کاتێک هەڵبژاردنی پێشوەختە مەحاڵ و نەگونجاوە، کۆکردنەوەی 50+1 ی پەرلەمان بۆ هەردوو هێزی یەکێتی و پارتی تاکە بژاردەیە، واتە بنەمای پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە.

ئایا کام 50+1، هەنگاوە دروستەکەیە؟
هەڵبەت هەر هێزێکی براوەی پەرلەمان مافی خۆیەتی 50+1 کۆبکاتەوە و حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام چۆن؟
یەکێتی و پارتی دوو هێزی براوەی پەرلەمانن و زۆرینەن، بەتەنها یەکێکیان ناتوانێت زۆرینە بێت، هەریەکێکیان لە دەرەوەی ئەوی دیکە هەوڵی دروستکردنی کوتلەی زۆرینە بدات، ئەو رێژەیە کۆبکاتەوە هەوڵێکی قورس و گرانە، چونکە لە دیفاکتۆی هەرێمدا هەوڵ و هەنگاوێکی شکستخواردوو و کورت مەودایە و چەندین کێشەی گەورە و ستراتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە قۆناغێکدا، پارتی توانیی لەگەڵ هێزی دیکە زۆرینە پێکبهێنێت، بەڵام دواجار نەیتوانی بەبێ یەکێتی کابینەکەی پێکبهێنێت،  لە کۆتاییشدا (دۆستەکانی پارتی) پارتییان لەنیوەی رێگادا بەجێهێشت و یەکێتی مایەوە.
ئەم ئەزموونە بۆ پارتی نوێ نییە و دەزانێت پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی حکومەتێکی سەرکەوتوو نابێت، ئەمەش پەیوەندیی بە رەهەندی جوگرافیا و هێزی سیاسی و هەژموونەوە هەیە، بێگومان بۆ یەکێتیش ئەم هەنگاوە، هەمان دەرەنجامی هەیە.
لەم دۆخەدا رێگە دروستەکە چییە؟
بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، یەکێتی و پارتی چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنیان کردووە. ئەوەی روونە یەکێتی پێداگرە لە شەراکەتی راستەقینە، نایەوێت وەک رابردوو لە حکومەتێکدا بێت کە خۆی کاریگەر نەبێت تێیدا، یەکێتی بۆ شەراکەتی راستەقینە، بەوردی پێناسەی ئەم جۆرە حکومەتەی کردووە، تەواوی کێشە و گرفتەکانی کابینەکانی پێشووی خستووەتە بەردەم پارتی، خواست و داواکاریی خۆی بەڕوونی باس کردووە، بەم پێوەرە بێت، یەکێتی دەیەوێت ئەمجارە بەڕاستی و لە جەوهەردا بە قووڵی بچێتە ناو کابینەی نوێوە.
هەرچی لایەنی بەرامبەرە، دەیەوێت بەهەمان پێوەری کابینەکانی پێشوو یەکێتی بەشدار بێت، یەکێتیش بە تەواوەتی بەشداری و میوانداریی حکومەتێک رەت دەکاتەوە کە نەخشی خۆی لەسەر نەبێت، چونکە یەکێتی نایەوێت هیچ بابەتێک بۆ دوای پێکهێنانی حکومەت جێبهێڵێت، دەیەوێت ئەوەی هەیە گفتوگۆ و باسی لێبکرێت و رێک بکەون. 

بۆچی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بوو بە گرێ کوێرە؟
پارتی دەزانێت قۆناغی ئێستای یەکێتی جیاوازە، ناتوانێت ئەوەی لەسەری رێکدەکەون دواجار لێی لابدات یان جێبەجێی نەکات، رێککەوتنی ئەمجارە، سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی چاودێریی دەکات کە ئەمەش بۆ پارتی بابەتێکی نوێیە و بەریەککەوتنێکە، لەماوەی رابردوودا دەکرێت توانیبێتی لە بەشێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکان پاشگەزبووبێتەوە یان جێبەجێی نەکردبێت. کەواتە قۆناغەکە بۆ یەکێتی و پارتیش نوێیە.
هەربۆیە کابینەی دەیەم بە ئاسانی پێکنایەت، پارتی دەیەوێت، سێکتەرە گرنگەکان و بڕیارەکان لای خۆی بێت، یەکێتیش بەڵێنی داوە، حکومەتێک پێکنایەت وەک ئەوەی ئێستا.

گوتاری سێیەم لەنێوان   گوتاری یەکێتی و پارتیدا
لەبەردەم یەکێتی و پارتیدا، تەنها رێگەی راست و دروست سازان و رێککەوتنە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای هەرێم لەڕووی ئابووری و سیاسی و بوارەکانی ترەوە، پێویستە برەو بە گوتاری سێیەم، گوتاری نیشتمانی و سازان بدرێت.
ئەگەر بەدیدێکی دروست سەیری بکەین، ئەم بارە لارەی ئەم حکومەتە پڕ لە قەیران و قەرزارە، بەتەنها بە لایەنێک رێکناکرێتەوە، دەبێت واز لە گوتاری هەڵچوون و عینادیی سیاسی بهێنرێت. گوتاری سێیەم برەوی پێبدرێت و باری لاری حکومەت راست بکرێتەوە و خۆئامادە بکرێت بۆ قۆناغێکی نوێ.
جێگەی خۆیەتی بڵیین یەکێتی لەم بابەتەدا راستگۆیانە سیاسەتێکی باشی پەیڕەو کردووە، هیچ قۆناغێک نییە، یەکێتی هەوڵیدابێت بەبێ پارتی زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکات، ئێستاش کە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی نییە، یەکێتی ئەو کارتە سووتاوەی وەک گوشاریش بەکارنەهێناوە، چونکە دەزانێت ئەگەر زۆرینەشی هەبێت، بەبێ پارتی حکومەتێک پێکدێت دەرەنجامی باشی نابێت.
سەیر ئەوەیە پارتی ئەگەرچی ئەم هەوڵەی تاقیکردووەتەوە، بەڵام ئێستاش هەمان هەوڵدەدات. بۆیە دەبێت بپرسین ئایا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبن بە بەشێک لەم گەمە رواڵەتییە؟ یان نەخێر هەوڵی پاراستنی پێگە و شوناسی خۆیان دەدەن؟
لە ئەگەری چوونە پاڵ پارتی بۆ پێکهێنانی زۆرینەی 50+1، شتێک نامێنێت بەناوی ئۆپۆزسیۆن و ئەوەش کە هەیە، لەگۆڕ دەنرێت و کۆتایی شوناسی ئۆپۆزسیۆنە، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، بەتەواوی متمانەی خەڵک بە ئۆپۆزسیۆن لاواز دەبێت، دوور مەڕۆ پارتی بۆ سڕینەوە و کۆتایی ئۆپۆزسیۆن و شکاندنی لەبەرچاوی میللەتدا ئەم کارەش بکات.
هیچ پێوەرێک نییە ئەم هەنگاوەی ئۆپۆزسیۆنی بەلاوە پەسەند بێت، ئەمەش بە بەڵگەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی چووە ناو حکومەتەوە بە کۆتایی هاتنی هاتە دەرەوە. 
هەموو ئەو رێگایانەی ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداری لە حکومەتدا تاقیکرانەوە، ئەگەرچی زۆر شەرعییەتی دەتاشی بۆ بەشداریکردنی، بەڵام سەرەنجام  شەرعییەتی میللەتی لەدەستدا.

بژاردەی چارەسەرکردن
بژاردەی ئێستای بەردەم یەکێتی و پارتی سازان و رێککەوتنە لە چوارچێوەی کارنامەیەکی واقیعیدا کە ئەمەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و کۆدەنگیی کورد لە بەغداد، ئەوان ئێستا بەهێزترن، چەندین کێشە و گرفتی قووڵ هەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی تەحەدییەکان و هەوڵ و پیلانەکانی دژبە هەرێم، بۆیە پێویستە یەکێتی و پارتی نیشتمانییانە سەیری  دۆخەکە بکەن.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved