شەماڵ عەبدوڵڵا


لە سەرەتای پێشمەرگایەتی لە ساڵى ١٩٨١ شەهید سۆرانم ناسی، زۆرم خۆشەویست، رۆڵەیەکی قارەمان و خۆڕاگر و هەروەک مەسیحییەکانى تر خۆشەویست و لەنێو مەسیحییەکانی عەنکاوەشدا رێزدار و بەئەمەک بوو..
بەو باوەڕە چەکی پێشمەرگایەتی کردبووە شان تا کوردو گشت پێکهاتەکانى ترى ناو کۆمەڵگەى کوردى لە تووندوتیژیی و چەوسانەوە رزگار بکات. شەهید سۆران بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەی خۆمان بوو، زیاتر هۆگری یەکتربووین، شەهید سۆران رۆڵەیەکی چاونەترس بوو، مرۆڤێکی قسەخۆش و راستگۆ و دڵپاک بوو لەگەڵ هاوڕێکانی .
بەبیرم دێ لە پایزێک، بەیەکەوە لە بالیسانەوە بەرەو سەرکردایەتی بەڕێکەوتین، هاتینە وەرتێ، لەوێوە بۆ کۆمتان، ئێوارەکەی گەیشتینە سەر رووباری شەهیدان، گوتم:
* سۆران بالێرە نانێک بخۆین.
بەڕاستی زۆر ماندوو بووبووم، دیارە ئەو لە رۆیشتن ماندووبوونی نەدەزانی، وەڵامیدامەوەو پێیگوتم:
* بائەم بەرزاییە ببڕین وەرە باسی خەباتی ماوتسیتۆنگ بکەین.
شەهید سۆران لە پاکی و راستگۆیی خۆی، بەخیانەت لە ١٤/٨/١٩٨٨ شەهید کرا. کارەساتی شەهیدبوونی کاکە سۆران دڵی بەعسییەکانی ئارام نەکردەوە، بەڵکو دوای ئەوە تەواوی ماڵەوەیان، باوکی و دایکی و خێزانی و کچە چل رۆژییەکەی و چوار لە خوشکەکانی دەستگیرکران و سەرجەمیان شەهیدکران .
رۆحی ئەم شەهیدانە بەرزو بەڕێز هەرگیز لە بیریان ناکەین.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved