دەستوور لەناو عەقڵی دەوڵەت
وەک دەقێکی عورفیی

 لە چوار دەستووری نووسراوی رەسمیی، مێژووی کۆن و نوێی عیراقدا کە لەخوارەوە ئاماژەیان بۆ دەکەین، گەلی کورد وەک نەتەوەی دووەمی ناو چوارچێوە یاساییەکەی دەوڵەتی عیراق بە خاک و زمان و کەلتور و مێژوو تێکۆشان و شکۆدارییەکەیەوە هەرگیز پارێزراو نەبووە و هەمیشە دووچاری نکوڵیکردن و ستەمکاریی و زەبری رێکخراوەیی بۆتەوە، هۆکاری ئەمە پەیوەندیی بە خودی تێگەیشتنی فەلسەفیانەی دەوڵەتەوە هەبووە بۆ چەمک و کۆنسێپتی دەستوور، کە ئەوەندەی وەک تیۆر و دەقێکی عورفیی خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەوەندە دەق و بڕوا و ئایدیایەکی دیموکراسیانەی لەپشتەوە نەبووە و نەچۆتە ناو عەقڵی دەوڵەت، بە مانایەکی تر هێشتا دەستووری عیراق وەک دەقێکی مێژووکرد و یاسایی بە دەقی عورفی پێناسە و هەژمار دەکرێت نەک دەستوورێکی نەگۆڕ و یاسایی باڵا و تۆمارکراو.
یەکێک لە مۆدێلەکانی دەوڵەتی قووڵ وستەمکارییەکانی ئەم تەجرەبەیە، گەڕانەوەیە بۆمەرکەزیەت و مۆنۆکراسیەتی حوکمڕانیی، ئەم پارادایمە جۆرێکە لە فاشیزمی نوستوو، رەنگە ئەوکاتەبەخەبەر بێتەوە کە گەلی کورد بەهۆی تەفرەقە وکێشە نێوخۆییەکانیەوە لە کۆما و خەوی قووڵدابێت

قانوونی بنەڕەتی سەردەمی پادشایەتی عیراق لە ساڵی 1925 وەک یەکەم دەستووری دەوڵەتی مۆدێرن و دوای دابەشکردنی کوردستان و پەیماننامەکانی سایکس پیکۆ و سیڤەر و لۆزان، مافێکی ئەوتۆی تێدا نەبوو بۆ کورد، مێژوو شاهیدە چۆن کوردیان بێبەش کرد لە سادەترین داخوازی و ماف و ئازادییە کەلتوریی و سیاسییەکان، وەک مرۆڤی رەوەند - کۆچەریی و ئاژەڵدار و راوشکار و خێڵ تەماشایان کردووە و هەرگیز، وەک هاونیشتمانی پلە یەک هەژماریان نەکردووە، ئەمە سەروەختی شۆڕشی مەلیک مەحمودی نەمر کە کورد تاڕادەیەک هۆشیاریی سیاسی و فەرهەنگیی و نەتەوەیی بۆ دروست دەبێت و دواتر دەکەوێتە جەنگ و ململانێی خوێناویی بەرەو شۆڕشەکان.
 دواتر لە دەستووری قەومییەکان و عارفەکاندا ئەوەندەی دیکە کورد تەریک کرا، عیراقی سەردەمی کۆماریی لە ساڵی 1958 دیسان بەناوی شۆڕشی 14 و 30ی تەمموزی عیراقییەکانەوە شەراکەت و کەرامەتی نەتەوەیی کورد، بە قورسی خرایە ژێرپێی نوخبەیەک لە شۆڤێنیزمی عەرەبییەوە، ئەوکات بەناوی نەتەوەی سەردەست و ژێردەست کەوتنە چەوساندنەوەی کورد تا وای لێ هات کورد کەڵکەڵەی شۆڕش هاتە ناو خوێن و دەمارەکانی و بە ناچاریی شاخ و یاخیبوونی هەڵبژارد، ماده‌ی 3ی ده‌ستووریی ئه‌وكاتی عه‌بدولكه‌ریم قاسم بە روونی دەڵێت (يقوما لكيان العراقي على أساس من التعاون بين المواطنين كافة باحترام حقوقهم وصيانة حرياتهم ويعتبر العرب والأكراد شركاء في هذا الوطن ويقر هذا الدستور حقوقهم القومية ضمن الوحدة العراقية 1958) بەڵام ئەمیش عورفی دەرچوو بەبێ هەنگاوی کرداریی.
پاشان حزبی بەعس لەساڵی 1968 دوای چەند کۆدەتایەکی سەربازیی دەسەڵاتیان گرتە دەست، لە دەورەی ئەحمەد حەسەن بەکر تا ساڵی 1979و دەرکەوتنی فیگەری سەدام، یاسایان بەدڵی خۆیان دادەڕشت و گەڵاڵە دەکرد، دەستوورێکیان نووسی و بەناچاریی پرەنسیپی شەراکەت و ئۆتۆنۆمییان بۆ گەلی کورد جێگیر کرد، بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 کە یەکێک بوو لە دەستکەوتە ناچارییەکان، ئەو شەراکەتە بە خوێن و قوربانی پێشمەرگە نووسرا و رێککەوتنی لەسەرکرا و نسکۆی شۆڕشی بەدواداهات، دیسان دەقە دەستوورییەکان ژێرپێ خرا و بەرهەمەکەی تراژیدیای راگواستن و تەعریب و ئەنفال و کیمیاباران و وێرانسازیی کوشندە و سڕینەوەی مۆرک و شوناسی میللی بوو تا ئاستی پاکتاوکردن.
لە دەستووری دوای پرۆسەی ئازادی و ئەنجومەنی حوکم و گروپی هێزە بەرهەڵستکارانیشدا کە سەرکردە و رەمزە دیارەکانی شیعە و سوننە و کورد رۆڵیان هەبوو تیایدا لە 15/10/2005 کە بە راپرسی دەستوور ناسراو 15 ملیۆن کەس دەنگیان دا بە بەڵێ، بینیمان چی روویدا لە کێشمەکێش و ئینکاریکردن و هێرش و پەلامار و پێشێلی دەستووریی، لەو میساق و دەستوورەدا، کە بە راپرسی دەستوور ناسرا و تەبەننی کرا و دواتر بە گوشاری سوننەکان هەموارکرایەوە، شەراکەت و هاوبەشی وەک چەمک و پێداویستی واقیع کاری لەسەر نەکرا، لە پەنای دەستووردا هەمیشە کورد لە کێبڕکێ و ململانێدا بووە لەگەڵ دەستەبژێری دەسەڵاتداری عیراقیدا، لە پێشێلی ماددەی 58-53-140ی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە بگرە، بۆ تەعریبی نوێ و دەستبردن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کێشە لەسەرەکان و بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران و هەوڵدان بۆ هەمواریی دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم، تا لێدان لە خواستە نەتەوەییەکان و کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە بودجە و میزانیەی عیراق لە رێژەی ٪17 ەوە بۆ ٪12.

پارادایمی دەوڵەتی قووڵ وەک ئایدیای سەپاندن لەپەنای دەستووردا
 یەکێک لە مۆدێلەکانی دەوڵەتی قووڵ و ستەمکارییەکانی ئەم تەجرەبەیە، گەڕانەوەیە بۆ مەرکەزیەت و مۆنۆکراسیەتی حوکمڕانیی، ئەم پارادایمە جۆرێکە لە فاشیزمی نووستوو، رەنگە ئەوکاتە بەخەبەربێتەوە کە گەلی کورد بەهۆی تەفرەقە و کێشە نێوخۆییەکانیەوە لە کۆما و خەوی قووڵدابێت، ئەمە وەک کابووسێکە بەسەر کۆی نەتەوە و ئیتنیک و نەژاد و پێکهاتەکانی ناو سیستمی فیدڕاڵیی عیراقییەوە، لێرەوە دەبێت خاڵێک دابنرێت لە نێوان شوناسی راستەقینەی فیدراڵیزم و شوناسی عیراقیی بوون، هەروا هەڵگرتنی شوناسی عیراقیبوون بۆ کورد، باجی خۆی هەیە لەناو ئەم مۆدێل و پارادایم و سیستمە مەزهەبییەی دەوڵەتی دینییدا، کەمترینی ئەو باجە تەسلیمبوونی هێواشی رۆحیەتی ناسنامەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کوردییە بۆ ئیمتیاز و پۆست و مووچە لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە ماف و ئازادییە سیاسییەکان و دەقە دەستورییەکاندا، بەدیوێکی تاریکدا ئەوە هەوڵدانە بۆ قڕکردن و ئایسیمیلاسیۆنی نەتەوەیی و جڤاکیی لەپەنای دەستووردا و لەژێر هەژموونی ئەفسووناویی میزانییەدا.
لەم شیکارەوە گرنگە ئەو پرسیارە بکەین ئایا دیباجەی دەستووری نوێ، وەک پارێزەری ماف و ئازادییەکان و قەڵای پاراستنی کەرامەتی کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیەوە وەستاوە؟ ئایا لەناو ئەو مۆدێلە تێکەڵەی سیستمی مەرکەزیی و فیدراڵیزم و فاشیزمی مەزهەبیدا خەون و پلان و ئەجێندای مەترسیداری وتەزای عیراقی بوون هەروا ئاسانە، یان پڕیەتی لەمێژووی ئازار و سڕینەوە و ململانێی نوێ، چونکە بەشە ستراتیژییەکەی عیراقییبوون هەر زمانەوانیی نییە بەڵکو وەک پڕۆژەی دەوڵەت - زۆرینەی پەرلەمانیی، بریتییە لە کارکردن و نەخشەڕێگایەک بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری ساڵی 2005 لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو دەستوورەی سەرکردە و سیمبولە کاریگەرەکانی کورد و سوننە و شیعە رۆڵی کاریگەرییان هەبوو لە داڕشتنەوە و نووسینەوەیدا، رەنگە بە چەند دانیشتنێکی پەرلەمان و سەپاندنی زۆرینەیەکی سادە تێپەڕی بکەن، لەبەرئەوەی بلۆکە ئایدۆلۆژیستە گەورەکانی شیعە و سوننە، بە رادیکاڵ و عەقائیدی و وەلائی و فەقهییەوە ئەگەر داواکانیان یەکبخەن هەموارەکەی پێ دەکەن ئەگەرچی ماددەی 117 و 126 بڕگەی چوارەم، هەروەها ماددەی 142 گرەنتییە بۆ کورد، کە داوای دەنگی دوو لەسەر سێی، سێ پارێزگا دەکات بۆ هەموارەکە، لەو بڕگە و ماددانەدا هاتووە کە نابێت دەستکاری دەسەڵاتەکانی قەوارەی فیدڕاڵی هەرێم بکرێت و یەک دەستە و هەرێمی جێگیرە بەڵام بۆ ئەوەش چارەسەر و تەفسیری یاسایی و دەستوورییان ئامادەیە (بۆشایی دەستووری لە هەرێم و بەسەرچوونی شەرعیەتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە تایبەت پەرلەمانی کوردستان بیانووە بۆیان) ئەمە سەرەتایەکە بۆ سەپاندنی زۆرینە و هێزی فتوادان، بە بۆن و بەرامەی ئەحکامەکانی تەشریع و ئایدیای دەوڵەتی قووڵی مەزهەبی دژی هەرێم.
 
دەرەنجامەکانی هەمواری دەستووریی
 مامەڵەکردن بە دەقە دەستوورییەکان بۆ داستبەسەرداگرتنی تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێم و یاساکانی نەوت و گاز و دەروازە سنوورییەکان و گەڕانەوەی داهاتەکان.
ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بە هەرێمکردنی پارێزگاکان و ئۆتۆنۆمی گچکە و زیندووکردنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەرەو کاڵکردنەوەی ستاتۆی هەرێم و لاوازکردنی قەوارە فیدراڵییەکە وەک چۆن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق ساڵی 2027ی دیاریکرد بۆ ئەو پرۆسەیە و خێرا لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمسیاران و لیژنەی دارایی پەرلەمان رۆژی 5ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆبوونەوە بۆ ئامادەسازیی تەکنیکی و دارایی و لۆجستی.
کۆنترۆڵکردنی خاڵ بە خاڵی پڕۆژە یاسای بودجە بە ناوی پاراستن و شەفافیەت لەداهات و ئابووری نەوتی و نانەوتی و سامانی وڵات و یەکخستنەوەی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتەکان وەک ئەوەی بینیمان ساڵ بەساڵ رێژەی کورد لە پشکی میزانییە کەم دەکرێتەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم، هەموو ئەمانە بە ناوی پارێزگاریی لە سەروەریی نیشتیمانی عیراق و یەکێتی خاکەوە دەکرێت.
بەهێزکردنەوەی سوپا و یەکە سەربازییەکان و ئینتیگراسیۆنی گشتی سوپا، یاسای داماڵینی چەک لە میلیشیا و فەسائیلەکان و دواتر ئیجبارکردن بۆ سەربازی زۆرەملێ (تجنید) لەژێر پەردەی برایەتی کورد و عەرەب و هەوێنی یەکڕیزیی گەل، تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی خاڵە گومرگی و دەروازە سنوورییەکان بە ناوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و مافی دراوسێیەتی (حسن الجوار)، بۆیە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێ بە جددی لەم پرسە بڕوانێت و تێکەڵ بە هیچ ململانێیەکی ئایدۆلۆژیی و بەرژەوەندیی حزبی نەکات، چونکە لەدواجاردا دەوڵەت پەنا دەبات بۆ هەمواری دەستووریی وەک چەکی بەرەنگاریی بۆ گەڕانەوەی تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، باج و گومرگ و رسوماتە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانە و بەندەرەكان و دەریچە بازرگانییەکان بە ناوی یەکخستنی سیاسەتی مەدەنی فڕۆکەوانی و بەندەرەکان و پارێزگا و هەرێمەکان و زیندووکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بۆ تۆکمەکردنی یاساکانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و ئەمەش واتە خنکاندنی هەرێم و لە بازنەی کۆتاییدا دەگاتە بە سەربازگەکردن و دۆخی بە پۆلیسیکردنەوەی عیراق، دوای کشانەوەی ئەمریکا لەعیراق ئەم هەنگاوانە لەبارتر دەبن ئەگەر کورد گوتاری خۆی و ماڵی خۆی یەک نەخات، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەبین ئەم فۆڕمە لە دەوڵەتی نیمچە مەدەنی و دیموکراسی، وەک خۆی نەمێنێت لە عیراق.
ئەوکات بڕیار و سیادەی دەوڵەت وەک میتۆدی حوکمڕانی دەچێتە دەستی دادگای باڵای فیدراڵی بە پلەی یەکەم و دەزگا ئاینییەکان و دەوڵەتی قوڵەوە، لێرەدا فەتوای یاسایی و دینی تێکەڵ دەبن، وەک پاڕادایمێک جێگای ئەحکام و یاساکانی دەوڵەت و دامەزراوە مەدەنییەکان و تەنانەت پەرلەمانیش دەگرێتەوە.
 کورد کە بەشدارە لە فیدراسیۆنی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، کە لەدوای هەڵبژاردنی 10/10/2021 دوای یەک ساڵ لە قەیران بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی پێکهات، بەناوی- تحالف إدارة الدولة 25/9/2022) نابێت رێگەی هەمواری دەستووریی بدات و هەرچی زووترە رەوایەتی بداتەوە بە دەزگاکانی و سازشی ناوخۆیی بکات لەپێناو سەرکەوتنی ئیرادەی میللیدا، رەنگە ئەم عیراقە لەدۆخی دەنگدان و دیموکراسییەوە بۆ دۆخی تاعەتی دینی و تەجنیدی مەزهەبی بگۆڕێ، تەنانەت پرۆسەی دەنگدان کە سەرچاوەکەی شەرعیەتی گەلە بگۆڕێ بۆ جۆرێک لە فەلسەفەی تاعەت و ملکەچبوون و رەفتاری ئاینی، ئەوکات بەپێی سزا و پاداشتی دینی، لادان لەو تاعەتە مەعسیەتە و مرۆڤ بەجاهیلی دەمرێ ئەگەر لابدات و بێ فەرمانی خودا بکات، ئەوەش بەپێی ئەو قاعیدەیە؛ مَنْ خَرَجَ مِنَ الطَّاعَةِ، وفارَقَ الجَماعَةَ فَماتَ، ماتَ مِيتَةً جاهِلِيَّةً.
کێشەکان ئەوەندەی کێشەی قووڵی سیاسی و فەرهەنگی و گرفتی مێنتاڵێتی تاکی عیراقی و بیرکردنەوەی زاڵی نوخبەی شۆڤێنیزمە ئەوەندە ئەو کتێبە کاغەزە، رەنگ زەردە نییە بە ناوی یاسا بنچینەییەکانی دەستوورەوە کە لە پەنایدا دەیان و سەدان تاوان و پێشێلکاریی دەکرێت و هیچ دامەزراوەیەکی حکومی دادوەریی تەشریعی نییە هەڵوێست وەرگرێ، هیچ دەستوور و هەڵبژاردنێکیش لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە لە عیراق دەرگا و دەریچەیەک نەبووە بەڕووی ئومێد و کرانەوە و دیموکراسیەت و ریفۆرمی جومگەکانی دەسەڵاتدا، ئەوەش بەشێکی پەیوەندیی بە دیدگای دەوڵەت و بەشەکەی دیکەی پەیوەندیی بە فرەگوتاریی سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆیەوە هەبووە و دەبێت گۆڕانکاری ریشەیی تێدا بکرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved