بەرواری ٢٠٢٥/٢/٨، بۆردی هۆشیاری بەهاوکاری ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ك)، كۆڕێكی بۆ ناساندنی كتێبی (جلال طالباني - مقالات فكریة صحفیة) لە ئامادەكردنی نووسەر سامی قادر رێكخست.
لە كۆڕەكەدا سامی قادر باسی لە ناوەڕۆكی كتێبەكە كرد و وتی: ئەو بەرهەمە دواهەمین كۆبەرهەمەكانی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال -ە، ئامادەم كردووە و د. جەواد چۆم حەیدەری، پێشەكی بۆ نووسیوە و بۆردی هۆشیاری چاپی كردووە.
وتیشی: ئەو وتارانەی كە لەم كتێبەدا هەن، مێژووەكەی بۆ سەرەتای ساڵانی شەستەكان تا ساڵانی حەفتاكان دەگەڕێتەوە، بابەتەكان بەسەر سێ تەوەردا دابەشكراون، بەشێكیان بریتییە لە فیكری جیهانی كە مام جەلال نووسیویەتی، بەشی دووەمیان باس لە بیری نەتەوایەتی و كوردایەتی دەكات و بەشی سێهەمین بۆ كاری رێكخراوەیی و حزبایەتی تەرخان كراوە. 
راشیگەیاند: هەموو ئەو وتارانە بە زمانی عەرەبی نووسراون و ئێمە كۆمان كردۆتەوە، بۆئەوەی بتوانین بەیەك پاكێچ كاری لەسەر بكەین و بیخەینە بەر دەستی خوێنەر و لێكۆڵەرانی عەرەب و كورد، چونكە پێویستە نەتەوەكانی دیكەش  لە بیری مام جەلال تێبگەن كە سەبارەت بە پرسی رەوای نەتەوەی كوردی چی وتووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا كتێبەكە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی و دەمانەوێت لە رێگەی مەڵبەندی بەغداوە بەشێكی زۆری كتێبەكە لە بەغدا بە خوێنەرانی عەرەبی ئاشنا بكەین.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved