عەبدوڵڵا شاسوار سەنگاوى
پاڵەوانی گرتنی یەکەم رەبیەی دوومەڵی سەردڵی خاک شەهید فاتیح بوو کە چووە بندەستی سەربازێکی ناو رەبیەکەو لولەی بیکەیسییەکەی بەدەستی گرت! هاوڕێ پێشمەرگەکانی تووشی شۆک بوون ئەو ئازایەتییەیان لە فاتیح سەنگاوی بینی، لەونەبەردییە بەدواوە ئەم کوڕە تەمەن (١٦) ساڵە بوو بەجێگەی متمانەی هاوڕێ پێشمەرگەکانی بۆ هەموو نەبەردییەک وەک فەرماندەیەک پشتیان پێدەبەست..
لە داستانی ژاڵەی دەربەند کە یەکەم شەڕی ناودێ بوو دیسان فاتیح سەنگاوی رۆڵی قارەمانانەی بینی، ئەمانەو چەندین نەبەردی ترکە بەشدار بووە تێیدا رۆڵی گرنگی بینیوە، لە یادی(44) ساڵەی شەهید فاتیح سەنگاوی سەری رێز نەوی دەکەین بۆ سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان. سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
شەهید فاتیح رەئووف رەحیم، ناسراو بەفاتیح سەنگاوی، لە ساڵی(1966) لە شارۆچکەی سەنگاو چاوی بەژیان هەڵهێناوە لە ساڵی(1978) پەیوەندی کردووە بەڕێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، کارو چالاکی رێکخستنی سەرکەوتوانە ئەنجامداوە.
لە سەرەتای ساڵی(1981) دەبێتە پێشمەرگە لە مەفرەزەی(2) لە کەرتی(4)ی جەباری لە هەرێمی(5) دوای دروستبوونی تیپەکان لە کەرتی(3) هەمەوەند لە تیپی(57)ى سەگرمە دەبێت بەفەرماندەی مەفرەزە.
لە سنوورى ناوچەکەى خۆى، بەشداریی زۆربەی چالاکییەکانی کردووە وەکو شەڕەکانی سەرجادەی سەنگاو/چەمچەماڵ و شەڕی ناو گوندی ژاڵەی دەربەندو گرتنی یەکەم رەبیە لە شوڕشی نوێی گەلەکەمان.
رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەرگریکردن لە میللەتەکەى لەهەر ناوچەیەکدا بووبێت، مخابن لە بەرواری(23/10/1982) لەگەڵ هەڤاڵەکانیداو وەک هێزى پشتیوان روو لە رۆژهەڵاتى کوردستان دەکەن بۆ یارمەتیدانى پێشمەرگەکانى رۆژهەڵات، ئەفسووس لە شاخی کونەمشکێ و دواى شەڕێکى قارەمانانە شەهید دەبێت.
گیانى شەهیدان و شەهید فاتیح سەنگاوى شادو ئاسوودە بێت.
بابەتی زیاتر