نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..


بەشى حەوتەم و کۆتایی


خانەوادی شەهید دكتۆر بەختیارو شەهید بەیان
لە سلێمانییەوە بۆ ئەستەمبۆل

ئەحمەد راغب لەساڵی 1875 لەسلێمانی لەدایكبووە، بۆ كارو كاسپی رووی كردبووە توركیا، عەبدولكەریم راغبی برای لە 1900 لەگەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی كۆچی دوایی كرد، بەبۆنەی كۆچی عەبدولكەریمی براكەیەوە لەتوركیاوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، لەگەڕانەوەیدا رەشید عەبدولكەریمی برازای لەگەڵ خۆیدا برد بۆ توركیا، رەشیدی لەوێ خستە قوتابخانە و قۆناغەكانی خوێندنی پێ تەواو كرد و لەتەمەنی 16 ساڵیدا لەكۆلێجی سەربازی وەرگیراو دوای تەواوكردنی خوێندن كرا بەئەفسەر لەسوپای توركیا و نرا بۆ بەرەكانی جەنگ، لە دوو جەنگدا برینداركرا.
یەكەمیان: لە جەنگی قەفقاس، لەنێوان توركیاو روسیا
دوەمیان: لەجەنگی(گالی بۆلی) لەنێوان عوسمانییەكان و فەرەنساو بەریتانیا بەسەركردایەتی مستەفا كەمال (مستەفا ئەتاتورك) بەبرینداری گەیاندیانە نەخۆشخانەی ئەستەمبۆل. رۆژێك محەمەد بەگی حاجی رەسوڵ بەگی وەسمان پاشا، ناسراو به‌(محەمەد بەگی موغاغ) سەردانی خزمێكی لەو نەخۆشخانەی ئەستەمبۆل كردبوو، لەوێ باسی برینداری(رەشید عەبدولكەریم)یان بۆ كردبوو، كە ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی سلێمانییە.
محەمەد موغاغی لەوێ سەردانی رەشید عەبدولكەریمی كرد، دوای چەند ساڵێك عوسمان بەگی مەجید بەگى برازای محەمەد بەگی موغاغ، كچی ئەو رەشید عەبدولكەریمەی خواست، كە لەنەخۆشانەی ئەستەمبۆل سەردانی كردبوو.
دوای جەنگی جیهانی یەكەم، رەشید عەبدولكەریم لەتوركیاوە گەڕایەوە بۆسلێمانی، لەگەڵ ئۆردوەكەی شێخ مەحمودا بەشداریی شۆڕشی كرد، لەساڵی 1919 رەشید عەبدولكەریم خاتوو(خەدیجە ئەمین عەبدولكەریم) ناسراو بە(ئەجەخان)ی خواست، دوای شەڕو پێكدادان لەگەڵ ئینگلیزەكان، رەشید لەشاری سلێمانییەوە روودەكاتە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ دەگیرسێتەوە.
لەساڵی 1926 یەكەم نۆبەرەیان، كچێك بوو بەناوی(شوكریە رەشید) بوو بەهاوسەری(عوسمان بەگی مەجید بەگ) باوكی(رێكەوت عوسمان و شەهید شادمان عوسمان) دووەمیان كچێك بوو، بەناوی( بدریە رەشید) بوو بەهاوسەری خالید تاهیر، دایكی (شەهید دكتۆر بەختیار و شەهید بەیان).

خالید تاهیر
خالید تاهیر محەمەد ناسراو بە(مەلا خالید) لەساڵی 1914 لەشاری كەركوك لەدایكبووە، دوای تەواوكردنی فەقێیەتی و مەلایەتی، لەبەرئەوەی زۆر زیرەك بوو، مەلا عەبدولسەلامی هاوڕێی هانیداوه رووبكاتە قوتابخانەو بەردەوام بێت لەسەر خوێندن، خولیای خوێندنی خالید پێچەوانەی خواستی باوكی بوو.
لەهاوینی ساڵی خوێندنی( 1936- 1937) لەتەمەنی23 ساڵیدا تاقی كردنەوەی سەرەتایی داوەو پلەی زۆر باشی بەدەستهێناوە، بەڵام خالید خەونی گەورەتری هەبوو، قۆناغی ناوەندیشی بەپلەی زۆرباش تەواو كرد.
دووهەڵبژاردن لە بەردەم خالید تاهیردا هەبوو:
یەكەمیان/ كۆلێجی فەیسەڵیە سەر بەسەفارەتی بریتانیا لەبەغداد.
دوەمیان/ مدرسە هەندەسە لەبەغداد.
خالید مدرەسەی(هه ندەسەی بەغداد)ی پەسەند كرد، دوای چوارساڵ خوێندنی بەردەوام لەساڵی 1944 دا، مەدرەسەی هەندەسەی بەپلەی باش تەواوكرد، ئەو سەردەمە موكەرەم تاڵەبانی كفری لەو مەدرەسەیە بوو، لەساڵی 1945 خالید لەبەڕێوەبەرایەتی ئیشغالی سلێمانی دادەمەزرێت، لەساڵی1949 خالید تاهیر لەگەڵ بدریە رەشید ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنا.
لە18/5/1950 بەختیار لەگەڕەكی گۆیژەی سلێمانی لەدایكبووە، لەساڵی 1961- 12/1/1969خالید لەشاری كەركوك ژیاوە. لەساڵی 1963 خالید تاهیر بەڕێوەبەری ئیشغالی كەركوك بوو، لەسەردەمی عەبدولسەلام عارفدا دەسگیركرا3 مانگ لەئینزیباتخانەی كەركوك زیندان كرا. دواتر لەكارەكەی دەركرا.
‌لەساڵی 1968 بەهاوكاری دكتۆر ئیحسان شێرزاد و نوری شاوەیس گەڕایەوە بۆ سەركارەكەی، لەساڵی 1969كرا بە بەڕێوەبەری ئیشغالی هەولێر. لەساڵی 1971دا، گوێزرایەوە بۆ بەعقوبە، لە1972دا، كرا بە بەڕێوەبەری ئیشغالی رەسافە لەبەغداد، لەساڵی1973 كرا بە بەرێوەبەری ئیشغالی دیوانیە، لەساڵی 1973-1974 كرابە بەرێوەبەری ئیشغالی دهۆك، لەساڵی 1974 خانەنشین كرا.

سەرچاوە:
دیدارێك لە گەڵ كاك كامەران خالید برای شەهید دكتۆر بەختیار لەمانگی ئازاری 2021 لە غەزەلنووس.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved