بەفیڕۆدانی ئەنفال
سەرکەوت جەلیل
دکتۆرا لە یاسای نێودەوڵەتی

ئەمڕۆ زۆر کەس دژی زۆر شتن. من دژی بەفیڕۆدانم بەگشتی؛ لە بەفیڕۆدانی ئاو و کارەباوە تا پیسکردن و تێکدانی ژینگە و بەهەندنەگرتنی کەرامەتی مرۆڤ. واتە هەم سەرچاوە مرۆییەکان و هەمیش سەرچاوە دارایی و سروشتییەکان، گرنگن و دەبێت دەستیان پێوەبگیرێت. بەدەربڕینێکی تر، نابێت بەفیڕۆبدرێن، لەبەر هۆیەکی ڕەنگە سادە و بەڵگەنەویست: هیچکام لەو سەرچاوانە موڵکی بەتەنیا کەسێک نین، هی هەمووانن. بۆیە هەرچۆن بەکار، یان وەبەردەهێنرێن، دەبێت ڕەچاوی سوودی گشتی بکرێت. وەکچۆن دژی ئەوانەم، هاوکات دژی بەفیڕۆدانی هەندێک وشە و چەمکیشم، کە دەشێت دەلالەت و مانای مێژوویی تایبەت بەخۆیانیان هەبێت، بەو پێیەی بەشێکن لە ناسنامە و یادەوەریی دەستەجەمی. لێرەدا باسەکە لەسەر ناوی ئەنفالە، کە هەندێک جار لە ناوەندە نافەرمییەکەدا بۆ مانا و مەبەستی تر بەکار دەبرێت. ئەوانەی من ئەو جۆرە بەکارهێنانەم لێ دیون، خوێندەوار و شارەزان لە بواری خۆیاندا، بۆیە نابێت وەها بەکارهێنانێکی هەڕەمەکیی ناوی ئەنفالیان بەسەردا تێپەڕێت.
لای هەر کەسێک ئەنفال هەر مانایەکی هەبێت، ئاساییە. چونکە وشەکە عەرەبییە و لە چەندان بەستێنی جیاوازدا بەکارهاتووە، هەر لە ئایينی ئیسلامەوە و وەک بەشێک لە ڕێنماییەکانی ئیسلام تایبەت بە چۆنێتیی بەشینەوەی دەستکەوتەکانی جەنگ (کە لە عەرەبی و بەستێنی شەرعیی ئیسلامدا، ئەوە ماناکەیەتی)، تا دەگاتە زۆر لێکدانەوە و ڕاڤەی جیاواز ڕەنگە لە بواری تری زانستە مرۆییەکاندا. بەڵام سەرباری هەر مانایەکی ئەو وشەیە دەکرێت هەیبێت، لای ئێمەی کورد مانایەکی تایبەتی هەیە. واتە لە باری زمانەوە هەر مانایەکی هەبێت، لە باری زاراوەییەوە "ئەنفال" ناوی ئۆپەراسیۆنێکی جینۆسایدییانەی هەشت قۆناغی بوو لە ١٩٨٨ و لەلایەن ڕژێمی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکیی عێراقەوە دژی کورد. بۆ ئێمە، هەرچۆنێکی حیساب بکەیت، لەوە کەمتر نییە. ئەنفال یەکێکە لە جینۆسایدەکانی مێژوو. جینۆساید بۆ خۆی چەمکێکی گشتی و گشتگیرە، هەموو هەوڵێکی کوشتن و لەناوبردنی کۆمەڵێکی نەتەوەیی، ئایينی، ئیتنی یان زمانیی دەگرێتەوە. مشتومڕی ئەوەش هەیە، کە دەکرێت جگە لە کوشتنی بایۆلۆژی (جینۆسایدی بایۆلۆژی)، کوشتن و تێکدانی کەلتووری (جینۆسایدی کەلتووری)یش هەبێت. واتە ئەنفال جینۆسایدە، کوشتنی جووەکانی ئەوروپا لەلایەن نازییەکانی ئەڵمانیاوە، کوشتنی توتسییەکان بەدەستی هوتووەکانی ڕواندا، کوشتنی بۆسنییەکانی سربیا، کوشتنی ئێزدییەکانی شنگال و دەوروبەری لەلایەن داعشەوە، جینۆسایدن. جینۆساید چەترێکە و هەموو ئەو کردارانەی دەچنە خانە و سایەی پێوەرەکانییەوە، دەگرێتەوە.
تا هەنووکە زیاد لە جارێک و لە زیاد لە بەستێنێکدا، وشەی ئەنفال بەکارهێنراوە، کە دەکرێت بوترێت بەفیڕۆدان، یان زێدە مەسرەفکردنی وشەکە بووە. بۆ نموونە، ماوەیەک لەمەوبەر بەڕێز سۆران حەمەڕەش لە بەرنامەیەکی کەناڵی زووم Zoom))دا، بردن و داگیرکردنی بەشێکی کەلتووری کورد (بەتایبەت دەڤەری گەرمیان)ی لەلایەن تورکەکانەوە، بە ئەنفال ناوبرد. پێشتر تێکدانی ڕووباری سیروان لە گەرمیان، بە ئەنفال ناوبراوە. پێشتریش پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، خنکان و ونبوونی منداڵێکی لە قوڕولیتەی لافاوێکدا لە هەولێر، ناونا ئەنفال.
ڕەنگە ئەرکی من نەبێت، گریمانەی نیازی ئەو بەڕێزانە بکەم، کە بۆچی و بە چ مەبەستێک زاراوەی ئەنفال لە غەیری بەستێنی خۆیدا بەکاردەبەن، بەڵام گومانێکیشم هەیە، گومانێکی باش. پێدەچێت ئەو بەڕێزانە لە گەورەیی ئەنفال تێگەشتبن، کاتێکیش هەر دیاردە، یان ڕووداوێکی پێ بەراورد دەکەن، دەیانەوێت بڵێن: ئەمەش وەک "ئەنفال" مەزنە، بۆیە دەهێنێت بەهەندبگیرێت و کاری لەسەر بکرێت. بەڵام ئەوەشی لێی دەترسم، دیوەکەی تری هاوکێشەکە، هەر ڕاست و ڕەوایە. بەراورکردنی ڕووداوێک بە جینۆسایدێک، چەندە ڕووداوەکە هەڵدەکشێنێت و گەورەی دەکات، دەکرێت هێندەی ئەوەش جینۆسایدەکە بچووک بکاتەوە و بیخاتە ئاستی ئەو ڕووداوەی پێی بەراورد کراوە. لەو نموونانەی باسکران، گەر ئەنفال وا بکات خنکانی منداڵێک لە لافاوێکدا، تێکدانی ڕووباری سیروان، یان دزینی کەلتووری ناوچەی گەرمیان لەلایەن تورکانەوە، مەزن دەربکەون و لە ئەنفالەوە گوڕێکی زیاتر وەربگرن، دەبێت ئەوەش بخەینە تەرازووی هەڵسەنگاندنەوە کە ئەنفال بەو مەزنێتییەی خۆیەوە، دەخرێتە قاڵبی هەریەک لەو ڕووداوانەوە. ناکرێت بە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بوترێت ئەنفال، وەکچۆن ناکرێت پێی بوترێت جینۆسایدیش، تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکێک لە حکومەت تووڕەن.
ئاگادارم، دەشێت کەسانێک بڵێن "ئەم پێناسانە کێ دایهێناون؟ بۆچی دەبێت ئێمە پابەندی پێناسە و ڕوانینێک بین، خۆمان ڕۆڵی ڕاستەوخۆمان لە داڕشتنەوەیدا نەبووە؟" بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی هیچ پێناسەیەک نەبێت. بابەتی ئەوەی تا چەند لەگەڵ پێناسەی جینۆسایدداین، وەک ئەوەی لە پەیماننامەی ڕێلێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ١٩٤٨دا هاتووە، شتێکی ترە. بەڵام، بۆ نموونە وەک ئەوەی کەناڵێکی وەک ڕووداو (Rudaw) لەگەڵ ئاوارەبوونی کوردانی خورماتوودا کردی، کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا و بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم و پێشڕەویی سوپای عێراقی و حەشدی شەعبییەوە، شارەکەی خۆیانیان جێهێشت، بێین و بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک بڵێین "ئەوەی لە خورماتوودا ڕوویدا، جینۆساید بوو"، ئەوەش ناکرێت. تێبینی و ڕەخنەکان لەسەر پەیماننامەی جینۆساید، زۆرن، بەڵام دەکرێت دوو دانەیان باس بکرێن. یەک، جێنەکردنەوەی جینۆسایدی کەلتووری لە پەیماننامەکەدا، سەرباری ئەوەی یاساناسانی ئەودەم پێداگربوون کە دەبێت لە پێناسەی جینۆسایددا ڕەچاوی کەلتوور (بۆ نموونە، کوێرکردنەوەی زمانی نەتەوە، یان جڤاتێک) بکرێت. دوو، دانانی مەرجی نیاز ((intention ، (القصد) بۆ ئەوەی کردارێک پڕاوپڕ پێناسەی جینۆسایدی بەسەردا بچەسپێت. واتە جگە لەوەی کۆمەڵێک کوژراون، دەبێت ئەوەش بسەلمێنرێت، کە نیازی ئەنجامدەری تاوانەکە، لەناوبردنی هەمەکی یان هەندەکیی کۆمەڵی بەئامانجگیراو بووە. ئەوانە و جگە لە پرسی چەسپاندنی پەیماننامەکە و دادگاییکردنی تۆمەتباران و ... هتد.
لە پەیوەست بە مژارەکەی ئێرەوە، با ئەنفال و هۆلۆکۆست بەراورد بکەین. گەر بپرسین، ئایا تا ئێستا چەند کورد ناوی هۆلۆکۆستیان بۆ وەسفکردنی ئەنفال بەکارهێناوە؟ ڕەنگە نزیک بێت لە سفرەوە. ئەی ئایا بەپێچەوانەوە، چەند کورد ناوی ئەنفالیان لە کاتی باسکردنی جینۆسایدی جووەکاندا بەکارهێناوە؟ ڕەنگە دیسان نزیک بێت لە سفرەوە. بەڵام بۆچی؟ چونکە هەریەک لەو دوو وشەیە، لەوە کەوتوون تەنیا دوو وشەی زارەکیی سادە و ڕۆژانەیی بن؛ بوون بە زاراوەگەلێک کە دەلالەتی مێژوویی تایبەت بە خۆیانیان وەرگرتووە. وەکچۆن ئەنفال لە باری زمانییەوە، ماناکەی ڕوونە  و هەموو کەس دەتوانێت بەکاریبهێنێت (تەنانەت کەسێکی عەرەبی خەڵکی باقووبە دەناسم، ناوی ئەنفال-ە)، بەهەمان شێوە، هۆلۆکۆستیش لە بنەڕەتدا یۆنانییە (هۆلۆکۆستۆس) و مانای سووتنگە، یان قوربانیی سوتێنراو دەگەیەنێت (بە عەرەبی: المحرقە). ئەوەش جیایە لەو قوربانییە ئاساییەی بۆ خواوەندەکان دەکرێت، کە دەبنە بابەتی ژەمێکی ئاسایی خواردن، چونکە لەمیاندا قوربانییەکە دەسووتێنرێت و دەبێتە خۆڵەمێش. هەمان جۆری قوربانی، بەڵام بەناوێکی تری عیبرییەوە، لە تەوراتدا هاتووە. هەندێک جار دەستەواژەی هۆلۆکۆستی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت، چونکە تەقاندنی هەر چەکێکی ئەتۆم، بە تیرەی چەند کیلۆمەترێک دەوروبەری خۆی تێکڕا دەسووتێنێت. بەڵام دوای دووەم جەنگی جیهانی و جینۆسایدی جووەکان، هۆلۆکۆست، بەتایبەت لە ئینگلیزی و زمانە لاتینییەکانی تریشدا، گەر بە پیتی گەورە بنووسرێت ( (Holocaustلەو چێوە زمانییە گشتییە دەردەچێت و دەبێتە ناوی تاوانێکی دیاریکراو و کۆی ئەو پرۆسەی لەناوبردنە دەگرێتەوە، کە نازییەکان لە کۆلۆنییەکانی ئەوروپایاندا دەرهەقی جووەکان، بەڕێوەیان برد. واتە دەبێتە دالی جینۆسایدی جووەکان لە سەروەختی ئەو جەنگەدا. بەهەمان شێوەی ناوی گشتیی ئەنفال، گەر کەسێک لە وەسفی ڕووداوێکدا وشەی هۆلۆکۆست بەکارببات، ئاساییە. بەڵام بەپێی یاسا زمانییەکە، بەتایبەت لە زمانە لاتینییەکاندا (ئەوانەی بە ئەلفبای لاتینی دەنووسن)، دەبێت بە پیتی گەورە نەینووسێت، چونکە وەک وترا، نووسینی بە پیتی گەورە مانایەکی تایبەتی وەرگرتووە و بووەتە ناوی جینۆسایدێکی دیاریکراو لە شوێنکاتێکی دیاریکراودا.
بەم پێودانگە بێت، هەم ئەنفال و هەم هۆلۆکۆست کاتێک لە بەستێنی هەردوو تاوانی جینۆسایدەکەدا بەکاردێن، واتە کاتێک بە مانا زاراوەییەکەیان بەکاردێن، دەبن بە دالێکی گەورەتر. وەکچۆن هەڵەیە گەر کەسێک بەناوی کەسێکی ترەوە بانگ بکرێت، بۆ نموونە، بە کوردستان ناوێک بوترێت خەبات، یان گیانلەبەرێک بەناوی گیانلەبەرێکی ترەوە ناوببرێت، بۆ نموونە، بە کەروێشک بوترێت ئاسک، ئاوەهاش گەر بەدیدێکی دیاریکراوی مێژووییەوە و لە بەستێنی جینۆسایددا، بە هەر دیاردە و ڕووداوێکی تر بڵێین ئەنفال، هەڵەیە. گومانیش دەکەم ئەو بەڕێزانەی وشەکە بەکاردەبەن، مەبەستیان لایەنی فەرهەنگی و فراوانی وشەکە بێت، چونکە وەک وتم، ئەنفال لە عەرەبیدا واتە دەستکەوتی جەنگ. با بەو مانایە لێکیبدەینەوە، ئەو پەرلەمانتارەی بە خنکانی مناڵەکەی هەولێری وت ئەنفال، ئایا مەبەستی ئەوە بوو بڵێت ئەو منداڵە پاشماوە یان دەستکەوتی جەنگە؟ باوەڕ ناکەم. دەکرێت گریمانی ئەوە بکەین، ئەو کەسانەی وشەکە بەکاردەهێنن، مەبەستیان دیوی زاراوەیی وشەکەیە، کە ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی گەلەکەمان و دەلالەتی خۆی هەیە، کە جیای دەکاتەوە تەنانەت لە جینۆسایدەکانی تریش. بۆ نموونە، ئەنفال و ئەوەی ئێزدییەکانیش هەرتکیان جینۆسایدن، بەڵام لە هەندێک ڕووشەوە جیاوازن. یەکەمیان لەلایەن خودی دەوڵەت و سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا، بەفەرمانی خودی سەرەککۆمار (سەدام حسێن)، کەچی ئەوەی ٢٠١٤ی ئێزدییەکان، بەدەستی چەتەکانی داعش بوو، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و خەمساردیی سوپای عێراق و بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە کە لە شنگالەوە نزیک و لەو ناوچەیە بەرپرس بوون.
هەموو وشەکان سەرەتا ئاسایین، تا کاتێک کۆمەڵێک دەلالەتی گرنگ و تایبەت هەڵدەگرن. وشەکانی وەک ئەنفال، ڕاپەڕین، سەرکردە، ئاشبەتاڵ، گێرەشێوێن، یان هەر یەکێکی تر، سەرەتا کە دروست دەبن، وشەگەلی ڕۆژانەیین. بەڵام کاتێک دێنە ناو دنیای ڕەمزیی مرۆڤەکانەوە، کاتێک دەبنە وەسف بۆ دنیایەکی لەوەی پێشتریان گەورەتر، یان دەبنە هەڵگری باری سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو، یان ڕووداوگەلی جیاوازیان پێوەدەئاڵێت، چیتر تەنیا وشەیەک نین، بەڵکو دەبنە چەمک یان کۆنسێپتێک، کە جیهان یان ژیانی تایبەتی خۆیانیان دەبێت. بۆ نموونە، تا کاتێک لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕافائێل لێمکین چەمکی جینۆسایدی دانەتاشی (لە دوو وشەی ‘جینۆس‌ی یۆنانی بەمانای خێزان، بنەماڵە، خزم، یان نەژاد لەگەڵ وشەی 'ساید'ی ڕۆمایی بەمانای کوشتن)، جیهان بەو جۆرە لە تاوانی دەوت کوشتن و بەس. پاش داتاشینی چەمکەکە لەلایەن لێمکینەوە، پاشەوپاش زۆر ڕووداوی پێشتر بە جینۆساید ناوبران، وەک قڕکردنی نیاندەرتاڵەکان، کوشتنی کەنعانییەکان بەدەستی ئیسرائیلییەکان، داگیرکردن و کوشتنی بەکۆمەڵ لە شاری قرتاج لەلایەن ڕۆماییەکانەوە لە ١٤٦ی پێش زاین، داگیرکاریی مۆنگۆلەکان و تەیمووری لەنگ و زۆری تریش.
لە سەروەختی دووەم جەنگی جیهانیدا، وینستن چەرچڵی سەرەکوەزیرانی بەریتانیا بە جینۆسایدی دەوت "ئەو تاوانەی ناوی نییە". بەڵام بێگومان پاش دروستبوونی چەمکەکە و خەتوخاڵدانی، پاش دەرچوواندنی پەیماننامەکەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ١٩٤٨، ناوێکی نوێ، چەمکێکی نوێ بە کۆمەڵێک خەسڵەت و دەلالەتی نوێوە بۆ وەسفکردنی ڕووداوەکان، هاتەبوون. لەوە بەدوا، نەدەکرا بەهەموو کوشتنێک بوترێت جینۆساید، وەکچۆن ناکرێت بەو کوشتنانەشی دەچنە چێوەی جینۆسایدەوە، بوترێت دزین، یان ساختەکردنی دراو. چونکە هەریەک لەو ناو، یان چەمکانە، مانا و دەلالەتی خۆیانیان هەیە و ناکرێت تێکەڵبکرێن. گەر ئەمە بۆ خودی چەمکی جینۆساید، کە چەتر، یان ناوی گشتیی تاوانەکەیە ڕاست بێت، بۆ ئەو ڕووداوانەی جینۆسایدیش، کە لە شوێنکاتی دیاریکراودا دەقەومێن، هەر ڕاستە. واتە ناکرێت بە ئەنفال بوترێت هۆلۆکۆست، یان بە هۆلۆکۆست بوترێت ئەنفال.
وشە و چەمکەکان، هەروەک مرۆڤ، لەدایکدەبن، پیر دەبن، دەگۆڕێن و دەشمرن. ئەوەش ڕێسایەکی گشتی و ئاساییە. بەڵام لەو جێیەدا کە لەسەر مانای وشەیەک، یان پێناسەی چەمکێک، جۆرێک ڕێککەوتن هەیە، ڕێگەدان بە فەوزا تەنیا فەوزای لێدەکەوێتەوە. وەکچۆن ناتوانین بە هەموو کوشتنێک بڵێین جینۆساید، ئاواش ناتوانین لە هەر شتێک ناڕازی بین، بڵێین ئەنفال. وشەی تر زۆرن بۆ وەسفکردن و لێکدانەوەی مەبەستەکان و گەیاندنی پەیامەکان. هیچ پێویست ناکات بەدەستی خۆ، زمان و زیهنی خۆ بشێوێنرێت و لە یەکێک لە گەورەترین یادەوەرییە دەستەجەمییەکانی ئەو گەلە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، بدرێت. جیاکردنەوەی مانای زارەکی و ڕۆژانەیی و فەرهەنگیی وشەکان لە مانا تەکنیکی و زاراوەییەکانیان، گەلێک گرنگە؛ هەر ئەوەشە وا دەکات ئێمەی مرۆڤ، بتوانین ناو لە شتەکان و دیاردەکان بنێین و ئەو مانا زاراوەییانەیان پێ ببەخشین و لە وشەیەکی سادە و ڕۆژانەیی تاکڕەهەندییەوە، بیانکەین بە چەمک و هەڵگری زیاد لە مانا و دەلالەتێک، یان بیانکەین بە پێناسەی سەردەم و قۆناغێک. خۆ ڕاستە گرنگە ناوەکە لەسەر زار و لە یادی هەموواندا بێت، بەڵام وەک خۆی و بەگەورەیی خۆیەوە، نەک بەو شێوەیە بەفیڕۆ بدرێت.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved