نەیگۆڕیوە.
ژەمی بەیانیی سێ دۆلاری: لە رووی خۆراکەوە فەلسەفەیەکی نامۆی هەیە، بەیانیان لە مەکدۆناڵد رادەوەستێت و ژەمێکی سادە دەکڕێت کە نرخەکەی لە 3.17 دۆلار تێپەڕ ناکات، رۆژانە پێنج قتوو کۆکا کۆلا دەخواتەوە و حەزی لە ئایسکرێم و چپسە، کاتێک لێی دەپرسن بۆچی لەم تەمەنەدا ئەم خواردنانە دەخۆیت؟ بە پێکەنینەوە دەڵێت: «ئامارەکان دەڵێن کەمترین رێژەی مردن لە نێوان منداڵانی تەمەن شەش ساڵدایە، بۆیە بڕیارمدا وەک منداڵێکی شەش ساڵان نان بخۆم».
سێ فلتەرەکەی بافیت بۆ بڕیاردان
بافیت بۆ کڕین، یان رەتکردنەوەی هەر کۆمپانیایەک، سێ فلتەری توند بەکاردەهێنێت کە هەرگیز نەیبەزاندوون:
1. بازنەی لێهاتوویی: گرنگ نییە بازنەی زانیارییەکانت چەندە گەورەیە، گرنگ ئەوەیە سنوورەکەی بزانیت، ئەو پارە ناخاتە ناو بزنسێکەوە کە لە مۆدێلی کارکردنی تێنەگات، بەهۆی ئەمەشەوە چەندین دەیە پشکی مایکرۆسۆفت و گوگڵی نەکڕی، چونکە پێیوابوو جیهانی تەکنۆلۆژیا زۆر خێرا دەگۆڕێت، بەڵام دواتر پشکی ئەپڵی کڕی، چونکە تێگەیشت ئەپڵ تەنها کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆژیا نییە، بەڵکو براندێکی بەهێزی بەکاربردنە کە خەڵک ناتوانن دەستبەرداری بن.
2. سەنگەری ئابووری: کۆمپانیا لای بافیت وەک قەڵایەکی سەربازییە کە پێویستی بە سەنگەرێکی قووڵە لە دەوربەری تا رکابەرەکان نەتوانن هێرشی بکەنەسەر. ئەم سەنگەرە دەکرێت ناوبانگی براندەکە بێت وەک کۆکا کۆلا، یان تێچووی کەمی خزمەتگوزاری بێت وەک کۆمپانیای GEICO بۆ دڵنیایی.
3. بەڕێوەبەری دەستپاک: کاتێک کۆمپانیایەک دەکڕێت، بەڕێوەبەرەکانی ناگۆڕێت، ئەو دەڵێت: «کۆمپانیایەک دەکڕم کە هێندە نایاب بێت تەنانەت گەمژەیەکیش بتوانێت بەڕێوەی ببات». بەڵام پێش کڕین، سەیری رەوشت و راستگۆییان دەکات، لە کاتی دامەزراندندا دەبێت سەیری سێ خەسڵەت بکرێت: ژیری و وزە و دەستپاکی. ئەگەر سێهەمیان تێدا نەبوو، دوو خەسڵەتەکەی پێشووتر تۆ دەکوژن.
پارە، نمرەی ناو یارییەکە
بۆ وارن بافیت، پارە ئامرازی نیشاندانی دەسەڵات نییە، بەڵکو تەنیا نمرەی ئەو یارییەیە کە لە ناخەوە عاشقیەتی. لە ساڵی 2006دا بڕیارێکی مێژووییدا و رایگەیاند کە 99 ٪ی سامانەکەی لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی (Bill & Melinda Gates Foundation) و دەزگاکانی تری منداڵانەوە دەبەخشێت بە مرۆڤایەتی.
خاوەنی عەقڵییەتێکی توندە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا و دەڵێت: «هێندە پارە دەدەم بە منداڵەکانم کە بتوانن هەر کارێک دەیانەوێت ئەنجامی بدەن و هەرگیز هێندە زۆریان نادەمێ کە پێویستیان بە هیچ کارکردنێک نەمێنێت». بافیت پێیوایە گەورەترین زیان بە منداڵ ئەوەیە بەهۆی سەروەتی باوکییەوە تەمبەڵ بکرێت، بە واتایەکی دیکە پشت بە خۆی نەبەستێت.
ئەوەی بافیت لە تەواوی ملیاردێرەکانی تری جیهان جیا دەکاتەوە، شێوازی ژیانی رۆژانەیەتی، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرانی وۆڵ ستریت لە ناو جەنجاڵیی تەلەفۆن و کۆبوونەوەی بەردەوامدا دەژین، بافیت تەواو بێدەنگە و 80 ٪ی کاتەکانی بە خوێندنەوە بەسەر دەبات
کاش پاشایە
سامانە تایبەتییەکەی بافیت ئێستا نزیکەی 135 بۆ 140 ملیار دۆلارە، زۆربەی بە شێوەی پشکە لە کۆمپانیای (Berkshire Hathaway)، بەڵام ئەوەی ئێستا جیهانی دارایی سەرقاڵ کردووە و لای زۆرێک لە وەبەرهێنەران جێگەی سەرسوڕمانە، قەبارەی ئەو پارە کاشەیە کە لە ژێر دەستی کۆمپانیاکەیدایە.
نەختینەی کاش لە ناو بێرکشایر هاساوای گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی مێژوویی کە بریتییە لە 397 ملیار دۆلار، ئەم بڕە پارە زەبەلاحە بەسە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بە تەواوی دەست بگرێت بەسەر 477 کۆمپانیای ناو پێوەری بەناوبانگی (S&P 500) کە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت، ئەم بازووە داراییە، لە توانای ئابووریی چەندین دەوڵەتی گەورەی جیهانیش تێپەڕ دەکات.
ئەم ژمارە مێژووییە رێک دوای کۆتایهاتنی چارەکی یەکەمی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی جێبەجێکاری نوێی کۆمپانیاکە، گریگ ئەبێل هات، کە وەک جێگرەوەی بافیت دەستبەکاربوو، لە کاتێکدا بافیت خۆی هێشتا وەک سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی، بڕیاردەری کۆتایییە.
چەکێکی ئامادە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان
ستراتیژیی بافیت لە پشت کۆکردنەوەی ئەم هەموو پارە کاشە و نەکڕینی پشکی نوێ لەم سەردەمەدا، بۆ تێڕوانینی قووڵی ئەو دەگەڕێتەوە سەبارەت بە وەبەرهێنان، بافیت پێیوایە بازاڕەکانی ئێستای بۆرسە دەرفەتی زۆر سنووردار پێشکەش دەکەن و نرخەکان لە بەهای راستەقینەی خۆیان بەرزترن، بۆیە کۆمپانیاکە هێزی نەختینەی خۆی پاراستووە وەک چەکێکی ئامادە بۆ راوکردنی دەرفەتە گەورەکان لە کاتی هەر شڵەژان، یان داڕمانێکی داهاتووی بازاڕدا.
لە راستیدا وارن بافیت قوتابخانەیەکی زیندووە، دەیسەلمێنێت سەرکەوتنی گەورە لە بازاڕ و لە ژیاندا، پێویستی بە هاوار، دڵەڕاوکێی بەردەوام و سەرکێشیی کوێرانە نییە. سەرباری گۆڕانی خێرای جیهان و سەرهەڵدانی ئابووریی دیجیتاڵی، بنەماکانی ئەو کە لەسەر پشودرێژی، دیسپلین، سادەیی و دەستپاکی بنیات نراون، وەک راستیگەلێکی هەمیشەیی دەمێننەوە، ئەو پیاوە بێدەنگەی ئۆماها نیشانی داین کە دەوڵەمەندبوونی راستەقینە، پڕۆسەیەکی هێواش و هۆشیارانەیە کە پێویستی بە عەقڵ هەیە نەک چانس.
بابەتی زیاتر