بڵێسە جەبار فەرمان
زیندانەکانی سەردەمی رژێمی بەعس بەشێکبوون لەو جێگایەی کە مرۆڤی کورد و عەرەب و تەواوی گەلانی عێراقی تیا دەستگیرکراوەو ئەشکەنجە دراوە، ھەموو جۆرو شێوازێکی پێشێلکاری مافی مرۆڤی تیا ئەنجامدراوە، جۆرەها شێوازی نامرۆڤانەی وەک کوشتن و ئەشکەنجە و خنکاندن و لە سێدارەدان ئەنجامدراوە..
گرتوخانەکانی بەعس بەسەدان زیندانی ھەژمار دەکرێت. بەردەوام لە مێژووی بەعسدا بەبیانووی جۆراوجۆر ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنیان تێدا لەناوبردووە. رژێم نەیدەهێشت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەردانی گیراو و حوکمدراوان بکات و چاویان پێبکەوێت، چونکە دووربوون لەهەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و ئاو و ئاوەڕۆ بێ خۆراک و کارەبا و پڕ لەجۆرەها میکرۆب و زیندەوەری زیانبەخش! کەرەستەو ئامێری سزادانی جۆراوجۆریان تێدا بەکارهێناوە لە ھەڵواسین و سەگ تێبەردان و خستنەناو ئاوی گەرم و ئاوی سارد لە زستان و کێبڵ و کارەبا و بوتڵ و پلایس و گاز و سووتاندن بەئوتو و جۆرەھای تر .
رێکخراوی نێودەوڵەتی لەسەردەمی رژێمدا ھەوڵیاندەدا چاودێری رەوشی گیراوان و گرتوخانەکان بکەن بەڵام رێگا نەدرا، یان لە ئاستێکی سنوورداردا رێگا دەدرا. ئەمە جگە لە بوونی زیندانی نھێنی و شاراوە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان زۆرکەم دەستیاندەگەیشت بەھەموو زانیارییەکی گرتوخانەکان.
زیندانی ئەبوغرێب مەترسیدارترین و پڕ ئەشکەنجەترین زیندانی رژێمی بەعس بووەو بەرھەڵستکارە سیاسییەکانی تیا ئەشەنجە دراوەو لەوێش چەندین تێکۆشەری کورد لەسێدارە دراون. لەیلا قاسم چالاکوانێکی سیاسیی کوردی فەیلی بوو، لە ساڵی(١٩٥٢) لەگوندی بانمیلی شاری خانەقین لە دایکبووە، هەرلەتەمەنی منداڵییەوە هۆگری نیشتمانەکەی بووە، لەیلا لە تەمەنێکی گەنجییەوە ئاشنای بزوتنەوەی سیاسی نەتەوەکەی دەبێت، ساڵی(١٩٧٠) لەنێو ریزەکانی"یەکێتیی قوتابیانی کوردستان" تێکۆشانی بۆ رزگاری نەتەوەکەی کردووە.
ساڵی(١٩٧١) لەبەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەک پێشەنگێک لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە هۆشیارکردنەوە و بەڕێکخستن کردنیان. لەوساڵانەدا باوەڕی خەڵک بەجۆرێک بووە کە ژن ناتوانێت لەشار و شاخ خەبات بکات، بەڵام لەیلا قاسم توانی خۆی بسەلمێنێت و خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەبرد و دژ بەنایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان وەستایەوە، چونکە لە ئازارەکانی ژن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا تێگەیشتبوو.
لە ئاداری(١٩٧٤)دا، رژێمی بەعس دەستیکرد بەبۆردومانکردنی قەڵادزێ و ھەڵەبجە و گرتنی رۆشنبیران، قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد، لەوکاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لەھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لەشاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە و گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان تا درێژە بە خەبات بدەن.
لەڕۆژی(٢٨)ی نیسانی(١٩٧٤) لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی رژێم لە بەغدا دەستگیرکران، رۆژنامەی(الصورة)ی زمانحاڵی رژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و رادیۆ و تەلەفزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و تیرۆریست بەناوکرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.
لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا رایگەیاندبوو:
"بەکوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای رێی رزگاری کوردستان دەکەم."
دواتر لەیلا لە بەندیخانەی ئەبوغرێب داوای لە دایکی کردووە مقەستێک و جلە کوردییەکەی بۆ بهێنێت. بەوەش کەمێک لە قژی خۆی دەبڕێ و دەیدات بەدایکی پێیدەڵێت:
"وەکو یادگاری لەلای خۆت هەڵیبگرە، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەگەمە کاروانی شەهیدان و بەجلی کوردییەوە دەبمە بووکی کوردستان".
لەکاتژمێر(٧)ی سەرلەبەیانی رۆژی(١٢)ی ئایاری(١٩٧٤) لەیلا قاسم و ھەرچوار ھاوڕێکەی لە سێدارەدران، تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف بەخاک سپێردرا.
بابەتی زیاتر