دوێنێ 22ی10ی2025، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بەرفراواندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی پێشکەش بە هەزاران لایەنگری لیستی ٢٢٢ کرد و تێیدا ستراتیژی داهاتووی یەکێتی لە بەغداد و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
دوای ناساندنی بەشێک لە کاندیدەکانی لیستی یەکێتی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارەکەی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "گەرمیانییەکان قەڵای سەوزی یەکێتین و بە پشتیوانیی ئێوە، هیچ دوژمنێک ناتوانێت دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوەستێتەوە. هەر بۆیە یەکێتی لە گەرمیانەوە بۆ بەغداد دەچێت."
سەرۆک بافڵ جەختی لەسەر قوربانیدانی مێژوویی ناوچەکە کردەوە و وتی: "کەم شوێن لە کوردستان هەیە وەک گەرمیان قوربانی دابێت، گەرمیان سەری شمشێری کورد و کوردایەتییە." هەروەها بەڵێنی دا کە کار بۆ زیادکردنی نوێنەرانی گەرمیان لە حکومەتی هەرێم و بەغداد دەکات و وتیشی: "چاوەڕێی ئێوە و نوێنەرەکانتان دەکەم بۆ ئەوەی شەڕ بۆ ژیان، ماف، مووچە و کەرامەتی میللەتەکەمان بکەین. ئێوە خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین و ئێمە قەرزاری ئێوەین."
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرد و پەیامێکی تووندی ئاڕاستە کرد و ڕایگەیاند: "کە حکومەت دروست بوو، نوێنەرەکانی ئێوە زیاد دەکەن. ئەو پۆستانەی ئەوانی تر وەریانگرتووە، نەیدەین بە کەس. ڕەحم بە کەس ناکەین! پۆستی یەکێتی بۆ یەکێتییە و بۆ خزمەتی کوردستان و ئێوەیە."
سەرۆک بافڵ تاڵەبانی وتیشی: "پێشتر وتمان ئێمە لە دوای هیچ حزبێکەوە نابین و نەبووین. ئێستاش ئێمە لەپێشەوەین و حزبەکانی دیکە چاو لە ئێمە و هێزی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانمان دەکەن، لە هەمووی گرنگتر چاو لە پشتیوانیی میللەت بۆ یەکێتی دەکەن."
لە کۆتاییدا، داوای لە جەماوەری گەرمیان کرد کە بە گڕوتینەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پشتگیری لە لیستی ٢٢٢ بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە هێزێکی زیاترەوە لە بەغداد خزمەتیان بکەن.
بابەتی زیاتر