ئاوات كۆكەیی




فەرماندەو پێشمەرگەی پارتیزان، شەهید"محەمەد شێخ كەریم" ناسراو بەحەمەڕەش، ساڵی(1957) لەگوندی هۆمەرئامانی ناوچەی قەرەداغ لەدایكبووە، لەڕووی خوێندنەوە قۆناغی ناوەندیی تەواو كردووە، شەهید لە تەمەنی لاوێتییەوە كەسێكی نیشتمانپەروەر بووە و هەستی كوردانەی وایلێكردووە كە لە تەمەنی(17) ساڵیدا و لە ساڵی(1974) بەشداریی شۆڕشی ئەیلول بكات و چەكی پێشمەرگایەتی بكاتەشان.
كارەساتی نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی(1975)دا، نەبووەهۆی ئەوەی كە شەهید حەمەڕەش لەڕاستە رێگەی خەبات لابدات و بێ هیواببێت. هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ئەو پیاوە قارەمانە هەمیشە هەر لە بەهێزیدا مایەوە، بۆیە هێشتا ساڵێك بەسەر سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ تێنەپەڕیبوو لە ساڵی(1977) پەیوەندیكرد بەڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و ساڵی(1978)یش بوو بە پێشمەرگە.
شەهید بەهۆی لێهاتوویی لەبەرەكانی جەنگدا دژی دوژمن، لە شۆڕشی نوێدا بوو بەناوێكی درەوشاوە، ئەگەرچیش ئەوانەی كە بەڕوخسار نەیانبینیبوو، بەڵام هەركەناوی"حەمەڕەشەكەی گەرمیان" دەهێنرا، دەیانزانی ئەوەكێیە و چ پێشمەرگەیەكی ئازاو چ كەسێكی دڵسۆزە بە نەتەوەكەی.
حەمەڕەشەكەی گەرمیان هەرزوو لە كورەی جۆشدراوی شۆڕشی نوێدا بوو بەپشكۆیەكی ئاگرین و بڵێسەی تفەنگەكەی دەستی، هەناوی نیوەشەوانی رووناك دەكردەوە لە هەڵكوتانەسەر دوژمنان، هەرئەوەش بوو ساڵی(1980) پلەی فەرماندەی مەفرەزەی پێسپێردراو ساڵی(1981) كرا بەجێگری فەرماندەی كەرتی بازیان و لە ساڵی(1982)یشدا، كرا بەجێگری فەرماندەی كەرتی سێی هەمەوەند و ساڵی دواتریش بووە فەرماندەی هەمان كەرت، ساڵی(1985) كرایە جێگری فەرماندەی تیپی(53)ی شێروانە، بەگشتیش لە چەند قۆناغێكی جیایادا فەرماندەیی تیپەكانی(55)ی قەرەداغ و(53)ی شێروانە و(51)ی گەرمیانی كردووە.
شەهید حەمەڕەش لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداری چەندین داستان و نەبەردیی كردووە و لە چەند نەبەردییەكیشدا رۆڵی كاریگەری بینیوە. وەك: گرتنی ناحیەی سەنگاو، گرتنی بێتواتە، دۆڵەڕەقە، داستانی رزگاری، نەبەردییەكانی شارباژێڕ، داستانی قەیوان- ماوەت، نەبەردیی زینانە، هەروەها لە شۆڕشی نوێدا گرتنی یەكەم رەبایەی دوژمن، بەفەرماندەیی شەهید حەمەڕەش و لەلایەن مەفرەزەكەی ئەوەوەبوو لە ساڵی (1982)دا.
لەكاتی دەستپێكردنی هێرشەكانی ئەنفال، شەهید حەمەڕەش بەسەدان پێشمەرگە و هاووڵاتی لە چنگی ئەنفال رزگاركردووە، هەرلەدوای ئەو بارودۆخە دژوارەی كە بەهۆی ئەنفالەكانەوە رووبەڕووی كوردستان بۆوە، شەهید لەسەر داوای خۆی لەناوچەكانی گەرمیاندا ماوەتەوە و ئەركی فەرماندەییكردنی رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیانی گرتۆتە ئەستۆ.
لە داڕشتنی بەرنامەی راپەڕینی(1991)یشدا وەك ئەندامی فەرماندەیی گشتی"هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان" بەشداربووە و هەرخۆیشی فەرماندەیی ئازادكردنی شاری خورماتووی تەعریبكراوی كردووە، بەداخەوە رۆژی(11/3/1991) لەكاتی هێرشی دوژمن بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، لە سەر رێگەی دوز شەهیدكرا.
 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved