پارتە سیاسییەکان و رای گشتی
(پارتە سیاسییەکان و رای گشتی) ناوی ئەم کتێبەیە کە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری ساڵی ٢٠٠٩ چاپ کراوە، لە نوسینی (ڕێبوار کەریم مەحمود)ە، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوە لە پارتە سیاسییەکان و ئەو بابەتانەی پەیوەستن پێوەی دەکات، کە لە زانستە سیاسییەکاندا دەچێتە خانەی لێکۆڵینەوە لە بواری سیستەمە سیاسییەکان. کە تیاییدا پارتە سیاسییەکان وەک پێکهێنەرێکی بەهێزی نێو سیستەمی سیاسی وڵاتدا هەژمار دەکرێن. وە هەروەها ئەم کتێبە لە ١٥ پانزە بەش پێک دێت ئێمە لێرەدا بە کورتی باسی هەریەک لەو بەشانە دەکەین کە لە کتێبەکەدا بە وردی باسی لێوە کراوە.
بەشی یەکەم- چەمکی پارتی سیاسی
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پارتە سیاسییەکانەوە بیرمەندان چەندین بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە پێناسەکردنی چەمکی پارتی سیاسی یەکێک لە بۆچونەکان (جەیمس مادیسۆن) دەربارەی پارتی سیاسی دەڵێت' بریتییە لە کۆمەڵێك هاووڵاتییان، چ زۆرینە یان کەمینە، ئامانجێکی هاوبەش یان بەرژەوەندییەکی هاوبەش یەکیخستوون لە بەرامبەر مافەکانی هاووڵاتیانی تردا، یان بەرامبەر کۆی بەرژەوەندییە هەمیشەییەکانی کۆمەڵگە'.
بەشی دووەم- سەرهەڵدانی پارتی سیاسی
تا ساڵی ١٨٥٠ هیچ پارتێکی سیاسی بەم مانا نوێیەی ئێستا نەبوو، جگە لە ویلایەتە یەلگرتووەکانی ئەمەریکا و ناوچەکانی ئەمەریکای ناوەڕاست و باکور. چونکە سەرهەڵدانی پارتی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی بەسترابوو بە پێشکەوتنی سیستمی دیموکراسی، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەو فراوانبوونە پلەبەندییە بوو کە لە مافی دەنگداندا روویدا. واتە مافی هاووڵاتی لە هەڵبژاردن و لە دەنگداندا.
بەشی سێیەم- کادری سیاسی و ململانێی ناوخۆی پارتە سیاسییەکان
لە کۆمەڵگای سیاسیدا دوو هێزی سەرەکی هەن:
١- هێزی دەسەڵاتدار: کە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەی کاردەکات و ئارەزووی شکست و وازهێنان لەو دەسەڵاتە ناکات و هەوڵ دەدات زۆربەی هۆکارەکان بەکاربهێنێت بە مەبەستی مانەوەی دەسەڵاتەکەی.
٢- ئەوانەی دەسەڵاتیان نییەو ملکەچی ئەو بڕیارەن کە هێزی یەکەم دەریان دەکات.
کە لە لاپەڕە ٤٦ ئەم کتێبەدا بە وردی باس لەو دوو هێزە دەکات کە چۆن ئەو ململانێیە دروست ئەبێت و هۆکارەکانی چین.
بەشی چوارەم- جۆرەکانی پارتی سیاسی
بیرمەندی بەناوبانگی بواری لێکۆڵینەوەی پارتە سیاسییەکان (مورس دوڤرجێ)، پارتی سیاسی دابەش دەکات بۆ چەند جۆر، کە بریتین لە : (١- پارتی پارێزگاران (موحافزکار)، ٢- پارتی سۆشیالستی، ٣- پارتی کۆمۆنیستی)
بەشی پێنجەم- پێکهاتە حزبییەکان
پارتی سیاسی لە زۆربەی سیستەمە سیاسیییەکانی جیهانی ئەمڕۆدا بوونی هەیە، جا ئەو سیسیتەمە سیستەمێکی تاک حزبی بێت یان فرە حزبی. هەندێکجار لە پاڵ ئەم سیستەمانەدا چەند پێکهاتەیەکی تریش سەرهەڵدەدەن، وەک پێکهاتەی حزبی سەرکردە، پێکهاتەی حزبی کێبڕکێ کە هەریەک لە پێکهاتەکانی دوو حزبی، فرەحزبی دەگرێتەوە.
ئەرکی پارتی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت، لێرەدا باس لە ئەرکی پارتی سیاسی دەکەین لە دوو کۆمەڵگەی جیاوازدا:
یەکەم: ئەرکی پارتی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا.
دووەم: ئەرکی پارتی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.
کە ئەم باسە لە لاپەڕە ١١٢ی ئەم کتێبەدا درێژەی زیاتری پێدراوە.
بەشی حەوتەم- پۆلێنکردنی پارتە سیاسییەکان
چەندین شێوە پۆلێنکردنی پارتی سیاسی هەیە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها دوو جۆری سەرەکییان باس دەکەین کە بریتین لە:
١- پۆلێنکردنی دوانی پارتە سیاسییەکان : واتە دابەشکردنی بیروبۆچوون و سیاسەتی پارتە سیاسییەکان بەسەر دوو بواری سەرەکیدا.
٢- پۆلێنکردنی چواری پارتە سیاسییەکان: بەپێی پۆلێنکردنی چواری،پارتە سیاسییەکان دەکرێن بە چوار گروپەوە. چەند تیۆرێک دەربارەی ئەم پۆلێنکردنە هەن، بەڵام لێرەدا ئێمە باسی دوو پۆلێنکردن دەکەین: (یەکەم- تیۆری ئێزنک، دووەم- تیۆری (لۆیل)) .
بەشی هەشتەم- کۆنگرەی پارتە سیاسییەکان
کۆنگرەی پارتی سیاسی دەسەڵاتێکی باڵا دروست دەکات لە پارتدا کە بڕیارە کۆتاییەکان دەردەکات و پشتگیریان لێدەکات، بە تایبەتی لەو بابەتانەی تایبەتە بە سیاسەتی پارتە سیاسییەکەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی، یان بەرنامەی پارتەکە ، یان پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە، یان لێپرسراوی پارتەکە.
بەشی نۆیەم- پارتی سیاسی لە جیهانی سێیەمدا
دەستەواژەی جیهانی سێیەم بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٥٦) لە دوای کۆتای هاتنی کۆنگرەی (ئەفرۆ- ئاسیایی) لە (باندۆنگ) بەکار هات.
بەشی دەیەم- پارتی سیاسی و بەشداری سیاسی
بەشێکی زۆر لە بیرمەندان پێیان وایە گرنگترین جیاوازی نێوان کۆمەڵگەی پێشکەوتوو کۆمەڵگەی دواکەوتوو بریتییە لە بوونی بەشداری سیاسی لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و نەبوونی یان لاوازی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا.
بەشی یانزەیەم- پارتی سیاسی و گەشەپێدانی سیاسی
بابەتی گەشەپێدانی سیاسی پەیوەست کرا بە چەندین هۆکار و دیاردە لەوانە:(-گۆڕانی سیاسی، - ئەکتیڤبوون و بەرەپێشچوونی سیستەمی سیاسی، -چاکسازی رەهەندی سیاسی).
بۆ زیاتر تێگەشتن لە بابەتەکە لە لاپەڕە ١٧٠ زیاتر باسی لێوە کراوە.
بەشی دوانزەیەم- پارتی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ
بابەتی مافی مرۆڤ و گەشەپێدان و رۆڵی پارتی سیاسی لەو بوارەدا بە گرنگترین بابەتەکانی سەردەم دادەنرێ و بوەتە مەسەلەیەکی نێودەوڵەتی و لە زۆربەی کۆبونەوە و لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە گەشەپێداندا بە گرنگییەوە باس دەکرێت.
بەشی سیانزەیەم- پارتی سیاسی و دیموکراسی
هەموو پارتێکی سیاسی خۆی بە هێزێکی دیموکراسی دەزانێت و لە ژێر پرۆگرام و بەرنامەی کاریدا بانگەشەی پابەندبوون بە دیموکراسییەوە دەکات.
بەشی چواردەیەم- پارتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی
گرنگترین ئەو بۆچونانەی لەبارەی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێشکەشکراوە بریتییە لە بۆچونی (ئەرستۆ) کە دەڵێت:(کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵێکی سیاسی کە ملکەچی کۆمەڵێک یاسان).
بەشی پانزەیەم- پارتی سیاسی و رای گشتی
(رای گشتی).ئەو گشتییەی کە لە رای گشتیدا هەیە گوزارشتە لە گروپ یان کۆمەڵ، کە کۆمەڵێک رەگەزی هاوبەش پەیوەندییەکانیان رێکدەخات، ئەمەش پێویستی بە بەشداری کردنی تاک هەیە.