نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..


بەشى شەشەم


دوای بێدەنگی و كپبوونی ئەو دەوروبەرە، بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی و چەند ئەمنێك و چەكدارەكان بەخێرایی لەلای كاوەوه گەڕابوونەوه بۆ لای كامەران، دەستی كامەرانیان بەستەوەو لایلۆنێكیان بەسەرییەوە بەست، ئەمنێك میللی چەكی لێهێنایەوە، فیشەكی خستەبەر لولەی چەكەكەی و خستە سەر سەری كامەران و وتی: بنی ێ‌ژا اچغگ علی الزناد رێ‌ سك ینفجر وێ‌حنا نرید مساعدتك فی الجا معە واڵامتحانات اژا تتعاون معنا.
لەو كاتەدا كامەران ویستی بەعەرەبی وەڵامی لێپرسراوەكه بداتەوە.
وتی : اسكت.
– با ئەو كوڕه قسەكانت بۆ وەرگێڕێتەسەر زمانی كوردی، ئەمجا تۆ بۆت هەیە وەڵام بدەیتەوە.
كامەران كە گوێی لەشێوە زمانی وەرگێڕەكە بوو، زانی كەركوكیییە و پێی وت: پێی بڵێ ئێمە قوتابین زۆر بێزاربووین لە جەنجاڵی شار، هاتووین بۆ قەراغ شار، جەوێك بگۆڕین.
لەو كاتەدا چەكدارەكان بەزلەو شەق و قۆناغە تفەنگ،كامەرانیان داگرتەوە.
لێپرسراوەكەیان وتی: ئەوەتا هەموومان وا لەم قوڕەدا چەقیوین، جەستەمان هەمووی قوڕە، كەی ئێرە شوێنی پیاسەیە؟
كامەران وتی: سیدی اژا تكتلونی علی الحق ما یهمنی ،،ێ‌نی برئ وێ‌حنا گلاب
وتی: گواد لیش ێ‌حنا نكتلك علی الحق
ئەم دیالۆگانە بەردەوام بوو، كامەران لەناو قوڕەكەدا كەوتبوو، چەكدارەكان بە بەردەوامی لەكامەرانیان دەدا، كامەران هەستی كرد، ئەو هێزە تەنیا سەرقاڵی ئەوان نین، لەكێوماڵێكی چڕو پڕدا، بست بە بستی ناوچەكە تەی دەكەن، زانی بەڕێكەوت كەوتوونەتە ناویانەوە، دوای ئەوەی زۆریان لێدا، هیچ نهێنییەكی نەدركاند، پیان وتبوو:
-تۆ لێرە بمێنەرەوە ،تۆزێكی تر، هێزێكی تر دێت دەتبات.
كامەران ماوەیەكی زۆر لەناو ئەو قوڕەدا بەپاڵكراوی مایەوە، تەنیا پاسەوانێكی لاوەستابوو، دواتر پاسەوانەكەش رۆیشت، دوای تاوێك ئەمجا زانی دەورووبەرەكەی بێدەنگ و كپە، هەستابووە سەرپێ و لە چاڵەكە هاتبووه دەرەوە، بەدەست بەسراوی هەنگاوی ناو سەركەوت بۆ سەر گردەكەی بەردەمی.
لەدورەوە كۆمەڵێ منداڵی بینی، ‌كەوتە گومانەوە، لەوانەیە ئەوە ئەو شوێنەبێ كە كاوەی تیا گولەباران كرابێت. بەخێرایی روویكردە ئەوشوێنە، كاوەی بینی دەم و چاوی شین و مۆرهەڵگەڕابوو، بەكزیی دانیشت بوو. لەناكاو لەدوورەوە چەند ژنێكیان بینی، بەگریان بەرەو لای ئەوان دەهاتن، یەكێكیان دایكی كاوە بوو، دەسی كامەران و كاوەیان كردەوەو گەڕانەوە بەرەو ناوشار، دەم و چاویان شۆرد و جلەكانیان لەقوڕەكە پاك كردەوە.
كامەران نەگەڕایەوە بۆ ماڵی خۆیان، روویكردە ماڵی فایەقی تاپۆ لەگەڕەكی برایم پاشا، شەوەكەی باوك و دایكی سەردانیان كرد، بێ ئاگا بوون لەچارەنووسی دكتۆر بەختیارو دەركەوت عوسمان.
بەیانییەكەی كامەران روویكردە زانكۆ، لەگۆڕەپانی زانكۆ( تەحسین قادر)ی هاوڕێی بە ماتی و مەلولی بینی و بەكامەرانی وت: هەواڵێكی دڵتەزێنم بیستووە: بەیانی برات لە قەرەداغ دەسگیركراوە، بەڵكو هەوڵێكی بۆ بدەن.
ئەو هەواڵە كتوپڕە ئازارێكی توندی بەناخی كامەران گەیاند، نكۆڵی لەبەیانی برای كرد، نەیدەزانی تەحسین قادر یەكێكە لەڕێكخستنە نهێنییەكانی شار.
دكتۆر بەختیارله 11-12-1978 روویكرده ‌شاخ، بەیان خالیدی برای ئەو رۆژه لەگەڵ سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی هەرێمی 5ی قەرەداغ و چەند پێشمەرگەیەك لەناو گوندی سێوسێناندا بوون، سیروان تاڵەبانی و پێشمەرگەكان لەهەوڵی ئەوەدابوون، خۆیان لەتۆڕی ئەو كێوماڵە چڕو پڕەی هێزەكانی سوپای پیادە و هێزی ئاسمانی عێراق دووربخەنەوەو دەربازبن، بە بەیان خالیدیان وت: ئێستا كاتی شەڕو بەرگریی نییە.
بەیان بەوانی وتبوو: ئێوە بڕۆن، من بەدوای ئێوەدا دێم. ئەو رۆژە سەراپا قەرەداغ و سەگرمەو سێوسێنان تەم و مژ بوو.
بەیان ویستبووی لەقۆڵێكی ترەوە خۆی لەكێوماڵەكه دەرباز بكات، لەو‌كاتەدا گوێی لەدەنگی كۆمەڵێ چەكدار بوو، بەكوردی لەگەڵ یەكتریدا دەدوان، وای زانیبووی پێشمەرگەكانی هاوڕێی خۆیەتی وتبووی: هاوڕێیان من لێرەم.
چەكدارەكان، یەكسەر چەند قومبەلەیەكی غازیان گرتبووە ئەو شوێنەی دەنگەكەی لێ بوو، بەیانیان لەناو تەم و دوكەڵی غازكەدا بەبێ هۆشی و برینداری دەسگیر كرد.
ولید محمود سیری موسڵاوی قائیدی فرقەی فەیلەقی یەك، خەڵكی گوندی سێوسێنانی كۆكردبوەوە بەتوڕەییەوە، چەندان قسەی نابەجێی پێ وتبوون، تفی كردبووە ناوچەوانی پیاوێكی خەڵكی گوندەكەو زلەیەكی لێ دابوو. پێ وتبوون: ئێوە بۆ نان دەدەن بەم مخەریبانە. بەیان لەو كاتەدا وتبووی: ئێمە بەزۆر نان لەخەڵكی گوندەكان دەسێنین، ئێرە وڵاتی خۆمانە، هیچ پەیوەندییەكی بەئێوەوە نییە.
قائید فرقە وتبووی: ئەمە شیمالی نیشتمانی ئێمەیە، پارچەیەكە لەعێراق.
بەیان بەتوڕەییەوە وتبووی: ئێوە بڕۆن فەلەستین رزگار بكەن، نەك كوردستان داگیر بكەن.
لەوكاتەدا بەیان تفێكی لەقائید فرقە كردبوو. بەبڕیاری قائید فرقە، بەیانیان لەقوڵایی ئاسمانەوە لەكۆپتەرێكەوە فڕێ دابووە خوارەوە، لەوساتەوە تەرمەكەی ونە.

سەرچاوە:
* دیدارێك لەگەڵ كاك كامەران خالید برای شەهید دكتۆر بەختیار لەمانگی ئازاری 2021 لەغەزەلنووس.
* تەحسین قادر و كامەران خالید، خوێندكاری قۆناغی دووەمی كۆلێجی ئەندازیاری بوون لەزانكۆى سلێمانی، نەقیب(فەریق ئەحمەد كەریم جاف) ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی دەربەندیخان بوو لەسوپای عێراق، هەواڵی دەسگیركردنی بەیان خالیدی لە 12/11/8197 بەبرینداری لەگوندی سێوسێنانی قەرە‌داغ بەتەحسین قادر گەیاندبوو، پێیوتبوو:
– بەڵكو بە كەسوكاری بەیان بڵێی هەوڵی بۆ بدەن، ژیانی بەیان لەمەرگ رزگار بكەن.
* بەیان خالید تاهیر لەساڵی1956 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووەو قۆناغی خوێندنی ئامادەیی تەواكردووە، خولیای مۆسیقای هەبووە بەتایبەتی، ژەنینی ئامێری گیتار، لە14/9/1978 رووی كردووەتە شاخ و بووە بەپێشمەرگە لەهەرێمی5ی قەرەداغ، لە12/11/1978 ئەو رۆژەی دكتۆر بەختیار لەسلێمانییەوە رووی كردبووە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی، بەیانی برای لەگوندی سێوسێنانی قەرەداغ بەبرینداری دەسگیركرا و لەئاسمانەوە لەكۆپتەرێك بەردرایە خوارەوە و تەرمەكەی شوێن بزركرا، لەخانەوادەی شەهید بەختیار و شەهید بەیان، سێ برای تریان، (ساماڵ و كاروان و ئەردەڵان ) پێشمەرگە بوون.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved