نووسەر و رۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا كەریم مەحمود، لەحەوت بەشداو لەمەرگى شەهید بەختیار خالید-دا، باسى دڕندەیی جەمال رینگۆمان بۆ دەگێڕێتەوە کە یەکێک لەو تاوانبارە بەعسیانە بووە کە دەستى بەخوێنى دکتۆر بەختیارو چەندینى وەکو ئەو سوور بووبوو..


بەشى سێیەم


دلێر محەمەد غەریب ناسراو بەكاكە شا، قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی كاوەی كوڕان بوو، دەمەوبەیانی  31-1- 1979 لەماڵی خۆیانەوە لەگەڕە‌كی تووی مەلیكەوه رووی كردبووه ناوەندی كاوە بۆ تاقی كردنەوەی نیوەی ساڵ، هێشتا دەرگای قوتابخانەكەیان نەكرابوەوە لەگەڵ هاوڕێ قوتابییەكانیان سەرقاڵی لێدوانی وانەكانیان بوون.
دیواری ناوەندی كاوە رووەو رۆژهەڵات بەرامبەر دوو دووكان بوو، یەكێكیان دوكانەكەی مام مەجید بوو، چوارخانوو لەخوار ماڵی جەمال رینگۆوە بوو، ئەویتریان دوكانی كاكە حەمە بوو لەعەریف ئاوا بەرامبەر بەكۆڵانەكەی ماڵی جەمال رینگۆ.
دلێرو هیوای حەمە كوخە لەبەردەم دوكانەكەی كاكە حەمە دانیشتبوون، سەرقاڵی كۆشش و پرسیارو وەڵامی وانەكانیان بوون، لەناكاو سێ گەنج بەوریایی خۆیان كرد بەدوكانەكەی كاكە حەمەدا، دلێر یەكێكیانی ناسییەوە، زانی شوانی رەوف نورییەو كوڕی گەڕەكی خۆیان بوو، ماڵیان لەسەرجادەی تووی مەلیك بوو لەپەنا مزگەوتی حەمەساڵح بۆسكانی.
دلیر دەیزانی شوان پێشمەرگەیە، بەڵام لەوە نەدەگەیشت چۆن لەو شاخانەوە گەیشتوونەتە بەردەم ماڵی جەمال رینگۆ؟ زانی پلان و بەرنامەو نەخشەیەكیان بەدەستەوەیەو ماوەیەكی تر رووداوێك بەرپا دەكەن، بەهیوای هاوڕێی وت: دەرگای قوتابخانەكە كراوەتەوە، با بچینە گۆڕەپانی قوتابخانەكە.
هیوا وتی: جارێ زووە، پێنج دەقیقەی تر دەڕۆینە ژوورەوە. دلێر هەستی بەمەترسی دەكرد، نەشیدەتوانی بەهاوڕێكەی بڵێ، ئەمانە پێشمەرگەن تاوێكی تر ئەم ناوە دەقڵیشێننەوە. دوای تاوێك هەر سێ كوڕە گەنجەكە لەدوكانەكەی كاكە حەمە هاتنەدەرەوە، یەكێكیان قاتی چاكەت و پانتۆڵی شینی لەبەردابوو، لەبەردەم سووچی دوكانەكه وەستا، دووانەكەی تر جلی كوردی و قەمسەڵەیان لەبەردابوو، بە بەردەم ماڵی جەمال رینگۆدا رۆیشتن، بەرەو ئەوسەری كۆڵانەكە.
دلێرو هیواو هاوڕێكانی لەدوكانەكەی كاكە حەمەوه سەیری كۆڵانەكەیان دەكرد. لەوكاتەدا جەمال رینگۆیان بینی لەماڵەوە هاتەدەرەوە دەیویست بچێ بۆ سەر كارەكەی، لەوكاتەدا یەكێك لەدوو كوڕە گەنجەكەی ئەو سەریی كۆڵانەكە بروسكە ئاسا تەقەی لەجەمال رینگۆ كرد، بەڵام نەی پێكا، یەكسەر كوڕە گەنجەكەی بەردەم دوكانەكەی كاكە حەمە، بەدەمانچەكەی دەستی لەدوورەوە تەقەی لەجەمال رینگۆ كرد، ئەمیش نەیپێكا. خالیدی برای جەمال رینگۆ لەماڵەوە بوو، كە گوێی لەتەقەكان بوو، بەپەلە بەكڵاشینكۆفێكەوە خۆی گەیاندە سەربانەكەی خۆیان، تەقەی لەو گەنجەی سەرسوچی دوكانە كرد، فیشەكێك بەردەمانچەكەی كەوت و پەڕی، فیشەكێكی تر بەر قاچی كەوت، بەو برینەوه بەشەلە شەل هەنگاوی نا بۆ ئەوەی خۆی قوتاربكاو لەو دەوروبەرە نەمێنێ.
جەمال رینگۆ بەپرتاو خۆی كردووه بەماڵداو كڵاشینكۆفەكەی لەخالیدی برا‌ی وەرگرت و لەدەرگای ماڵی خۆیانەوە هاتەدەرەوەو بەڕاكردن دوای بریندارەكە كەوت. بە بەردەوامی خوێنێكی زۆر لەوردو خاش بوونی ئیسقانی قاچی بریندارەكە دەڕۆیشت، لەبەردەم عارەبانەكەی ماڵی تاهیری نەوت فرۆش، بەرامبەر مزگەوتی حاجی عەلی مارف كەوت. جەمال رینگۆ بەڕاكردن گەیشتە سەر بریندارەكە، بەهیستریاوە بەجنێو دایگرتەوەو لولەی كڵاشینكۆفەكەی ئاراستەی جەستەی كرد و چەند فیشەكی پێوەنا، كاكە حەمەی نانەوا یەكەم كەس بوو گەیشتە سەر تەرمەكە، دوای تاوێك هەواڵی تاڵی چیرۆكی شەهید دوكتۆر بەختیار شاری هەژاند.

سەرچاوە وپەراوێزەكان:
* دلێر محەمەد غەریب و هیوا حەمە كوخه لەشوێنی روودانی تراژیدیاكەدا بوون، هەموو دیمەنەكانی تراژیدیای شەهید دكتۆر بەختیاری یان بەچاوی خۆیان بینیوەو پەیوەندیان پێوەكردم، وەك وەفاو ئەمەكی خۆیان زانیاریەكانیان بۆ ناردم.
دلێر محەمەد لەساڵی 1962 لە گەڕەكی تووی مەلیك لەدایكبووە، قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندی كاوەی كوڕان بووە، ئەو رۆژە 31- 1- 1979 دلێر لەگەڵ هیوای حەمە كوخەی هاوڕێیدا سەرقاڵی كۆشش بوون، لەبەردەم دوكانەكەی كاكە حەمە. دوكانەكەی كاكە حەمە باوكی شەهید واحید ناسراو بەڕۆستەمە كۆڵ، لەخانووەكانی گەڕەكی عەریف ئاوابوو.
عەریف ئاوا ئەو گەڕەكە بوو، لەنێوان گەڕەكی تووی مەلیك و گەڕەكی ئیسكان دابوو، كاتی خۆی رژێم ئەو زەویانەی بەسەر پۆلیسە عەریفە تەقاویتەكاندا دابەشكرد، خەڵك بەو گەڕەكە نوێیەیان دەوت: گەڕەكی عەریف ئاوا. ئەو كوەڕە گەنجەی قاتی چاكەت و پانتۆڵی شینی لەبەردا بوو، بە برینداری شەهید كرا، دكتۆر بەختیار بوو. ئەو دوو كوڕە گەنجەی لەسەری كۆڵانەكە وەستابوون، شوانەی رەئوف نوری و ئاسۆی دەلاك بوون، یەكێكیان بەدەمانچەكەی تەقە لەجەمال رینگۆ كرد و نەیپێكاوە، دوای شەهیدبوونی دكتۆر بەختیار، هەردووكیان لەماڵێكدا لەو دەوروبەرە خۆیان حەشاردا، هێزەكانی تەواری و ئەمن گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، هەموو ئەو دەوروبەرەیان پشكنی، دواتر خۆیان لەو دەوروبەرە ون كرد.
كاكە حەمەی نانەوا، نانەواخانەكەی لەو ناوەبوو، یەكەم كەس بوو گەیشتە سەر تەرمی دكتۆر بەختیار، دوای چەند مانگێك بەدەم خەم و ئازاری ئەو مەرگەساتەوە سەری نایەوە.

 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved