سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یەكەم وێستگەی بانگەشەی لیستی ٢٢٢ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لە سلێمانی رۆژی شەممە (19/10/ 2025) رایگەیاند: (جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ مونافیسێكان نییە).
لە كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامەدا لەلایەن سادەپەرستانەوە، واتە ئەو كەسانەوە كە هەمیشە بە سادەیی سەیری شتەكان دەكەن و لە شتەكان قووڵ نابنەوە، بەد حاڵیبوونێك دروست بوو، خراپ مەسەلەكەیان لێكدایەوە. بەڵام پەیامەكەی سەرۆك بافڵ قووڵ و پڕ مانا بوو، بۆیە لێكدانەوە و وردكردنەوەی پێویستە.
سەرۆك بافڵ بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت و باسی ركابەری لەگەڵ هیچ لایەنێك بكات، ئەم پەیامەی راگەیاند، ئەمەش بەو مانایەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویستی بەوە نییە خۆی بەهیچ لایەنێكی دیكە بەراورد بكات، بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت و دەنگەكانی زیاد بكات و پێگەی بەهێز بێت، چونكە هەر لە ئەسڵدا پرەنسیپی خۆبەراوردكردن لەسەر ئاستی تاكەكەسی و لەسەر ئاستی سیاسی و حزبیش، پرەنسیپێكی هەڵەیە و هیچ ئەنجامێكی لێ شین نابێت. مرۆڤێكی ئاسایی یان نووسەرێك یان هونەرمەندێك ئەگەر بیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت و داهاتووی وەكو ئەمڕۆ نەبێت، هیچ پێویست ناكات خۆی لەگەڵ كەسێكی تردا بەراورد بكات، چونكە لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر پێشیش بكەوێت خۆی نابێت و دەبێتە نوسخەی ئەو كەسەی كە خۆی لەگەڵ بەراوردكردووە، ئەمەش نەك هەر پێشكەوتن نییە، بەڵكو خۆدۆڕاندنە. بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە خۆی لەگەڵ خۆی بەراورد بكات و هەوڵ بدات داهاتووی وەكو ئەمڕۆ نەبێت و باشتر بێت. هەر ئەمەش رێگە راستەكەی پێشكەوتن و بەرەو پێشەوە چوونە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت خۆی لەگەڵ خۆی بەراورد بكات و خۆی منافەسەی خۆی بكات. تەنیا بەم رێگەیە دەتوانێت دەنگەكانی زیاد بكات و پێگەی خۆی بەهێز بكات
لەم سۆنگەیەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت خۆی لەگەڵ خۆی بەراورد بكات و خۆی منافەسەی خۆی بكات. تەنیا بەم رێگەیە دەتوانێت دەنگەكانی زیاد بكات و پێگەی خۆی بەهێز بكات، چونكە لەم حاڵەتەدا دەتوانێت بزانێت كەموكووڕییەكانی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا چی بووە؟ هەڵە زەقەكانی چی بووە؟ پێویست بووە چی بكات و نەیكردووە؟ كەواتە كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆی بە دوێنێ بەراورد دەكات، لەناو ئەو ئاوێنەی بەراوردكارییەدا هەڵە و كەموكووڕییەكانی خۆی دەبینێت.
بێگومان كاتێك ئەو هەڵە و كەموكووڕیانەش دەبینێت دووبارەیان ناكاتەوە و چاكیان دەكات، ئێ ئەمەش رێك بەمانای پێشكەوتن و بەرەو پێشەوە چوونە. پەیامەكەی سەرۆك بافڵ بەم مانایەیە و لەم روانگەیەوە لێی دەڕوانرێت. كەواتە راستە: (جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هیچ مونافیسێكمان نییە).