کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشی بۆردی هۆشیاری کرد

کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ سەردانی بۆردی هۆشیاریی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی (ی.ن.ک) یان کرد و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشی بۆردەکە کرد.
وەک پێزانینێک لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆردی هۆشیاری بۆ بە دۆکیومێنتکردنی مێژووی شۆڕشی نوێ و خەباتی مامۆستایان، لەو سەردانەدا، کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە بۆردی هۆشیاری کرد.
لە چوارچێوەی هەمان دیداردا، ئاماژە بە چاپکردن و بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەمی کتێبی «چراکانی شاخ» درا، کە بەڵگەنامەیەکی گرنگ و تایبەتە بە تۆمارکردنی خەباتی مامۆستایان لە سەردەمی شۆڕشی نوێدا و بۆردی هۆشیاری لە مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. هەروەها لە بەرامبەر ماندووبوون و هەوڵەکانی لە ئامادەکردنی کتێبەکەدا، کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ خەڵاتێکی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە نووسەری کتێبەکە (محەمەد حەمەتەقی) کرد.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، هەردوولا پلانی داهاتوویان بۆ نووسین و ئامادەکردنی بەرگی دووەمی کتێبی «چراکانی شاخ» تاوتوێ کرد. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە ئەم زنجیرە کتێبە بەردەوام بێت بۆ پاراستن و گواستنەوەی مێژووی خەباتی مامۆستایان بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved