نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..


بەشى پێنجەم



سەعات 10ى بەیانی 11-12-1978 دكتۆر بەختیار لەگەڵ كامەران و ساماڵی برای و دەركەوت عوسمان و كاوە مەنمی، لەئاستی كاك ئەحمەدی بۆن خۆشەوە بەرەو گوندی جێشانە كەوتنەڕێ.
كاوە مەنمی شارەزای رێگاكە بوو، رێنمایی دكتۆر بەختیارو رێكەوت عوسمانی دەكرد بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگەنە ناو شاخ و پێشمەرگە. لەوكاتەی لەئاستی دواماڵی شار دەردەچوون سێ كوڕی گەنجیان بینی لەگۆشەی سووچی كۆڵانەكەی گەڕەكی قالاوا وەستابوون، كامەران رووی كردە كاوە مەنمی و وتی:
ئەوچڕو چاو ‌و هەڵسوكەوت و شێوە وەستانەیان ئاسایی نییە، بەئاوڕدانەوەو سەیركردنەكەیان هەر لەجاسووس دەچن.‌
دكتۆر بەختیار و دەركەوت عوسمان، جلی كوردی تازەیان لەبەردابوو، كامەران و كاوە و ساماڵ، پانتۆڵیان لەپێدابوو، لەوكاتەدا كامەران وتی: لەمەودوا نابێت هەموومان بەیەكەوە هەنگاو بنێین، ئێستا با دكتۆر بەختیار و دەركەوت و ساماڵ لەپێشەوە بڕۆن، دواتر من و كاوە مەنمی بەدواتاندا دێین، ئێوه لەشوێنێك خۆتان حەشار بدەن تا ئێمە دەگەینە لاتان، با ساماڵی برام لەو شوێنەوه بەخێرایی بگەڕێتەوە. لەوكاتەدا چەند هەلیكۆپتەرێكیان بەنزمی بەسەر ئاسمانی ئەو دەوروبەرەوەبینی، بەوردی چاودێریی ناوچەكەیان دەكرد. دواتر زانیان ئەو رۆژە هێزەكانی سوپای عێراق لەسەرپلان و بەرنامەو نەخشەیەكی سەربازی ورد، كێوماڵێكی چڕوپڕی سەر بازیان و گەرمیان و قەرداخ یان دە كرد و بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕان.
دكتۆر بەختیارو دەركەوت عوسمان و ساماڵ نزیكەی 500 مەتر دووركەوتبوونەوه. كامەران هەر خەیاڵی لای ئەو سێ گەنجەی قەراغ شار بوو، گومانەكانی مێشكی داگیرو جەنجاڵ كرد بوو. دیارە ئەوانە جاسووسن، بەوردی چاودێری هەموو جموجوڵێكمان دەكەن، رەنگە تاوێكی تر خەبەرمان لێ بدەن.
كاوە مەنمی گوێی بەقسەكانی كامەران نەدە‌داو وتی: چڕوچاو و هەڵسوكەوتی ئەوانە لەجاسووس ناچێ، لەشەلاتی دەچن. دواتر كامەران و كاوە مەنمی بەخێرایی هەنگاویان نا، لەنیوەی رێگا ساماڵیان بینی گەڕایەوە بۆ ناو شار، گەیشتنە لای دكتۆر بەختیار و دەركەوت عوسمان. كاوە مەنمی لەوێ بەوردی رێنمایی دكتۆر بەختیار و دەركەوت عوسمانی كرد: ئەم رێگایە بگرن و بەری مەدەن، بەم ئاراستەیەدا هەنگاوبنێن، نابێ لەهیچ شوێنێك لابدەن.
كۆپتەرەكان هەر بەئاسمانەوە لەباڵە فڕەدا بوون. دكتۆر بەختیارو دەركەوت عوسمان بەپێی رێنماییەكانی كاوە مەنمی بەهەنگاوی خێرا بەرەو عەزیز ئاواو جێشانە كەوتنەڕێ. كامەران و كاوە مەنمی، بەهەمان رێگا بەرەو ناوشار كەوتنەڕێ.
لەكاتی گەڕانەوەدا، كامەران جارێكی تر بەكاوەی وت: من گومانم لەو شەلاتیانە هەیە جاسووس بن، با ئێمە لەڕێگایەكی ترەوە بگەڕێینەوە بۆ ناوشار. دەوروبەری قەراغ شار هەر هەمووی بێستان و سەوزایی بوو، كامەران و كاوە، بەهێمنی دەیانوویست لەشوێنێكەوە بگەڕێنەوە، هیچ كەس نەیانبینێ.
لەناكاو لەدووری چەند سەد مەترێك گوێیان لەدەنگێكی گڕبوو هاواری كرد بەسەریاندا و وتی: اوقفوا كاتێك بەخۆیانزانی كەوتوونەتە ناو بۆسەی هێزێكی چەك بەدەست، جلی مەدەنیان لەبەردابوو، بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی سەرپەرشتی دەكردن.
لەوكاتەدا كامەران بەهێمنییەوە روویكردە كاوە و بەدەنگێكی نزم پێی وت: تازە كەوتینە كەمینەوە، من زووتر پێم وتی: ئەوانە جاسووسن، خەبەرمان لێدەدەن، ئەوەتا ئێستا كەوتینە ناویانەوه، بەڵام نابێ یەك وشە لەدەمان بێتەدەرەوە، دەبێ هەردووكمان یەك قسە بكەین، بڵێین ئێمە قوتابین، بێزار بووین لەشارەوە هاتووین بۆ پیاسە بۆ دەرەوەی شار.
لەوكاتەدا چەكدارەكان گەیشتنە سەریان، یەكێكیان وتی: هەردووكتان وەرن لەگەڵمانا بۆلای لێپرسراوەكەمان. لێپرسراوەكەیان پێی وتین: ئێوە لەم كاتەدا چی دەكەن لەدەرەوەی شار.
كامەران زمانی عەرەبی دەزانی وتی: ئێمە قوتابین، تاقی كردنەوەمان هەبوو، بۆ پیاسەو كات بەسەربردن روومان كردووەتە ئەم دەوروبەرە.
لێپرسراوەكە بەجنێو دایگرتنەوە و وتی: پیاسە لەناو ئەم قوڕاو و چڵپاوە. چۆن دەكرێ؟ دوو رۆژ پێش ئەوە بارانێكی بەخوڕ باری بوو، هەمووئەو ناوەى كردبوو بەقوڕ.
لێپرسراوەكە وتی:
ئێرە كەی شوێنی پیاسەیە، ئێستا پێتان دەسەلمێنم، ئەم قسانەی تۆ راستە یا درۆیە.
لەوكاتەدا چەك بەدەستێكیان دەستی كاوەی گرت و لەكامەرانیان جیاكردەوە، لەبەرئەوەی شێوەی كامەران گەورەتری دەنواند، كاوەیان برد بۆ لای چەمێك لەو دەوروبەرە، چەكدارەكان خاكەنازیان پێبوو، دەستی كاوەیان بەست و بەشەق و زلە دایان گرتەوە، كامەران گوێی لەهاوار هاواری كاوە بوو، بە بەردەوامی لێیاندەدا، دواتر كامەران گوێی لەدەنگی فیشەكێك بوو تەقی، دوای چركەیەك هیچ دەنگێك نەما. ئەو رووداوە بارودۆخی دەروونی كامەرانی ئاڵۆز تر كرد، هەموو ناخ و دەرونی پڕبوو لەگومان، دوودڵی و چاوەڕوانی و ترس. كامەران لەناخی خۆیدا زیاتر كەوتە گومانەوە و ئەوە‌ی لێكدەدایەوە.
جیاكردنەوەی كاوەو ئەشكەنجەدانی و دەنگی ئەو فیشەكە، دیارە سیناریۆیی ئەمنەكانە، بۆ ئەوەى بمانترسێنن، ئیرادەمان بڕوخێنن ورە بەربدەین، سەری داوێكی نهێنییەكەیان چنگ بكەوێت.

سەرچاوە:
دیدارێك لە گەڵ كاك كامەران خالید برای شەهید دكتۆر بەختیار لە مانگی ئازاری 2021 لە غەزەلنووس.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved