ئاسۆ كه‌ركوكی*
دوو مەفرەزەی تیپی(21)ی كەركوك، له‌ڕۆژی(28/2/1988) له‌شه‌وێكی سارد‌و باراناویدا له گوندی"چۆخماخ"ه‌وه به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و ناوچه‌ی شارباژێڕ بۆ گوندی گه‌ڕه‌دێ، به‌سەرپەرشتی فەرماندەی قارەمان شه‌هید "سابیر خلەگەری".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باران ده‌باری گەیشتینە گوندی"گەڕه‌دێ" گونده‌كه چۆڵ‌كرابوو هیچ خێزانێكی تیانەمابوو، چەند پێشمەرگەیەك نەبێت خەریكی نان كردن بوون بۆ پێشمەرگەكانی سەرشاخ كە هەندێك لە پێشمەرگەكانی تیپی(93)ی كۆیەو بەشێك لە پێشمەرگەكانی تیپی(55)ی قەرەداغ لەسەر شاخ بوون.
لەناودێ چووینە لای ئەو پێشمەرگانەی نانیان دەكرد، بەدەم رۆیشتنەوە سەرو نانی گەرممان خوارد، بەڵام باران هه‌موو لەشمانی ته‌ڕ ته‌ڕ كردبوو، تۆپبارانی دوژمنیش هه‌ر به‌رده‌وام بوو! لەڕێگای پێش گەیشتنمان بۆ سەرشاخ چەند پێشمەرگەیه‌ك ده‌هاتنەخوارەوە دیاربوو شه‌هیدێكیان پێ بوو، دوای ماندونەبی له‌یه‌كترو پرسیاركردن له‌وه‌ی شه‌هیده‌كه كێیه؟ وتیان جێگری فەرماندەی تیپی(93)ی كۆیەیه"گیانی ئاسووده‌و ئارام بێت" دیاربوو تازە شەهید بوو بوو بەگولەی قەناس.
ئەوانمان جێهێشت و سەركەوتین بۆ سەر شاخ، لەوێ چەند پێشمەرگەیەكی تیپی كۆیەمان بینی پاش ئەحواڵپرسین دیار بوو زۆر ماندوو بێ وەزع بوون، لەلایەك دوژمن هێزێكی زۆری كۆكردبۆوه، لەلایەكیتر برسێتی و بێ ئومێدبوون لە وەزعەكە ئه‌وه‌نده‌یتر كه‌شێكی ناخۆشی دروست كردبوو، لە(23) قۆڵەوە دوژمن خۆی ئاماده‌كردبوو بۆ هێرشكردن، دۆڵی جافایەتی، شارباژێڕ، دۆڵی مەرگە، هه‌موو ئه‌م شوێنانه‌ی گرتبۆوه، شەڕێكی یەكجار قورس و نابه‌رامبه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌كردین، دوژمن بەهەموو توانای سەربازیی و به‌هەموو جۆرە چەكێكه‌وه ئاماده‌بوو، تەنانەت چەكی كیمیایی له هه‌ندێ ناوچه‌ش به‌كارهێنابوو، واتا هه‌موو چه‌كێكی بەكارده‌هێنا! به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی گه‌یشتبووه ده‌ستمان پتر لە(250) هەزار جاش و دوو فەیلەقی سەربازی هێنابووه به‌ره‌كانی شه‌ڕ، له ئاسمانیشه‌وه به‌رده‌وام بوو.
لەكاتی گەیشتنمان بۆ لای برادەرانی كۆیە، بۆ شه‌هیدبوونی فه‌رمانده‌كه‌یان زۆر بێ تاقه‌ت بوون، پێیانوتین دوژمن بەسەر شاخەوه‌یه‌و هه‌موو ناوچه‌كه‌ی له‌ژێرده‌ستدایه، كات پێش رۆژئاوابوون بوو، شه‌هید سابیر بەدووربینەكەی سەیری سەرشاخ و هێزەكانی دوژمنی كرد، ئەوان لە شوێنە بەرزو ستراتیژییەكاندا بوون، پێشمەرگەش هەربایی ئەوەندەی مابوو لەشوێنی خۆیان سەرنه‌هێننه‌ده‌ر لەترسی قەناس بەدەستەكانی دوژمن. دوژمن نزیكه‌ی(500) مەترێك دووربوو لە شوێنەكه‌ی ئێمه! یەكێك لە فەرماندەكانی كۆیە وتی:
"لەپێشەوە بەلای خۆرئاوای شاخەكەدا مه‌فرەزەیەكی تیپی(55)ی قەرەداغی لێیە."
شه‌هید سابیر پێیوت:
"چۆن دەتوانین بگەینە لایان؟".
وتی:
"دەتوانن لای خواری شاخەكە بگرن نزیكی(200) مەترێك دەڕۆن دەگەنە لایان، بەڵام سەرشاخ بەفرێكی زۆری لێ باریوە جاری وا هەیە وریانه‌بن دەكەونە چاڵە بەفرەوە هەتاكو پشتێنەتان دێت".
بەهەرحاڵ خۆمان گەیاندە پێشمەرگەكانی تیپی(55)ی قەرەداغ، ئەوانیش وەزعیان لە برادەرانی تیپی(93)ی باشتر نەبوو، دوای چاكوچۆنی وتیان دوژمن چەند مەترێك لێمانه‌وه دوورە، پێشمەرگەكانی(55) لە ئەشكەوتێكدا بوون تەنها دوو پێشمەرگەیان وه‌ك پاسه‌وان لەسەر شاخەكە دانابوو بۆ ئەوەی ئەگەر دوژمن هێرش بكات ئاگاداریان بكەنەوە. سەرماكەی بێ ئەندازە بوو، دوژمن لای سەرەوەی شاخەكەی گرتبوو، شه‌هید سابیر قسەی لەگەڵ فەرماندەی پێشمەرگەكانی تیپی(55)دا، كرد‌و پێیوت:
"حەل چییە بۆ ئه‌م وه‌زعه".
ئەویش به‌شێوه‌یه‌ك وەڵامی دایه‌وە كه ره‌نگه دوژمن بەیانی شاخەكە بەتەواوی بگرێت، شه‌هید سابیر جیهازێكی بچوكی پێ بوو لەگەڵ كاك جوامێر فەرماندەی تیپ قسەی كرد، دیاربوو بەتیپی وت ئێمە دەبێت هێرش بكەین دوژمن زۆر هاتووەتەپێشەوە ئەگەر بمێنێتەوه بۆ بەیانی شاخەكە لەدەست دەدرێ! كاك جوامێر ئه‌وه‌نده‌ی وتبوو هەرچی دەكەیت دەبێت ئاگات لە پێشمەرگەكان بێت، شه‌هید سابیریش پێیوتبوو خەمت نەبێ كاك جوامێر.
پاش ئەوەی ئۆكەی وەرگرت لە تیپ بۆ هێرشكردن، شه‌هید سابیر لەگەڵ فه‌رمانده‌كه‌ی تیپی(55)دا، چوونەسەرەوە بۆ لای حەرەسەكان لەوێوە دوژمن زۆر نزیكبوو دەبوو خۆت دەرنەخەی بۆ ئەوە دوژمن تەقەت لێ نەكات، ماوەی نیو سەعاتێك لەسەرەوە بوون پاشان هاتنه‌خوارەوە، ئێمە لەگەڵ پێشمەرگەكانی تیپی(55) لەناو ئەشكەوته‌كه‌دا بووین ئاگرمان كردبۆوە خۆمان وشكدەكردەوە. بڕیاری ئه‌وه‌یدا كه هێرش ده‌ست پێ بكه‌ین، به فه‌رمانده‌كه‌ی تیپی(55)ی وت:
"هاوكاریمان بكەن ئێمە هێرش دەكەین".
ئه‌ویش پێیوت:
"دوژمن هێزێكی زۆری سەربازی جێگیركردووە بەقسەی من دەكەی هێرش ناكەیت".
له‌وه‌ڵامدا پێیوت:
"كاكی برا دوژمن بەیانی تەواوی شاخەكە دەگرێت، ئه‌وسا هیچمان پێ ناكرێ، ئێوە بەس هاوكارمان بن ئێمە خۆمان رەتڵی یەكەم و دووەم دەبین".
ئەو شوێنەی دوژمنی لێ بوو كرا بەسێ بەشه‌وه، رەتڵی یەكەم شه‌هید سابیر، من خۆم لەناو ئه‌و مه‌فرەزەیەدا بووم، رەتڵی دووەم مه‌فرەزە بە سەرپەرشتی هەوراز، رەتڵی سێیەم مەفرەزە پێشمەرگەكانی تیپی(55)بوو. بەڕێكەوتین بۆ سەرشاخ، شەوە، سەرمایە، سەرشاخ سپی دەچێتەوە، لەشەو ناچێت ئه‌وه‌نده رووناك بوو، ئەركە قورسەكەش بۆ رەتڵی یه‌كه‌م بوو، لەگەڵ نزیكبوونەوەمان زرمەی ئارپیچی كە شه‌هید سابیر تەقانی ئێمە گەیشتینە نوقتەی حەرەسیاتی دوژمن، تفەنگێكی تیا‌بوو خۆم دەرمهێنا دامە پێشمەرگەیەك وتم ئەو تفەنگە هەڵگرە، پاش كەمێك بووە شەڕە روومانه‌و بەینی ئێمەو دوژمن چەند هەنگاوێك بوو! ئێمە بەڕوومانە ئەوان بەڕوومانە، هه‌ندێك پێشمه‌رگه لەسەرما توانای ئەوەی نەبوو ئەڵقەی روومانه‌كه دەركات، بۆیە بەناچاری بەددان ئەڵقەكەیان دەردەكرد.
پاڵ شاخێك بوو، ئێمە لەم دیو ئەوانیش لەو دیو، روومانەش لەبەر بەفركە دەوری نەبوو پاش ماوەیەكی كەم دەنگی لای دوژمن كەمی كرد ئێمە هەستاین بەرەو ناو دوژمن لەوكاتەدا دوو جیهازی كۆڵەپشتمان لێ دیاربوو، هەستام بچم جیهازەكان بێنم لەگەڵ هەڵسام لێدرارم و برینداربووم، جەماعەت هەستان وتیان چی بوو وتم لێدرام، من دوورخرامەوە لەوێ، دوای من پێشمەرگەكان چوونە قوڵایی هێزەكەی دوژمن خەسارەتێكی زۆر بەردوژمن كەوت زیاتر لە(60) كوژراویان هەبوو، دەستكەوتی زۆر لە چەك و پێداویستی سەربازی گیرا، ئەوەی لەبیرم بێت دوو جیهاز و دوو بیكەیسی(17) كڵاشینكۆف و نه‌خشەی عەسكەری، ئەوە بەس لە قۆڵی لای ئێمەوە، له قۆڵه‌كانی تریشه‌وه ده‌ستكه‌وت زۆر‌و كوژراوی دوژمنیش زۆربوو، لەو شەڕەدا تەنها من برینداربووم بەسەختی، ئەو شەوه پێشمەرگە هەبوو پێڵاوەكەی لەناو بەفر جێمابوو بەپێی پەتی شەڕی دەكرد.
ئەو سەركەوتنە گەورەیە بەهیممەتی فەرماندەی ئازا‌و قارەمان شه‌هید سابیری خلەگەری ئەنجامدرا، لەدوای چەند رۆژێك لە(7/3/1988) فەرماندەی قارەمان سابیری خله‌گه‌ری لەوێ شەهید دەبێ و دەچێتە كاروانی نەمرانەوە. لێرەوە سەری رێز‌و وەفا بۆ گیانی پاكی شەهید سابیر‌و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دادەنه‌وێنم و سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهیدان و رووڕەشی بۆ خائین و گەندەڵكاران.
* پێشمه‌رگه‌ی دێرین و پارتیزان.
بابەتی زیاتر