ڕۆژی( 6/12/2025) لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک؛ مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوە ئەنجامدرا بۆ چاپکراوێکی نوێ ی بۆردی هۆشیاری کە کتێبێک بوو بەناونیشانی (کرکوک الهدف الخفي وهویة المکان)؛ لەلایەن لطیف فاتح فرج ەوە نووسراوە و شەماڵ دەلۆیی لە زمانی کوردییەوە وەریگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی لە مەراسیمکەدا کە لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی نوسەرانی عیراق و ژمارەیەک لە نوسەرو روناکبیر و ڕۆژنامەنووسان ئامادەبوون. بە ناوی بۆردی هۆشیارییەوە؛ پیرۆزبایی لە شکورساڵەیی کرا بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی نوسەرانی عیراق ؛ پاشان بەشێک لەو چالاکیانە خرانەروو کە لەماوەکانی رابردوودا بۆردی هۆشیاری بەبێ جیاوازی بۆ خزمەتی کاییەی نوسین و ڕۆشنبیرانی ئەنجامی داوە.
دواتر لطیف فاتح فرج تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکە، ڕایگەیاند لەم کتێبەدا بە بەڵگەوە ئاماژە بەوە کراوە کە چۆن حکومەت و ڕژێمەکانی عیراق، هەوڵیان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و شوناسی کوردستانیبوونی کەرکوک داوە. ئەوەشیان لە ڕێی دابەشکردنەوەی یەکە ئیدارییەکان و گۆڕینی ناوی لادێ و دێهاتەکان و ڕوخانی دێهاتەکانەوە کردووە. لە بەرامبەر چاپکردنی کتێبەکەش سوپاسی بۆردی هۆشیاریکرا بۆ ئەوهەنگاوەی لەم پیناوەدا گرتوێتیەبەر.
هەروەها شەماڵ دەلۆیی وەرگێری ئەم کتێبە لە کوتە باسێکدا چونێتی وەرگێرانی کتێبەکەی روونکردەوە و راگەیاند ئەم هەوڵەیان بەو ئامانجەبووە کە نەتەوەەکانی تری ئەم شارە ئاشنابکرێن بە سیاسەتەکانی رژێمی رابردوو بۆ گۆرینی دیمۆگرافی کەرکوک.
تێكڕای کتێبەکە 158لاپەڕەیە و لە 35 ناونیشان پێکهاتووە. هەروەها ژمارەیەک داتا و خشتەی لەبارەی پڕۆسەی بەعەرەبکردن تێدایە. هاوکات لە بەشی کۆتایدا کۆمەلێک بەڵگەنامەی گرنگ خراوەتەڕوو.