لە چوار چێوەی چالاكییە بەردەوامەكانیدا، بۆردی هۆشیاری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، زنجیرەیەك كتێبی چاپكراوی ئامادەیە كە رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی بۆبكات و بیكاتە دیاری یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان .
لە یەكەم پاكێچی ئەم یادكردنەوەیەدا كە مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەیان بۆ دەكرێت كتێبەكانی(كوردستان و بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد لە نوسینی جەلال تاڵەبانی؛ ئەم كتێبە بەشێكە لە پرۆژەیەكی فراوانی بۆردی هۆشیاری بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم نوسینەكانی سەرۆك مام جەلال ، دابەشكراوە بەسەر پێنج پاژ، ساڵی 1969 سەرۆك مام جەلال نوسیوێتی و بەوردی باسی بزوتنەوەوەی نەتەوەی گەلی كوردستان دەكات جگە لە دیدیگای نوسەر چەندین سەرچاوەی بەكارهێناوە بۆ خستنەورووی لایەنەجیاوازەكانی بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلی كوردستان.
سەنگەر و خوێن لە كۆكردنەوەی و ئامادەكردنی ئەمیرە محمدەو بەرهەمێكی تری بۆردی هۆشیاریە، لە دووتوێی 447 لاپەڕە و لە زاری 70 تێكۆشەرەوقارەمانی گەلەكەمانەوە، قۆناغە سەرەتاییەكانی هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ و بەرەنگاریی سوپای بەعسی رووخاو، تا داستانە پڕلە شانازییەكانی رووبەرووبونەوەی تیرۆرستانی داعش دەگڕێتەوە.
پارتیزانەكانی دوای ئەنفال لە ئامادەكردنی محەمەد حەمە تەقی یە و مێژووییەكی پڕ لەشكۆی پارتیزانەكانی سنورەكانی (گەرمیان وشارباژێری سەخت و تەخت و سورداش ، بیتوێن -پشدەر و قەرەداغ و كۆیە و كەركوك و هەولێر و خۆشناوەتی و بادینانە تێیدا بە دەیان تێكۆشەر لەم كتێبەدا بەسەر كراونەتەوە.
و هەردوو بەرگی دوو و سێی رەهەندی تەندروستی لە شۆڕشی نوێدا(1976-1991) درێژكراوەی بەرگی یەكەمی ئەم كتێبەیە كە لە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی گۆران سەلام محەمەدەو دەیان پزیشك و پەرستار و برینپێچ لەم كتێبەدا بەسەركراونەتەوە، لە (1500 )لاپەرەدا باس لە گرنگی و رۆڵی تیمەكانی تەندروستی شۆڕش دەكەن بۆ بەدەوامی دان بەخەبات و لایەنێكی تری مێژووی پڕ لەسەروەری شۆڕشی نوێ دەخاتە روو.
هاوكات بۆردی هۆشیاری، زەنجیرە چالاكییەكی تایبەت بە یادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان لە رووی میدیایی و رۆشنبریی سازدەكات و دەبێتە بەشێك لە هەفتە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.