لەدرێژەى چالاکییەکانى یادى یۆبیلى زێڕینى(یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان)دا، بۆردى هۆشیارى- مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیارى، ئەمڕۆ شەممە(31/5) کاتژمێر(11:00)ى پێشنیوەڕۆ لەکافتریاى ئەمنە سوورەکە و بەئامادەبوونى زۆرێک لەکادیرى ئۆرگانەکان و پێشمەرگەى دێرین و پارتیزانەکان و نووسەران و رووناکبیران و لێپرسراوى بۆرد نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، ناساندن و دابەشکردنى کتێبى(پارتیزانەکانى دواى ئەنفال) لەنووسینى محەمەد حەمە تەقى بەڕێوەچوو..
دواى سەرەتایەکى کورت لەسەر چۆنێتى بەرهەمهێنان و نووسینى کتێبەکە لەلایەن بەهێز حسێن، راگەیاندنکار و ئەندامى بۆردى هۆشیارى-یەوە محەمەد حەمە تەقى نووسەرى کتێبەکە، هەندێ خاڵى بنچینەیی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو کە پارتیزانەکان نەک هەر بەگژ شکست و دیکتاتۆریدا چوونەتەوە، ململانێى پارتیزانەکان لەناوچەکاندا بۆ ئەمان گەلێک سەخت بووە، لەبەرئەوەى گوندەکان سووتاو و رووخێنرابوون و تەنانەت زۆرێک لە کانیاو سەرچاوەى ئاوەکانیش ژەهراویکرابوون.
نووسەرى کتێبە وەکو ئەوەى لەکتێبەکەشدا ئاماژەى پێکردووە، ئەم پارتیزانانە شاخ و دەشت و دۆڵى کوردستانیان کردبووە مەیدانى گیانبازى، سوپاى زەبەلاحى داگیرکەر لەبەرامبەریاندا دەستەوەستان و بێ چارەو تۆقیو بوو.
سەرکردایەتی(ی.ن.ک) لەدواى شاڵاوەکانى ئەنفال پلان و نەخشەى ئەوەى داڕشت کە نابێ کوردستان لە پێشمەرگە و خەباتى چەندین ساڵە چۆڵ بکرێ و دەستە دەستە پێشمەرگەکانى ساز و ئامادە دەکرد بۆ ئەوەى بۆ ناوچەکان بگەڕێنرێنەوە و لەماوەى چەند ساڵى پارتیزانیشدا چەندین چالاکیان تۆمارکردو لەدوژمنیان گەیاند ئەوە یەکێتی نییە هەروا بەئاسانى دەست لەناوچە چۆڵکراو و گوندە کاولکراوەکان هەڵگرێ، هەربۆیە نووسەر دەگاتە ئەو ئاستەى بەمشێوەیە گوزارشت لەپارتیزانەکان بکات کە:"لەتوخمێکى ترى مرۆڤ بوون، شۆڕشگێڕى بەبیروباوەڕ، لەخۆبردوو، ماندوونەناس پڕ هیواو پڕ لەئیرادەبوون.."
بۆردى هۆشیارى- مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیارى، لەچەند رۆژى ئایندەدا کۆمەڵێ چالاکی تر بەئەنجامدەگەیەنێ، رۆژى سێشەممە(3/6)کاتژمێر(11:00)ى پێشنیوەڕۆ لەهۆڵى ئەنجومەنى باڵاى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى یەکێتى، ناساندن بۆ کتێبى(سەنگەرو خوێن) لەنووسینى(ئەمیرە محەمەد) ساز دەکات.
رۆژى چوارشەممەش(4/6) کاتژمێر(11:00)ى پێشنیوەڕۆ لەکافتریاى ئەمنە سوورەکە کتێبى(کوردستان و بزوتنەوەى نەتەوەیی کورد) لەنووسینى سەرۆک(مام جەلال)و وەرگێڕانى(سەرکەوت جەلیل) رێکدەخات.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved