سەرکەوت جەلیل
دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی

پاشخان
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠ی ئایار، بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان و بە بڕیاری ژمارە (A/78/L.67/Rev.1)، ڕۆژی ١١ی تەموزی بۆ یادکردنەوەی ساڵانەی جینۆسایدی سرێبرێنیکا، تەرخان کرد. سرێبرێنیکا بەشێکە لە دەوڵەتی بۆسنیا و هێرزێگۆڤینا (بۆسنیا). لە ١٩٩٥ بەهۆی جەنگی ناوخۆیی کۆماری یوگۆسلاڤیای پێشووەوە، لەلایەن سپای سربەکانەوە گەمارۆ و پەلامار درا و لە ئەنجامیشدا زیاتر لە هەشت هەزار کەسی موسوڵمان (لە ڕەگەزی نێر)، کرانە ئامانج و کوژران. ئەوەش جگە لە چەندان تاوانی تر، وەک ئاوارەبوونی هەزاران ژن و منداڵ. پرۆژەبڕیارەکە لەلایەن هەردوو دەوڵەتی ڕواندا و ئەڵمانیاوە پێشنیاز کرا و کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسەندی کرد و ئەو ڕۆژەی وەک 'ڕۆژی تێڕامان و یادکردنەوەی جینۆسایدی سرێبرێنیکا لە ١٩٩٥' ناساند(١). بڕیارەکە چەند بڕگەیەکی گرنگ لەخۆ دەگرێت. جگە لە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی تاوانەکە، هەموو جۆرە حاشاکردن و نکۆڵیکردنێک لە جینۆسایدەکە سەرکۆنە کراوە؛ داوا لە دەوڵەتان کراوە بیخەنە نێو پرۆگرامی پەروەردەیی خۆیانەوە و شوێنی شیاوی پێ بدەن؛ هەروەتر هەموو بەرزڕاگرتن و شکۆدارکردنێکی تاوانبارانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید، بەتەواوی سەرکۆنە کراوە. لێرەدا و پەیوەست بەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پێم باشە هەندێک خاڵ لە هەمبەر جینۆسایدەکانی کورد لە هەرێمی کوردستاندا، بدەمە بەر باس و بخەمە بەر چاو.

بۆچی ڕواندا و ئەڵمانیا؟
ئەوەی ڕواندا و ئەڵمانیا پرۆژەیەکی ئاوا پێشنیاز دەکەن، شایەن بە هەڵوەستەیە. لە هەردوو وڵاتەکەدا، هاوشێوەی بۆسنیا و هێرزێگۆڤینا، یادەوەریی تاڵی جینۆساید هەیە. لە ١٩٩٤ لە ڕواندا، ئەوکات حکومەتی سەر بە زۆرینەی هوتووەکان لەسەر کار بوو، ساڵانێکیش بوو قەوانی تۆڵەکردنەوە و پاککردنەوەی حیسابی لەگەڵ کەمینەی توتسییەکان، لێدەدایەوە. بە چەندان ڕێگە و میکانیزمی جیاواز، تەنانەت لە میدیاکانەوە و بەئاشکرا، هانی جەماوەر و شەقامیان دژی کەمینەی توتسییەکان دەدا و وەک جرج و مشک ناویان دەبردن و ڕقی جەماوەری هوتوویان ئەستوورتر دەکرد. بۆیە کاتێک لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەست کرا بە ڕاونان و ڕەشبگیری و کوشتنی توتسییەکان بەبێ هیچ دوودڵییەک، چ لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە و چ لەلایەن جەماوەرەوە، لە تەنیا سەد ڕۆژدا - لە نیسان تا تەموزی ١٩٩٤ - نزیکەی ٨٠٠،٠٠٠ (هەشت سەد هەزار) کەس لەنێو بران. هەندێک ئاماریش دەیگەیەننە سەروو ملیۆنێک (٢). لە ڕووی یاسایی و پاش دەستوەردانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ڕێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە - کە وەک زۆربەی کەیسەکانی تری جەنگ و جینۆساید، درەنگ بوو و لە کاتی خۆیدا نەیتوانی بەدەم گەلی بائامانجگیراوەوە بچێت، دادگایەکی نێودەوڵەتیی تاوان تایبەت بە دادگاییکردنی کەسانی بەرپرس لە بڕیاردان و ئەنجامدانی تاوانەکان لە ڕواندا (ICTR)، دامەزرێنرا و هەزاران کەس لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، سزا دران و خرانە زیندان. ئەڵمانیاش لە دووەمین جەنگی جیهانییدا، یەک لە گەورەترین جینۆسایدەکانی مێژووی تێدا ڕووی دا. ئەویش جینۆسایدی جووەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بوو لەلایەن حکومەتی نازییەکانەوە بە سەرکردایەتیی ئادۆڵف هیتلەر، کە سیستەماتیکییانە چەند ملیۆنێک جوو، لەنێو بران (٣). بۆیە ئاسایی و چاوەڕوانکراویشە، دوو دەوڵەتی خاوەن یادەوەری و ئەزموونی تاڵ و سەختی جینۆساید، پرۆژەیەکی ئاوا ببەنە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتییەوە. بەڵام، لای کەم لە پەیوەندیی بە کوردەوە، ئەوەی نائاساییە، گوڵبژێرکردنی کەیسەکانە: بەدەم هەندێکەوە بچن و خۆیان لە هەندێکی تریش نەبان بکەن.

بارزانییەکان وەک نموونە
وەک بنەما، لێکچوونێکی بەهێز لە نێوان جینۆسایدی سرێبرێنیکا و جینۆسایدی بارزانییەکاندا هەیە. لە هەردوو کەیسەکەدا نێرینەکان بوون کرانە ئامانج، کاتێک لە مێینەکانیان جیا کرانەوە، بران و پێکڕا کوژران. تەنانەت لە ڕووی ژمارەشەوە لێکەوە نزیکن؛ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکانیش نزیکەی هەشت هەزار کەسن. بەڵکو لە هەندێک ڕەهەندەوە، جینۆسایدی بارزانییەکان لەوەی سرێبرێنیکا گەورەتر و بەسوێتریشە. پاش ئەوەی بۆسنیا داوایەک دژی سربیا و سربەکان لە دادگای نێودەوڵەتیی داد تۆمار دەکات، لە حوکمی کۆتاییدا (لە ١٩٩٦ و دوای پێداچوونەوەش لە ٢٠٠٧)، سەرباری ناساندنی ڕووداوەکە وەک جینۆساید، دادگاکە تێوەگلان و بەشداریی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە فەرمییەکانی سربیای لە جینۆسایدەکەدا نەسەلماند و بەرپرسیارێتیی خستە ئەستۆی چەند کەسێک بەبێ گرێدانیان بە دەزگایەکی دەوڵەتی و فەرمییەوە (٤). لەکاتێکدا خودی سەدام حسێن، چەند مانگێک پاش گواستنەوەی نێرینە بارزانییەکان لە کامپەکانی دەوروبەری هەولێرەوە بۆ بیابانەکانی ڕۆژاوای عێراق، لە وتارێکدا باسی لەنێوبردنی بارزانییەکانی کرد و کارەکەشی وەک تۆڵەکردنەوە ناو برد. واتە بە ددانپێدانانی خودی سەرکۆماری عێراق و سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی، بەپێچەوانەی کەیسی سرێبرێنیکاوە، سوپا و دەزگاکانی وڵات لە جینۆسایدەکەدا بەشدار و بەڵکو هەر ئەوانیش جێبەجێکار بوون. پێشتریش ئەنجوومەنی ئاسایش، دادگای نێودەوڵەتیی تاوانی تایبەت بە یوگۆسلاڤیای پێشوو (ICTY) بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانبارانی جینۆسایدی موسوڵمانانی بۆسنیا، دامەزراند. بەڵام بۆچی یەکەمیان دەبێتە کەیسێکی جیهانی و لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەفەرمی دادگای نێودەوڵەتیی بۆ دادەمەزرێنرێت و ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەشی تەرخان دەکرێت و دووەمیشیان، کە هاوشێوە و بەڵکو توندتر و سەختتریشە لەوەی یەکەم، دادەپۆشرێت و دەبێتە قوربانیی دینامیکییەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت قۆناغی جەنگی سارد و لە باشترین حاڵەتیشدا وەک تاوانێک یان پرسێکی ناوخۆیی لەقەڵەم دەدرێت؟ ئەمەش پرسیارێکی گرنگە، کە وەڵامدانەوەی، زۆر شتی بەهادارمان لە پەیوەست بە جینۆسایدی کوردەوە بۆ ڕوون دەکاتەوە، بەتایبەت بابەتی سەربەخۆیی و دەوڵەت و ناسنامەی نێودەوڵەتی و بەدەمەوەهاتنی گەلان و دەوڵەتانی تر. گەر ئێمە بزانین کە نیزامی نێودەوڵەتی لەسەر پەیکەرەی دەوڵەت وەک ئەکتەری سەرەکی، دامەزراوە، گەر بزانین کە دەوڵەت نەبوویت، مافی دادبینیت لە دادگای نێودەوڵەتیی داد نابێت و چەندانی تریش، ئەوکات باشتر لە پرسەکە حاڵی دەبین.

کاردانەوەی بڕیارەکە
بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتی لەلایەن گەلی بۆسنیا و هەروەها ڕێکخراوە مافپەروەرەکان (لەوانەش ڕیکخراوەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ – هیومەن ڕایتس وۆچ)ەوە بە گرنگ و مێژوویی لەقەڵەم درا. ئەمەش ئاساییە، چونکە دیدی قوربانی و هەستی پێزانین و ددانپێدانان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، پرسێکی گرنگە لە پەیوەندیی بە جینۆسایدەوە. گەلی بۆسنیا بڕیاریان داوە لەو مۆنیومێنتەی بەو بۆنەیەوە بنیات دەنرێت، ناوی ئەو دەوڵەتانەی دەنگیان دژی بڕیارەکە داوە، لە لیستی شەرمەزاراندا بنووسن. بەڵێ، دەبێت ناوی تۆمەتباران و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی گەلانی جینۆسایدکراو سوورە، لە لیستی شەرمەزاراندا بنووسرێت، نەک ئەوەی بەبێ هیچ وردبوونەوەیەک و تێگەیشتنێک لە ئاڵۆزییە دەروونی-کۆمەڵایەتییەکانی جینۆساید، لێخۆشبوونی نیشتمانی و گشتییان بۆ دەربکەیت و لە قۆناغێکی دواتریشدا خۆیان وەک قارەمان بخەنەوە سەر تەختەی شانۆ. هاوکات لەلایەن دەوڵەتی سربیاشەوە، وەک نەریتی هەمیشەیی بکوژان و تێکدەران و ڕووخێنەران و تاوانکارانی جینۆساید، دژایەتیی بڕیارەکە کرا و وەک "بڕیارێکی سیاسی، وەک هەوڵێک بۆ کردنەوەی گۆزەی پاندۆرا و نوێکردنەوەی برینێکی کۆنی قەتماغەگرتوو" سەیری بڕیارەکە دەکەن (٥). بەڵێ، برینێک کە تەنیا قەتماغەی گرتووە، نەک ئەوەی خۆشە بووبێت. برینێک کە کرابێتە ژێر پێوە، کە سەرکوت و سەرنوقم کرابێت، نەک ئەوەی دەرمان کرابێت، یان تۆز و ترسی یادی ڕەق و تاڵی جینۆساید، نیشتبێتەوە و ڕەویبێتەوە.
هەڵبەت ئەمە یەکەمین بڕیارێکی لەو جۆرە نییە. بڕیارێکی تری هاوشێوە و بە هەمان ناوەوە تایبەت بە 'یادکردنەوەی جینۆسایدی توتسییەکانی ڕواندا لە ٧ی نیسان' هەیە. واتە ساڵانە لە هەمان ڕۆژدا یادی ئەو مەرگەساتانە دەکرێتەوە (٦). لە کۆی گشتییدا، پاش دەرچوواندنی پەیماننامەی تایبەت بە ڕێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ١٩٤٨، تەنیا سێ جینۆساید لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، ددانیان پێدا نراوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕێکاری یاساییان لە هەمبەر گیرابێتە بەر: ڕواندا و یوگۆسلاڤیا و کامبۆدیا. دداننان بە کەیسی تریشدا هەبووە، وەک ئەوەی ئێزدییەکان لە ٢٠١٤، بەڵام کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەنگاوی بۆ دادگاییکردن و سزادانی تاوانکارانی، هەڵنەهێناوە و وەک کەیسی ناوخۆیی ماونەتەوە. لە ناوخۆی وڵاتانیشدا، ساڵانە چەند ڕۆژێک تەرخانە بۆ یادکردنەوەی جینۆساید. بۆ نموونە، لە کەمبۆدیا، تامیلەکان لە سری لانکا، جووەکان (هۆڵۆکۆست)، یۆنان، ئەرمەنییەکان، عێراق و هەرێمی کوردستان (بارزانییەکان، ئەنفال، ئێزدییەکان) و هەندێکی تریش.

دوو وشەی کلیلی
بەگشتی رۆژی یادی جینۆساید، ڕۆژێکی ناخۆشە و خەڵک ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی خەمناک دەبینن. بەڵام ئەوەی گرنگە لەم جۆرە یادانەدا بخرێنە بەر باس، دوو خاڵن. یەک، وەک ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوی ناوە، ئەو ڕۆژانە ڕۆژی تێڕامان (reflection)ن لە جینۆساید. بە مانایەک، تەنیا ڕۆژی گریان و زاری و شین نین. بەڵکو ئەوەی گرنگە و خزمەت بە دۆزی جینۆساید دەکات، بیرکردنەوە و ڕامانی زیاترە لە جینۆسایدەکە و زانینی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی و خەمڵاندنی زیان و لێکەوتە دەروونی-کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسییەکانی. ئێمە یادی جینۆساید ناکەینەوە تەنیا بۆ ئەوەی بگرین، تەنیا بۆ ئەوەی لە چوارچێوە و قاڵب و شێوەی "شیوەن"دا بە غەیری خۆمان بڵێین کوژراین و جینۆساید کراین. بەڵکو بەشێکی یادکردنەوەکە، ڕوو-لە-ناوخۆیە. ئێمە یاد دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی ڕووی دا و بۆچی ڕووی دا. هەروەها بۆ ئەوەشی بزانین ئێستەی ئێمە، لەکوێی ئەو ڕابردووەدایە و ئێستا و ڕابردوو چ پێوەندییەکیان پێکەوە هەیە.
دوو، وەک ئەوەی لە ناونیشانی پەیماننامەکەدا دیارە، کرداری ڕێلێگرتن (prevention) پێش کرداری سزادان (punishment) دەکەوێت. واتە، بەشی سەرەکیی جینۆساید و لەوێشەوە ئەرکی دەوڵەتان ئەوەیە، سیاسەتنامەی وا دابڕێژن و پەرە پێ بدەن، کە دینامیکییەتی پەیوەندی و کارلێککردنی نێو کۆمەڵەکە نەگاتە جینۆساید؛ ڕێکار و ئامرازەکانی ڕێگرتن لە جینۆساید چین و چی بکرێت بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە تاوانێکی وا نەقەومێت. وەلێ لە ١٩٤٨ەوە چەندان جار دەوڵەتان لەو ئەرکەیاندا شکستیان هێناوە و ملیۆنان مرۆڤ تەنیا لە سەدەی بیستەمدا، بوونەتە قوربانیی جینۆساید. لە پاکستان، لە کەمبۆدیا، لە عێراق (هەرێمی کوردستان)، میانمار، ڕواندا، بۆسنیا و هی تریش، کاری پێشوەخت نەکرا و ئەو هەمووە مرۆڤە مەدەنی و بێتاوانە، بە ناڕەوا قڕ کران. هۆکاری جینۆسایدەکانیش بەگشتی، دینامیکییەتی پەیوەندی-دەسەڵاتە، بەتایبەت لە پەیوەندیی بە ناسنامەوە (identity). وەک لە پێناسەکەیدا دەبینرێت، جینۆساید بەئامانجگرتنی کۆمەڵێکە لەسەر بنچینەی ناسنامەی نەتەوەیی، ئیتنی، زمانی یان ئاینی بە مەبەستی لەنێوبردنی هەمەکی یان هەندەکیی کۆمەڵەکە.
هەڵبەتە ئێستا و بەهۆی جیهانگیری و لێکەوتەکانییەوە، لەوانەش کۆچی دەستی کار، تیرۆریزم، پەیوەندیی چڕتری نێوان گەلان و دەوڵەتان لەسەر بنەمای پێویستی و ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاری، ژمارەی دەوڵەتانی تاک-نەتەوە، تاک-ئاین و تاک-زمان کەمتر بووەتەوە. هەر وڵاتێک بگریت، چەندان کۆمەڵی ئاینی و نەتەوەیی و زمانیی تێدا دەژین، کە پێداچوونەوە بە پرسی بەڕێوەبردن و بەشکردن و بەهەندگرتن و کرانەوەدا، دەکەنە پێویستی. لە هەر کوێشدا کارێکی وا بگاتە بنبەست، یان پرۆسەکە خاو بکرێتەوە، یانیش لەوە زیاتر، بوەستێنرێت و بەتەواوی پەک بخرێت، لەوێدا ئیتر ئەگەرەکانی سەرهەڵدانەوەی جینۆساید، یان هانابردن بۆ جینۆساید وەک ئامرازی مامەڵەکردن لەگەڵ دینامیکییەتی کۆمەڵدا، دێتە پێشەوە. ئێستا زیاتر لە هەر کات و سەردەمێکی پێشوو، گەلان پێویستییان بە مشتومڕە دەربارەی خۆڕێکخستنەوە و خۆبنیاتنانەوە و وەخۆداچوونەوە و چاکسازیی سیاسی و یاسایی و پێناسەکردنەوەی دادپەروەری و سیستەمی حوکمڕانی، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕێ لە ڕوودانەوەی جینۆساید بگرن.

لە سرێبرێنیکاوە بۆ کوردستان
پێش چەند ڕۆژێک دوایین پێشهاتی یاسایی لە عێراق، دەرچوواندنی یاسای پشووە فەرمییەکان بوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆمارەوە (٧). سەرباری مشتومڕێکی زۆر دەربارەی جێکردنەوەی پشووی ڕۆژی غەدیر تایبەت بە دەستنیشانکردنی عەلی کوڕی ئەبو تالیب وەک جێنشینی پەیامبەر - ئەو ڕۆژەی لە نێوان شیعە و سوننەکاندا دیدی جیاوازی لەسەرە و دوو ڕای تەواو پێچەوانەیان هەیە لەسەری و کە مۆرکێکی مەزەبی و تایفەیی هەیە و لە کرۆکدا بریتی بوو لە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینەی شیعەکان بەسەر پێکهاتەکانی تردا، بەدیاریکراوی سوننەکان، دوو پشووی تایبەت بە کورد لە یاساکەدا جێ کراونەتەوە. یەکەمیان جەژنی نەورۆز (٢١ی ئازار)، دووەمیان تایبەت بە تاوانی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال و ڕاپەڕینی شەعبانییە (١٦ی ئازار). سەرباری بێلایەنیی دەستووری عێراق لە ڕووی تەرخانکردنی هیچکام لە پلە و پۆستەکان و تایبەتکردنیان بە پێکهاتەیەکی ناوبراوەوە، ئەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣ی پێ بەڕێوە براوە، بنەمای دیموکراسیی سازان (التوافق) بووە. گەر لە لیستی پشووەکانی نێو پرۆژەیاساکەی عێراق ورد ببینەوە، لە ناوی پشووەکەی ١٦ی ئازار و هەروەها زیادکردنی غەدیر-ەوە بۆ لیستەکە، دەبینین دیاریکردنی پشووە فەرمییەکان، یان زیادکردن و کەمکردنەوەی لیستی پشووەکان، بەو شێوەیەی لە یاسا و بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشدا هاتبوون، ڕەنگدانەوەی بنەمای سازانی نێوان پێکهاتەکانە. شیعەکان بۆ ئەوەی غەدیر زیاد بکەن، ڕازی بوون هەڵەبجە و نەورۆز دابنرێت. کوردیش بۆ جێکردنەوەی ئەو پشووانە، چاوی لە غەدیر پۆشیوە. عەرەبەکان بۆ ئەوەی پشووی هەڵەبجە زیاد بکەن، ناوی پشووەکەیان ناوە هەڵەبجە و ئەنفال و شەعبانییە؛ تێکەڵەیەکیان خوڵقاندووە کە دیسان بەڵگەیە لەسەر بنەمای سازان. پێشتر و لە یاسای پشووە فەرمییەکانی ١٩٧٢دا و بەهۆی کاریگەریی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠وە، نەورۆز وەک پشوو ناسێنراوە، بۆیە گەر بێژین ئەمەی ئێستا نوێ نییە، ئاساییە.
پاش دووەمین جەنگی جیهانی، هەڵەبجە (شان بە شانی سەردەشت و دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لەو دەگمەن شوێنانەن کە چەکی کیمیاییان لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام و بەعسییەکانەوە تێدا بەکار هات. لە دوای هەڵەبجەوە، نوێترین کەیسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە جەنگی ناوخۆیی سوریا و لەلایەن ڕژێمی بەعسییەکانی ئەو وڵاتەوەیە. واتە حاڵەتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، دەگمەنن. ئەمەش وا دەکات هەڵەبجە، هەروەک سرێبرێنیکا، لە ئاستی دنیادا جێیەکی تایبەت بێت، بەو پێیەی نزیکەی دە هەزار کەس بەهۆی چەکی کیمیاییەوە، کوژران و بریندار بوون. بەدڵنیاییشەوە لەو دەگمەن کەیسانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە، گەر تاقە کەیسیش نەبێت، کە بەهۆیەوە تاوانکارێک (عەلی حەسەن مەجید "عەلی کیمیایی") برابێتە بەردەم دادگا و بەهۆی ساغبوونەوەی تاوانەکەیەوە، سزا درابێت. هەموو ئەمانە وا دەکەن، شارەکە و یادەوەریی تاڵی لەنێوبردنی لای کەم دە هەزار کوردی ئەو شارە و دەوروبەری، شیاوی بیرهێنانەوە و تێڕامان و تەرخانکردنی ڕۆژێکی فەرمیی پشوو بن لە سەرانسەری عێراقدا. چەندە گرنگە لە ناوخۆی هەرێمدا یادی ئەو تاوانانە بکرێتەوە، زیاتر لەوەش دەبێت لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق و بە فەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بخرێنەوە بەر چاو و بدرێنەوە بەر باس. وەک ئەوەی گەلی بۆسنیا دەیڵێن، دەبێت تاوانباران شەرمەزار بکرێن.
هەرچەندە هەڵەبجە و ئەنفال لە هەمان ساڵدا ڕوویان دا و تێکەڵی یەکتر بوون، بەڵام زیاتر وەک دوو ڕووداوی سەربەخۆ و وەک دوو تاوانی جیا، سەیر دەکرێن. ئاساییە گەر بڵێین، ئاخنینی هەردوو یادەکە لە ڕۆژێکدا، کورتکردنەوەی ڕێگە درێژ و دوورەکەیە لە خۆشکردنی برینی جینۆسایدی کورداندا. بۆیە سەرباری لایەنی پۆزەتیڤی جێکردنەوەی ئەو دوو پشووە، ئەوەی جێی نیگەرانی و چاودێرییە، نەبوون یان پشتگوێخستنی ڕۆژێکی تایبەتە بە یادی جینۆساید لە عێراقدا، هاوشێوەی ئەو چەند ڕۆژەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانی کردوون. بەدیاریکراوییش جینۆسایدی کورد، کە وەک دیاریی حکومەتەکانی عێراق، چ ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە، وەک کەیسی جینۆسایدی بارزانییەکان و ئەنفال و هەڵەبجە، چ ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزی چەکداری ناحکومییەوە [بۆ نموونە، داعش] بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی حکومەتەوە، وەک جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ٢٠١٤، پشکی شێری جینۆسایدەکانی عێراقی بەرکەوتووە. ئەمەش ناکاتە ئەوەی لە بەهای تەرخانکردنی ڕۆژێک بۆ هەڵەبجە، کەم بکەینەوە. کەیسی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو وەک باس کرا، لە هەموو دنیادا کەیسێکی ناوازەیە.

لەبری کۆتایی: بیرکردنەوە لە جینۆساید
بریا ڕۆژێک بۆ یادکردنەوە و ڕامان لە جینۆسایدی کورد، تەرخان دەکرا و جێی وەها ڕۆژێکیش لە یاسای پشووە فەرمییەکاندا، دەکرایەوە. چونکە ژمارە و قەبارەی تاوانەکانی حکومەتەکانی پێشووی عێراق، هیچیان لەوەی حکومەتەکانی ڕواندا و یوگۆسلاڤیا (سربیا) کەمتر نییە، گەر زیاتریش نەبێت. بەگشتی نەبوونی ڕۆژێک، کە تێیدا دەوڵەتی عێراق بەفەرمی ددان بە ڕوودانی جینۆسایددا بنێت و بەڵێنی ڕێگرتن لێی و سزادانیشی لە کاتی ڕوودانیدا بدات، جۆرێکە لە خۆدزینەوە و هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی. گرنگە ئەو نەریتی نکۆڵیلێکردنە کۆتایی پێ بهێنرێت، چونکە ئەوەی کەیسی جینۆسایدی کورد لە عێراق لە جینۆسایدی گەلانی تر جیا دەکاتەوە، دووبارەبوونەوەیەتی. لە سەرەتای هەشتاکاندا جینۆسایدی بارزانییەکان، لە کۆتایی هەشتاکاندا جینۆسایدی هەموو کورد لە هەر چوار پارێزگاکەی ئەوکات، لە ٢٠١٤دا جینۆسایدی ئێزدییەکان. واتە سێ کەیسی جینۆساید لە تەنیا سی ساڵدا (١٩٨٤ - ٢٠١٤). جگە لە دەیان تاوانی تری وەک بۆردومانکردنی قەڵادزێ و کۆڕەوی دوو ملیۆنیی پاش ڕاپەڕین لە ١٩٩١.
بەگشتی، وەستان یان ڕاگرتنی کاروبار لە ڕۆژانی یادکردنەوەی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆڤایەتیدا، سەردانی مۆنیومێنت و دانانی تاجەگوڵینە و خوێندنەوەی وتاری فەرمی، بەرهەمهێنانی گۆرانی و فیلم و بەڵگەفیلم، گرنگن و ڕۆڵی خۆیانیان هەیە. بەڵام ئەوەی لەمانە گرنگترە، بیر و کرداری ستراتیژیکە: ڕامان لە ڕیشە و هۆکارەکانی ڕوودانی جینۆساید؛ ڕامان لە چۆنێتیی بنیاتنانی کۆمەڵێکی دیموکراتیک و فرەنەتەوە و فرەئاین؛ وروژاندنی پرسیارەکانی پەیوەست بە دادپەروەری و کۆت و گەرەنتییە یاساییەکان؛ ڕامان لە شێوازەکانی خستنەگەڕی دەزگاکانی دەوڵەت دژی کۆمەڵی نەتەوەیی، زمانی، ئیتنی یان ئاینی بەمەبەستی قڕکردنیان؛ پرسیارکردن لە چۆن و بۆچی؛ توێژینەوە و نووسین و تۆمارکردن و ئەرشیڤکردن دەربارەی تاوانەکان؛ لۆبیکردن لە ئاستی دەرەوە و لە نێوان گەلان و دەوڵەتانی هاوخەمی تری وەک بۆسنیا و ڕواندا و ئەڵمانیا و ئەرمەن و ئەوانی تریش، بۆ بردنەپێشەوەی دۆزی جینۆسایدی کوردان و ددانپێدانان و ناساندنی وەک نموونەی تاوانی جینۆساید؛ تێکۆشانی جدی بۆ کردنی جینۆساید بە بەشێک لە یادەوەریی دەستەجەمی و خەمی گشتی؛ بیرکردنەوە و کارکردن لە شەرمەزارکردنی حکومەتەکانی پێشووی عێراق و ملپێکەچکردنی کاربەدەستان و حکومەتەکانی ئێستا و دادێ بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جدی بۆ ڕێگرتن لە تاوانی جینۆساید و هاوکات بۆ بنیاتنانەوەی دەروونی-کۆمەڵایەتیی قوربانییان و ڕزگاربووانی تاوانەکانی پێشتر و قەرەبووکردنەوەی مادی و مانەوییشیان. گەر لە یادکردنەوەی ئاسایی و سۆزەکییەوە نەگوازینەوە بۆ یادکردنەوەی ستراتیژیک و ئەقڵی، 'گۆزەکەی پاندۆرا' وەک هەڕەشەیەک کە هەمیشە ئەگەری کرانەوە و ئازادبوون و هەڵدانەوەی هەیە، لە بەردەممان دەبێت. جگە لەوەش، نابێت بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەدیاریکراوییش ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی نیاز و ڕۆحی پەیماننامەی جینۆساید (سەرباری سنووردارێتی و کەموکورتییەکانی لە هەندێک جێگەدا)، نادیدە بگیرێت. جگە لە هەوڵە ناوخۆییەکان بۆ بنبڕکردنی جینۆساید، هەوڵ و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتییش فرە گرنگە، چونکە لەم بابەتەدا و لە زۆرێکی تریشدا، هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، نزیک و تەواوکاری یەکترن.

پەراوێزەکان
١_ بۆ خوێندنەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گشتی، بڕوانە:
https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwj8kfuPvLKGAxVwVfEDHYpfCNQQFnoECBMQAQ&url=https%3A%2F%2Fpress.un.org%2Fen%2F2024%2Fga12601.doc.htm&usg=AOvVaw3OCtlibY7zwKAxfFtKH7c_&opi=89978449
2_ Human Rights Watch, ‘Leave None to Tell the Story: Genocide in Rwanda’ (1999) written by Alison des Forges: https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwiYzL7vrbKGAxXnSPEDHe2dBr8QFnoECBQQAQ&url=https%3A%2F%2Fwww.hrw.org%2Freports%2Fpdfs%2Fr%2Frwanda%2Frwanda993.pdf&usg=AOvVaw0Hc2YIxj2SOmcSwkvyJi4R&opi=89978449.
3_ European Parliament, ‘International Holocaust Remembrance Day: The Fragility of Freedom’ (2024): https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwj586qlubKGAxVJefEDHTkTD984FBAWegQIDBAB&url=https%3A%2F%2Fwww.europarl.europa.eu%2FRegData%2Fetudes%2FBRIE%2F2024%2F757610%2FEPRS_BRI(2024)757610_EN.pdf&usg=AOvVaw3ElkWsu2Q7mpbVq29fjWh5&opi=89978449.
4_ International Court of Justice, Application of the Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide (Bosnia and Herzegovina v. Serbia and Montenegro) (Judgement 1996 - 2007): INTERNATIONAL COURT OF JUSTICE (icj-cij.org).
٥_ هەمان سەرچاوەی ژ. ١.
6_ United Nations General Assembly, International Day of Reflection on the Genocide in Rwanda, A/RES/58/234 on 23 December 2003.
٧_ بۆ خوێندنەوەی یاسای پشووە فەرمییەکانی عێراق، بڕوانە:
https://iq.parliament.iq/law/
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved