محەمەد مەنگوڕی
چاپی سێیەم – ٢٠٢٥
ژیاننامەی مامۆستا محەمەد مەنگوڕی
كێوێك هەرەسی هێنا، دەریایەك ووشك بوو، ئەستێرەیەك كوژایەوه، فریشتەیەك لەشەقەى باڵیدا و بەرەو جیهانی باڵا فڕی.
لەهاوینی (١٩٤٠) دا لەگوندی ترکەشی سەر بەشارۆچکەی پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان خوا کۆرپەیەك دەبەخشێتە حەسەن محەمەدی مەنگوری و هاوسەرەکەی خاتوو فاتیمە سمایل، ناو لەو منداڵە دەنێن محەمەد و پەروەردەی ئاینی ئیسلامی پێ دەبەخشن، لەچرکەساتی یەکەمدا کە لە کۆشی دایکی بەر دەبێتەوە دەس به گریان دەکات، گۆی مەمکی دایکی دەمژێ ژیر دەبێتەوه، پەنجەی دۆشاومژەی باوکی دەگرێ و چاوەکانی دەکاتەوە بەهێما پێیان دەڵی، ئەگەر گەورەبم و خوا تەمەنم درێژ بکا، دواڕۆژ خزمەتی ئێوە و نەتەوەکەم دەکەم.
دوای راپەڕینی یازدەی ئاداری سالی (۱۹۹۱) ی هەولیر و ڕزگارکردنی ئەو شارە، بەشێکی زۆر لەدۆسیەی ئەو سیخوڕ و
خۆفرۆشانە کەوتە بەردەست، یەكێك لەو سیخوڕانە ئەو کەسە بوو که مەنگوڕی بەگرت دابوو لەرا پورتێکی چوار لاپەڕەییدا زانیاری زۆر وردی لەسەر ناوبراو دابووە ئەمنی هەولێر، فایلیکی تری ئەو سیخوڕەم لەمانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ بینی، کە پۆلیك هاوڕێی رێكخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانی بەگرت دابوو، که هەموویان لە ئەمنی هەولێر گوللـەباران کرابوون، فایلەکە نزیکەی سێ سەد بۆ چوار سەد لاپەڕە دەبوو، کە یەکە یەکە رووبەڕوو شایەتی له دژی هەر هەموویان دابوو، لەهەمووی سەیرتر، ئەو سیخوڕە تەنانەت ناوی برایەکی خۆیشی هێنابوو کەپێشتر لەگەڵ محەمەد مەنگوڕی لە رێكخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کاری کردبوو، بەڵام ئەو کاتە براکەی لەسنووری مەڵبەندی سێى هەولێر له سماقوڵی پێشمەرگە بوو!
هەر بەگوێرەی ئەو فایلەی کە لە ئەمنی هەولێر لەراپەڕیندا گیرا، سیخوڕەکە لە ڕۆژی (٢٣/۷/١٩٨٧) دا و ملازم عەتائیڵڵا موسا خەلیفە سامەرائی - ش لەروژی (٣٠/۸/١٩٨٧) دا لە دادگای بەناو شۆڕش لەدژی محەمەد مەنگوڕی بەنهێنی شایەتیان داوه، بۆیه ناوبراو بەزیندانیکردنی (موئەبەد) سزا درا کە لەڕاستیدا گەر دادگا دادپەروەر بوایە دەبوایە ئازاد بكرێت لەکاتێکدا هیچ دانپیدانانێکی نەبوو.
ئازارەکانی مامۆستا مەنگوڕی، لەوانەیە بە بەراورد لەگەڵ زیندانییەکانی تر لەئازاری هەموومان قورس تر بووبێت، هەم ئازاره جەستەییەکان کەچەندان جار (ئەو نامەردەیان) هێنایە بەرانبەری و رووبەڕوو شایەتی لەدژیدا، هەم ئازارە دەروونییەکان بەهۆی مانەوەی له تاکژوورەکان و ئەمنی هەولێر بۆ ماوەی (۱۸) مانگ و (۱۸) رۆژ. بۆ ئەوەی خۆتان سەربووردەی گرتن، دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، مانەوەی شازدە مانگەی تاکژووەکان و دواتر دادگاییکردنەکەی مەنگوڕی بخوێننەوه، کە لەم نامیلکەیەدا خۆی نووسیوێتی و چاپی یەکەمی لەساڵی (١٩٩٦) دا لەلایەن خۆیەوە لەچاپ دراوه، چاپی دووەمیشی لەساڵی (۲۰۰۲) دا بەنزیکەی شەش ساڵ دوای کۆچکردنی خۆی لەلایەن بنەماڵەکەی لەچاپ دراوەتەوه.
دەرسیم پێشەوا
هاوڕێى مامۆستا مەنگوڕی لەتاکژوورەکانی ئەمنی هەولێر
چوارشەممە(۲۰/ ۱۲ / ۲۰۲۳)