دوێنێ 2026/2/14، بۆردی هۆشیاری بەهاوکاری ساڵۆنی لاپەڕە 9ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران، كۆڕێكی بۆ نووسەر د. عەدالەت عەبدوڵڵا لەبارەی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (مؤتمرات المعارضة العراقیة وخطاب مام جلال الوحدوي-مؤتمر لندن نموذجا)، ڕێکخست.
سەرەتا نووسەر باسی رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ی كرد لە پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و دوای پرۆسەی ئازادی و بوونی بە سەرۆك كۆمار و تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی توێژینەوە لەوبارەیەوە و چاپكردنی لە دووتوێی كتێبێكدا بە ناوی (مؤتمرات المعارضة العراقیة وخطاب مام جلال الوحدوي-مؤتمر لندن نموذجا).
 لەو كۆڕەدا د. عەدالەت عەبدوڵڵا قسەی لەسەر ناوەرۆكی كتێبەكە کرد، بە تایبەتی ئەوەی باس لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراق لە لەندەن و وتارەكەی سەرۆك مام جەلال لەو كۆنگرەیەدا دەکات، وتیشی: لەو كتێبەدا وتارەكەی مام جەلال-مان خستە ژێر پشكنین و وردبینییەوە، كە رۆڵی هەبووە لە یەكخستنی گوتاری ئۆپۆزسیۆنی عیراق و ئامادەكارییەكان بۆ دوای رووخانی بەعس، لەو وتارەیدا تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە نابێت رۆڵی هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن فەرامۆش بكرێ، چ ئەوانەی بەشداربوون لە كۆنگرەی لەندەن یان ئەوانەی لە دەرەوەی كۆنگرەكەن.
راشیگەیاند: هەر لەمیانی كۆنگرەكەی لەندەن و وتارەكەی مام جەلال_دا، لە دەرەوەی كۆنگرەكەش پەیوەندی بە هەموو ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەوە كرد، كە لە وڵاتە جیاجیاكاندا بوون و تەئكیدی لەوە كردەوە كە رووخانی رژێمی بەعس حەتمییە، بۆیە پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن و خۆیان بۆ قۆناغی دوای رژێم ئامادە بكەن، كە قۆناغی گواستنەوە دەبێت، هاوكات بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز مام جەلال زانیاری زیاتری لەبارەی ئایندەی عێراق بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەخستەڕوو.
د.عەدالەت وتیشی: ئەوكات مام جەلال گەیشتبووە ئەو بڕوایەی عیراقی داهاتوو و سیستمە سیاسییەكەی زیاتر فیدراڵی دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان، بە تایبەتی مافی هەرێمی كوردستان، کە هەرێمێكی دیفاكتۆیە، وەك لەوتارەكەشیدا ئاماژەی بۆ كرد، لە چەندین شوێن دووپاتی لە مافی گەلی كورد و خەڵكی كوردستان كردووەتەوە، هەرچی لەو وتارەدا لەلایەن مام جەلالەوە وتراوە، لەلایەنی كوردیی بەشداربووی كۆنگرەكەی لەندەن بە تایبەتی كاك مەسعود سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیكراوە، یان هیچ تێبینییەكی لەسەر قسەكانی نەبووە.
دواتر ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران، سەرنج و پێشنیازەكانیان لەبارەی كۆڕەكە و ناوەرۆكی كتێبەكە خستەڕوو.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved