بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوێنێ لە خانەقین لە كەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدانی لیستی 222ی یەكێتی بە بەشداریی هەزاران كادر و جەماوەری یەكێتی و چینوتوێژەكان، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: دەزانم خانەقین سەوزە و هەر سەوز دەبێت، بەڵێنتان دەدەمێ بە گۆڕی مام جەلال هەرگیز ئێوە و خانەقین بەجێناهێڵین، وەك مام جەلال فەرمووی (یان كەركوك و خانەقین، یان تا ماوین دەجەنگین). وتیشی: دەزانم ئەڵوەن سەوز دەكەن، دەزانم وەكو رێكخستنەكانی هەڵۆی سوورن، دەزانم سندووقەكان سەوز دەكەن، چونكە رۆحتان سەوزە.
پێش چوونی بۆ كەرنەڤاڵی لیستی 222ی یەكێتی، لە رێوڕەسمێكدا لەبەردەم بینای مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەردەی لەسەر پەیكەری سەركردە و فەرماندەی نەمری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (جەبار فەرمان) لادا.
لە كەرنەڤاڵەكەدا لە هۆڵی پەیمانگای وەرزشیی خانەقین، سەرۆك بافڵ، سەرەتای پەیامەكەی بە شێوەزاری كەلهوڕی دەستپێكرد و سڵاوی لە ئامادەبووان كرد و وتی: سڵاو خانەقین، سڵاو گەرمەسێر، سڵاو شاری كوردایەتی و تێكۆشەران، سڵاو شاری ئەڵوەن، سڵاو شاری شەهیدانی هەڵۆی سوور، سڵاو مەندەلییەكەی ملازم جوامێر، سڵاو گوڵاڵە و سەعدییە، حەمرین، قەرەتەپە، جەبارە و بەدرە و جەسان، سڵاو خانەقینی سەوزی ئازیز، دیدارتان بەخێر، وتیشی: لێیان پرسیم سەعات چەندە؟ منیش پێتان دەڵێم: 2 و 22 (222). ئەوەشی بەبیرهێنانەوە كە ساڵی رابردوو داوای لێبوردنی لێكردوون لەوەی نەچووەتە خانەقین و بەڵێنی پێداون كە ئەمساڵ بچێت و وتی: وەك هەموو بەڵێنەكانی دیكەمان، ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەكەین. وتیشی: گەورەبوونە بۆ من لە خزمەتاندا بم لەم شارە پیرۆزەدا و دەمەوێت پرسیارێكتان لێبكەم، ئەویش ئەوەیە خەڵك پرسیار لە من دەكەن ئاخۆ خانەقین چ رەنگێكە؟، حەزدەكەم ئێوە وەڵامبدەنەوە، كە خانەقین و یەكێتی یەك شتن و هەرگیز جیانەبوونەتەوە و هەرگیزیش جیانابنەوە، خانەقین و گەرمەسێر و گەرمیان هەمیشە لانكەی شۆڕش بوون و هەرگیز ئەوەمان لەبیرناچێتەوە، بۆیە هەرگیز بەجێتان ناهێڵین و چاوی نەیارەكانمان كوێر دەكەین. هەرگیز شەهیدەكان و قارەمانەكانمان و تێكۆشەرەكانمان لەبیرناكەین، من هەرگیز مامۆستاكانی خۆم لەبیرناكەم، كە زۆربەیان خانەقینین، بەڵێ ناتوانین ئەم ناوانە لەبیربكەین ملازم جوامێر، عەلی شامار، مەحمودی مامە عەزە، وەسفیە بەنی وەیس، مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، حسێن مەنسور و شێرە ئاسنینەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خانەقین هەڤاڵ جەبار فەرمان.
سەرۆك بافڵ، ئاماژەی بەوەشكرد كە زۆر حەماس گرتوویەتی و وتی: چۆن حەماس نەمگرێت، كە ئەم دەریا سەوزە دەبینم و وتیشی: سەرنجێكم هەیە، لەكاتی هاتنمدا بۆ ئێرە تێبینیم كرد بە پردێكەوە وێنەی سەرۆك مام جەلال و من پێكەوە دانراوە، داواتان لێدەكەم ئەو وێنەیە لابەرن، لەبەر ئەوەی كە وێنەی مام جەلال هەبوو، نابێت كەسی لەلاوە بێت.
لە تەوەرێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆك بافڵ، دووپاتیكردەوە كە شانازی بە خانەقین، شەهیدەكانتان، تێكۆشەرەكانتان و بە لەیلا قاسمەوە دەكەین، كە بووە نموونەی خۆڕاگریی هەموو كورد. وتیشی: لەسەر دەستی رژێمی سەدامی دیكتاتۆر، ئەوەی بەرامبەر ئێوە كراوە و بەسەر ئێوەدا هاتووە، بەسەر هەر ناوچەیەكی تردا بهاتایە؛ ناوی خۆشیان لەبیرنەدەما، بەڵام نەك ناوی خۆتان لەبیرنەچوو، بەڵكو ئێستا سەیری خۆتان بكەن و سەیری ئەو دیكتاتۆرە بكەن، هەر ئێوە سەركەوتووبوون و هەر ئێوەش سەركەوتوودەبن. بزانن چییان لە كوردە فەیلییەكان و ئێوە كرد، ویستیان دڵتان و پشتتان بشكێنن و كەرامەتتان نەهێڵن، بەڵام دەپرسین ئاخۆ خانەقین هەرگیز دەشكێت؟، دەڵێین نەخێر، بەپێچەوانەوە هەر رۆحیەتی خانەقین بوو، كە عیراقی رزگاركرد و داعشی شكاند.
بەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی ئاماژەبوو بەوەی كە خانەقین چەپكەگوڵەكەی سەرۆك مام جەلال-ە و وتی: سوپاستان دەكەم و دەستخۆشیتان لێدەكەم بۆ ئەو دڵە گەورەیەتان، كە كورد و عەرەب و توركمان و كاكەیی دەتوانن لێرە بە ئاشتی پێكەوە بژین لەژێر سێبەرێكی سەوزدا، بۆیە سوێند بەخوا هەرگیز بەجێتان ناهێڵین و خۆشم هەرگیز بەجێتان ناهێڵم، وتیشی: دەزانم دۆخی خوێندكارەكانتان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان چۆنە، لێرەوە پەیامێكم هەیە بۆ ئەم كاندیدانە، كە چوونە بەغداد بە نوێنەرایەتی ئەم خەڵكە، یەكەمین كارتان ئەوە دەبێت كە پرۆژەی گەورە بهێنن بۆ ئەم گەنجانەمان.
جەختیشیكردەوە كە خانەقین جوانترین شاری پارێزگای دیالەیە و وتی: بەهەشتێكە لەم كوردستانە، بەڵام دەپرسین ئایا وەكو پێویست خزمەتكراوە؟ بێگومان نەخێر، بۆیە شەرم دەكەم كە سەیری مامۆستاكانم د.خەسرەو و كاك عیماد دەكەم، شەرم دەكەم لەوەی دۆخی ئێرە بەو جۆرەیە، بۆیە بەڵێنتان دەدەینێ كە باشتر خزمەتتان دەكەین، چونكە ئێمە هێزی تۆین لە بەغداد، تەئكیدیشیكردەوە كەس بۆی نییە كڕین و فرۆشتن بە خاكی خانەقینەوە بكات، چونكە خاكی ئێوەیە و خاكی پیرۆزی كوردستانە و وتیشی: بە دیپلۆماسی پێیان دەڵێین ئەمە خاكی كوردستانە، ئەگەر دیپلۆماسی نەیخوارد، رێگای تر هەیە.
سەرۆكی یەكێتی، راشیگەیاند: ئەو قوربانییانەی ئەو خەڵكە داویانە بۆ ئەو ناوچەیە و بۆ كوردستان و بۆ ئەم میللەتە، كەم شوێن داویەتی و وتی: داواتان لێدەكەم خەڵكم بۆ بنێرن، گەنجم بۆ بنێرن با نوێنەرایەتیی خانەقین زیادبكات لەناو حكومەتی هەرێمدا، با نوێنەرایەتیی خانەقین زیادبكات لە بەغداد، لەناو دامودەزگاكانمان، لەناو هێزەكانماندا.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: هەڵبژاردنە، داواتان لێناكەم، چونكە پێویست ناكات داواتان لێبكەم، دەزانم ئەڵوەن سەوز دەكەن، دەزانم وەكو رێكخستنەكانی هەڵۆی سوورن، دەزانم سندووقەكان سەوز دەكەن، چونكە رۆحتان سەوزە، دەزانم خانەقین سەوزە و هەر سەوز دەبێت، بەڵێنتان دەدەمێ بە گۆڕی مام جەلال، هەرگیز ئێوە و خانەقین بەجێناهێڵین، وەكو مام جەلال فەرمووی (یان كەركوك و خانەقین، یان تا ماوین دەجەنگین).
#٢٢٢

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved