حەیدەر مەنتك

رێبازی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ، فەرماندە و پارتیزان و رۆشنبیر، مەلا سلێمانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و تێكۆشەری دوو شۆڕش، ئەفسەر لە تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلول و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ، فەرهادی تێكۆشەری سەردەمی خەباتی نهێنی و هاوسەنگەری شەهید رێباز، سەلامی تازەلاوی هاوسەنگەری شەهید مەلا سلێمان، ئەمانە و سەدان تێكۆشەری دیكە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكاندا بەناهەق شەهیدكران.
یەكێتی و تێكۆشەرەكانی باوەڕیانوابوو ئەگەر شەڕ نەكەن و دەست لەبەرامبەریان بپارێزن، دەتوانن بەربەئاگری هەڵگیرساوی شەڕی ناوخۆ بگرن، ئەوەندەشی بۆیانكرا خۆیان پاراست، بەڵام بەداخەوە ئاگر كەوتەوەو زۆركەسی بەناهەق سووتاند.

شەهید رێباز
رەفعەت عەبدوڵڵا پیرداود، ناسراو بەڕێباز، لەدایكبووی ساڵی(1952)ی هەولێر ساڵى(1965) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی پ.د.ك، ساڵی(1969) بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە زیندانی كراوە، ساڵی(1972) ئامادەیی كشتوكاڵی هەولێری تەواوكردووە و هەر ئەوساڵەش بووە بەپێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆ.
ساڵی(1975) بۆتە فەرمانبەر و هەمانساڵ پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە، رۆژی (5/5/1977) لەلایەن رژێمەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت، لەبەر لێهاتوویی و وریایی خۆیەوە دەستگیرناکرێ و رۆژی(16/5 /1977) دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.
بەشایستەیی خۆی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە، ساڵی(1988) لەدوای ئەنفال بۆ ماوەی(14) مانگ سەركردایەتی رەتڵی پارتیزانەكانی كردووە، ساڵی(1990) لەسەر داوای مەكتەبی سیاسی"ی.ن.ك" لەپارتیزانی گەڕاوەتەوە بەمەبەستی بەشداریكردن لەكۆنفرانسێك لە ئەوروپا، كە تایبەت بوو بەكێشەی گەلی كورد.
لەڕاپەڕینیشدا بەشداری كاریگەر و بەرچاوی هەبووە لەڕزگاركردنی زۆربەی شاروشارۆچكەكانی كوردستان،  بەتایبەت شاری كەركوك. لەدوای راپەڕین لەبەرەی كوردستانی لێپرسراوی سەربازی بووە بۆ چەسپاندنی یاسا. ساڵی(1993) جێگری قیادەی مەنتیقەی دهۆك بووە لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
رۆژی(7/5/ 1994) لەسەرەتای شەڕی ناوخۆدا بەناهەق گولەبارانكرا. دوای شەهیدبوونی، لەلایەن هەڤاڵ"مام جەلال"ەوە میدالی پارتیزانی بەخشرایە خانەوادەكەی. شەهید رێباز خاوەنی دوو كتێبە بەناوەكانی"قەندیل بەغدای هەژاند" سێ بەرگ و "نركەی كوردستان" دوو بەرگە.

شەهید فەرهاد
شەهید فەرهاد محەمەد ئەمین ئیسماعیل، ساڵی(1969) لەگوندی قورشاغلوی ناحیەی قوشتەپەی هەولێر لەدایكبووە، قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. ساڵی(1987) پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە و ساڵی(1991) بووە بەپێشمەرگە، دواتر لە دەستەی شەهید رێباز درێژە بەپێشمەرگایەتی دەدات. رۆژی(7/5/1994) لەمەفرەقی"گرێ‌ سەن" لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی سەلام سەڵاح بەناهەق گولەبارانكران.

شەهید سەلام
شەهید سەلام سەڵاح عیسا، ساڵی(1971) لەدایكبووە،  ساڵی(1991) بووە بەپێشمەرگە. رۆژی(7/5/1994) لەمەفرەقی "گرێ‌ سەن" لەگەڵ فەرهادی هاوڕێیدا بەناهەق گولەبارانكران.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved