هەر لە ئێستاوە چاوەکان لەسەر رۆژی 3/11/2026 ن کە رۆژی یەکەم سێشەممەی دوای دووشەممەی مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەی کە نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار تێپەڕیووە، هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیی بۆ سەرجەم کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و سێیەکی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران و (36) فەرمانڕەوا (پارێزگار)ی ویلایەتەکان دەکرێت، جگە لە هەڵبژاردنی چەندین بەرپرسی فیدراڵی و سەرۆک شارەوانی و نووسینگەی ویلایەتەکان، ئەم هەڵبژاردنەی نوێکردنەوەی نیوەیی هەر لە خۆوە نەهاتووە و یاسادانەر و هزری سیاسی ئەمریکی ویستویانە لە کاتی تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەر سەرۆک کۆمارێکدا، ئاستی جەماوەری و هێزی پارتی فەرمانڕەوا و سەرۆک بزانن و لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هزر و دیدی گەلی ئەمریکا تاقیبکەنەوە و لەڕێگەیەوە نەخشە و سیناریۆ سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەمریکا دابڕێژرێت.
پێکهاتەی کۆنگرێسی ئەمریکا: کۆنگرێسی ئەمریکا کە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی وڵاتە و دەسەڵاتەکانی گشتگیرن و بەسەر هەر 50 ویلایەتەکەدا جێبەجێدەکرێن، ئەم دامەزراوانە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێن کە بریتیین لە: 
یەکەم:  ئەنجومەنی نوێنەران: کە ژمارەیان (435) ئەندامە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم 435 نوێنەرە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر ویلایەتێک دەستنیشان دەکرێت و دابەشدەبێت، بۆ نموونە (ویلایەتی کالیفۆرنیا) کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆدەگرێت (53) نوێنەری بەردەکەوێت، لە کاتێکدا (ویلایەتی وایۆهین)، کە کەمترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆدەگرێت، تەنیا (1نوێنەر)ی بەردەکەوێت،  کەواتە لەم  بەشەی کۆنگرێسدا ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکان رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن بۆ بەدەستهێنانی  ژمارەی کورسی هەر ویلایەتێک. 
دووەم:  ئەنجومەنی پیران:  کە ژمارەی نوێنەرانی (100 نوێنەرە)،  هەر ویلایەتێک لە پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکا بە یەکسانی سەر و دوو کورسیان بەردەکەوێت، بەبێ گوێدانە ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکە،  ئەم بەشەی کۆنگرێس، وەک راستکردنەوەی هاوسەنگییە بۆ ئەو جیاوازییەی کە لە ژمارەی کورسییەکانی ویلایەتەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا دێتە ئاراوە، لەبەرئەوە لە ئەنجومەنی پیراندا لاسەنگییەکە راستدەکرێتەوە و ماوەی ئەندامێتی ئەم ئەنجومەنە شەش ساڵە و هەر دوو ساڵ جارێک سێیەکی ئەو 100 نوێنەرە هەڵدەبژێرێت، لەبەر ئەوە لەم هەڵبژاردنەی نوێکردنەوەی نیوەییەدا تەنیا نزیکەی سێیەکی ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێردرێت.
هەڵبژاردنی 35 کورسی ئەنجومەنی پیران: لەم هەڵبژاردنەی 3ی تشرینی دووەمدا، هەڵبژاردن بۆ 35 کورسی ئەنجومەنی پیران دەکرێت کە لە ئێستادا 13 کورسییان  لەلایەن دیموکراتەکان و 20 کورسییان لەلایەن کۆمارییەکانەوە پڕکراونەتەوە و دوو کورسیی دیکەی کۆمارییەکانیش چۆڵن لەبەرئەوەی ئەو دوو (سیناتۆرە) پۆستی دیکەیان لە کابینە نوێیەکەی سەرۆک ترەمپدا وەرگرتووە، لەبەرئەوە هەردوو پارتی رکابەر مەبەستیانە ئەگەر کورسی هەردوو ئەنجومەن زیادنەکەن، ئەوا کەمیشی نەکەن.
هۆکارە کاریگەرەکانی سەر ئەم هەڵبژاردنە:
یەکەم: هۆکارە ئابوورییەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە: 
1 - دۆخی ئابووری هاونیشتیمانیان لە رووی رێژەی بێکاری و جێگیری نرخ و رێژەی باج و رێژەی گەشەی ئابووری،  لەم هەل و مەرجەدا ئەگەر ئەم ئاراستانە پێچەوانە بێت، ئەوا هەل و چانسی دیموکراتەکان زیاتر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسدا.
2 - پارەدارکردن و کۆکردنەوەی دەنگدەران، بە هۆکارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ پروپاگەندە و  گردکردنەوەی دەنگدەران،  لێرەدا بڕی پارەی بەردەست و هاریکاری لایەنگرانی هەردوو پارت لە بەشداری پارەدارکردنی هەڵمەتەکانی پروپاگەندە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت.
دووەم: هۆکارە سیاسییەکان لەم خاڵانەدا بەدەردەکەون:
1 - دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن: بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا و پاش ئەنجامدانی هەر سەرژمێرییەکی دانیشتوان، پارتی فەرمانڕەوا سەر لە نوێ، سنووری بازنەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەک دەکێشیت کە هەل و ئەگەری دەرچوونی پارتی فەرمانڕەوا لە ناوچەیەک مسۆگەر بکات و لە ناوچەیەکی تریش رکابەری لەگەڵ پارتی بەرامبەر بەهێزتر بکات و نزیکی بکاتەوە لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن. 
2 - بابەتە گەرمەکانی سەرشانۆی سیاسی لە ئێستادا وەک جەنگی ئۆکرانیا و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و فەنزوێلا و مەسەلەی کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا و ئاسایشی سنوور و بە تایبەتیش مەسەلەی کۆچی هاووڵاتیانی کیشوەری ئەمریکای لاتین بۆ ئەمریکا، گفتوگۆی چڕی لەسەرە و کۆمەڵگەی ئەمریکی دابەشکردووە بەسەر رەزامەند و دژە کۆچبەراندا و لە ئەجێندای هەڵبژاردنەکاندا رووبەرێکی گەورەی داگیرکردووە، لەبەرئەوە و هەر پارتێک بەو دید و شێوازەی کە دەیەوێت لێکدانەوەی بۆ دەکات و دەیەوێت لە رێگەیەوە دەستکەوتی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت.
3 - بابەتی سیاسی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی:  ئەم بابەتە سیاسی و ستراتیژیانە.  گوزارشت لە ناوەرۆکی سیاسەتی ئەمریکا دەکات لە ماوەی دوو ساڵی بەڕێکراوی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی فەرمانڕەوا، هەڵوێستە و تێڕامانێک لای دەنگدەری ئەمریکی بەجێدەهێڵێت بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردن و لەژێر رۆشنایی کار و دەستکەوتی ئەم دوو ساڵە، دەنگدەری ئەمریکی خۆی یەکلایی دەکاتەوە، کە دەنگ بدات بە چ پارتێک؟.
سێیەم: هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان
ئەم هۆکارانە خۆیان لە مەسەلە کۆمەڵایەتیەکانی وەک چاودێریی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا دەبیننەوە، کە لە چ ئاستێکدایە و پارتی  فەرمانڕەوا چ جۆرە سیاسەتێکی تەندروستی گرتۆتەبەر و تێچووی چارەسەر  و کوالێتی تەندروستی بە چ ئاستێک گەیشتووە و گۆڕانی بەسەرداهاتووە و بابەتی (لەباربردنی) منداڵ  و هەڵوێستی پارتی فەرمانڕەوا لەو بابەتە چۆنە؟ 
ئەم دوو بابەتە خاڵێکی کاریگەرن و کاریگەریی لەسەر دەنگدەری ئەمریکی بەجێدەهێڵن، هەروەها بابەتی پەروەردە و فێرکردن و ئاستی بایەخپێدانی حکومەت بەو کەرتە هەستیارە بیروبۆچوونی دەنگدەر لەمەڕ دەنگدان بەو دوو پارتە رکابەرە دیاریدەکەن. 
چوارەم:  پێوەرەکانی رای گشتی لەسەر هەردوو پارت:  ئەم پێوەرانەی رای گشتی کە لە ئەمریکادا پێش هەر هەڵبژاردنێک دەکرێن،  ئاماژە بەوە دەدەن کە جەماوەری سەرۆک ترەمپ بە بەراورد بە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دابەزیوە، بە تایبەتی لەلایەن دەنگدەرە بێلایەنەکان (خۆڵەمێشییەکان)،  ئەم گروپەش زۆربەی جار هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیی یەکلادەکەنەوە،  لەبەرامبەردا هەست بەوە دەکرێت جەماوەریی دیموکراتەکان کەمێک لە جاران بەرزتربوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دیموکراتەکان نەیانتوانیوە متمانەی دەنگدەر بۆ لای خۆیان بگەڕێننەوە و گومانیان لەوە هەیە، کە بتوانن چارەسەری گونجاو و خێرا کێشە و قەیرانە ئابووری و گوزەرانییەکانی هاونیشتمانییانی ئاسایی ئەمریکا بدۆزنەوە. 
پێنجەم:  لاوان و گۆڕانی چاوەڕواننەکراو: ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە نزیکەی (49ملیۆن) لاوانی ئەمریکی کە تەمەنیان لەنێوان 18-29 ساڵدایە ئامادەن بۆ دەنگدانی 3ی تشرینی دووەم و لەو ژمارەیە (8.5ملیۆن) دەنگدەری نوێ هەن، کە لە  3ی تشرینی دووەم بۆ یەکەمینجار مافی دەنگدانیان هەیە و بە نەوەی(z)ناسراون و چاوەڕوان دەکرێت کە رێژەی بەشدارییان لەنەوەکانی دیکە زیاتربێت لە هەڵبژاردندا. 
ئەم نەوەیە قەبارەیەکی دیمۆگرافی هەمەچەشنە پێکدەهێنن و نزیکەی نیوەیان سەربەکۆچبەر و کەمینەکانن، لێرەدا ئەگەر دیموکراتەکان بتوانن ئەم گروپە لاو و هزر تایبەتانە بگرنە خۆیان و کاریگەرییان لەسەر دابنێن، ئەوا تای تەرازووی دیموکراتەکان قورستر دەکەن، دەبێت رەگەزی سوپرایس و گۆڕانکاری پێشبینی نەکراویش لەیاد نەکرێت (قوڵنگی رەش)، کە دەکرێت قەیرانێکی ئابووری یان جێوسیاسی یان بڕیارێکی قەزایی سەیر بدرێت و ئاڕاستەی بابەتەکان سەرە و ژێر بکاتەوە. 
سیناريۆکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
بۆ بەرچاوڕوونی زانینی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان سێ سیناریۆ دەخەینە روو، کە بریتین لە : 
سیناریۆی یەکەم: بەردەوامیی بردنەوە و زاڵبوونی کۆمارییەکان، ئەویش بەهۆی باڵا دەستییان لە دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیراندا، بەمەش ئەگەری ئەوە هەیە، کە تۆڕێکی پارەدارکردنیان بۆ بڕەخسێت، هەروەها بەشێکی ئەو کورسییانەی کە هەڵبژاردنیان لەسەر دەکرێت دەکەونە ئەو ویلایەت و بازنانەی کە وەک نەریتێکی ميژوویی زیاتر دەنگدەری پارتی کۆمارین، هەروەها دۆسێی کۆچ و ئاسایشی سنوور لەو بابەتانەن کە جەماوەرێکی بەرفراوانی دەنگدەران پشتگیریی لێدەکەن، بە تایبەتی لەو ویلاتە مۆلەقانەی ئەمریکا کەدانیشتوانەکانیان رای یەکلاکەرەوەیان نییە بۆ پارتێکی دەستنیشانکراو.
سیناریۆی دووەم: ئەم سیناریۆیە بەلای ئەوەدا دەچێت کە پارتی کۆماری دووچاری ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە، بەو پێیەی مێژووی  سیاسی ئەمریکا ئەوە بەدەردەخات کە پارتی فەرمانڕەوا چەند کورسییەک لە هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیدا لەدەستدەدات، بەهۆی ئارەزووی دەنگدەرانی ئەمریکا بۆ راگرتنی باڵانسی سیاسی، بەمەش کاریگەری لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنی هەردوو ئەنجومەن دروستدەکات و لەبەرژەوەندیی دیموکراتەکان دەشکێتەوە، هەروەها کەمی جیاوازی ژمارەی کورسی نێوان هەردوو پارت لە ئەنجومەنی نوێنەران (218 کورسی کۆماری )و (214 کورسی دیموکرات) و (1 کورسی بێلایەن)و (2 کورسی بەتاڵ)، هۆکارێک دەبێت، لەبەرئەوەی ئەگەر دیموکراتەکان دەستکەوتێکی دیاریکراویش بە دەستبهينن لەو بازنانەی کە رکابەریی تێدادەکرێت، ئەوا دەکرێت دۆخیان بگۆڕێت و بیانکاتە زۆرینەی گۆنگرێس.
سیناریۆی سێیەم: بریتییە لە دەسەڵاتی دابەشکراو، ئەم سیناریۆیە ئەنجامێکی مام ناوەند و زیاتر بە پاڵانس و واقعی گەڵاڵە دەکات، بەو پێیەی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەیی چەندین ئاڵۆزی لە خۆدەگرێت، لەم دۆخەدا دەکرێت دیموکراتەکان سەرکەوتن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدەستبهێنن و زۆرینە پێکبهێنن و سوود لە شەپۆلی ناڕەزایی و تۆڵەی دەنگداران وەربگرن، بەڵام سەرکەوتوو نابن لە بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجومەنی پیراندا، ئەم سینارۆییە دوو ساڵی کۆتایی فەرمانڕەوایی ترەمپ و کۆمارییەکان دوچاری چەقبەستنی یاسا دانان دەکات و تێیدا ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموکراتی بەربەست بۆ ئەجێنداکانی ترەمپ دروستدەکات، بەڵام ئەنجومەنی پیرانی زۆرینە کۆماری بەدەستەڵاتێکی بەرفراوانەوە کارەکانی دەکات.
*پسپۆڕی جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved