لە درێژەی زنجیرە كۆڕەكانیاندا،بۆردی هۆشیاریی (ی.ن.ك) و كوردستانی نوێ كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و گوتاری یەكبوونخوازیی مام جەلال، كۆنگرەی لەندەن بە نموونە) رێكخست، سەرەتای كۆڕەكە، د. عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەر و مامۆستای زانكۆ رایگەیاند: ئەم كتێبەی ئێستا لەبەردەستاندایە، توێژینەوەیەكی زانستییە لەبارەی وتارەكانی سەرۆك مام جەلال لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا كە نزیكەی سێ ساڵ لەمەوپێش لە دیداری نیشتمانیی یادی شەش ساڵەی كۆچی دوایی مام جەلال لە نەجەف پێشكەش كرا، كە دیدارەکە بە سپۆنسەر و چاودێریی دەزگای سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دەزگای بەحر ئەلعلوم بەڕێوەچوو.
وتیشی: توێژینەوەكە، توێژینەوەیەكی وەسفییە و میتۆدی توێژینەوەكە رووپێوییە و لە سێ بەش پێكهاتووە، باس لە رۆڵی مام جەلال لە بەدیهێنانی پرۆژەی رووخاندنی رژێمی بەعس و بەشدارییەكانی لە یەكخستنی هەوڵ و تواناكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی دەکات، لەگەڵ بەشداربوونی لە گەڵاڵەكردنی كۆمەڵێك لێكتێگەیشتنی نیشتمانی و هەروەها ئاماژە بە كۆمەڵێك سیناریۆی سەرۆك مام جەلال بۆ عیراقی دوای سەدام دەكات لە كۆنگرەی لەندەن كە ئەوانیش بریتین لە: یەكڕیزیی خاك و خەڵكی عیراق، پاراستنی سیستمی سیاسی داهاتووی عیراق، ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری عیراق، بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و پێكهاتەكانی عیراق.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا د.عەدالەت رایگەیاند: لە توێژینەوەكەمدا باسی بەستنەوەی گوتاری یەكڕیزخوازی مام جەلال-م كردووە هەم لەناو كورد و هەم لەناو عیراقدا بە مەبدەئێكی فیكری خۆیەوە كە ئەویش بریتییە لە پرەنسیپی ململانێ و یەكبوون، كە مام جەلال لە كتێبی (الجبهة الوطنیة المتحدة) زۆر بە جوانی تیۆریزەی كردووە، ئاوڕدانە لە تێڕوانین و فەلسەفەی سیاسی مام جەلال بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تایبەتمەندییە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژییەكانی لە عیراقدا.
توێژەر لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: بۆ نووسینی توێژینەوەكە پشتم بە 24 سەرچاوەی زانستی بەستووە و چەندین پاشكۆی تێدایە، لەوانە دەقی وتارەكەی سەرۆك مام جەلال لە كۆنگرەی لەندەن و كۆمەڵێك وێنە لەبارەی كۆنگرەكە و هەندێ وێنەی دیدارەكەی نەجەف كە دەیان توێژەری بیانی و عیراقی و كوردستانی تێیدا بەشدار بوون. كتێبەكە لەلایەن بۆردی هۆشیاری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە چاپ و بڵاوكراوەتەوە و توێژینەوەكەش لەسەر داوای دەزگای سەرۆك جەلال تاڵەبانییەوە بووە.