مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بۆ یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتی بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەکەی بەشەکاوەیی دەهێڵینەوە، پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان".
دەقی پەیامەکە:
سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر
کەسوکاری سەرفرازی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان و هەڤاڵانی یەکێتیی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
یادی پەنجا ساڵەی دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.
پەنجا ساڵ پێشتر، لەساڵی 1975 ، حزبی شەهیدان بە دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی لەدەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێکۆشانێکی درێژخایەنیان بۆ رزگاری و مافەکانی گەلی کوردستان-دا، کەمتر لە ساڵێکیش دوای ئەوە ، لە 1ی6ی1976دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەکەمانی گرتەوە.
لەم کاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاکی رێکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێکڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی کوردایەتی و دیموکراتی بە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتییەوە.
وێستگەکانی تێکۆشانی یەکێتیی کە هیوا و ئاواتی میللەتەکەمانی زیندووکردەوە، لەهەموو ئاست و بوارەکانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێکۆشانی ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان واکۆمەڵانی خەڵکی جۆشدایەوە، کە کوردستان بە کردەوە بووە گۆڕەپانی جولانەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی، روناکبیری، ئیعلامی و جەماوەریش.
لە ماوەیەکی کورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ، وێڕای خۆخۆری و سەرکوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیرکەر ، یەکێتی توانی ویستی میللەتەکەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخات و بۆ یەکەمین جار لە ژیانی تێکۆشەراندا ئاواتەکانی رزگاری و دیموکراسیی و حوکمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت.
سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاکی یەکێتییەکەتاندا ئەزموونی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەکاندا زاڵبوو کاروانی سەرکەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیکتاتۆر و ئاواکردنی عیراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیی و ئاوەدانکرنەوەی وڵات بە ئازادی کەرکوک و خانەقین و تێکڕای ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە نەخشەڕێگای دەستووری لە ماددەی 140دا بۆ دانراوە، دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داکەوتن، تەعریب و تەبعیس و تیرۆر و تەرهیبیش، کە بەسەر میللەتەکەماندا هێنرا.
هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریشدا سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رابەر و پێشمەرگەی دیموکراتخواز بووە، یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عیراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە کێشە بووە، لەئەزموونی سەرۆکایەتی خۆیدا نموونەی جاویدان و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێکۆشەری یەکێتیی و لەخۆبووردویی حزبی شەهیدان پێشکەشی کوردستان و گەلانی عیراقیش کرد، کە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەکەمان لە ئاستی دونیادا.
هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی جوامێر و بەوەفای کوردەواری کە هێزی لە بن نەهاتووی یەکێتی و کوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا یەکێتی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی، ئازار و هیواکانی جەماوەر بووە و لێی دوور نەکەوتووەتەوە و لێی جیانەبووەتەوە، هەر لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەکانی، شەهید و قوربانییەکانی دەیان ساڵەی بۆنە و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانین و کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی خاوەندارێتی لێ دەکەن و پێی شاد و سەربەرزن .
جا ئەمرۆش کە لەهەلومەرجێکی نوێدا یادی یۆبێلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی، عیراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەکەدا هەموومان بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادەبین، خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لەسایەی یەکێتییەکی پتەوتر ، یەکریزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ سازبدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆشبدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کاروانی پەنجا ساڵە و تێکرای شەهیدانی کوردستان و عیراق.
سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەکان کە یەکێتییان کردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری کوردستان.
بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵا سەوزەکەی بەشەکاوەیی دەهێڵێنەوە، پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان.
لەیادی یۆبیلی زێریندا وەک مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن)
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved