فەرمان حسێن دەروێش
مێژووی گەلان پڕە لەو ساتە وەرچەرخانەی کە تێیدا راستی و نواندن، هۆشیاری و چەواشەکاری رووبەڕووی یەک دەبنەوە، ئەوەی لە هەفتەی رابردوو لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمەدا روویدا، تەنها زنجیرەیەک لە رووداوی کاتی نەبوون، بەڵکو گوزارشت بوون لە ململانێیەکی قووڵ لەسەر ناسنامە، ئیرادە و داهاتووی نەتەوەیی. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە، پێویستە لە چوار گۆشەنیگای سەرەکییەوە سەیری وێنە گشتییەکە بکەین.
یەکەم: «مورید» و گەنجان؛ لە هەژموونی نمایشەوە بەرەو گیانی راستەقینەی بەرخۆدان.
لە زانستی سیاسەتدا، چەمکی «نواندن» کاتێک مەترسیدار دەبێت کە جێگەی «کردار» دەگرێتەوە. کارەکتەری «مورید» و ئەو هەرا و وێنایەی لە دەوری دروستکرا، تەنها بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە نەوەی نوێ و گەنجانەوەیە. مەترسییەکە لێرەدایە، ئەگەر گەنجی ئێمە وا تێبگات کە بەرخۆدان تەنها (نمایشێکی سۆشیاڵ میدیایی یان لێدوانی توند و سەرنجڕاکێشە)، ئەوا گیانی راستەقینەی خەبات لەناو دەچێت، دەبێت نەوەی داهاتوو بزانێت کە بەرخۆدان فیکر و ئینتیمایە، نەک تەنها پۆست و لایک، پێویستە گەنجان وزەی خۆیان لە دەرکەوتنە سۆماییەکانەوە بگوێزنەوە بۆ «هۆشیاریی نەتەوەیی»، تاوەکو بەرخۆدان نەبێتە دیاردەیەکی کاتی، بەڵکو ببێتە بەشێک لە کەسایەتیی ئەو گەنجەی کە دەزانێت نیشتمان بە کردار دروست دەکرێت، نەک بە نمایش لەسەر شانۆیەکی سیاسیی چەواشەکاردا، چونکە سیاسەت بریتی نییە لە وتاردان، بەڵکو بریتییە لە کردنی ئەو شتانەی کە وتاردانەکەی لەسەرە.
دووەم: جینۆساید، حەقیقەتێکی مێژووییە کە بەرخۆدان دەکاتە گرنگییەک بۆ باسکردنی.
بەرخۆدان بەبێ ئاماژەدان بە مێژووی جینۆسایدی ئەم گەلە، باسێکی ناتەواوە، ئەو شۆڕش و خۆڕاگرییەی هەفتەکانی رابردوو بینیمان، لە راستیدا هەوڵ و بەرخۆدان و تێکۆشان بوو بۆ دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکانی جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی. جینۆساید بۆ گەلی کورد تەنها یادەوەرییەکی تاڵ نییە، بەڵکو رەهەندێکی مێژوویی و هۆکارێکی زیندووە کە هەمیشە زەنگی مەترسی لێدەدرێت، بەرخۆدانی ئێستا، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە ویستوویانە ئەم نەتەوەیە لەناو ببەن، کاتێک گەل یەک دەگرێت، لە راستیدا بەربەست لە بەردەم «جینۆساید» دا دروست دەکات، ئێمە دەجەنگین و بەرگری دەکەین، چونکە دەزانین باجی بێدەنگی و پەرتەوازەیی جینۆسایدکردنمانە، بەرخۆدان لێرەدا دەبێتە «مافی ژیان» لە بەرامبەر ئەو ئاراستەیەی دژ بە گەلی کورد کە هەمیشە خەون بە سڕینەوەی ئێمەوە دەبینێت ، ئەوانەی مێژوویان لەبیر دەچێتەوە، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی.
سێیەم: شۆڕشی بەرخۆدان و یەکبوونی نەتەوەیی.
بە پێچەوانەی نواندنەکانەوە، ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوو وەک «شۆڕشی بەرخۆدان» ناسرا، دەنگێکی رەسەن و بێگەردی شەقام بوو، ئەم بەرخۆدانە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ساڵانێک لە نادادی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی نەتەوەیی بوو، یەکبوونی نەتەوەیی لەم قۆناغەدا تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو تاکە رێگەی مانەوەیە، یەکبوون بەو مانایەدێت کە دەبێت لەسەر مێزی نیشتمان، هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکان وەلا بنرێن، ئەوەی لە شەقامدا بینرا، تێکەڵبوونی دەنگی هەموو چین و توێژەکان بوو، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین وەڵام بوو بۆ نەیاران، کەواتە دەبێت بگەیتە ئەو بڕوایەی کە «هەموو شتێک دەکرێت بە تەنیا بکرێت جگە لە سەرکەوتن، چونکە سەرکەوتن پێویستی بە هەمووانە.»
چوارەم: رۆڵی میدیا لەنێوان بەرپرسیارێتی و تێکداندا.
میدیا لەم هاوکێشەیەدا دەتوانێت ببێتە «پردی پەیوەندی» یان «دیواری جیاکەرەوە»، لێرەدا میدیا چەکێکی دووسەر بوو، بەشێکیان بوونە دەنگی راستەقینەی گەل و ئازارەکانی جینۆسایدیان وەک وزەیەک بۆ بەرخۆدان بەکارهێنا، بەشەکەی دیکەشیان بە زەقکردنەوەی «نواندنەکان» و وردەکارییە لاوەکییەکان، هەوڵیاندا جەوهەری شۆڕشەکە بشێوێنن و خەڵک بە لایەنی لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن، بەرپەرسیارێتی میدیای نیشتمانی ئێستا ئەوەیە کە پارێزگاری لەو «هۆشیارییە نەتەوەییە» بکات کە لە دڵی گەنجاندا چەکەرەی کردووە، میدیای نیشتمانی دەبێت ئەو سەکۆیەبێت کە لە کاتی تەنگانەدا بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل دەپارێزێت و رێگری دەکات لە هەر هەوڵێکی چەواشەکارانە کە لە ئاراستەی خەباتی راستەقینە و بەرخۆدان لادەدەن، چونکە «میدیا بەهێزترین قەوارەیە لەسەر زەوی، توانای هەیە بێتاوانەکان بکاتە تاوانبار و تاوانبارەکانیش بکاتە بێتاوان.»
پەیامی کۆتایی: بەرەو ئاسۆیەکی رۆشن
ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی ویژدانیداین، کاتێک «نمایشی سیاسی» وەک تەمێکی کاتی دەردەکەوێت و بەسەر دەچێت، بەڵام تەنها «بەرخۆدانی رەسەن» دەبێتە ئەو رەگە بەهێزەی مێژووی نەتەوەیەک لەناو جەرگەی خاکدا جێگیر دەکات، پاراستنی نەوەی داهاتوو لە مۆتەکەی دووبارەبوونەوەی جینۆساید، تەنها بە گێڕانەوەی رابردوو نابێت، بەڵکو بە داڕشتنەوەی هۆشیارییەکی نوێ دەبێت، هۆشیارییەک کە تێیدا گەنجان فێری ئەو راستییە بن کە نیشتمان پێویستی بە «پاڵەوانی سەرشاشە و ئەفسانەی دیجیتاڵی» نییە، بەڵکو تینووی کارەکتەری سەر ئەرک و ئیرادەی تێپەڕاندنی قەیرانەکانە، پێویستە نەوەی نوێ بزانێت کە شکۆی نەتەوە لە «نواندن»دا بەدەست نایەت، بەڵکو لەو «کردارە»دایە کە بەرژەوەندیی باڵای گەل دەخاتە سەرووی هەموو نمایشە کەسییەکانەوە، تەنها بەم هۆشیارییە نەتەوەییە دەتوانین ئاسۆیەکی رۆشن بۆ داهاتوو مسۆگەر بکەین، کەواتە «نیشتمان بە دروشم ناپارێزرێت، بەڵکو بەو ئیرادە پۆڵایینە دەپارێزرێت کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەرووی هەموو نمایشەکانەوە»، پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت «گەلێک کە یەکگرتوو بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت جینۆسایدی بکات، چونکە یەکڕیزی، گەورەترین قەڵای بەرگرییە.» کاتی ئەوە هاتووە کە گەنجانی ئێمە ببنە پارێزەری راستەقینەی ئەم خاک و مێژووە.