مەریوان ئەحمەد لاوە



"فوئاد حه‌مید" ناسراو بە ئارام - لە ساڵی(1962) لەشاری كەركوك لەدایكبووه، بەهۆی ئەوەی باوكی پێشمەرگە بووە لەساڵی(1975) تەرحیل دەكرێن بۆ چەمچەماڵ و لەوێ نیشتەجێدەبن..
لەساڵی(1979) پەیوەندی بەڕیزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە دەكات لەڕێگای بەڕێز دڵشاد حافز-ه‌وە. شەهید ئارام رۆڵەیەكی جەربەزەو چاونەترسی چەمچەماڵ بوو، یەكێكبوو لەكەسە چالاكەكانی ناو هاوڕێ خوێندكارەكانی  و ریزەكانی رێكخستنی كۆمەڵە، بۆیە دوژمنان خستبوونیە ژێرچاودێرییەوە. بەشداری دەیان چالاكی ریزكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كردووە.
خۆفرۆشەكانی سەر بەئەمنی چەمچەماڵ پاش ئەوەی زانیاری لەسەر كۆدەكەنەوه‌ ساڵی(1981) دەستگیریی دەكەن، پاش ساڵێك ئینجا كەسوكاری پێیدەزانن كه‌ لە به‌ندینخانه‌ی ئەبوغرێب بەندكراوە، له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ژێر ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆری بەعسییەكاندا بووبوو نەیانتوانی بوو یەك نهێنی(ی.ن.ك)ی پێبدركێنن، ناچار و ملهوڕانە بەبێبوونی هیچ بەڵگەیەك(18) ساڵ سزای به‌سه‌ردا دەدەن. لەلێبوردنە گشتییەكەی ساڵی(1983) بۆ(1984) بەرلێبوردن دەكەوێت و ئازاد دەكرێت، پاش ئازادكردنیشی پەیوەندی بەڕیزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان-ەوە دەكات و لە كەرتی(3)ی هەمەوەندو تیپی(57)ی سەگرمە دەبێت بەپێشمەرگە.
لەتەمەنی پێشمەرگایەتیدا بەشداری دەیان شەڕی دژ بەڕژێم دەكات لەوانە داستانی زینانەو شەڕی سەرجادەی چەمچەماڵ سەنگاو دەیانی تر. دەیانجار لە مەرگ گەڕاوەتەوە، بەئازایەتی و بوێری پیاوەتی ناسرابوو، لەكاتی ئەنفالداو لەساڵی(1988)دا، دەستگیردەكرێ و پاش هەوڵ و كۆششی بنه‌ماڵه‌كه‌یان و ژمارەیەك له‌دڵسۆزانی ئازاد‌ دەكرێت، جارێكیتریش بەهۆی خۆفرۆشانی ئەمنەوە لەساڵی(1989) دەستگیردەكرێتەوە. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان لەگەڵ خێزانەكەیدا كە بریتیبوون لە باوك و دایك و دوو برای، پاش نەبوونی هیچ بەڵگەیەك پاش چەند مانگێگ ئازاد دەكرێن. 
شەهید ئارام لەپێش راپەڕین لەگەڵ هاوڕێكانی رێكخستنی شانە چەكدارەكان دروستدەكەنەوەو بەشداریی راپەڕینەكەی چەمچەماڵ دەكەن و دەستی لەئازادكردنی قەڵای چەمچەماڵ و سناعەكەدا هەبووە، لەساڵی(1991) كراوە بەفەرماندەی كەرت و بەشداریی كاریگەری هەبووە لەئازادكردنی كەركوك و بەرپرس و سەرپەرشتیكاری قەڵای چەمچەماڵ بووە تا كۆڕەوەكەی ساڵی(1991) پاشانیش بەشداریی شەڕی ئەزمەڕو راپەڕینی دووەمی كردووە، لەكاتی تەشكیلەی سوپای كوردستانی یەكگرتوو كراوە بەئەفسەر لەلیوای(3)ی قیادەی مەنتیقەی كەركوك تا شەڕی كورسی و دەسەڵات لە كوردستان دەستیپێكرد، له‌ڕێكەوتی(25/5/1994) پاش بەرگرییەكی زۆر و شەهیدبوونی دوا هاوڕێ و هاوسەنگەری، ئه‌میش شەهید دەبێ و دەبێت بەو رەمزەی كە هەمیشە شانازی پێوە دەكرێ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved