فەرید ئەسەسەرد
مێژووی دەرکەوتنی برایم ئەحمەد وەک جەمسەرێکی سیاسی لەناو پارتی دیموکراتی کورددا بۆ ساڵی ١٩٥١ دەگەڕێتەوە، کاتێک دانی بە سەرکردایەتیی هەمزە عەبدوڵڵادا نەناو بەبێ راوێژکردن بە ناوەند کۆمیتەیەکی ناوەندیی تازەی پێکهێناو ناوو بەرنامەی پارتی گۆڕی. دوا بەدوای ئەمە بە دوو ساڵ، کاتێک کۆنگرەی سێی بردە سەر ئەو باوەڕەی کە پێویستە هەمزە لە حزب دور بخرێتەوە، پێگەی خۆی تۆکمەتر کرد. لە ساڵی ١٩٥٣ بەدواوە، تا ساڵی ١٩٥٨، پارتی بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی برایم ئەحمەددا بوو.
سیاسەتی برایم ئەحمەد تێکەڵەیە لە توندی و نەرمی. لەسەر دەستی برایم ئەحمەد، پارتی دیموکرات لەڕوی تیۆرییەوە بەرگی ناسیونالیزمی لەخۆی داماڵی و لە ساڵی ١٩٥٣دا بوو بە حزبێکی مارکسیست. لە نامەی دووەمی بۆ مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٥٧دا، تاڵەبانی بەو جۆرە گوزارشت لەم گۆڕانە دەکا کە پارتی بوو بەو حزبەی کە "لە ڕوخساردا دیموکراتە و لە گەوهەردا مارکسیست لینینیستە". ئەگەرچی پارتی بەلای مارکسیزمدا دایشکاند، بەڵام لەم بارەیەوە شوێن پێی پارتی کۆمۆنیستی عێراقی هەڵنەگرت و نەبوو بە حزبێکی ستالینیست.
برایم ئەحمەد سۆسیالیزمی کردە سەر ئامانجی ستراتیجی پارتی و لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێراقدا لەسەر ئەوە هاوڕا بوو کە ململانێی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەرداری ململانێیەکی جیهاننیە و خۆی لە کێشمەکێشی نێوان بلۆکی کۆمۆنیست و ڕۆژئاوای سەرمایەداردا دەبینێتەوە. لەم ململانێیەدا، برایم ئەحمەد پشتگیری کۆمۆنیزمی کرد. بەڵام ئەگەر سیاسەتەکەی لەگەڵ سیاسەتی سۆڤێتچێتیی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بەراورد بکرێ، دەردەکەوێ کە سیاسەتەکەی ئەو تەواو جیاوازە لە سیاسەتی پارتی کۆمۆنیستی عێراق کە پێی وابوو کلکایەتی بۆ مۆسکۆ و خۆبەستنەوە بە سیاسەتی کۆمۆنیزمی جیهانییەوە شتێکی پێویست و مشتومڕ هەڵنەگرە. داشکاندنی برایم ئەحمەد بەلای مۆسکۆدا زۆرترینی زادەی ئەیدۆلۆژیای هاوبەش بوو بەڵام کلکایەتی لێ نەکەوتەوە. برایم ئەحمەد دامەزرێنەری خوێندنگەیەکی فەلسەفییە، بنەماکەی باوەڕهێنانە بەڕاست و دروستی ستراتیجی مۆسکۆ و تێڕوانینە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی دەربارەی ململانێی جیهانی. بەڵام خاڵی لاوازی ئەم خوێندنگەیە ئومێدی لەسەر ئایندەیەکی گەش هەڵچنی و پاساوێکی گەشبینانەی بۆ پشتیوانی نەکردنی یەکێتی سۆڤێت لە مەسەلەی کورد هێنایەوە، بەوەی کە مۆسکۆ سڵ لە پشتگیری کردنی مەسەلەی کورد لەم هەلومەرجەی ئێستادا دەکاتەوە، چونکە سیاسەتی نێودەوڵەتان و پێداویستیەکانی ئەم سیاسەتە دەرفەتێکی وای بۆ پێکناهێنن کە بایەخ بە مەسەلەی کورد بدات، بەڵام هیچ گومان لەوەدا نییە کە لە ئایندەدا، ئەگەر کورد بەردەاوام بێ لەسەر ئەزمونی شۆڕشگێڕانەی خۆی، مۆسکۆ بەخۆیدا دەچێتەوە و پشتگیریی لێ دەکا. ئەفسانەی پشتیوانیی ڕوس لە مەسەلەی کورد لە ئایندەدا، تەنانەت تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی کورددا بە فراوانی باوی سەندبوو.
بە پێچەوانەی پارتی کۆمۆنیستەوە کە داشکاندنی بەلای مۆسکۆدا قازانجی هەبوو، برایم ئەحمەد هیچ قازانجی لە پشتگیریی مۆسکۆ نەکرد. بۆ ماوەی ساڵانێکی دورو درێژ ئەوە لەناو پارتیدا باو بوو کە پارتی بە پشتگیریی ڕوس دامەزراوە و ڕوسەکان لەو ڕوانگەیەوە کە بەرنامەیان بۆ مەسەلەی کورد هەیە، ڕەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی نیشان داوە. هەڵوێستی بریتانیا و ئەمریکا بەرامبەر بە پارتی دیموکرات بەشێک بوو لە سیاسەتی گشتییان بۆ دەستەمۆکردنی کۆمۆنیزم لە عێراقدا و لەو گۆشە نیگایەوە تەماشای پارتییان دەکرد کە فۆتۆ کۆپییەکی پارتی کۆمۆنیستە. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەکاتی قسەکردنی بۆ هەندێک لە زەویداران و پەرلەمانتارانی کورد لە شەقڵاوە، وەک تاڵەبانی لە یەکەم نامەی بۆ مەلا مستەفا باسی کردوە، وە گوزارشتی لە مەسەلەکە کردوە کە پارتی حزبێکی کۆمۆنیستە.
برایم ئەحمەد هەنگاوی هەڕاوتری بەرەو کۆمۆنیزم هەڵهێناو لە تەگبیرێکدا کە پێویستی بە تێڕامان و لێ وردبونەوەیەکی زۆرتر هەبوو، پارتیی هاندا خاڵێکی وا بخاتە ناو بەرنامەی سیاسییەوە کە هەر کات بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی سۆسیالیزمدا وێک نەهاتەوە، پارتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەقوربانی بەرژەوەندیی سۆسیالیزم دەکا. شتێکی بەڵگە نەویستە کە تۆمارکردنی خاڵێکی وا لەبەرنامەی سیاسیدا، بەڵگەی کرچ و کاڵی تێڕوانینی سیاسییەو بەشێوەیەکی وشک و برینگ تای تەرازوی لایەنە ئایدیۆلۆژییەکان لەتای تەرازوی لایەنە تەکنیکییەکان قورستر دەکاو لەهەمان کاتدا بە ئاشکرا پەراوێزی مانۆری سیاسی تەنگەبەر دەکات. ئەگەرچی پارتی بەبانگەشەکردن بۆ ئەم دەقە دەیویست ئەوپەڕی پابەندبوون بە مەسەلەی سۆسیالیزم بسەلمێنێ، بەڵام ئەم هەنگاوە خۆی لەخۆیدا بەڵگەی ئەوە بوو کە هەر کات بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ بەرژەوەندیی سۆسیالیزمدا وێک نەهاتەوە، ئەوا ئامادەییەکی نمونەیی بۆ بەفیڕۆدانی بەرژەوەندیی نیشتمانی هەیە.
خۆشبەختانە دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم کە کوردێکی فەیلییەو عێراق بیانوی پێ گرتبوو کە گوایە ئێرانییەو لەم سۆنگەیەوە بۆ ئێرانی دور خستبۆوە، هەڵەکەی راست کردەوە. ئەو ئەگەرچی لاریی لەناوەرۆکی دەقەکە نەبو، بەڵام داوای لەپارتی کرد ئەم دەقە لە بەرنامە دەربێنێ چونکە '' باسکردنی ئەم مەسەلەیە بەم راشکاوییە، چەکێک بە دوژمن دەبەخشێ تا هێرش بکاتە سەرمان''. دەقەکە ڕەنگدانەوەی توندڕەوییەکی بێ پاساوەو لەو چوارچێوەیەدا پلەو پایەی ئینتەرناسیۆنالیزم بەڕادەیەک بەرز کراوەتەوە کە هیچ بەهایەک بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی نامێنێ.
بیر بۆ ئەوە دەچێ کە پارتی دیموکرات تا ساڵی ١٩٥٨ وا بۆ مەسەلەکە چووە کە گیرسانەوەی مەلا مستەفا لە ڕوسیا بەڵگەی ئەوەیە کە ڕوس پشتیوانی لە مەسەلەی کوردی عێراق دەکەن. چەپە کوردەکان لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیاوە بە زێدەڕۆییەوە دەیانڕوانییە توانای ڕوس بۆ کارکردنە سەر ڕوداوەکانی عێراق و لەم سەروبەندەدا بێ ئومێدبوون لە هانا بردنی ئینگلیز بۆ سیاسەتێکی هاوسەنگتر لەنێوان کوردو بەغدادا، هانی دەدان بانگەشە بۆ کۆمۆنیزم و دۆستایەتیی ڕوس بکەن.
برایم ئەحمەد بەلای ئینگلیزو ئەمریکیەکانەوە نوێنەری کۆمۆنیزم بوو لە کوردستاندا. ئەمریکییەکان لەچەند وتارێکی گۆڤاری ''پەیام''دا کە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا بەزمانی کوردی دەری دەکرد، هێرشی توندیان کردە سەر تێڕوانین و بۆچونەکانی پارتی. ڕەفتاری برایم ئەحمەد شتێکی وای لێ هەڵناکڕدرێ کە هەوڵیداوە ترس و نیگەرانیی ڕۆژئاوا لە داشکاندنی بەلای مۆسکۆدا، بڕەوێنێتەوە. ئەوەی ئەمەش دەسەلمێنێ ئەوەیە کە برایم ئەحمەد لانی کەم دوو هەوڵی ئەمریکییەکانی بۆ پەیوەندی پێوەکردن پوچەڵ کردۆتەوە. یەکەمیان لەساڵی ١٩٥٣دا، پاش بەستنی کۆنگرەی سێ، کاتێک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەڕێی هەباس ئاغای ئاکۆوە ویستی پەیوەندیی پێوە بکا، دوا بەدوای ئەم هەوڵە بە دوو ساڵ، کۆنسوڵگەریی ئەمریکا لە کەرکوک دیسان هەوڵیدا پەیوەندیی پێوە بکا. برایم ئەحمەد هەردوو هەوڵی پوچەڵ کردەوە، چونکە ڕای وابوو کە هاموشۆکردنی نوێنەرانی دەوڵەتێکی ئانتی کۆمۆنیستی وەک لە ئەمریکا یان بەریتانیا کارێکە لەو ناوەشێتەوەو دەشێ کاریگەریی خراپیش لەسەر ناوبانگی وەک شۆڕشگێڕێکی رادیکاڵ بەجێ بێڵێ. بۆیە، لەم سۆنگەیەوە پێدەچێ ویستبێتی فایلەکەی بەپاکی بهێڵێتەوە.
ئەمریکییەکان گیریان بەدەست برایم ئەحمەدەوە خواردبوو چونکە لەگەڵیاندا توند بوو و هەمیشە بەگومانەوە سەیری مەبەست و نیازەکانیانی دەکرد. بەشێوەیەکی گشتی، پارتی بە ڕابەرایەتیی برایم ئەحمەد ئەوەی بڕاندبۆوە کە لە سەردەمی شەڕی ساردا دەبێ چ هەڵوێستێکی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای ئیمپریالیست هەبێ و لەم چوارچێوەیەدا پارتی لەو قۆناغە شۆڕشگێڕەدا دژی بێلایەنی و هەڵوێستی پارێزگارانە بوو و بە ئەنقەست پەراوێزی مانۆڕی ئەوەندە تەسک کردبۆوە کە هیچ دەرفەتێکی بچوکیشی بۆ دامەزراندنی کۆنتاکت لەگەڵ ڕۆژئاوادا بۆ خۆی نەهێستبۆوە. ئەمریکییەکان لە ساڵی ١٩٥٦دا، کاتێک داوایان لە بابا شێخ عەلیی کوڕی بچوکی شێخ مەحمود کرد سەردانی ئەمریکا بکا، نیگەرانیی خۆیان لە پشتیوانی کردنی پارتی لە ڕوسەکان بۆ دەربڕی. لەنامەی یەکەمی بۆ مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی پێشنیاری کرد مەلا مستەفا نامە بۆ بابا شێخ عەلی بنوسێ و ئاگاداری بکاتەوە کە نەکەوێتە داوی ''پڕوپاگەندە ئیمپریالیستییەکان'' . ناوەڕۆکی ئەم پێشنیارە هیچ بوارێک بۆ باوەڕکردن بە سیاسەتی ڕۆژئاوا ناهێڵێتەوە.
پڕوپاگەندەی ئەمریکا کە لە ڕادیۆی ''دەنگی ئەمریکا'' پەخش دەکرا، هەمیشە مایەی توڕەکردن و وروژاندنی چەپی کورد بوو. ڕۆژنامەی نهێنیی ''ڕزگاری'' کە پێش کۆنگرەی سێ ئۆرگانی پارتی دیموکرات بوو، بەشێکی چالاکییەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی پروپاگەندەکانی رادیۆی ''دەنگی ئەمریکا'' تەرخان کردو لە یەکێ لە وتارەکانیدا ئەوەندە بە توندی هێرشی کردە سەر ئەم ئێزگەیە کە ناوی نا ''دەنگی شەیتان''.
بەڵام بەرامبەر بەم هەڵوێستە توندانە، لەهەندێ مەسەلەی تردا، وەک مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، نەرمی نیشان درا. بەلای برایم ئەحمەدەوە گاڵتەکردنی ئۆپۆزسیۆنی چەپ بە هەڵبژاردنی پەرلەمان هیچ پاساوێکی نیە. ئەو نکۆڵی لەوە نەکرد کە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یاسایەکی نمونەیی نیەو رێژەیەکی کورسییەکان بۆ چەند سەرخێڵێک دیاری دەکاو بواری دەستێوەردانی کاریگەر بۆ دەوڵەت دەڕەخسێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێی وابوو هێشتا دەرفەت بۆ سودوەرگرتن لە نەبەردی هەڵبژاردن هەیە. ڕەنگە برایم ئەحمەد لەم مەسەلەیەدا لەژێر کاریگەریی بۆچوونە میانڕەوەکانی ناو کتێبەکەی نەخۆشیی چەپڕەوی منداڵانە ''ی لینین بووبێ کە تێیدا رەخنە لەو حزبە کۆمۆنیستانە دەگرێ کە سڵ لە چونە ناو پەرلەمانە بۆرژوازییەکان دەکەنەوە.
بەلای برایم ئەحمەدەوە، بەشداری نەکردنی حزبە کۆمۆنیستەکان لە هەڵبژاردن لە دەوڵەتە کۆنە پەرستەکاندا ''هەڵوێستێکی بۆرژوازی بچوکە''و ئەم هەڵوێستە نەگەتیڤە بەقەدەر ئەوەی کە زادەی ترسە لە شکستی پرۆژەی گەیاندنی پاڵیوراوان بۆ ناو پەرلەمان، بەقەدەر ئەوە زادەی شۆڕشگێڕێتیی ئەو حزبانە نیە. لەم تێڕوانینەوە، وای بۆ چوو کە حزبی چەپ دەتوانێ هەڵبژاردن بکاتە نەبەردێک لە دژی کۆنە پەرستی، چونکە ئەو دۆخە سایکۆلۆژییە گەرم و گوڕەی کە هەڵبژاردن دەیهێنێتە کایەوە، چانسێکی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی پڕوپاگەندە پێکدێنێ. لەو هەڵبژاردنەی لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەرشەد عومەری بەڕێوەچوو، پارتی دیموکرات یەکەم سەرکەوتنی بەدەست هێناو توانی یەکێ لە ئەندامەکانی، کە مەسعود محەمەدە، بگەیەنێتە پەرلەمان. ڕەنگە بەغدا هەستی بە بەوە کردبێ کە تاکتیکی پارتی دیموکرات سەبارەت بە بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا، دەشێ بەو سەرەنجامە بگات کە لەناو پەرلەماندا فراکسیۆنی سەر بە پارتی پەیدا ببێ، ئەمەش هانیدا زۆرتر گوشار بخاتە سەر پارتی و هەوڵی کارا بۆ پەکخستنی تاکتیکەکەی بدا. بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم کارە، دەست بە ساختەکارییەکی زۆر بە قازانجی پاڵێوراوانی حکومەت کرا. مەسەلەکە گەیشتە رادەیەک بە ئاشکرا دەرکەوت کە حکومەت سورە لەسەر ڕێگرتن لە گەیشتنی پاڵێوراوانی پارتی دیموکرات بۆ ناو پەرلەمان.
بەڵام لێرە دیاردەیەکی جێ سەرنج رووبەڕوومان دەبێتەوە. لەکاتێکدا بڕیاری بەشداری کردن لە هەڵبژاردن گوزارشت لە میانڕەوی دەکا. بەرزکردنەوەی دروشمی توندڕەو بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن لە تێنەگەیشتنی مانای بەشداری کردن لە هەڵبژاردن دەکا. بەغدا لە بەشداری کردنەکە تۆقیبوو چونکە دەترسا لەناو پەرلەماندا فراکسیۆنێکی چەپ پەیدا ببێ. پارتی دیموکرات هێشتا سەری لەوە دەرنەکردبوو کە ئەو وەک حزبێکی نایاسایی ، ناتوانێ وەک حزبە یاساییە ئاشکراکان هەڵسوکەوت بکا. ئەو دروشمانەی کە پارتی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرزی کردبونەوە. بە ئاشکراو بێ سێ و دوو دروشمی چەپ بوون وەک هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی لەگەڵ پەیمانە ڕۆژئاواییەکاندا، هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی بەریتانیا-عێراق و پەیمانی تورکیا-عێراق، خۆماڵی کردنی نەوت، دەست پێکردنی ریفۆرمی کشتوکاڵ و یەکسانی. گومان لەوەدا نیە کە ئەم دروشمانە لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا وێک نەدەهاتنەوەکە بەغدا لەساڵی ١٩٢١ەوە جێبەجێی دەکرد. بەشێوەیەکی گشتی، ئەم ئەزمونە ئەوەندەی کە گوزارشتی لە توندڕەوی کرد، ئەوەندە گوزارشتی لەمیانڕەوی نەکرد. دواتر، دەرکەوت کە نواندنی نەرمی بەرامبەر بە هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرزکردنەوەی دروشمی توندڕەوانەدا رێکناکەوێ. لەو ئەزمونەدا کە لەئایندەدا دوبارە نەکرایەوە، پارتی سەرکەوتنێکی بچوکی بەدەست هێناو تەنها یەک پاڵێوراوی پێ گەیەنرایە ناو پەرلەمان.
لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ حزبە چەپەکاندا، سیاسەتی برایم ئەحمەد زۆرتر کاری بۆ پتەوکردنی حزب دەکرد. ململانێی توند لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێراقدا بەڵگەی ئەوەیە کە برایم ئەحمەد ویستویەتی پارتی بکاتە پێشەنگی کوردو بەدڵنیاییەوە ئەگەر ڕەنج و کۆششی ئەو نەبوایە، پارتی دیموکرات نەیدەتوانی خۆی لەبەردەم پارتی کۆمۆنیستدا رابگرێ. ئاشکرایە کە لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتەوە لەساڵی ١٩٤٦دا تا ساڵی ١٩٥١، پارتی کۆمۆنیست کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پارتی دیموکرات هەبوو. ئەوەی ئەمە دەردەخا ئەوەیە کە زۆر جار پارتی دیموکرات لەژێر کاریگەریی پارتی کۆمۆنیستدا هەندێ هەڵوێستی دیاریکراوی نواندوە. لەساڵی ١٩٤٨دا رێکخراوێک بەناوی کۆمیسیۆنی هاوکارییەوە پارتی دیموکرات و پارتی کۆمۆنیستی لەگەڵ یەکتریدا کۆدەکردەوە بەڵام کۆمیسیۆنەکە جگە لەم دوو لایەنە، لایەنی تریشی لەخۆ گرتبوو. وەک پارتی گەل و باڵی کامل چادرچی کە لە پارتی نیشتمانیی دیموکراتی عێراق جیا ببۆوە. بەهۆی ئەو هەرایەی پارتی کۆمۆنیست و حزبەکانی تر لەدژی رێکەوتننامەی پۆرتسمۆسی نێوان سەرۆک وەزیرانی شیعەی عێراق ساڵح جەبرو سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئێرنست بیڤن نایانەوە، پارتی دیموکرات بەبێ ئەوەی خاڵەکانی ڕێکەوتننامەکە بخوێنێتەوە، کەوتە دژایەتی کردنی. ئەوی ڕاستی بێ، ڕێکەوتننامەی پۆرتسمۆس لە ڕێکەوتننامەی ساڵی ١٩٣٠ی نێوان عێراق و بەریتانیا باشتر بوو و ساڵح جەبر پاش وتووێژێکی سەخت و دژوار توانیبوی عێراق لە هەندێ لە کۆت و بەندەکانی ڕێکەوتننامەی ساڵی ١٩٣٠ ڕزگار بکات. بەڵام ئەو هەرایەی کە پارتی کۆمۆنیست و حزبە ناسیونالیستە سوننییەکان لەدژی سەرۆک وەزیرانە شیعەکان نایانەوە، ناچاریان کرد پاشەکشە بکاو بگەڕێتەوە سەر کارکردن بە ڕێکەوتننامەی ساڵی ١٩٣٠ کە زۆربەی خاڵەکانی لە بەرژەوەندیی بەریتانیادا بوون.
ململانێی نێوان پارتی دیموکرات و پارتی کۆمۆنیست زۆر هۆی هەبوو، هەندێکی پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە کۆمۆنیستەکان وا بەتوندی پێیان لەسەر ئینتەرناسیونالیزم دادەگرت کە گاڵتەیان بە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد دەهات. فەهد،دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی عێراق، لەساڵی ١٩٤٥دا، ساڵێک پێش دامەزراندی پارتی دیموکرات، بانگەشەی بۆ پێویستی بوونی حزبێکی ناسیونالیستی کوردپەروەر کردبوو و لەم بانگەشەیەدا بەڵێنی پشتگیری کردنی دابوو. لە بانگەوازێکیدا کە لەڕۆژنامەی ''قاعیدە''بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە حزبەکەی ''ئەو ڕێکخستنە دیموکراتییە پێویستیانە بۆ گەل و جەماوەری ڕەنجدەرانی کورد دەستەبەر دەکا کە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن بتوانن گوزارشت لە بۆچونی خۆیان سەبارەت بە مانەوەی ئارەزوومەندانە یان جیابونەوە بکەن''.
ئەگەرچی فەهد بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش بانگەوازەکەی نوسیبوو، بەڵام زۆری نەخایاند لەگەڵ کۆمۆنیستە کوردەکانی ناو حزبەکەی خۆی توشی کێشمەکێشێکی سەخت بوو. هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نیە کە فەهد ڕێزی لە بۆچون و تێڕوانینی ئەو کۆمۆنیستە کوردانە گرتووە. زۆرتر بیر لەوە دەکرێتەوە کە پاش ئەوەی باڵە جیابووەکەی یەکێتی تێکۆشان گەڕایەوە ناو پارتی کۆمۆنیست، فەهد چووە سەر ئەو باوەڕەی مانەوەی کۆمۆنیستە کوردەکان لە دەرەوەی پارتی کۆمۆنیست مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر شان و شەوکەت و ناوبانگی وەک ڕابەرێکی کۆمۆنیست. لەڕووی ئایدیۆلۆژیاوە،فەهد دژی ئەوە بوو کورد پارتی کۆمۆنیستی خۆی هەبێ و زۆرتر پێی لەسەر یەکپارچەیی چینی کرێکارانی عێراق دادەگرت و هەرگیز لەم هەڵوێستەی پەشیمان نەبۆوە.
لەو وتووێژە دژوارەدا کە لەنێوان پارتی دیموکرات و پارتی کۆمۆنیستدا هاتە ئاراوەو لەپارتی دیموکرات هەر یەک لە هەمزە عەبدوڵڵاو جەلال تاڵەبانی و حەبیب محەمەد کەریم و خەسرەو تۆفیق و لە پارتی کۆمۆنیست هەر یەک لەسەلام عادل و جەمال حەیدەری و عەزیز شێخ و یوسف مەتتا بەشدار بوون، کۆمۆنیستەکان وازیان لەوە هێنا کە بڵێن گوایە کورد نەتەوەیەکی جیاواز پێکناهێنێ. سەرەنجام، پارتی دیموکرات شەڕەکەی بردەوە، چونکە وای لە کۆمۆنیستەکان کرد بەخۆیاندا بچنەوەو ئەو تیۆرییەی دامەزرێنەری حزبەکەیان پوچەڵ بکەنەوە کەپێی وابوو کوردی عێراق وەک تورکمان و ئاشورییەکان لە ''کەمینەیەکی نەتەوەیی'' بەولاوە هیچی تر نیە، لەڕاستیدا داننان بەوەی کە کورد کەمینەیەکی نەتەوەیی نین، بەڵکو وەک عەرەب و فارس و تورک نەتەوە پێک دێنن، وای لە پارتی کۆمۆنیست کرد چیتر خۆی بە پێناسە ستالینیستییە وشک و برینگەکەی نەتەوە پابەند نەکاو لە هەمان کاتدا کەش و هەوایەکی وای هێنایە پێش کە بواری ئەوەیدا چارەسەر بۆ کێشەکانی نێوان هەردوو حزب بدۆزێتەوە.
تا ماوەیەکی دورو درێژ ئەستەم بوو ئومێد لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حزب هەڵچنرێ. بەڵام ململانێی نێوان ئەم دوو حزبە، تەنانەت پاش چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیش هەر درێژەی کێشا، چونکە سوکایەتی کردنی پارتی کۆمۆنیست بە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد هەمیشە مایەی وروژاندنی ناسیۆنالیستە کوردەکان بوو. ئەوەی کە ناکۆکییەکانی قوڵتر کردەوە، ئەوەیە کە هەردوو حزب، سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردەکانیان مارکسیست بوون یاخود لانی کەم لەژێر کاریگەریی مارکسیزمدا بوون، تێڕوانینێکی توندڕەوانەیان بۆ یەکتری هەبوو. لەکاتێکدا کە پارتی کۆمۆنیست پارتی دیموکراتی بەحزبێکی وردە بورژوازی دادەنا، پارتی دیموکرات وای دەبینی کە پارتی کۆمۆنیست ڕێکخراوێکە بۆتە مایەی وێرانکردنی جوڵانەوەی کرێکاران. ڕەخنەکانی پارتی دیموکرات بەو ئومێدەوە بووە کە کۆمۆنیستەکان ئەنگێزە شۆڤێنییەکانی نەتەوەی گەورە لەخۆیان داماڵن. ڕەخنەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە سێ خاڵەوە هەبوو: یەکەم، پارتی دیموکرات لەو بڕوایەدا بوو کە بۆچوونی فەهد سەبارەت بەوەی کە کورد تەنها کەمینەیەکی نەتەوەییە بۆچونێکی چەوتە. ئەم هەڵەیە تەنها پاش ئەوەی کە خرۆشۆف سەرزەنشتی هەڵەکانی ستالینی کرد، ڕاست کرایەوە. دووەم، پارتی دیموکرات لەو بڕوایەدا بوو کە سیاسەتی فەهد سەبارەت بە بانگەشەکردن بۆ هێنانەدی دیموکراسییەکی بۆرژوازی، لە ئامانجەکانی حزبێکی شۆڕشگێڕی وەک پارتی کۆمۆنیست ناوەشێتەوە. بەلای پارتی دیموکراتەوە، بۆچونەکانی فەهد سەبارەت بە چاکسازیی سیاسی لەعێراق شیاوی پشتیوانی لێ کردن نین چونکە زۆرتر بەلای چاککردنی سیستمی سیاسی و هەموارکردنی دەستورو یاسای هەڵبژاردندا دادەشکێنن و پستگیریی ئەنگێزە پارێزگارو میانڕەوەکان دەکەن و هیچ بانگەشەیەکیان بۆ گۆڕانی شۆڕشگێڕانە تێدا نیە، لەکاتێکدا کە پێویستە شۆڕشگێڕەکان هەمیشە پێ لەسەر گۆڕانی ڕیشەیی داگرن.
ناکۆکییەکەی تر کە هەرگیز یەکلا نەکرایەوە، تایبەت بوو بە لقی کوردستانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق. برایم ئەحمەد پێی وابوو بونی لقی کوردستانی پارتی کۆمۆنیست شتێکی بێهودەیەو بەهیچ شێوەیەک پێویست بەو لقە ناکا، بەڵام پارتی کۆمۆنیست رای تری هەبوو. داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکانی کوردستان پاش کۆنگرەی سێی پارتی دیموکرات کە تێیدا پارتی دیموکرات وەک حزبێکی مارکسیست خۆی ڕاگەیاند، پەرەی سەند. برایم ئەحمەد وا سەیری مەسەلەکەی دەکرد کە مافی خۆیەتی داوا لە کۆمۆنیستەکان بکا ڕێکخراوەکانیان لە کوردستان هەڵبوەشێننەوە چونکە لەو بڕوایەدا بوو کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان حزبەکەی و پارتی کۆمۆنیستدا نیە. ئەم داوایە زۆر لەسەر دڵی پارتی کۆمۆنیست قورس نەبوو چونکە وای کردبوو پارتی کۆمۆنیست ببێ بە حزبی کرێکارانی عەرەب و پارتی دیموکرات ببێ بە حزبی پێشڕەوی جەپەکانی کورد.
ئەم بیرۆکەیە، کاتێک پاش کۆنگرەی سێی ساڵی ١٩٥٣ خرایە ڕوو، شتێکی تازە نەبوو. برایم ئەحمەد بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٥١دا پێشنیارێکی وای کردبوو، کاتێک هێشتا پێگەی خۆی لە سەرکردایەتیدا جێگیر نەکردبوو و هێشتا هەمزە عەبدوڵڵا لە پارتی دەرنەکرابوو و هێشتا پارتی با ئاشکرا نەبوو بوو بە حزبێکی مارکسیست.
ئەستەمە بتوانین بچینە سەر ئەو باوەڕەی کە برایم ئەحمەد لەو بڕوایەدا بووە کە بوونی لقی کوردستانی پارتی کۆمۆنیست مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر بەورژەوەندیی حزبەکەی. بەڵام دیارە سەرسامبوونی بە نموونەی پەیوەندی نێوان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی تودەی ئێران هانی داوە درێژە بەم داوایەی بدا.
برایم ئەحمەد لەو بڕوایەدا بوو کە سەقامگیریی پەیوەندییەکان بارتەقای پێشبڕکێ نەکردنە لەگەڵ یەکتریدا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هاوئامانجیی دوو حزبی شۆڕشگێڕ بەرژەوەندیی هاوبەشی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام بە دژواری زانی بتوانێ دروستیی بۆچونەکەی بە کۆمۆنیستەکانی عێراق بسەلمێنێ. لە کاتێکدا کە رادیکالەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمۆنیستەکانی عێراق شتێکی وایان لەو ئەزموونە بەرچاو نەکەوت مایەی پێ سەرسام بون پێ.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پاش ئەوەی کە سوپای ئێران لەساڵی ١٩٦٤دا شاری مەهابادی گرت، لەبەر یەک هەڵوەشایەوە. ساڵێک پاش ڕوخانی کۆماری مەهاباد، حزبی تودە ئامادەیی ئەوەی دەربڕی کە پشتیوانی لە پاشماوەکانی حزبی دیموکرات بکا و مشوریان بخوا، بەو مەرجەی کە شۆڕشگێڕانی کورد پابەندی ئەوە بن کە وەک ئەندامی حزبی تودە کاربکەن. حەوت ساڵ بەدوای ئەمە، لەکاتی قەیرانە سەختەکەی ئێران و تاوسەندنی ململانێی نێوان شاو سەرەک وەزیران محەمەد موسەددەق، چەند ڕۆشنبیرێکی بەبیرکردنەوە ڕادیکالی کورد کارێکیان ئەنجامدا کە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر مێژووی سیاسی وڵاتەکەیان بەجێ دێڵێ و لەم سەروبەندەدا، بە پشتیوانی حزبی تودە، کەوتنە گەڕ بۆ کاراکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و زیندوکردنەوەی سەروەرییەکانی. ئەو ڕۆشنبیرە رادیکالانە کۆمیوسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەیان بە سەرۆکایەتی عەبدولرەحمان قاسملوو و ئەندامێتی عەزیز یوسفی، غەنی بلوریان، رەحیم سوڵتانیان، کەریم وەیسی و عەبدوڵڵا ئیسحاقی پێکهێنا. حزبی تودە لەو سۆنگەیەوە کە ڕێکخستنێکی بەهێزی لەناو کوردی ئێراندا نەبوو، هانی ئەو ڕۆشنبیرانەی دا حزبی دیموکرات زیندو بکەنەوە. دواتر، دەرکەوت کە ئەم هەنگاوە تاکتیکییە دەرهاوێشتەی نەخشەیەکی وردە بۆ پەرەپێدانی تەوژمی شۆڕشگێڕانە. بەم پێیە، پەیوەندییەکی رێکخراوەیی داینامیکی لەنێوان تودەییەکان و شۆڕشگێڕانی کورد هاتە ئاراوە کە بەهۆیەوە دەرفەت بۆ ئەندامانی هەردو حزب رەخسا کە لەیەک کاتدا ئەندامی هەردوو حزب بن و بەشێوەیەکی ئازاد لەشانە نهێنییەکانی هەردوو حزب کار بکەن.
ئەم هەڵسوکەوتەی حزبی تودە ژیرییەکی دیاریکراوی پێوە دیارە چونکە زیندوکردنەوەی حزبی دیموکرات لەسەر دەستی چەند لاوێکی دڵسۆزی مەسەلەی سۆسیالیزم، لەوە باشترە کە کورد بەبێ سەرکردایەتی سیاسی بهێڵدرێتەوە. دوا بەدوای ئەمە و پاش تاوتوێ کردنی مەسەلەکە، حزبی تودە لەنێوان خۆی و هەردو حزبە دیموکراتەکەی کوردستان و ئازەربایجان، جۆرە کۆنفیدراسیۆنێکی حزبیی دروست کرد و لە تاران کۆمیسیۆنێکی سێقۆڵی بەناوی کاک (کۆمیسیۆنی ئازەربایجان و کوردستان) بە سەرۆکایەتیی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزب دکتۆر حسێن جەودەت و نوێنەرانی ئازەربایجان و کوردستان پێکهێنا ئەرکی مشورخواردنی کاروباری هەردوو هەرێم و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی کورد و ئازەر بە کۆمیسیۆنی کاک سپێردرا. نوێنەری کورد لە کۆمیسیۆنەکەدا سارم سادق وەزیری بوو کە ڕۆشنبیرێکی سنەیی بوو و دۆستایەتییەکی پتەوی لەگەڵ قازی محەمەددا هەبوو. دوا بەدوای گرتنی وەزیری پاش کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٤ی جەنڕاڵ زاهیدی، عەبدولڕەحمان قاسملو جێی گرتەوە.
ئەم ئەزموونە هەژموونی حزبی تودەی بەسەر حزبی دیموکراتدا سەپاند و بەم پێودانگە شۆڕشگێڕانی کورد ناچاربوون لە هەموو شتێکدا پرس بە حزبی تودە بکەن و وەک لقی کوردستانی حزبی تودە چالاکی بنوێنن بەڵام کاتێک خۆیان بە گەل دەناساند، وەک نوێنەری ئەو حزبە خۆیان پێشکەش دەکرد کە قازی محەمەد لە ساڵی ١٩٤٥دا دایمەزراندووە و بەم کارە، شوێن پێی ئەو تاکتیکە دێرینەیان هەڵگرت کە کۆمۆنیستەکان لە زۆر وڵاتدا هانای بۆ بردوە و بەهۆیەوە حزبێکی کۆمۆنیستیان پێکهێنا بەڵام ناویان نەدەنا کۆمۆنیست و زۆرتر وەک حزبێکی نیشتیمانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمۆنیزم کاریان دەکرد.
شۆڕشگێڕانی کوردی عێڕاق کۆنفیدراسیۆنەکەی نێوان حزبی تودە و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەو چەشنە هەڵسەنگاند کە پرۆسەیەکی سیاسییە، تێیدا حزبی تودە بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ حزبی دیموکرات وازی لە مافی ڕێکخستنی کورد هێناوە. برایم ئەحمەد کە هیچ کەسێک بەقەد ئەو پێی لەسەر پێویستیی لاسایی کردنەوەی ئەو ئەزموونەی لە عێراقدا دانەدەگرت، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە وەک چۆن حزبی تودە مافی ڕابەرایەتی کردنی کوردی بۆ شۆڕشگێڕانی کوردی ئێران سەلماندووە، پێویستە کۆمۆنیستەکانی عێراقیش مافی ڕابەرایەتی کردنی کوردی عێراق بۆ پارتی دیموکرات بسەلمێنێت. برایم ئەحمەد سەری لەوە دەرنەکردبوو کە ئەم کۆنفیدراسۆنە سەربەخۆیی و ئازادیی کارکردنی بۆ حزبی دیموکرات نەهێشتۆتەوە. پاشتر، شۆڕشگێڕانی کورد کەوتنە خۆڕاپسکاندن لە دەسەڵاتی حزبی تودە و هەوڵی خۆجیاکردنەوەیاندا بەڵام حزبی تودە بەرپەرچی هەموو ئەم هەوڵانەی دایەوە و دەستی لە خۆسەپاندن بەسەر حزبی دیموکراتدا هەڵنەگرت. ئەو شۆڕشگێڕە کوردانەی بیریان لە جیاکردنەوەی حزبێکی دیموکرات دەکردەوە، تێبینیان کردبوو کە هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حزب هەندێک جار ئەوەندەی کە بەرژەوەندی و سیاسەتی حزبەکەی خۆیان لەبەرچاو ناگرن. پاش تێپەڕبونی سی ساڵ بەسەر ئەو پەیوەندییە تایبەتەدا، دووبەرەکیی نێوان حزبی دیموکرات و حزبی تودە پەرەی سەند و لە ساڵی ١٩٧٩دا بە بنبەست گەیشت، کاتێک هەشت ئەندامی سەرکردایەتی بەدنەدانی حزبی تودە لە حزبی دیموکرات جیابوونەوە. برایم ئەحمەد ئاگاداری وردەکاریی پەیوەندییە تایبەتەکە نەبوو و لە مشتومڕەکانیدا زۆرتر لایەنە باشەکانی کۆنفیدراسیۆنەکەی باس دەکرد. هەردوو حزب، حزبی کۆمۆنیستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم مەسەلەیەدا دوو هەڵوێستی جیاواز و دژ بە یەکیان هەبوو. هیچ کامێکیشیان سەری بۆ ئەویتر دانەنەواند. ڕەنگە پارتی کۆمۆنیست وای لێکدابێتەوە کە پێداگرتنی پارتی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکانی لە کوردستاندا، نەخشەیەکە بۆ لاواز و دەستەمۆکردنی. لە کاتێکدا کە پارتی کۆمۆنیست پێی وابوو پێداگرتنی پارتی دیموکرات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکانی کوردستان پێشنیارێکە پشت بە بنەمایەکی بەهێز نابەستێ و لە بنچینەشدا زادەی تەنگبینیی نەتەوەییە، پارتی دیموکرات لەو بڕوایەدا بوو کە مافی خۆیەتی داوا لە پارتی کۆمۆنیست بکا چیتر لەناو کورددا هەڵنەسوڕێ چونکە ئەو ڕۆڵەی کە پارتی دیموکرات دەینوێنێ هەمان ئەو ڕۆڵەیە کە پارتی کۆمۆنیست دەینوێنێ. لەکۆتاییدا، نەگەیشتن بە چارەسەرێکی مامناوەندی.
ئەو دوو تێڕوانینەی لێرە بەرچاو دەکەون، ئەستەمە کۆدەنگی بەدەست بێنن. پارتی کۆمۆنیست کە لەپارتی دیموکرات کۆنتر بوو و هەمیشە لافی ئەوەی لێ دەدا کە پەیوەندیی ئینتەرناسیونالیستیی لەگەڵ مۆسکۆدا هەیە و لە خرۆشاندنی جەماوەر و نانەوەی پشێویی کۆمەڵایەتیدا بەتواناتر و بە گوڕتر بوو، هەرگیز وەڵامی پۆزەتیڤی بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکانی کوردستانی نەدایەوە. ئەم بانگەشەیە کە دیار بوو پارتی دیموکرات ئامادە نیە وازی لێ بێنێ، پارتی کۆمۆنیستی لەنیاز و مەرامەکانی نەیارەکەی خانەگومان کرد. مەسەلەکە کاری بەسەر هەوڵی هێنانە دیی پەیوەندیی هاوسەنگەوە نیە. پێشنیارەکە بەلای کۆمۆنیستەکانەوە لە دابەشکردنێکی بێ ئەملا و ئەولای ناوچەکانی دەسەڵات لەسەر بنچینەی ئیتیکی دەچوو. کۆمۆنیستییەکانی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، پارتی دیموکرات زۆرتر بە گومانەوە دەڕوانێتە بونی هێزێکی نەیاری سیاسی لە کوردستاندا. لەکاتێکدا مۆدێلی نمونەی نێوان حزبی کۆمۆنیستی تودە و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ببوە فاکتەرێک بۆ پێداگرتنی زۆرتری پارتی دیموکرات لەسەر داواکەی، کۆمۆنیستەکان وایان نیشان دەدا کە نایانەوێ لاسایی ئەزمونێک بکەنەوە کە هێشتا زۆری ماوە راست و دروستیی دەرکەوێ. بەهەر حاڵ، ململانێی شاراوەی نێوان هەردو حزب لەبەر پێداگرتن لەسەر دوو تێڕوانینی جیاواز سەبارەت بە مانای شەرعیەت، درێژەی کێشا. لەم ڕووەوە، پارتی کۆمۆنیست سوور بوو لەسەر رەوایی پەلهاویشتن بۆ ناوچەی کوردنشین، رەواییەک کە پارتی دیموکرات پەراوێزە جوگرافییەکەی بە پێودانگیی نەتەوایەتی تەنگەبەر کردبۆوە و دەیویست بەو بیانووەوە نوێنەرایەتی کردنی کورد بەخۆی ببەخشێ. پارتی کۆمۆنیستیش پێی وابوو پارتی دیموکرات ناتوانێ نوێنەرایەتی کردنی کورد بۆ خۆی قۆرخ بکا. تەنانەت لەو هەلومەرجانەشدا کە پەیوەندی نێوان هەردوو حزب ئارامیی تێدا بەخۆوە دیوە، تەماشاکردنی یەکتری بەچاوی گومانەوە هەر بەردەوام بوو. کۆمۆنیستەکان بە نیگەرانییەوە دەیانڕوانییە پەرەسەندنی ئەنگێزە ناسیۆنالیستییەکانی ناو ڕیزی پارتی دیموکرات لەناسیۆنالیزمەوە بۆ مارکسیزم نەبووە فاکتەرێک بۆ هاندانیان بۆ لێک نزیکبوونەوە و دروستبوونی متمانە لەنێوانیاندا. لە بەرامبەریشدا، سەرانی پارتی دیموکرات بەنیگەرانییەوە دەیانڕوانییە هەوڵی سەرکردە کۆمۆنیستەکان بۆ دەستەمۆکردنی هەڵسوڕانی پارتی دیموکرات. ئەگەرچی هەردولا لەگەڵ یەکتریدا ڕێکنەکەوتن، بەڵام پەیوەندیی نێوانیان نەختێک ئارامیی بەخۆوە بینی و پاشان لەساڵی ١٩٥٧دا، پاش ئەوەی پارتی دیموکرات چەند لێپرسراوێکی لقی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی، لەوانە ساڵح حەیدەری و کەمال فوئاد، لە ڕیزەکانی خۆی وەرگرت، پەیوەندیی نێوان هەردوو حزب زۆر بەتوندی گرژیی تێکەوت. کۆمۆنیستەکان ئەوەیان زۆر لەسەر دڵ گران بوو کە پارتی دیموکرات چەند ئەندامێکی لقی کوردستانی وەرگرتوە بەڵام لەم بارەیەوە هیچیان لەدەست نەدەهات بیکەن. بۆیە، کاتێک لەو ساڵەدا بەرەی یەکێتیی نیشتمانی بەشێوەیەکی نهێنی دامەزرا، پارتی کۆمۆنیست هەڵوێستێکی وای دەرنەبڕی کە مایەی بێزاربوون بێ لە هەڵوێستی حزبی بەعس کە دژی وەرگرتنی پارتی بوو لە ڕیزی بەرە. هەوڵەکانی برایم ئەحمەد لەسەرەتای ساڵانی پەنجا نیشانی دەدەن کەلە و ماوەیەدا بەشێوەیەکی سەرەکی سەرقاڵی دوو مەسەلە بووە لەیەک کاتدا: یەکێکیان کۆتایی هێنان بوو بە ناکۆکیی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیست بەشێوەیەک کە بەردەوامبوون وەک تاکە هێزی سەرەکیی دانپێدانراوی کوردستان بۆ حزبەکەی مسۆگەر بکات کە ئەمەش شتێکە لەو کاتەدا نەهاتە دی. مەسەلەکەی تریش خۆ خەریک کردن بوو بە یەکپارچەکردنی جوڵانەوەی کۆمۆنیستی عێراق کە جوڵانەوەیەکی پەرتەوازە و پەرش و بڵاوو پارچە پارچە بوو. بایەخی زۆری بەم مەسەلەیە دەرفەتێکی باشتر بۆ تێگەیشتنی هەڵسوکەوتی پێکدێنێ. بێگومان برایم ئەحمەد لەنیاز پاکییەوە ئەمەی کردوە و رەنگە وای بۆچووبێ کە ئەرکی سەرشانی وەک رابەری حزبێکی چەپی شۆڕشگێر ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێ کە درێغی لە هیچ هەوڵدانێک بۆ یەکخستنی جوڵانەوە کۆمۆنیستییە پەرتەوازە دۆستەکە نەکات. بە پێوانگە ئایدیالەکان، دەشێ شایستەی پێداهەڵگرتن بێ چونکە سەرقاڵبوونی بە مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی پێوە نیە، بەڵگەی دڵسۆزیتی بۆ پرسی سۆسیالیزم. بەڵام ئەو وەک سیاسەتمەدارێک کە دەبێ پابەند بێ بە دەستەبەرکردنی بەردەوامبوونی حزبەکەی وەک هێزێکی سەرەکی، دەشێ لەم بوارەدا بە هەڵەدا چووبێ چونکە بەم خۆ تێهەڵقورتاندنەی، ئایدیۆلۆژیای خستۆتە سەروی پراکتیکەوە چونکە لەم رەفتارەدا، بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، رێساکانی مانۆڕی سیاسی پێشێل دەکا کە زۆربەی کات بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆیی، لەگەڵ نەیارێکی لاوازی پەراگەندەی پەرێشانی گیرخواردودا ئاسانتر و باشتر دەستەبەر دەکرێ. چەند سیاسەتی پەیڕەوکراو لەگەڵ بەرژەوەندی و هەڵسوکەوت و بیروباوەڕی حزبدا و لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو بەشەی دانیشتواندا کە حزبەکە نوێنەرایەتیی دەکا بەتەنگ پرسە سەرەکییەکانێتی، وێک بێتەوە، ئەوەندەش ئەو سیاسەتە لەڕاست و دروستییەوە نزیکتر دەبێ. برایم ئەحمەد لە هەوڵەکانیدا بۆ رێکخستنی جوڵانەوە پەرتەوازەکەی کۆمۆنیزم، هەوڵی دەدا جوڵانەوەیەک یەکخا کە بەهیچ شێوەیەک دانی بەوەدا نەدەنا کە پارتی دیموکرات تاکە لایەنە کە مافی نوێنەرایەتی کوردی هەیە. پاساوەکان هەرچیەک بن، برایم ئەحمەد وەک ئینتەرناسیونالیستێک بە ئەرکی خۆی زانیوە هەوڵ و تواناکانی خۆی بۆ یەکخستنی بزووتنەوەی ئینتەرناسیونالیستی بخاتە گەڕ. لەم روەوە پەیوەندیی بە گروپە کۆمۆنیستەکانەوە کرد و پێشنیاری بەستنی کۆنفرەنسێکی بەبەشداریی نوێنەرەکانیان کرد. بۆ ئەوەش کە ڕەنگێکی دراماتیکی بە بانگهێشتەکەی ببەخشێ، ڕوونی کردەوە کە ئەگەر لایەنە ناکۆکەکان پێیان باش بێ، دەکرێ کۆنفرەنسەکە بە سەرپەرشتی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لەساڵی ١٩٥٥دا رەزامەندیی نیشاندا ساڵێکی رەبەقی خایاند. کۆنفرەنسە پێشنیارکراوەکە لە یەکێ لە خانووە نهێنیەکانی پارتی دیموکرات بەسەرپەرشتی برایم ئەحمەد بەڕێوەچوو و نوێنەرانی پارتی کۆمۆنیست و پارتی یەکبوونی کۆمۆنیستەکانی عێراق و ڕێکخراوی ئاڵای رەنجدەران بەشدارییان تێدا کرد. لەو کۆنفرەنسەدا برایم ئەحمەد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پەرتەوازەیی جوڵانەوەی کۆمۆنیست لەخزمەتی دوژمنانی کۆمۆنیزمدایە و لەم سەروبەندەدا هەلەکەی قۆستەوە و دیسان جەختی کردەوە سەر تیۆریی یەکسانکردنی یەکپارچەیی و هێز. کۆنفرەنسەکە بەگەڕانەوەی هەردو رێکخراوی یەکبوونی کۆمۆنیستەکان و ئاڵای رەنجدەران بۆ حزبی دایک بە ئاکام گەیشت.
ڕەنگە برایم ئەحمەد بیانوی خۆی هەبێ چونکە لەم بابەتەدا وای دەڕوانییە مەسەلەکە کە بەرژەوەندیی حزبەکەی و پێداویستییەکانی پەرەسەندنی بزوتنەوەی نەتەوەیی پێویستیان بە یەکخستنی بزاڤی کۆمۆنیستی عیراق هەیە و لەم بوارەدا رای وابوو کە ئامانجەکانی حزبەکەی بەبێ دوایی هێنان بە دەستڕۆیشتویی بریتانیا لە عێراقدا و هێنانە سەر کاری ڕژێمێکی شۆڕشگێڕ نایەنە دی.
بەمجۆرە، بنەماکانی ستراتیجی برایم ئەحمەد لەسەر ئەم خاڵانە گیرسانەوە:
کردنی پارتی دیموکرات بە حزبێکی مارکسیستی کاراو بە ئاسەوار، پێداگرتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە کوردستاندا، بانگەشەکردن بۆ ئۆتۆنۆمییەکی نەتەوەیی بۆ هەرێمی کوردستان، بێئومێدبون لە ئاوڕدانەوەی بەغدا لە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد و لەم سەروبەندەدا چووە سەر ئەو باوەڕەی کە مەسەلەی کورد بەبێ روخاندنی رژێمی پاشایەتی و ریشەکێشکردنی دەسەڵاتی بریتانیا لەعێراق چارەسەر ناکرێ.
چەند تێبینیەک دەربارەی سەرچاوەکان
ئەم لێکۆڵینەوەیە پشت ئەستورە بەچەند سەرچاوەیەک کە بەشێوەیەکی گشتی لایەنی دیکۆمێنتاری بەسەریاندا زاڵە و لە ناواخندا ئاماژەیان بۆ کراوە. بەگشتی، دەتوانرێ ئەو سەرچاوانە بەسەر سێ جۆردا دابەش بکرێن کە بریتین لەو کتێبانەی کە بەهایەکی دیکۆمێنتاریان هەیە، نامە بەیاننامە، یاداشت و چاوپێکەوتن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەو دوو نامەیە بکرێ کە بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی بۆ مەلا مستەفا بارزانیی ناردووە، کاتێک کە مەلا مستەفا لە یەکێتیی سۆڤێت بوو. ئەم دوو نامەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٧دا لە بەشی سێیەمی کتێبەکەی بەڕێز مەسعود بارزانیدا دەربارەی بارزانی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد بڵاوکرانەوە. ئەم دوو نامەیە بەهایەکی مێژوویی زۆریان هەیە و بە دوو دیکۆمێنتی فرە گرنگ دەژمێردرێن. دیارە بنەماڵەی بارزانی بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هەردوو نامەی پاراستوە. ئەم دوو نامەیە بە دەستخەتی تاڵەبانی نووسراون و زانیاریی زۆر گرنگیان دەربارەی رەوش و پەیوەندی و گیروگرفتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گرتۆتە خۆو لەلاپەڕەکانی نێوان ٢٢٢و ٢٦٦ی چاپی ساڵی ١٩٨٧ی کتێبی ناوبراو بڵاوکراونەتەوە.
تاڵەبانی نامەی یەکەمی لە ٥ی تشرینی یەکەمی١٩٥٥ نووسیوە و لەو کاتەدا ئەو لەپەکینی پایتەختی کۆماری گەلی چین بوو. لەو گۆشە نیگایەوە کە تاڵەبانی ویستویەتی بچێتە سەر وردەکاری، نامەکە شێوەی راپۆرتێکی تێر و تەسەلی ٣٤ لاپەڕەیی بەخۆوە دیوە کە تاڵەبانی لە پەکین دەستی بە نووسینی کردوە و لە مۆسکۆ، پاش ئەوەی کە چینی بەجێ هێشت، لە ٨ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی پی هێناوە.
نامەی دووەم کورتترە و لە ١١ لاپەڕە پێکدێ، لە ٣٠ی تەمووزی ١٩٥٧ نووسراوە و ناوەڕۆکەکەی لە بابەتە بنچینەییەکاندا جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ناوەڕۆکی نامەی پێشوو نیە. لە ناواخنی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، هەر کات پێویستی کردبێ ئاماژە بەم دوو نامەیە کراوە. ئەو زانیارییانەی کە تایبەتن بەڕۆڵی دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم لە هەموارکردنی بەشێکی دەقەکانی پرۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەوڵەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ برایم ئەحمەددا رەخنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرنامەی فەهد و هەروەها زانیارییەکانی تایبەت بەململانێکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان. هەر هەمووی لەدوو نامە ئاماژە پێکراوە وەرگیراون.
بابەتی زیاتر