ئەمڕۆ 24ی نیسان، یادی 52 ساڵەی تاوانێکی گەورەی دەسەڵاتی بەعس بەرانابەر بە قەڵادزێ، کاتێک لە ساڵی 1974دا شاری قەڵادزێی بە بۆمبی قەدەغەکراوی "ناپاڵم" بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 شەهیدی و برینداری لێکەوتەوە.
لەم هێرشە دڕندەیەدا کە سەعات 10ـی سەرلەبەیانی ئەنجامدرا، ناوەندی شارەکە و بیناکانی زانکۆی سلێمانی کرانە ئامانج، کە لە ئەنجامدا 165 خوێندکار و هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و 250 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەو وێرانکارییە گەورەیەی بەر سیمای شارەکە کەوت.
مێژووی ئەم شارە پڕە لە رووبەڕووبوونەوەی ستەم، بە جۆرێک دوای ئەو هێرشە دڕندانەیە، لە کۆتایی هەشتاکاندا، رژێمی باعسی ئەوکات، سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێی بەسەردا سەپاندن و لە ٢٦26ـی حوزەیرانی 1989دا، قەڵادزێ بە تەواوی لەگەڵ زەوی تەخت کرا و هەموو گوندەکانی دەوروبەری وێران کران، بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تێکشکانی ئیرادەی خەڵکەکەی.
قەڵادزێ کە ئێستا ناوەندی قەزای پشدەرە و سەر بە ئیدارەی راپەڕینە، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و هاوسنووریی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، هەمیشە وەک مەڵبەندێکی گرنگی شۆڕش و بەرخودان ماوەتەوە.
ئەم شارە بە پێنج ناحیە و نزیکەی 400 گوندەکەیەوە، وەک هێمایەکی زیندووی قوربانیدان لە مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە و یادی شەهیدانی 24ی نیسان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە یادەوەری نەتەوەیی کوردا ساڵانە بەرز رادەگیرێت.
بابەتی زیاتر