نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..
بەشى چوارەم
بەختیارخالید تاهیر ناسراو بەدكتۆر بەختیار، كەسێتییەكی خاكی و هەست ناسك بوو، لەتەمەنی 9 ساڵیدا هەستی نەتەوەیی و چەوسانەوەی چینایەتی لەناخیدا سەریهەڵدا، بە بەردەوامی رۆژنامەو گۆڤارو كتێبی دەیخوێندەوە، سەرقاڵی نووسین بوو، هەموو هەستەكانی ناخی بەهۆنراوە دەردەبڕی، زۆر عاشقی هەڵوێستە باڵاكانی یاخی بوونی جیڤاری پارتیزان بوو.
دكتۆر بەختیار لە18-05-1950 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لەسلێمانی و ناوەندی و ئامادەیی لەكەركوك تەواو كردووە، لە1968 لەكۆلێژی پزیشكی زانكۆی موسڵ وەرگیراوە، لە1972 پەیوەندی كردووە بەكۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستانەوە.
لە1973 دا لەگەڵ ساماڵی برایدا بۆ هەڵمەتی خزمەتی رەنجدەری گوندەكان روویان كرده گوندەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، لەساڵی 1974 لەدوا قۆناغی خوێندنی پزیشكی دەستبەردارى كۆلێجەكەی بوو، لەگەڵ سامانی برایدا روویان كردە ناو شۆڕش و بوون بەپێشمەرگە، سامانی برای لەكاتی بۆردومانی فڕۆكه جەنگییەكانی عێراقدا لەقەڵادزێ بریندار بوو، بۆ چارەسەر گەیاندیانه لای دكتۆر بەختیاری برای لەشاری مەریوان ی رۆژهەڵاتی كوردستان.
دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە1975 دكتۆر بەختیار گەڕایەوە بۆ زانكۆی موسڵ و لە1976 كۆلێژی پزیشكی تەواوكرد، هەمان ساڵ وەك پزیشكێك لەناحیەی خەلەكان كاری كردووە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی، لەبەر هەڵوێستی سیاسی گوازراوەتەوە بۆ دهۆك، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.
ئەو سەردەمەی ماڵی دكتۆر بەختیار لەگەڕەكی ئیمام قاسمی كەركوك بوو. بووە بەهاوڕێی ئازاد هەورامی و سامی هەورامی و عومەر خەتاب و عیزەدین قەرە محەمەد و بەختیار.
دكتۆربەختیار زۆرجار لەگەڵ كامەرانی برایدا بەئۆتومۆبێلە(فیاتە پۆڵۆنییەكه)ی باوكی كە ژمارەكەی 2165ی سلێمانی بوو، دەرمان و پێداویستی پزیشكیان بەنهێنی لەنەخۆشخانەی سلێمانییەوه دەگواستەوە بۆدووماڵ لەلای مەعهەدە كۆنەكەی گەڕەكی خانووە قوڕەكان، لەوێوە دەگەیەنرانە شاخ.
ساجید كەركوكی و مەلا بەختیار، پێش ئەوەی رووبكەنە شاخ و ببن بەپێشمەرگە لەماڵی دكتۆر بەختیار لەگەڕەكی عەقاری خۆیان حەشارداوە، دكتۆر بەختیار، رێبواری برای بەبیانووی نەخۆشی زەردوییەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەنەخۆشخانه دەخەواند، ئەوانی لەژوورەكەی رێبوار حەشاردەدا.
رێبواری برای زۆر لەكارەكانی دكتۆر بەختیاری رادەپەڕاندو بەپێی رێنماییەكانی كاكی، چكلێتە نامەكانی لەقوتوی نوقڵ و پسكیتدا دەگەیاندە شوێنە دیاری كراوەكان.
دكتۆر بەختیار دەزگیراندار بوو، لەبری ئەوەی ئەڵقەی هاوسەری بكاتە پەنجەی خۆشەویستەكەی و پێكەوە ژیانی هاوسەری پێكبهێنن، چەند رۆژێك پێش ئەوەی رووبكاتە شاخ و ببێ بەپێشمەرگە، بەدەزگیرانەكەی وتبوو:
ئازیزم ژیان و دواڕۆژی خۆت بەژیانی پێشمەرگی من مەبەستەرەوە، چارەنووسی من لەو شاخانە نادیاره، هەموو چركەیەكی رووبەڕووبوونەوەیە پێشمەرگە.
دوو دەزگیران، دوو عاشقی رۆحی، بەقەد هەموو دنیا یەكتریان خۆشدەویست، دەیان خەون و خۆزگە و ئاوات و هیوایان هەبوو بۆ ژیان بۆ ئەوساو ئایندە، بەدەم سوێی ئازاری دابڕان لەچركەیەكدا هەریەكەیان بەرەو ئاراستەیەكی جیا، بەرەو دوو دنیای تەریب هەنگاودەنێن، بۆ هەتا هەتایە جارێكی تر یەكتریی نابیننەوە.
سەرچاوە:
* دیدارێك لەگەڵ كاك كامەران خالید، برای شەهید دكتۆر بەختیار لەمانگی ئازاری 2021 لە غەزەلنووس.
* دیدارێك لەگەڵ هونەرمەند رێبوار خالید تاهیر لەبارەی شەهید دكتۆر بەختیار.
بابەتی زیاتر