ساڵێک و یەک مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیووە، هێشتا کابینەی دەیەمی حکومەت پێکنەهاتووە،   پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دیار نییە، بە پێچەوانەشەوە لە عیراق هەر 10 رۆژێک دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە، کەچی لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکاندا، چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە عەرەبییەکان بە شیعە و سوننەکانەوە، هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی و  پێکهێنانی کابینەی حکومەت چڕکردووەتەوە، بەپێی لێدوانەکانیان بێت: تا پێش کۆتایی مانگی داهاتوو حکومەت و پەرلەمان دەستبەکاردەبن. ئەوەش لەکاتێکدایە عیراق پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و تایفیی جیاجیای تێدایە و کێشەی قووڵی مێژوویی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو لایەنەکان کوردن و جیاوازییەکانیان بەراورد بەوانەی عیراق هەر هیچ نییە.! 
کێشەی پێکنەهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان لە پلەی یەکەمدا، پەیوەندیی بە نیگەرانی لە (شێوازی ئیدارەدانی حکومەت)ەوە هەیە. پاشان پرسی سەرۆک کۆمار و دواتریش چارەنووسی چەندین پۆستی گرنگ لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی حکومەت، ئەنجومەنی دادوەریی، ئەنجومەنی ئاسایش، پەیوەندییەکانی دەرەوە، ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغداد و دەرەوە). 
یەکێتی پێیوایە لەماوەی رابردوودا بەهۆی سازش لەسەر پێگە و سەنگی راستەقینەی مێژوویی، جوگرافی و هەڵبژاردن، زیانی گەورەی بەرکەوتووە و کاتی راستکردنەوەی ئەو هەڵانە هاتووە. 
هەروەها پێشیوایە ئێستا حزبەکەی ئەوەی رابردوو نییە و یەک دەنگ و یەک بڕیارە و کێشە ناوخۆییەکانی تێپەڕاندووە و بارودۆخی هەڵبژاردنیشی هی ئەوەنییە جارێکی دیکە هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکاتەوە. 
پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵەهایە بڕیار و هەڵوێستی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستانی مۆنۆپۆڵ کردووە، ئێمەی بە ئەمڕۆ گەیاندووە، ئیتر کاتی ئەوەیە نەرمی بنوێنێت و واقیعبینانە مامەڵە بکات
ئەو حزبە پێیوایە ئەو شێوازە لە حوکمڕانی، تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا کە بەرهەمهاتووە، دووچاری تەنگژە و قەیرانی گەورەی ناوخۆیی مامەڵەی کردووە لەگەڵ بەغداددا، بۆیە دەبێت حکومەتی نوێ جیاواز بێت لەوەی ئێستا و بەرنامەیەکی سیاسیی روونی هەبێت و یەکێتی شەریکی راستەقینە بێت لە حوکمڕانیدا، نەک بەشدار و بێ دەسەڵات بێت.
لە بەرامبەردا تائێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان حساب و کیتابی ژمارەی دەنگ و کورسی لەگەڵ یەکێتیدا دەکات و باوەڕی وایە یەکێتی هاوشێوەی حزبەکانی دیکەیە و وەک رابردوو بە پێدانی چەند پۆستێکی شکڵی و بێدەسەڵات، دەتوانێت بەڕێی بکات.
بە پێچەوانەوە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بە کردەوە دەرکەوت یەکێتی لەسەر پرەنسیپ و بەڵێنەکانیەتی و ئامادە نییە هەمان هەڵەکانی رابردوو لە پێکهێنانی حکومەتدا دووبارە بکاتەوە. 
هەموو هەوڵەکانی پارتیش لەوبارەیەوە ئەنجامێکیان نەبووە. وەک دەبینین رۆژ لەدوای رۆژ ئەو دەرگایەنەی بە کراوەیی ماونەتەوە، بەرەو داخران دەڕۆن و خەریکە بە بنبەستی سیاسی دەگەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵەهایە بڕیار و هەڵوێستی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستانی مۆنۆپۆڵ کردووە، ئێمەی بە ئەمڕۆ گەیاندووە، ئیتر کاتی ئەوەیە نەرمی بنوێنێت و واقیعبینانە مامەڵە بکات، مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و بەغداد بە فەرهەنگی عینادیی سیاسی، زیانی گەورەی بە ژیانی خەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانمان گەیاندووە. 
بۆئەوەی یەکێتی دڵنیا ببێتەوە لە نیازباشیی پارتی لە مەسەلەی حوکمڕانیدا، گرنگە پارتی دەستپێشخەر بێت لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو دروشمانە پێکبێت کە خودی ئەو حزبە ئێستا بەرامبەر بەغداد بەرزیکردوونەتەوە کە بریتیین لە (شەراکەت و هاوسەنگی). لەپاڵ ئەوەشدا، حساب بۆ کۆسپ و گرفتەکان لە شێوازی حوکمڕانیدا بکرێت و گلەیی و گازەندەکان لەوبارەیەوە لەبەرچاو بگیرێت.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved